كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی: كێن ئەوانەی لەرێبازی مام جەلالیان لاداوە؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كێشەكانی ناو یەكێتی لەئەزەلەوە لەسەر ئاستی سەركردایەتیەكەیدا بوە، نەوەك لەبنكەكانی خوارەوەی. باڵباڵێن و دەستەگەری هەمیشە لەسەرەوە دەستی پێكردوە و لەوێوە شۆڕبۆتەوە خوارەوە. هەمیشە بنكە جەماوەرییەكەی یەكێتی لە سەركردایەتیەكەی دڵسۆزتر بونە بۆ رێبازەكەی مام جەلال. ئەمە هەقیقەتەو بەبەڵگەوە سەلمێنراوە .
هەر لەسەرەتای دامەزراندنی یەكێتیەوە بەدەر لەخواستی مام جەلال باڵباڵێن لەناو یەكێتیدا دروستبوە ( كۆمەڵەو شۆڕشگێڕان و بزوتنەوە )، بەڵام بە وجودی مام هیچكات نەیهێشتوە ململانێی ئەم باڵانە بگاتە حەدی لێكترازان، بەردەوام مام جەختی لەسەر یەكێتی ناو یەكێتی كردۆتەوەو، بەحیكمەتی خۆی نەیهێشتوە یەكێتی بەهۆی ململانێ ناوخۆییەكانەوە لاواز بێت، لەگەڵ ونبونی سێبەرەكەشی ململانێكان سەریان هەڵدایەوەو، یەكێتی رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو لاوازبون رۆشت تا گەیشتە ئەو سنوورەی ئەمڕۆ ئەبینین كەس بەكەس نیەو، نەبونی مەركەزییەتی بڕیار لەناو یەكێتیدا گەیشتۆتە ئاستێكەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسیش نەتوانن كۆبونەوەیەكی ئاسایی خۆیان ببەستن، چ جای رێكەوتن لەسەر بەستنی كۆنگرەیەكی پاكو بێگەرد بۆ چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی.
مام جەلال بەجەستە لەبەرچاومان ونبو، بەڵام وەكو رێبازێكی كوردایەتی و نەتەوەیی ونیشتمانی قەت لەبەر چاومان ون نابێت، چونكە مام مەدرەسەیەك بو بۆ یەكێتیەكان كە فێری هەمو شتێكی كردین، وەك هەر مەدەرەسەیەكی پەروەردەیی رابەرایەتی كردین، فێری ئەخلاق ‌و ئاكاری سیاسی كردین، فێری چەمكەكانی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی كردین، چەندین نەوەی پێگەیاند، فەزڵی مام لەسەر مییللەت و بەتایبەتیش لەسەر یەكێتیەكان بێ ئەندازەیە، فەزڵی باوكێكە بەسەر مناڵەكانیەوە، بچوكترین وەفاش بۆ باوك، پابەندبونە بە رێبازەكەی، بەڵام كێن ئەوانەی پارێزگاری لەو رێبازە ئەكەن و ، كێن ئەوانەی لەرێبازەكە لایانداوە؟.
بۆ كورتكردنەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە ئەڵێم، پارێزەرانی رێبازەكەی مام، یەكێتییە رەشو رووتەكانن، عارەبانچی بەردەركی شێخەڵڵاو دەستگێڕەكانی بەردەركی مزگەوتی گەورەی سلێمانین. دانیشتوانی خانوە قوڕەكانن نەوەك خاوەن فێللا ومەزرەعەكان. كادیرو ئەندامە بەئەمەكەكانن، نەوەك سەركردە خاوەن كۆمپانیاو بەنزینخانەو پرۆژە سیتیەكان. سەركردە نەسریە لێبڕاوەكانن، نەوەك ئەوانەی حیساباتی بانكیان لەوڵاتانی دەرەوەدا پڕ بوەو لێشی ئەرژێ!.
ئەوانەی مام جەلالیان خۆشویست تەنها یەكێتییە رەشو روتو مەحروومەكانن كە بەدڵ و بەگیانەوە لەسەر رێبازەكەی بونو بەردەوامیشن، بەداخەوە ئەوانەی مامیش فەزڵی بەسەریانەوە هەبوە لەرێبازەكەیان لاداوەو كەوتونەتە گیانی ئەو حیزبەی مام كە سەردەمانێك هیوابەخشی میللەت بو.
كەسی وا لەباڵاترین دەسەڵاتی حزبدا هەن، كە مام جەلال هێناویەتە پێشەوە ئەمڕۆ پشتیان لەرێبازەكەی كردوە.. ئەندامی مەكتەبی سیاسی هەیە فەرمانی سێدارەی بۆ دەركراوە، مام جەلال لێی خۆشبوە. سەركردەی وا هەیە لەكۆنگرە دەنگی بۆ ئەندامێتی سەركردایەتیش نەهێناوە، مام كردویەتی بە مەكتەبی سیاسی.. كەسی وا هەیە لەخواری خوارەوەی پلەی حزبیدا بوە، مام جەلال كردویەتی بە یاریدەدەری خۆی. كەسی وا فایلدارو جاسوسی بەعس بوە، مام جەلال لێی خۆشبوەو لەمەكتەب سیاسی قبوڵی كردوە.. سەركردەی گەندەڵ هەبوە نیوەی شارێكی داگییر كردوە لەمەكتەبی سیاسیدا هێشتویەتیەوە. كەسی وایان تێدایە بەدرێژایی تەمەنی لەخۆشگوزەرانی ئەوروپاو ئەمریكادا ژیانی بەسە بردوە، مام هێناویەتیە كوردستانو پۆستی باڵای پێداوە، كەسی وا هەیە رۆژی لەرۆژان خەونی بەپۆستی مودیری دائیرەیەك نەبینیوە، مام جەلال كردویەتی بەوەزیر.. كەسی وا هەیە كەسایەتی بچوك بوە، مام جەلال كردویەتی بە فەرماندەی هێز. هەمو ئەمانەن ئەمڕۆ لەرێبازەكەی مام جەلالیان لاداوەو، دژی ئەو یەكێتیە وەستاونەتەوە و بێئیرادەیان كردوە كە بەفەزڵی ئەو حزبەو سكرتێرە گشتییەكەی گەیشتونەتە ئەو نازو نیعمەتەوە. بنكە جەماوەرییە دڵسۆزو خۆنەویستەكەش ئەمڕۆ و تا رۆژی قییامەتیش هەر لەسەر رێبازەكەی مام جلال بەردەوامن هەر ئەوان مایەی شانازی یەكێتیەكانە.
ئەمڕۆ پێویستە ئەم هاوكێشەیە بگۆڕدرێ، چونكە بەراستی یەكێتی و رێبازەكەی مام جەلالیش هەڕەشەی جیددی لەسەرە، پێویستە ئەمجارە دڵسۆزەكانی رێبازەكەی مام جەلال دەستپێشخەر بن بۆ پاكسازی كە ئەمەش دروشمێكی لەمێژینەی خودی مام جەلال بوەو لەنەوەدەكانەوە بانگەشەی بۆ كردوە.
ئەگەر جاران پاكسازی بەبڕیاری سەرەوە بو بێ، ئەمڕۆ پێویستە لەبنكەی خوارەوە بریاری لەسەر بدرێ، بەفشار خستنە سەر سەركردایەتی یەكێتی بۆ بەستنی كۆنگرەو لەناو كۆنگرەشدا هەڵمەتێكی پاكسازی دەستپێبكەن بۆ ئەوەی یەكێتیەكەی مام جەلال بگەڕێننەوە سەر رێبازە راستەقیینەكەی و یەكێتی ببێتەوە یەكێتیەكەی ئەو سەردەمانەی لەقەندیلدا بە چواردە پێشمەرگەوە مام جەلال و كاكە نەوەی نەمر بەردەوامیان بەشۆڕشی نەتەوەیی كوردی داو، یەكێتی بو بە رەمزێكی گەورەو دیاری سەر ساحەی خەباتی نەتەوەیی، ئەمجارە پێویستیمان بەوەیە یەكێتی پاك بكرێتەوە لەو كەسانەی بونەتە كۆیلەی حزبە نەیارەكانی یەكێتی، بەتایبەتیش ئەوانەی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان یەكێتی ئەفرۆشنەوە بە دوژمنانی میللەتەكەمان.‎

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت