Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن : فەیسبووکە چیرۆك -٤-

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کۆچی ئاوەژوو

نەوەدەکانی سەدەی رابردوو خەڵکانێکی زۆر بەتایبەتی لە باشوری کوردستانەوە هەریەکەو لەبەر هۆکارێك، بەسەروسامانی رێگەی هەندەرانی دەگرتەبەر.

ئەو ساڵانە دۆلار لە وڵاتی خۆماندا بە بەراورد لەگەڵ ئێستادا زۆر گرانبوو، هەرکەسێکیش ئەو رێگایەی بگرتایەتەبەر، دەبوایە دۆلارێکی زۆری هەبوایە، زۆریش بوونە خۆراکی دەریا، لەسەرما رەق هەڵاتن ، یا لە برسا مردن.

ئەوەی گەیشت گەیشت، ئەوی بۆخۆی ژیا، بنکە و بنەی بۆخۆی پێکهینا، ئەوانەش کە بۆ کەسووکارو خەڵکی ژیان ئێستا بەو ئاواتەوە دەژین باری ئابورییان وەك جارانی لێبێتەوە.

ئەمڕۆش ئەگەر پێتوابێت لێرە پارەپەیداکردن ئاسانە، ئەوە هەڵەی هاورێ.

ئێستا لێرە، ئەو ئیشەی بۆ خۆیان گرانەو حەزی پێناکەن بۆ ئێمەمانانی بەجێدەهێلن،

کە پاش دانی باج ئەوەندەت بۆ دەمینیتەوە کە تەنها پێی بژیت ، ئەگەر لەدەمی خۆتی نەگریتەوە بە دووساڵ جاریکیش ناتوانیت سەردانێکی زێدی باوو باپیرت بکەیت.

پیاوێکی گەنمرەنگ دەناسم لە پیناوی پارەپەیداکردندا خۆی کردووە بە عەموود، لەسەرسوچی کۆلانیکدائاراستەی شوێنی رێستۆرانتیکیان بە ملیدا هەڵواسییوە.

ئەوانەی بنەیەکیان هەیە و باخەڵیان گەرمە و خۆیان لە هەندەران بە نامۆ دەزانن کۆچدەکەنەوە بەرەو کوردستان، ئەوی خۆشی لە وڵاتی خۆی بە نامۆتر دەزانێت ، بنەی هەبێت یان .. نا، دەبێت لەم وڵات و ئەو وڵات بە ناسۆری نامۆییەوە سەربنێتەوە.

سواڵی مۆدێرن

بەکارهێنانی کۆمپیوتەر لەکتێبخانە خۆشییەکی تایبەتی هەیەو زیاتر پێی ئاسودە دەبم.

هەر بۆیە ناو بەناو بە شەمەندەفەر و پاس دەچم بۆ ( کۆبنهاون – پایتەختی دانیمارك )

لە شەمەندەفەردا دانیشتبووم، پیاوێك وەك دەستی بە ساجدا سوتابێت، بە خێرایی،

بەمبەرو ئەوبەری کورسییەکاندا پارچە کاغەزی سەوزی دادەنا، بە خەتێکی درشت لەسەری نووسرابوو :-

تکایە پاش خوێندنەوەی فڕێی مەدە. دوو کوڕم هەیە کۆرسی زمانی دانیمارکییان هەیە، کەم دەرامەتم، پێویستم بە یارمەتی ئێوەیە هەزار جار سوپاس.

( باوترین جۆری سوپاسە لە دانیمارك ) .

لە خوێندنەوەی تەواوبوم، دوو کوڕی دوانزە سیانزە ساڵان یەکی جانتایەکیان لەپشت بەستبوو، بەمبەرو ئەوبەری کورسییەکاندا کەوتنە کۆکردنەوەی پارەو کاغەزەکان،

کچێکی گەنچ و ژنێکی بەتەمەن ، لە بەرامبەرم دانیشتبوون، کچەکە ( بیست کرۆنییەك )

کە دەکاتە نزیکەی سێ دۆلارو نیو، دەدات بە کوڕێکیان.

پاش رۆیشتنی کوڕەکان، ژنە بەتەمەنەکە بە کچە گەنجەکەی وت کارێکی باشت نەکرد

بەو شێوەیە تۆ هانی دەدەیت کە لەسەر ئەو کارە نابەجێ یە بەردەوام بێت.

کچەش کەوتە تەقاندنی پەنجەکانی و بنێشتێکی خستە دەمی.

……..

تێبینی :- بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لەم سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).

فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگای دانیمارکیین.

دانیمارك/ ڤالبی

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت