فەوزیی ڕەمزی : ڕەشەکوژییەکەی ناوچەی دەرسیم , کە کەمالییەکان ناوەکەیان گۆڕی بۆ تونجەلی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە مانگی حوزەیرانی 1937 / ەوە تا 1939 تورکە کەمالییەکان هێرشێکی بەربڵاویان کردە سەر ناوچەی دەرسیم دژ بەو شۆڕشەی عەلەوییەکان ” کە عەسمانییەکان بە زۆر ئەو ناوەیان بە سەردا سەپاندن و ئەگینا لە بنەڕەتدا بە ناوی هاڵاڤی یەکان ناسرابوون . بڕوانە نووسینێکی دکتۆر جەمال نەبەز ” بە سەرکردایەتی سەید ڕەزای دەرسیمی پەرپایان کردبوو دژ بە دەسەڵاتی تورکان و نزیکەی ( 13 تا 15 ) هەزار کوردی بێتاوانیان گوشت و بێ سەروشوێن کرد و چەندینیان دەبەستنەوە بە موورەدار و ئەیاندان بەدەم ئاوی ڕوبارەکانەوە تا بە ئازارەوە بخنکێن .
لەو ساڵەدا کە جەلال بایەر سەرۆکی وەزیران بوو ، ڕاستوخۆ داوای لە عیسمەت پاشا ( وەك دەڵێن کە بە ڕەگەز کوردە ) کرد کە هەرچۆنێك بێت ئەو وەك خۆیان دەڵێن : ئاژاوەیە سەرکوت بکات و چی پێویستە ئەوا ئەمان هاوکاری دەکەن . ئەویش عیسمەت پاشا چاودەگێڕێت بۆ خوێنڕێژترین سەربازی نێو سوپا کە ئەویش ژەنەڕاڵ ئاڵپ دۆگان بوو . یەکەم هەنگاو بۆمبۆردوومانی ناوچەکە بوو بە چیا و دۆڵ و ئەشکەوت و ….. زۆر بە سەختی و ئەوجا کەوتە ڕەشبگیری ناوچەکە و ئەوەی تەمەنی لە 24 تا 26 ساڵان بێت دەبێت هاوبەشی ئەو شەڕە بکات . بەوەی کە دەماودەم خەڵکی ناوچەکە باسییان لێوەکردووە ، کە لە ئەشکەوتێکدا نزیکەی 3000 ژن و منداڵ و پیر و پەکەوتەی تێدا بوو گشتیان لە نێو ئەو ئەشکەوتەدا کە زوربەیان زیندوو بوون خنکان و سوتان ، پاشان دەرگای ئەشکەوتەکەیشیان بە دینامێت تەقاندیانەوە . دەسەڵاتی تورکان هەر بەوەوە نەوەستان بەڵکوو کەوتنە کڕینی سەرۆك خێڵ و عەشیرەتەکانی ناوچەکەو بەمە جاشێکی زۆریان خڕکردەوە بەناوی ئەوەی ئەم عەلەوییانە گومڕا و لادەرن لە ئیسلام و عەلی کوڕی ئەبوو تالیب وەك خودێ چاولێدەکەن و ….. هتد ، تا سۆزی دینیان بجووڵێنن و کارەکەی خۆیانی پێ مسۆگەرکەن .
سەرانی لەشکری تورک توانیان یەكێك لە کوڕەکانی سەید ڕەزا بە ناوی زوبێر بە پلەوپارە هەڵخەڵەتێنن و بینێرن بۆلای ” عەلی شێر ” کە ئازا و دلێرانە سەرکردەی لەشکری دەرسیمییەکانی دەکرد و بە فرتوفێڵ توانی عەلی شێر و هاوسەرەکەی پێکەوە بکوژێت و سەرەکەیشی لە توورەکەیکدا بێنێت و لە بەر پێی ژەنڕال ئاڵپ دا دابنێت .
دوای ئەوەی ئەو شۆڕشە بەو دڕاندانەیە بەرهەڵستی لێکرا ، ناچار سەید ڕەزا بەرەو ئارزنجان بڕوات بەڵام جەندرمەکانی تورك دەیگرن و لە ڕۆژی 5 ئەیلوولی 1937 دا زوربەی هەرە زۆری ڕێبەرانی شۆڕش دەسگیرکران و زۆرینەیان لە سێدارە دران . بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە کەمالییەکان دەنگوباوی ئەوەیان دوادەخستن کە ئەمانە دەیانەوێت خەلافەت بگێڕنەوە و ئەمانە کۆنەپەرشتن و ….. و بەداخەوە هەندێك لە مێژوونووسانی خوشمان دوای ئەو بەندووباوانە کەوتوون و ئێستایشی لە تەکدا بێت هەر باوەڕیان بەو تورکانەیە و کەسیش نییە دوای ڕاستییەکان بکەوێت .
شێخ رەزای دەرسیمی لە کاتی لەسێدارەدانی دا دەڵێ : من بە فێڵەکانی ئێوە نەوەستام ، ئەوە با بۆ من ببێتە دەرس ، بەڵام منیش چۆکم لەبەر ئێوە دانەدا ، ئەوەش با بۆ ئێوە ببێتە دەرس .
ئێمە کوڕی کەربەلاین واتە کوڕی حوسەینی کوڕی عەلی ، کە ئەویش بەبێ تاوان کوژرا . هەروەها لەسەر پەتی سێدارە بە دەنگی شێرئاسا و بە زوانی کوردی دەڵێت : من ئێستە تەمەنم 75 ساڵە و ئیتر دەچمە پاڵ شەهیدانی گەلەکەم ، ئێوە دەرسیمتان گرت بەڵام کورد هەردەمێنیت و بژی کوردستان و لاوان هەر هەڵدەسنەوە و بمری گشت زاڵمان . بە دەستی پیرۆزی خۆی پەتەکەی خستە ملی خۆێ و باقاچی کورسییەکەی لەدا .
لەم دواییەدا ڕەجەب ئەردوگان بۆ مەرامی سیاسی خۆی ئەو کۆمەڵکوژییەی وەك تراژیدییایەکی مێژووی دەوڵەتی تورکیا باسکرد ، و هەروەها دەزگا هەواڵنێرە تورکییەکان لە هەواڵەکانیاندا بڵاویانکردۆتەوە کە بڕیارە شاری ئێستای تونجەلی ناوە کوردییەکەی خۆی ، کە دەرسیم ـە ، پێ بدرێتەوە .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

مانای دەرسیم // ” دەر ” لە کوردیدا بە ” دەرگا ” دێت و ” سیم ” بە مانای ” زیو ” دێت ، کەواتە بە لێکدانی ئەو دوانە دەبێتە ” دەرگای زیوین .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت