فەوزی ڕەمزی : ساڵ و ڕۆژمێری : کوردی ـ عارەبی ـ زاینی ـ ئێرانی .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەشی سێیەم :
مانگە عارەبییەکان / واتە مانگەکانی ساڵی کۆچی .
مانگە عارەبییەکان ، بە پێی جووڵە و سووڕاندنەوەی هەیڤە بە دەوری زەویدا و پێچەوانەی مانگی کوردی یاخود زایینی کە لە ئەنجامی سووڕاندنەوەی زەوییەوەیە بە دەوری خۆردا . هەر چەندە هەرسێکیان لە 12 مانگ پێکدێن بەڵام ژمارەی ڕۆژەکانیان جیاوازە . ساڵێکی زایینی یاخود کوردی کە خولێکی تەواوی زەوییە بە دەوری خۆردا بریتییە لە ( 365.2425 ) ڕۆژ . بەڵام ساڵێکی تەواوی کۆچی کە سووڕاندنەوەی هەیڤە بە دەوری زەوییدا بە ( 354.367056 ) ڕۆژە و ژمارەی ڕۆژەکانی هەر مانگێك تێیدا 29 یا 30 ڕۆژە ( واتە هەرگیز لە کۆچیدا نابێت 28 یا 31 بێت ) . هۆی ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ سووڕاندنەوەی هەیڤ بە دەوری زەویدا بە 29 ڕۆژ و 12 کاژێر و 43 خولەك کە تەواو دەکاتە 29.530588 ڕۆژ ، کە هەمان کاتی سووڕاندنەوەیەتی بە تەوەرەی خۆیدا و بۆیە هەر یەك ڕووی هەیڤ لە زەوییەوە دەردەکەوێت و ڕووە تاریکەکەی تری نابینرێت . کەواتە ئەو کەرتەی دەردەکەوێت دەبێتە هۆی جیاوازی لە ئێوارەی هەڵهاتنی هەیڤ دا لە شوێن و وڵاتە جیاجیاکاندا. لە نێوان هەردوو ساڵی زاینی و کۆچیدا 11.2 ڕۆژ جیاوازی هەیە ، بۆیە کردارێکی ئاسان نییە بۆ وەرگێڕانی ساڵ و ڕۆژ لە نێوانیاندا .
بەڵام بە هۆی ئەم هاوکێشە ماتماتکییەوە تا ڕادەیەك توانراوە لە گۆڕانکارییدا لە یەکتر نزیکبکرێنەوە :
ساڵی زاینی = 622 + ( 33/32×ساڵی کۆچی ) .
یان : [ ساڵی زاینی = 622 + ( 103/100×ساڵی کۆچی ) ] .
بەڵام لای هەندێك لە مێژوو نووسان ئەو ساڵی 622 زاینییە ، رێك بە ساڵی 621 دادەنێن واتە ڕێکەوتنێکی ئەوتۆ نییە لە نێوانیاندا . کەرتی 33/32 یاخود کەرتی 103/100 بە نزیککراوەی هەر دەکاتە 0.97 . کەواتە دەتوانین پەیڕەوی هەردوو گریمانەکە بکەین ( 622 ، 33/32 ) یا ( 621 ، 103/100 ) .
بۆ نموونە / 1988 زاینی بەرامبەر بە چەندی کۆچییە ؟
1988 = 622 + 33/32× کۆچی ،، کەواتە ساڵی کۆچی = 1408.24 .
ساڵی 1988 زاینی = 1408 کۆچی .
بەڵام گەر 621 و 103/100 دابنرێت ئەوا :
1988 = 621 + 103/100 × کۆچی ، کەواتە کۆچی = 1408.01 .
تێبینی / ئەگەر کەرتەکە ( 0.24 یا 0.01 ) لە 0.5 واتە لە نیو کەمتر بوو ئەوا ساڵە تەواوەکە وەك خۆی دادەنرێت ( 1408 ) ، بەڵام ئەگەر کەرتەکە لە 0.5 واتە لە نیو گەورەتر بوو ئەوا ( 1 ) دەخرێتە سەر ساڵەکە و دەبێتە ( 1409 ) . ئەوجا گەر نموونەکە پێچەوانە بکرێتەوە واتە 1408 ی کۆچی بەرامبەر بە چەندی زاینییە ئەوا :
ساڵی زاینی = 622 + ( 33/32×ساڵی کۆچی ) .
ئایا ساڵی 662 یا 621 و هەروەها ئەو کەرتی ( 33/32 یا 103/100) کە هەردووکیان هەر 0.97 دەکات ، لە چییەوە هاتوون ؟
* ساڵی 622 یا 621 ڕێك بەرامبەر بەو ساڵە زاینییەیە کە پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد ( د . خ ) لە تەك یارانیدا کۆچیان بەرەو شاری یەثریب کرد کە لە دواییدا ناونرا بە شاری مەدینە . بە ڵام کەرتی ( 32/33 ) بریتیە لەوەی کە هەر 32 ساڵی هەتاوی کە تەواو 11687.75 رۆژە و بەرامبەر بە 33 ساڵی هەیڤی/یە کە 11694.1111 ڕۆژ دەکات بۆیە لەو گۆڕانکارییەدا پێویستە بەکار بهێنرێن .
دەتوانین بڵێن هەر سێ سەتەی زاینی بەرامبەر بە سێ سەتە و نۆ ساڵی هەیڤی یە واتە :
300 ساڵی زاینی بەرامبەر بە 309 ساڵی هەیڤی یە .
بۆ گۆڕانکاری لە نێوانیاندا دەتوانین ڕێژەی 300/309 وەربگرین واتە 103/100 کە ئەویش هەر ڕێژەی 33/32 یا 0.97 دەگرێتەوە .
بۆ نموونە / ساڵی 2013 زاینی دەکاتە چەندی کۆچی ؟
2013 = 622 + 0.97 × کۆچی ،، کەواتە 1391 = 0.97 ×کۆچی .
کەواتە ساڵی کۆچی = 1434.02 کە دەتوانین بڵێن کە 2013 ی زاینی دەکاتە 1434 ی کۆچی . یان 2013 = 621 + 103/100 × کۆچی ،، کەواتە 1392 = 103/100 × کۆچی .
کەواتە ساڵی کۆچی = ( 1392×103 ) ÷100 = 1433.76 ئەوجا لەبەر ئەوەی کەرتەکە 0.76 لە 0.5 واتە لە نیو زیاترە ئەوا ( 1 ) دەخەینە سەر ژمارەکە و بەمە دەبێتە 1434 .

ڕۆژمێری کۆچی لە لایەن خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب ـەوە دانرا لە ڕۆژی هەینی و 1 / ی موحەڕەمدا کە بەرامبەر بە 19 ی تەمووزی ساڵی 622 ی زایینی دەکەوێت .
مانا لێکدانەوەی مانگەکانی هیجری :
1// محرّم ، 2// صفر ، 3// ربيع الأوّل ، 4// ربيع الثاني ، 5// جمادى الأولى ، 6 // جمادى الآخرة ، 7// رجب ، 8// شعبان ، 9// رمضان ، 10// شوّال ، 11// ذو القعدة ، 12/ ذو الحجّة .
مانگی موحەڕەم // واتە مانگی حەرامکردنیئ شەڕ و پێکدادان ، خێڵەکانی ناو نیمچە دۆرگەی عارەبی بەردەوام لە شەڕوپێکدادان و تاڵان و بڕۆی یەکتردا بوون بۆیە لەم مانگەدا بڕیاری ئەو توندوتیژییەیان دەوەستان و حەرامیان کرد .
مانگی صفر // مانگی هەڵمەتبردن و هەڵکوتانی خێڵە عارەبەکان بۆ سەر یەکتر . کوشتن و تاڵان و بڕۆی شمەك و کەلوپەل. تەختکردنی باروبارگەی خێڵە بەزیوەکە بە ڕادەیەك هیچ شتێکی لە پاش بەجێ نەمێنێت . ئەوەی فریا بکەوتایە بە ڕووتوڕەجاڵی هەڵدەهات و پەنای بۆ خێڵێکی دۆستی دەبرد .
مانگی ڕەبیعی یەکەم و دووەم // بە ناوی هاتنی وەرزی بەهارە ، زەوی دەبووژێتەوە و لەو دوو مانگەدا خۆی دەپیتێنێتەوە و مەڕ و ماڵات و حوشترەکانیان باش دەلەوەڕێن و بە خۆێاندا دێنەوە .
مانگی جەمادی یەکەم و دووەم // وەرزی سەرماوز و بەستەڵان ، لەم دوو مانگەدا ئەوەندە ساردە دەبێت، ئاو دەیبەستێت . بەڵام لە جەمادی دووەمدا ئیتر ئاو بەو شێوەیە نایبەستێت و تەشقی سەرما کەمێك دەشکێت .
مانگی ڕەجەب // مانگی بەرزڕاگرتن و بەشکۆکردن ، لەم مانگەدا شەر و پێکدادان حەرامە ، هەندێك وایلێکدەدەنەوە کە وەختی هەڵپاچینی لق و پۆپی درەخت و موتوربەکردنە .
مانگی شەعبان // مانگی پێکەوە ژیانی خێڵە عارەبە هاوپەیمانەکانە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ڕاوتەگبیر، پاشان بڵاوبوونەوە بۆ هەڵکوتانە سەر خێڵە نەیارەکانیان .
مانگی ڕەمەزان // مانگی وشکانی ، ڕووپەڕی زەوی لە تاو تینی گەرمی خۆر دەمدەکاتەوە و مرۆڤ تەواو هەست بە تونییەتی و لاوازی دەکات ، دەشێت هەر لەبەر ئەم هۆیە بووبێت کە لەم مانگەدا ڕۆژوو دەگیرێت تاکو ڕۆژوەوان لە وەرزی هاویندا هەست بە برسیەتی و هەژاری بکات .
مانگی شەوال // مانگی کلکە لەقێ (تَشَوَّلَ الذَّنْبِ)، لەم مانگەدا كلکە لەقێی حوشتری مێینە کراواتە هێمایەك بۆ جووتگرتن و پەڕین و لەم مانگەدا شیری حوشترەکانیان ڕوو لەوپەڕی کەمبوون دەکات تا ڕادەی نەمان . ( یەکەم ڕۆژەکەی دەبێتە ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان ) .
مانگی زولقەعیدە // مانگی دانیشتن و پشوودانە لە شەڕ و پێکدادان لە نێوان خێڵەکاندا .
مانگی زولحیجە // مانگی پیرۆز ڕاگرتن و حەرامکردنی شەڕ و پێکدادان ، خۆ ئامادەکردن بەرەو شاری مەککە ، بۆ جێبەجێکردنی ڕێوڕەزمی حەج و دیدەنی خانەی خودا ( کەعبە ) . ئەم ڕێوڕەزمە هەر لە کۆنەوە خێڵەکان پیڕەویان کردووە و دەیکەنە جەژنی قوربان .
* // گەر بڕوانینە ناوی مانگەکان بۆمان دەردەکەوێت کە چەندینی تێدایە هەر باسی شەڕوپێکدادان و توندوتیژی و تاڵان و ….. دەکات . بۆیە چوارمانگیان داناوە کە تێیدا ئەو خووی شەڕەنگێزییە بوەستێت و خەڵك ئارام بێت . ئەو چوار مانگەیش بریتین لە ( محرّم ، ڕجب ، ذو القعدة ، ذو الحجة ) .
* بەڵام مانگەکانی زاینی زووربەیان ناوی خودێکانی خۆیانن .
* ناوی مانگە کوردییەکان پاپەندە بە سرووشت و کشتوکاڵەوە ، کە لە خۆیدا جێگەی تێڕامانە !

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بەهاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت