عەلی مەحمود: پەرلەمانتارانی كورد لە بەغداو چیرۆكی مارین لوێن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماری فەرەنسا, بەهۆی تێوە گلانی فرانسیۆ ڤیۆن كاندیدی راستگەرای كۆمارییەكان بۆ سەرۆك كۆماری فەرەنسا, كە هەموو چاوەكان لەسەری بوون وەك ئەوەی سەرۆك كۆماری داهاتووی فەرەنسایە, لە پڕ لە ژمارەی هەفتەی یەكەمی شوباتی 2017 ەدا گۆڤاری لۆكانار ئینشینیەی هەفتانە راپۆرتێكی لەسەر دامەزراندنی هاوسەرەكەی بیینیلۆب دوو كوڕەكەی وەك یارمەتیدەری خەیاڵی لە پەرلەمان بڵاو كردەوە, تەنها ژنەكەی كە وەك یارمەتیدەر دامەزرابوو لە ماوەی 10 ساڵدا 900 هەزار ئیرۆی وەرگرتبوو, ئەم سكانداڵە بووە هۆی تێكشكانی ناوبراو لە هەڵبژاردنەكان داڕمانی كەمپەینی هەڵبژاردنەكەی ,بە تێكشكانی ئەو سەرۆكە گەنجەكە ماكرۆن شانسی هەڵسا و بووە براوەی هەڵبژاردنەكە, دەنا پێشتر شیمانەی بردنەوەی ناكرا.
هەر لەم چوارچێوەیەدا ئێستا مارین لۆبن سەرۆكی پارتی بەرەی نیشتمانی راستگەرا لە ژێر لێكۆڵینەوەدایە, بەهۆی دامەزراندنی یارمەتیدەری خەیاڵی حیزبییەوە لە پەرلەمانی ئەوروپا لە برۆكسل, ئەو یارمەتیدەرانە بەناو لە پەرلەمانی ئەوروپا كار دەكەن, كەچی كارە حیزبیەكانی پارتەكەی لەناو فەرەنسا بەڕێوە دەبەن, تا ئێستا 7 ملیۆن ئیرۆیان وەرگرتووە, ئەمە وەك گەندەڵی سەیر كراوەو كێشەی ناوەتەوە.
ئەگەر سەیری ئەم دوو نمونەیەی سەرەوەی فەرەنسا بكەین, لە نموونەی یەكەمەوە چەند نموونەی كوردیانە بژمێرین؟ لە دامەزراندنی هاوسەر و كچ و كوڕو براو خەزور بە راوێژكار و سكرتێرەو چی و چی , ئەوا لیستمان دورو درێژە, ئەگەر سەیری نموونەی دوەمیش بكەین, ئەوا چەند پەرلەمانتارمان هەیە لە بەغدا خەڵكی بە پاسەوان و راوێژكارو شتی لەم بابەتە نووسیووە كەچی بۆ یەك رۆژیش ناچنە بەغداو موچەكەیان موفت وەردە گرترێت و 20 بۆ 30%ی دەدەنە خاوەنەكەی ئەوی دی بۆ خۆیان وەردەگرن و دەیخەنە تەنگەی باخەڵیانەوە, باوەڕ ناكەم لەوەندە ساڵەی رابردوودا پەرلەمانتار و وەزیرو… هەبوبێت هەموو پاسەوانەكانی دامەزراندبێت, لە كاتێكدا مارین لۆبین فلسی بۆ خۆی هەڵنەگرتووە, لە بری ئیشی برۆكسل لە پاریس كاری حیزبی پێیان كردووە, ئەوانەی خۆمان بوونە بە مقاولی مەتروكە.
ئەی دەبێت ئێمە چەند هەزار كەسمان هەبێت لە بەغداو هەولێر موچە وەربگرن, چەندیشمان هەبێت لە هەولێر بەڕێوەبەری گشتی بۆینباخ لەمل بێت لە بەغداش بە پاسەوان نووسرابێت, ئەدی دەبێت چەند ژنە بەرپرس و مناڵە مەسئولمان هەبێت بەرپرسیارێتی وەهمیان هەبێت, ئەدی چەند باخەوان و شوان و پاسەوانی پرۆژەو…. چی و چیمان هەبێت, خەریكی كاری شەخسی بن بۆ بەرپرسان, ئەدی ئەو شۆفێرانەی مناڵ و مناڵی بەرپرسان بۆ قوتابخانە و…. دەگوازنەوە , ئەدی و ئەدی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت