Fatih-Hesen

فەتاح حەسەن : فەیسبووکە چیرۆك .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

                                             هەشتەم 

ئەو شەوەی هاتمەوە سەر سفر

شەوێکی ساردی چلەی زستان بوو ، پاش خواردنەوەی بەشی خۆم ( گەر دەڵێیت نۆش یا بە قوزەڵقورتت بێت ، هەردوکیانم قبوڵە ) ئەوەی قبوڵم نییە کە پێمبڵێی ئێ بۆ دەخۆیتەوە؟!                                                                                          ئەتۆ ناخۆیتەوە سەرپشکی ، دەلێگەڕێ لەوانەی دەخۆنەوە ، ئەزیزم .                        چیبکەم دڵم حەزی لە پێکیکی تردەکرد ، ئەملاو ئەولای ماڵەکەم گەڕام ، ئەی هەش بەسەرم قومێك مەیم نەدۆزییەوە ، یاران چیبکەم ، چی نەکەم ؟! نەمکردە نامەردی پێمنا بەجەرگی خۆمدا ، خۆم پێچایەوە ، نزیکترین باڕ خۆت بگرە و هاتم ، پێکیکم فڕکرد ، کە سەیردەکەم ، هەر بەتەنها منی لێم ( سەرڕەش – خەڵکی پەناهەندە) ، زۆر دڵم بەخۆم سوتا ، لەبەرخۆمەوە وتم ئای لە من چەند تەنهام !! داوای پەرداخێکی تر شەرابم کرد ، کوڕیکی گەنجی رەشتاڵە فەرموی لێکردم و کەوتە کۆکردنەوەی بۆشەکان ، سەد جنێوم بەخۆمدا و بگرە زیاتر کە بۆ هاتم بۆ ئێرە ، بۆ  ؟! بۆشەکانی مێزەکەی تەنیشتمی کۆدەکردەوە ، کچێکی دانیمارکی ، بەرزەپێ لەجێگەی خۆی هەستاو بەزمانێك ، میهرەبانی لێدەتکا ، بەدەنگێکی ناسك و پڕ لە ویقارەوە ، پێیوت : هەزار جار سوپاس، لەشت ساخ بێت بۆ ئەو خزمەتەی دەیکەیت ، لەجێگەی خۆم توامەوە.. رێك هاتمەوە سەر سفر، ئیتر نازانم چی منی هێنایەوە سەر سفر ، خۆم یا .. رەشتاڵەکە یا کچە دانیمارکییەکە ؟!

 

قسە ناخوات

دەوروبەری کاتژمێر نۆی بەیانی بوو ، جاوەڕوانی هاوڕێیەکم دەکرد ، ماوەیەك بوو بێ ئوتۆمبیل بوو ، بەنیازبوو ئوتۆمبیلێك لە پێشانگایەکی کۆبنهاون بکڕێت .

سواری شەمەندەفەرێك بووین ، هێندەی نەبرد پشکنەر لەمسەرو ئەوسەری شەمەندەفەرەکە وەك قارچك هەڵتۆقین .

/  بەیانیتان باش ، بلیتەکانتان.. کارتەکانتان

من ، کارتی مانگانەکەم پیشاندا.

/  سوپاس .

 هاوڕێکەم بەدڵنییاییەکەوە ( کلیپ کۆرت )* ەکەی پیشانی پشکنەرەکەدا، ئەویش لەدەستی وەرگرت و سەیرێکی کرد..

/ ئەوە کۆنە ، هی دوێنێ شەوە .

چی ؟! کۆن ، نیوکاتژمێر لەمەوبەر لەپاسدا کلیپ کۆرتەکەم لێداوە ، دوێنێ شەو هەر لەماڵ نەهاتومەتەدەرەوە!!

/ خەریكبوو ( ٧٥٠ کرۆن ) ی بۆ دەنووسی ، کە دەکاتە نزیکەی ( ١٠٠ یۆرۆ ).

یانی بڕوام پێناکەیت ؟

/ لەوانەیە راست بکەیت ، بەڵام من هەر سزاکەت بۆ دەنووسم ، دەتوانیت بچیت لەگەڵ سەنتراڵدا قسەبکەیت.

هاوڕێکەم سەرێکی ناچاری بۆ لەقاندو وەسڵەکەی وەرگرت . بڕیارماند ، پێش کڕینی ئۆتۆمبیلە بۆر ، بچین بۆ سەنتراڵ.                                فەرمانبەرێك کلیپ کۆرتەکەی لە هاوڕێکەم وەرگرت و لە کۆمپیوتەرەکەی بەردەمیدا چێکی کرد ، وتی راست  دەکەیت ، قسەی تۆیە ، ئەو پاسەی ئەم بەیانییە سواری بوویت ، شۆفێرەکەی کات و بەرواری ئامێری کلیپ کۆرتەکەی نەگۆڕیوە ( بە پێکەنینێکەوە ) لای ئەو برا شۆفیرە هێشتا شەوە.

ئێمەش خەندەیەکمان بۆ کرد و خواحافیزیمان لێکرد.

 / راوەستە مەڕۆن ..

هاوڕێکەم وتی بۆ ؟!

/ دەبێت ( ٥٠ کرۆن ) هەر سزا وەربگریت ، بۆ ئەوەی فێربیت هەموو کاتێك کلیپ کۆرتەکەت لێدەدەیت سەیری ، کات و بەروارەکەی بکەیت .

هاوڕێکەم پەنجا کرۆنی خستە سەر مێزەکەی ، وەسڵەکەی لێوەرگرت و بەرەو پێشانگای ئۆتۆمۆبیل بەڕێکەوتین.

*  کلیپ کۆرت : کارتێکی هاتووچۆیە ، دەتوانرێت بۆ پاس و شەمەندەر   و میترۆ بەکاربهێنرێت ، دەدرێت لە ئامێرێکی تایبەت لە پاسدا ، یان لە وێستگەی شەمەندەفەر و میترۆدا ، پارچەیەکی لێدەقرتێنێت ، کات و بەروار و شوێنی بەکارهێنانەکەی لەسەر کارتەکە تۆماردەکات.

  تێبینی :  بۆ زیاتر ئاشنابوون بەتایبەتمەندییەکانی فەیسبووکەچیرۆك، دەتوانن بابەتێك لە سایتەدا بخوێننەوە بەناونیشانی ( فەیسبووکەچیرۆك ).

فەیسبووکەچیرۆکەکانم بەزۆری زادەی کۆمەڵگەی دانیمارکیین.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت