Fazil

فازڵ رەئوف : هەقوایە گۆڕان پێداگریی لە گۆڕینی پارێزگاریی سلێمانی نەکات .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

فازڵ رەئوف ، بەرپرسی لقی 21 ی پارتی:

لە هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی زیاتر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگ دەهێنین

دیمانە : ستیڤان شەمزینی

* پارتی نایەوێ لەم کابینەیەی حکوومەتدا گۆڕان فەرامۆش بکات

* هەقوایە گۆڕان پێداگریی لە گۆڕینی پارێزگاریی سلێمانی نەکات

* پارتی دەیەوێ ئەمجارە حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست ببێت

فازڵ رەئوف ، بەرپرسی لقی 21 ی پارتی ، لەم دیمانە تایبەتەی ” شەپۆل ” دا هەڵوێستی پارتی لە بارەی دۆخی ئەمنیی سلێمانی و پرسی گۆڕینی پارێزگار روون دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت ، وەک پارتی لایەنگری حوکمی یاسان. لە بەشێکی تری دیمانەکەدا، بەرپرسی لقی 21ی پارتی باس لە هەستانەوەی حزبەکەی دەکات لە سلێمانی و پێیوایە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەتوانن دەنگی زیاتر مسۆگەر بکەن. فازڵ رەئوف پێداگریی لەسەر ئەوەش دەکات، پارتی هیچ کات نەیویستووە گۆڕان نادیدە بگرێت ، بەڵکو لەلایەن گۆڕانەوە پێشوازیی لە نزیکبوونەوە و کاری هاوبەش نەکراوە . لە بەشێکی تری دیمانەکەشدا باس لە گرنگیی پێکهێنانی حکوومەتی بنکە فراوان دەکات و رایدەگەیەنێت پارتی پێی باشە بۆ ئەم قۆناغە حکوومەتێکی بنکە فراوان لە هەرێم هەبێت .

ستیڤان : ئێوە وەک پارتی ، چۆن دەڕواننە ئەو دۆخە ناجێگیرەی لەم چەند هەفتەیەی پێشوو لە سنووری شاری سلێمانی دروستبووە؟. بۆچوونی ئێوە لە هەمبەر ئەو رووداوە نەخوازراوانە چییە  ؟.

فازڵ رەئوف : ئێمە وەک پارتی ئەو رەوشەمان زۆر پێ ناخۆشە ، چوونکە ئاڵۆزیی وڵات ، یان ناخۆشی وڵات ، نائەمنیی وڵات ، بۆ هەمووان وەک یەکە و هەموو لایەک بێ جیاوازیی دەگرێتەوە . بۆیە ئەو رەوشەی دروستبووە هەموو تاکێک و هەموو هاووڵاتییەکی شاری سلێمانی دەگرێتەوە بە پارتیشەوە . بێگوومان وەک پارتی ئەو دۆخە ناجێگیرەمان لا ناخۆشە ، بۆ چارەسەری ئەوەش کەوتۆتە سەر کارکردنی لیژنەی ئەمنیی شار بە تایبەت پۆلیس و هێزەکانی ئاسایش کە دەتوانن زیاتر چاودێریی بارودۆخەکە بکەن، ئەو هێزانەش چ پۆلیس و چ ئاسایش لە دەستی ئێمەدا نییە وەک پارتی . بەڵکو لە دەستی برادەرانی یەکێتی نیشتمانیدایە .

ئێمە وەک پارتی پێمانوایە جگە لە لایەنە پەیوەندیدارەکان ، دەبێت هەموو لایەک هاوکار بین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو رەوشە بەرەو باشی ببەینەوە ، هەتا تاکە هاووڵاتییەکیش دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە چاودێریکردن و دۆزینەوەی خەڵکانی ناحەز بە ئاسایش و ئارامی خەڵک، چوونکە هەموو کێشە و ئاژاوەیەک هۆکارێکە بۆ تێکدانی ئازادیی و خۆشگوزەرانی خەڵک و تاکەکان ، لێدانە لە دیموکراسی و مافەکانی هەموو هاووڵاتیان بە هەموو لایەنەکانەوە .

ستیڤان : فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە کۆی دەنگ داوای گۆڕینی پارێزگاری سلێمانی دەکەن ، بەڵام بۆچی فراکسیۆنی پارتی لەو ئەنجوومەنە و پارتیش وەک حزب هەڵوێستی روون نییە ؟.

فازڵ رەئوف : را و هەڵوێستی پارتی روونە . کاک هوشیار سدیق ئەفەندی کارگێڕی لقی چواری پارتی و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتییە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ، ئەو لێدوانی لەو بارەیەوە بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن داوە ، لێدوان و قسەکانی ئەویش را و بۆچوونی ئێمەیە وەک پارتی . بەڵام ئێمە وەک پارتی دەمانەوێ ئەم کێشەیە بە یاسایی چارەسەر بکرێت ، وتوومانە و پێداگریی لەسەر ئەوە دەکەین کە هەقوایە گۆڕان پێداگریی زۆر لەو مەسەلەیەدا نەکات ، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی پارێزگاکانمان لە پێشە ، ئەو هەڵبژاردنە هەموو کێشەکان بەشێوەیەکی یاسایی و لە رێگەی دەنگی خەڵکەوە چارەسەر دەکات .

ستیڤان : ئێوە وەک پارتی چۆن لە حکوومەتی بنکە فراوان دەڕوانن ؟. پێتانوایە حکوومەتی بنکە فراوان دەتوانێ چارەسەری ئەو قەیرانانە بکات کە ئێستا لە کوردستاندا بوونیان هەیە ؟.

فازڵ رەئوف : ئێمە وەکوو پارتی دیموکراتی کوردستان ، پێمان باشە ئەمجارە حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست ببێت ، چوونکە هەموو بۆچوون و را و حزبەکان پێکەوە بن باشترە، جگە لەوەش ئەو کاتە هەموومان زیاتر خەمخۆر دەبین بۆ حکوومەت و ئەزموونەکە. راستە بوونی ئۆپۆزیسیۆن دیاردەیەکی باش و ئیجابییە ، بەڵام نەک بەو شێوەیەی رابردوو کە هەبوو، بەڵام بارودۆخی سیاسیی کوردستان پێویستی دەکات هەموومان پێکەوە بین و حکوومەتێکی بەهێز دروست بکەین بۆ ئەم قۆناغە .

جارێکی تریش دەیڵێمەوە ئێمە وەک پارتی حەز دەکەین، حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست بێت ، ئەو گەشتەی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانیش کە دووبارە کاندیدی پارتییە بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت، بە روونی دەریخست کە ئێمە نیەتمان ئەوەیە حکوومەتێکی بنکە فراوان دروست بێت . بۆیە ئومێدمان ئەوەیە کە هەموو لایەک بێنە پێشەوە بۆ پێکهێنانی ئەو حکوومەتە بنکە فراوانە ، بەڵام کە لایەنێکیش خۆی نەیەتە پێشەوە یان رازی نەبێت بە دابەشکردنی دەسەڵات ئەمەیان شتێکی ترە .

ستیڤان : بارودۆخی پارتی لە پارێزگای سلێمانی لە رووی پێگەی جەماوەرییەوە چۆنە؟. ئایا گەشەتان کردووە یان پاشەکشە ؟.

فازڵ رەئوف : ئێمە لە جاران باشترین و باشتریش دەبین ، بە پێی ئەم هەڵبژاردنەی رابردوو لە هەموو لق و ناوچەکانماندا ژمارەمان زیادی کردووە ، ئەوە دەریدەخات کە خەڵک و جەماوەری غەیری پارتیش دەنگیان داوە بە پارتی . ئێمە بۆمان دەرکەوتووە کە جەماوەرێکی زۆر لە دەرەوەی رێکخستنەکانی خۆمان دەنگیان پێداوین. ئومێدمان هەیە و بەرچاویشمان روونە لەوەی کە لە ئایندەدا باشتریش بین. وەک وتم لە جاران زۆر باشترین و پێگەمان بەهێزترە، بەڵام ئێمە چاوەڕوانی دەرئەنجامی زۆر لەمە باشتریش دەکەین .

هەڵوێستەکانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ وڵات و خزمەتی خەڵک و بۆ برایەتی و تەبایی و ئازادیی و دیموکراسیی زۆر دیارە و هەمووی خەمخۆرییە بۆ وڵات و بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان ، ئەمەش هەستی خەڵکی بەشێوەیەکی گشتیی جووڵاندووە، بۆیە هەڵوێستە نەتەوەییەکانی پارتی و سەرۆکی پارتی و جێگری سەرۆکی پارتی وای لە خەڵکانی دەرەوەی پارتیش کردووە کە سۆزیان بۆ پارتی هەبێت و لە ئەنجامیشدا لە هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا پێگە و دەنگی پارتی باش بێت. بۆیە جارێکی تر دووپاتی دەکەمەوە کە ئومێدی زیاتریش دەکەین .

زیادبوونی رێژەی پارتی، پەیوەندیی هەیە بە بەرنامەی پارتی ، بە دەستی من و بەرپرسی لقێکی تر نییە، بەرنامەی پارتی بە جۆرێکە کە هەمیشە جەماوەر بە لای خۆیدا رادەکێشێت. بەڵام لە سلێمانی کە ئێمە زۆر شتمان نەکردووە، ئەمەیان پەیوەندیی هەیە بە رێککەوتنی ستراتیجی نێوان پارتی و یەکێتی، چوونکە بەپێی ئەو رێککەوتنە دەبێت ئیدارەی ناوچەی سلێمانی بەدەست برادەرانی یەکێتییەوە بێت و شوێنەکانی تریش وەک هەولێر و دهۆک بە دەستی ئێمەوە بێت .

ستیڤان : تا چەند ئامادەکاریتان کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان؟. پێتوایە پارتی بتوانێت لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت و دەنگێکی زۆر مسۆگەر بکات ؟.

فازڵ رەئوف : وەڵامی ئەم پرسیارە بە پرسیارەکەی پێشووەوە لکاوە و وەڵامم دایەوە، ئێمە هیوامان هەیە و قەبارەشمان لە هەڵبژاردن لە پەرلەمان لە مانگی ئەیلوول دەرکەوت کە زۆر باشتر بووین. بێگوومان باشتریش دەبین، چوونکە ئێمە بەرنامەمان هەیە و زیاتر دەخوازین بۆ خزمەتکردنی شارەکەمان و میللەتەکەمان بە تایبەت بۆ خزمەتی شارەکەمان. راستە دابڕانێک هەبووە بە هۆی دوورکەوتنەوە لە شارەکە و بەهۆی رێککەوتنی ستراتیجی، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە لە هەڵبژاردنی پارێزگای سلێمانی زۆر لە هەڵبژاردنی پەرلەمان دەنگی زیاتر دەهێنین .

ستیڤان : هەندێک لە چاودێرانی سیاسیی پێیانوایە، پارتی هەمیشە گۆڕانی فەرامۆش کردووە، پێتوانییە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە پارتی بزووتنەوەی گۆڕان بە هەند وەربگرێت بە تایبەت دوای ئەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بوو بە هێزی دووەم ؟ .

فازڵ رەئوف : ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە ئەوەمان لە بەرچاو بووە هێنانی 25 کورسی لە هەڵبژاردنی پێشوودا لەلایەن بزووتنەوەی گۆڕانەوە ژمارەیە و ئێمە حسابمان لەسەر کردووە و حسابمان بۆ کردووە. ئێمە وەک پارتی نەک بۆ ئەوان کە 24 کورسیان لە پەرلەماندا هەیە، کە ئەمە ژمارەیە، بۆ کام لایەنەی زۆر لە ئاستی کەمتردایە لە رووی کورسی و ژمارەوە پارتی حسابی بۆ کردووە، تەنانەت پارتی حسابی بۆ ئەو حزبانەش کردووە کە تەنانەت کورسیشیان لە پەرلەماندا نییە. ئێمە بۆ تاکێکی کۆمەڵ حسابی تایبەتی دەکەین، حساب بۆ رۆژنامەنووسێک دەکەین، حساب بۆ نووسەرێک بۆ تێکۆشەرێکی شاخ و شار دەکەین ، ئەوجا چۆن حساب بۆ لایەنێک ناکەین کە پێگەی خۆی دروستکردووە و خاوەنی 24 کورسی پەرلەمانە لە ئێستادا .

بۆ نموونە لە هەموو کۆبوونەوەکانی سەرۆکایەتی هەرێمدا کە جەنابی سەرۆک بارزانی بانگهێشتی لایەنەکانی دەکرد، بانگی بزووتنەوەی گۆڕانیشی کردووە، بەڵام کە ئەو نەهاتبێتە پێشەوە، ئەمە لەسەر ملی خۆیانە، هەروەها لە هەردوو کابینەی شەشەم و حەوتەم حسابیان بۆ کراوە، بەڵام خۆیان نەهاتوونەتە پێشەوە، بۆیە بە پێچەوانەوە پارتی هەمیشە حسابێکی تایبەتی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان کردووە بەقەدەر پێگە و قەبارەی خۆی، بەڵام بە پێچەوانەوە لەلای گۆڕانەوە بەدەنگەوە هاتن نەبووە بۆ لای پارتی و بۆ لای سەرۆک مەسعود بارزانی .

ستیڤان : هەندێک لە چاودێرانی سیاسیی باس لەوە دەکەن نیەتێک هەیە لەلایەن پارتییەوە بۆ بێبەشکردنی گۆڕان لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێم. رای ئێوە لەسەر ئەمە چییە ؟.

فازڵ رەئوف: وەک بینیمان لە جەولەکەی کاک نێچیرڤان بارزانی ئەوەمان بینی، یەکەم کەس دوای یەکێتی، وەفدی پارتی سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد، بە دوایدا چووە لای لایەنەکانی دیکە وەک یەکگرتوو و کۆمەڵ و شیوعی. تائێستاش وەفدی پارتی بەردەوامە لە سەردانی حزبە کوردستانییەکان. من دەڵێم بە پێچەوانەوە پارتی بە هیچ شێوەیەک نایەوێ لەم کابینەیەی حکوومەتدا گۆڕان فەرامۆش بکات، بەڵام چاوەڕێی وەڵامی ئەوانین .

ئێمە تەنیا چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی دیدارەکانی وەفدی پارتین، دوای ئەوە دەمانەوێ بزانین لەسەر چ بنەمایەک رێککەوتن لە نێوان لایەنەکان دێتە ئاراوە؟ ئایا مەرج و مەرجداریی هەیە؟. پارتی بە هیچ شێوەیەک مەرج دانانێ و مەرجیش لە هیچ لایەنێک قبوڵ ناکات کە بە مەرجێکی تایبەتی خۆی بێتە ناو حکوومەتەوە. جارێ چاوەڕێ دەکەین، چوونکە تائێستا نازانین ئەو گەشتانەی کاک نێچیرڤان بۆ لای لایەنەکان، تاچەند کاریگەریی لە لایەنەکان کردووە بۆ ئەوەی بێنە ناو حکوومەتەوە؟. بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا ئومێدمان هەیە سەرکەوتوو بێت و پێشموایە ئێمە وەک پارتی دەمانەوێ هەموو لایەک بەشدار بن لەم کابینەیەی حکوومەتی هەرێمدا .

ستیڤان : چۆن دەڕواننە کۆبوونەوەی دوو قۆڵی نێوان نەوشیروان مستەفا و مەسعود بارزانی ؟. ئایا پێتانوایە ئەنجامێکی ئەوتۆی دەبێت ؟.

فازڵ رەئوف : من بەش بە حاڵی خۆم پێموایە ئەم دیدارەی نێوان سەرۆک بارزانی و کاک نەوشیروان، دوای سەردانی جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی بۆ لای نەوشیروان دروست بوو، بەتایبەت کە بۆچوون و لێدوانەکانی کاک نەوشیروان شتی تازەی تێدابوو، خەڵکیش نابێت تاکو سەر دژایەتی یەکتر بکەن، دەبێ بۆ خزمەتی وڵات و کوردستان بیر لە نزیکبوونەوە و هەماهەنگی بکرێتەوە. دەبێ بیر لەوە بکرێتەوە هەندێک شت لەبەر بەرژەوەندیی گشتیی بخرێتەوە لاوە .

ئەگەر بەو لێدوانانەی کاک نەوشیروان بێت، ئومێدمان هەیە بۆ باشتر نزیکبوونەوە و ئێستاش زەمەنەکە وای لێهاتووە کە ناکرێ تۆ تاسەر پێ لەسەر شتێک دابگری، دەبێت بەرژەوەندیی گشتیی لەبەرچاو بگیرێ، بۆیە بە شێوەیەکی گشتیی ئومێدمان هەیە سەردانەکە سەرکەوتوو بێت و ئەنجامی باشی لێ بکەوێتەوە کە کاریگەریی باشی هەبێ و لە خزمەتی هەموو لایەک و کورد و کوردستاندا بێت .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت