فەرماندەی گەریلاکانی شەنگال نهێنی موسڵ و هێزە تورکەکانی ناوچه‌که‌ ئاشکرا دەکات .

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنیوز – گەلاوێژ ئەورین
فەرمانداری هێزەکانی پاراستی گەل (هەپەگە) دەڵێت : ئەوان ئە‌ڵقەکانی بەرخۆدان لەیەکدی جودا ناکەنەوە ، ماوەی 11 مانگە هێزەکانیان لە شەنگال بەرخۆدان دەکەن .
ئەو سەرنجڕادەکێشێتە سەر هەڵوێستی نەرێنی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و ڕێکەوتنەکانی لەگەڵ تورکیا و ئاماژە بەوە دەکات کەشەڕێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی لەسەر موسڵ بەڕێوەدەچێت ، شەڕێک لەنێوان عێراق ، حکومەتی هەرێم، تورکیا و هێزە هەرێمیەکان لەسەر موسڵ هەیە ، پارتیش لەگەڵ تورکیا لەسەر موسڵ ڕێکەوتووە .
لەدیمانەیەکی تایبەتدا بۆ ئاژانسەکەمان ( ڕۆژنیوز ) فەرماندەی گەریلاکانی هەپەگە لە شەنگال دڵشێر هەرەکول دەڵێت : ” ئێمە ئامادەین موسڵ لە داگیرکاری بپارێزین ، فەرمان و ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ جێبەجێ دەکەین کە وتویەتی : پێویستە هێڵێکی پاراستن لە عەفرینەوە هەتا برادۆست دروست بکرێت ، ئاواکردنەوەی شەنگال ئەرکێکی مرۆییە ، ئاواکردن تەنها دانانی چەند بەردێک نیە لەسەریەک ، بەڵکو دەبێت کۆمەڵگا و روحی هەرەوەزی شەنگال بپارێزین “.

ئێمە چارەنوسی ئێزدیەکان رادەستی کەسێک ناکەین
هێزەکانی هەپەگە و یەبەشە لە شەنگال چۆنە و چۆن شەنگال دەپارێزن ؟
هەرەکوڵ : بەپانتایی 10 کیلۆمەتری ناوشارۆچکەی شەنگال و 70 کیلۆمەتری تەواوی چیای شەنگال لەژێر پاراستنی هێزەکانی ئێمەدایە ، هەتا سنورەکانی ڕۆژئاوا ، تا سکین و هۆڵ و تلحەمیس دەپارێزین ، هێزەکانمان هەتا ناوچەی سۆلاق هەن ، بێگومان هێزی پێشمەرگەش لێرە هەن ، بەڵام ئێمە چارەنوسی خەڵکی ئێزدی ڕادەستی هیچ کەسێک ناکەین ، ئیدی خەڵکی ئێزدی و کورد بەگشتی بەرگەی جینۆسایدێکی دیکە لەوی ڕوویدا ناگرن ، بۆیە لەو ڕوەوە ئەرکە ئەخلاقی و سیاسیەکانی خۆمان لە شەنگال جێبەجێ دەکەین . جارێکی تر بانگی یەکێتی و پارتی و هەموو هێزەکانی دیکە دەکەین بێن و فەرماندەییەکی هاوبەش ئاوابکەین ، ئێمە نامانەوێت تەنها خۆمان لەهەرێمەکە هەبین، هێزە هاوبەشەکانمان چەندەبێت ئەوەندە بەهێزتردەبین .

هەڵوێستی هێزەکانی هاوپەیمانان و حکومەتی عێراق لەو بارەیەوە چیە ؟
هەرەکوڵ : ئەو هێزانە ئێمە بەڕەسمی ناناسن ، بەڵام خۆشیان باش دەزانن کەکێ لێرە بەرگری و بەرخۆدانی کرد ، ئەگەر هاوکاریمان بکەن باشە ، ئەگەر نەشیکەن دیسانیش ئێمە ئازادکردنی هەموو خاکی شەنگالمان لەپلاندایە ، ناتوانین خۆمان بەوانەوە ببەستینەوە ، ئەرکی سەرشانی ئێمەیە ئەو گوندانە ڕزگاربکەین کە هێشتا لەژێر داگیرکاری چەتەکاندان ، ئەو گوندانە زۆر گەورەن ، بۆ ڕزگاری کردنی ئەوانە پێویستی بە پلانسازی و هێزێکی باش هەیە .

پیلانی میساقی میلی و تورکەکان لەسەر موسڵ هەیە
لەموسڵ پیلانی میساقی میللی تورکەکان جێبەجێ دەکرێت ، ساڵانێکە ئامانجیانە ئەو شارە داگیربکەن ، شیعەش دەیەوێت کاریگەری خۆی لە شارەکەدا هەبێت ، ڕاستیەکەی موسڵ شاری کوردانە بەڵام پارتی دەیەوێت لەگەڵ تورکیا ڕێبکەوێت و تورکیا لەوێ بەجێبکات ، وەک ئەوەی شارێکی هەرێمە و تورکیا داگیری دەکات ، لەئێستاشەوە بناغەیان بۆ ئەوە ئامادەکردووە ، تورکیا حەشدی ئەلوەتەنی لەسوننەکان ئاواکردووە ، هاتنیان بۆ بەعشیقەش لەسەر ئەو بنەمایەیە .

تا داعش هەبێت لەدژیان شەڕ دەکەین
مەسەلەی موسڵ تەنها داعش نیە ، بەڵکو ناکۆکی نێوان شیعە و سوننەیە ، ناکۆکی لەنێوان کورد ، عەرەب و زۆر پێکهاتەی دیکەش لەهەرێمەکە هەیە ، بەڵام ئێمە وەک هەپەگە و هێزەکانی ئاپۆچی ، وەک ڕێبەری ئاپۆ دەڵێت ، داعش لە هەرشوێنێک بێت شەڕی لەگەڵدا دەکەین ، هێڵێکی پاراستن لە عەفرینەوە هەتا برادۆست دروست دەکەین ، لەچیای شەنگال هەتا چیای عەبدولعەزیز هێڵی پاراستن ئاوا دەکەین ، ئەوەش فەرمان و ڕێنمایی ڕێبەرمانە و پێکیدەهێنین ، ئەگەر ڕێبەرایەتی تەڤگەرەکەمان لێدوان بدەن ئێمە بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگاکردنی موسڵ ئامادەین .

نەک تەنها شەنگال بەڵکوو ئێمە هێزی پاراستنی هەموو کوردستانین
بەشداری ئێمە لە ئۆپەراسیۆنی موسڵدا کاریگەری دەبێت ، لەبەر ئەوەی ئەزموونی شەڕی داعشمان هەیە ، ئەزموونی زیاتر لە 30 ساڵ خەباتمان هەیە ، خاکی موسڵیش لە داگیرکاری دەپارێزین ، هەتا چەتەی داعش لە موسڵدا هەبن ، ترس لەسەر هەولێر ، دهۆک ، کەرکوک ، شەنگال و ڕەبیعەش هەیە ، ئێمە تەنها هێزی پاراستنی شەنگال نین بەڵکو هێزی پاراستنی کوردستانین ، لەکوێی کوردستان ترس و هەڕەشە هەبێت ئێمە لەبەرامبەری دەوەستینەوە ، وەک چۆن گەلەکەمان ماوەی دوو مانگە لە باکوری کوردستان بەرخۆدان دەکات ، ئێمەش لەهەموو شوێنێک گەلەکەمان دەپارێزین .

لەلایەکەوە پارتی هێزی تورکیا دەهێنێتە باشووری کوردستان ، لەلایەکی دیکەوە لە هەبوونی پەکەکە لە شەنگال ناڕازییە ، هۆکار چیە ؟
هەرەکوڵ : بەساڵانە ئێمە تێدەکۆشین ، ئەگەر ئەمڕۆ هێزە نێونەتەوەییەکان ئەو ڕاستیەی ئێمە دەبینن ، لەبەر بەرژەوەندی خۆیانە ، لە هێڵی تێکۆشانی ئێمەدا هیچ گۆڕانکاریەک نەهاتوەتەئاراوە ، ئەوان نەیاندەویست ڕاستی تێکۆشانەکانی ئێمە ببینن ، بەڵام کاتێک زانیان داعش ترسێکە بۆسەر خۆیان ، ئەوکات بەمەجبووری تێکۆشانەکانی ئێمەیان بینی ، بەڵام دەوڵەتی تورک لەوە ناڕازییە ، ئێمە ئامانجمان نیە خاکی کەس داگیربکەین ، بەڵکو دەمانەوێت هەموو گەلان لەسەر خاکەکەی خۆیان بەئازادی بژین .
هاتنمان بۆ شەنگال ڕووی خیانەتی پارتی و فرۆشتی خاکی کوردستان و بەتایبەتی شەنگالی ئاشکراکرد ، بۆیە ئەوەیان قبوڵ ناکەن ، دەیانەوێت هەبوونی ئێمە لێرە لاواز نیشان بدەن ، بەڵام هەموو جیهان ئەوە دەزانێت ، پارتی و تورکیاش بۆ شاردنەوەی ڕۆڵی ئێمە لەناوچەکە ڕێکەوتوون ، ئیدی ئەوان بەپێویستیشی نازانن ڕێکەوتنەکانیان لەو بارەیەوە بشارنەوە ، هەموو شتێک بەئاشکرا دەکەن ، هاتنی هێزەکانی تورکیا هەڕەشەیە بۆسەر موسڵ و شەنگالیش ، بەڵام ئەو حسابەی لەماڵەوە کردبوویان لە بازاڕدا پێچەوانە بوەوە .
ویستیان جارێکی تر مێژووی داگیرکاری بنوسنەوە ، بەڵام بەهاتنی ئێمە بۆ شەنگال ئەو مێژووە پێچەوانە نوسرایەوە ، پەکەکە مێژووی بەرخۆدانی نوسیەوە ، بۆیە ئەوەش بەهێرشێک بۆسەر خۆیان دەزانن ، هەموو ڕێوڕێبازێک بۆ بێکاریگەریکردنی ئێمە دەگرنەبەر ، وەک چۆن ئاشکرابووە ئاشکرادەبێت کێ ئەم گەلە دەپارێزێت ، ئێمە خەڵکی ئێزدی و هەموو باشووری کوردستان دەپارێزین ، گەلیش ئەو ڕاستیە دەزانێت ، دەزانن کێ دەیانپارێزێت و کێ سیاسەت دەکات و کێش فێل و پیلانگێڕی دەکات ، ڕێگە بەهیچ کەسێک نادەین پیلان لەدژی گەلەکەمان بەڕێوەبەرێت ، هەرکەس و لایەنێک کارێکی وەها بکات لەدژی دەوەستینەوە .

ئێوە بۆ گەڕانەوەیان بۆ جێ و واری خۆیان ، چی گەرەنتیەک دەدەنە خەڵکی ئێزدی ؟
هەرەکول: یەک لە ئامانجەکانی کۆمەڵکوژی 03.08.2014 ڕاگوێزان و پەرش و بڵاوەپێکردنی خەڵکی ئێزدی بوو بەسەرانسەری جیهاندا ، بۆیە دەبێت لەوە باش تێبگەین و هۆشیاربین ، ڕێبەر ئاپۆ چەندین جار لەو بارەیەوە هۆشیاری داوە ، خەڵک بۆ ئەوەی ئێزدیخان بپاریزێت ناچارە دەبێت بگەڕێتەوە سەر خاکەکەی خۆی ، ئێمە دەتوانین لەو جێگایانەی لەدەستماندایە گەرەنتی بدەینە خەڵکەکەی ، هەتا کەسێک لەئێمە مابێت دەستبەرداری ئەم خاکە نابین ، ئەوەش بەس نیە لەبەر ئەوەی شارەکە کاول بووە .
ماوەی ساڵێکە هەموو جۆرە چەک و تەقەمەنیەک لەئەنجامی شەڕدا لێرە بەکارهێنراوە ، بۆیە دەبێت ئەم شارە ئاوابکرێتەوە ، پێویستە پێش ئەوەش مرۆڤ مێشک و زهنیەتی خۆی ئاوابکات ، وەک چۆن ڕێبەر ئاپۆ وتی : دەبێت گەل ژیانی خۆی بەپێی شەڕ ڕێکبخات ، دەبێت سەرەتا شەنگال لەمێشکماندا ئاوا بکەین ، ئێمە دەتوانین لەسەر چیاکان شارێک دروست بکەین ، پێچەوانەی سەدام کە ئێزدیەکانی لە پێدەشتەکان بەجێدەکرد .
وەک چۆن ڕایگشتی لە ئاواکردنی کۆبانێ ئاگادارکرایەوە و کۆنفرانسی بۆ بەسترا ، دەبێت هەمان شت بۆ شەنگالیش بکرێت ، لەکاتی کۆمەڵکوژیەکەدا خەڵکی هەموو شتێکی بەجێهێشت و ڕۆشتن ، ئێستاش ئەرکی ئاواکردنەوەی دەکەوێتە سەر شانی ئێمە ، بۆئەوەی ئەو خەڵکە لە پارتی ببورێت لەپای ئەوەی کردی ، دەبێت ئەرکی ئاواکردنی شارەکە جێبەجێ بکات ، بەڵام لەدەرەوە لەناوچەی پارتیەوە هاوکاری بۆ شەنگال دێت ، بەڵام پارتی ناهێڵێت لەسەدا یەکی ئەو هاوکاریانە بگاتە شەنگال .
داوا لە ڕایگشتی دەکەین بۆ ئاواکردنی شەنگال هۆشیاربن ، دەبێت ئاواکردنەوەی شەنگال بخرێتە ڕۆژەڤی نێونەتەوەیی ، ئەوە ئەرکی سەرشانی هەموو کەسێکە ، لەبەر ئەوەی کۆمەڵگای ئێزدی ڕەنگی دەوڵەمەندی کلتووریە ، لەهەرکەس زیاتر دەبێت خەڵکی ئێزدی خۆی ئەو کارە بکات ، لەبەرئەوەی ئاشکرابوو کە تەنها خۆیان دەتوانن خۆیان بپارێزن ، ئاواکردنەوەی شەنگال ، ئەرکێکی ئاینی ، کۆمەڵایەتی و مێژوویە ، دەبێت کۆمەڵگا و ڕوحی هەرەوەزی ئاوابکەینەوە .

س . خ

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت