كادیرێكی پێشكەوتوی یەكێتی: پاكتاوكردنی ریزەكانی یەكێتی.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رۆژ لەدوای رۆژ، باڵەزەردەكەی ناو سەكردایەتی یەكێتی ملكەچبونی خۆیان بۆ پارتی و سەرۆكەكەی دووپات ئەكەنەوە، سەرباری ئەم هەمو نارەزایەتیانەی قاعیدە حزبیەكەو هەڵوێستی زۆرینەی سەركردایەتی، بۆ یەك سانتیمیش ناگەڕێنە دواوە، قەدەری خۆیان داوەتە دەست پارتی. ئەوان بازرگانی بە مێژووی خۆیان و خەباتی رابردویان ئەكەن، ئەمرۆ پارتیش حزبێكی دەوڵەمەندە بۆیە بەپارەو پۆست سەودایان لەگەڵدا ئەكات، ئاخر سەرانی پارتی لەوەتەی ئەم حزبە بەڕێوە ئەبەن هەمیشە بازرگانیان بەمیللەت و دۆزە رەواكەیەوە كردوەو هەمیشە بۆ پاراستنی بازاڕەكەیان سڵیان لەهیچ جۆرە خیانەتێكیش نەكردۆتەوە، چ جای خییانەت لە حزبێكی هاوپەیمانی ستراتیژی خۆیان.

وەڵحال ئێستا هەمومان ئەزانین ئەو باڵەزەردەی ناو یەكێتی بریاریی كۆتایی خۆیان داوە لەكۆمپانیاكەی پارتیدا كەسابەت بكەن، ئەوان بەرونو و ئاشكرا كار بۆ بەرژەوەندی ئەو كۆمپانیایە ئەكەن و، ئەگەر خۆمان لەگێلی نەدەین باش تێئەگەین ئەمانە جارێكیتر ناگەڕێنەوە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی یەكێتی و پاراستنی ریزەكانی، ئێستا مانەوەیان تەنها بۆ ئەوەیە ئەجینداكانی پارتی جێبەجێ بكەن و یەكێتی بكەنە حزبێكی پاشكۆی پارتی، ئەگینا هیچ پەیوەندییەكی ئۆرگانییان بە یەكێتیەوە نەماوە، هەندێكیان زەلیلبونیان بۆ پارتی لەسەر شاشەو میدیاكانەوە راگەیاندوە، ئەوانیتریش لەپشتی پەردەوە كار بۆ بەرژەوەندی ئەو حزبە ئەكەن و جارێ ماویانە دەستبەردار بونیان لەیەكێتی رابگەیەنن.
لەدوای نەخۆشكەوتنی مام جەلال وردە وردە ماهییەتی بەشێك لەو سەركردانەی یەكێتی بەدەركەوتن، هەر لەو ساوە سەركردایەتی یەكێتی بون بەدو بەشەوە، بەشی زۆرینە كە لەگەڵ مانەوەی سەربەخۆیی یەكێتی و پاراستنی یەكریزییەتی دوای نەخۆشكەوتنی مام، بەشێكی كەمینەش بەرەو ئەجینداكانی پارتی رۆیشتون، جارێك بەناوی باڵی ناوەندەوە هەوڵیاندا یەكێتی هەڵوەشێننەوە، ئێستاش بەناوی نزیكبونەوەو رێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی ئەڕۆن.
باڵی زۆرینەی سەركردایەتی یەكێتی بەفیعلی ئێستا سەركردایەتیەكی بێئیرادەیە، ئەگینا زۆر بەئاسانی ئەیانتوانی ئەجینداكانی پارتی فەشەل پێبهێنن، بەلانیكەم بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ ئەیانتوانی داوای بەستنی كۆنگرەی چوارەمی حزب بكەن و لەوێ ئەم پاشاگەردانییە چارەسەر بكەن و، یەكێتی بگەرێننەوە سەر سكەی خۆی، ئەگەرنا بە یەكگرتنەوە باڵەكە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان ئەیانتوانی ئەم مەسەلەیە حەسم بكەن و كۆتایی بەمەترسییەكانی سەر یەكێتی بهێنن.
كاتێك باڵی ناوەند راگەیەندرا قاعیدەی یەكێتی زۆر ئازایانە روبەروی ئەو باڵە بونەوەو بەگشتی لەگەڵ باڵی زۆرینەبون، بۆیە باڵی ناوەند نەیانتوانی یەكێتی بەرەو لێكترازان ببەنو دواتر لەگەڵ پارتی رێكبكەون، چونكە پارتیش ئەم تاقمەی بەپارەیەكی هەزرانیش نەئەكڕی، بۆیە هەر لەسەرەتاوە رایگەیاند كە ئەو نایەوێ‌ لەگەڵیان رێكبكەوێ، چونكە ئەیزانی ئەمانە باڵی كەمینەن وكەسیان لەگەڵدا نیە، ئیدی باڵەكە شكستیهێناو نەیتوانی یەكێتی رادەستی پارتی بكاتەوە.
لەواقیعدا ئەو باڵەزەردەی ناو یەكێتی بریاری خۆیان داوە تا دواهەناسە لەگەڵ پارتیدا بنو جارێكیتر ناگەڕێنەوە بۆ ناو یەكێتی، بۆیە باشترە باڵی زۆرینە بیر لە ئاییندەی یەكێتی بكاتەوەو بریاری كۆتایی خۆی بدات.
لەمڕۆژانەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەهەولێرەوە رایانگەیاند كەوا لەمەولا تەعامول لەگەڵ باڵی زۆرینەی یەكێتیدا ئەكەن، ئەمە بڕیاڕێكی حەكیمانەیە ئەگەرچی زۆریش دواكەوتوە، بەڵام هێشتا ئەتوانین هیوایەكی لێهەڵچنین. سەركردایەتی زۆرینەی یەكێتی ئێستا لەبەردەم دو بژاردەدایە:
یەكەم: ئەكتیفكردنی رێكەوتنی 17 مایسی ساڵی رابردو بەبڕیارێكی لێبرانەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی و رۆشتن لەگەڵ گۆڕاندا بەرەو هەڵبژاردنی داهاتو بەیەك لیستی هاوبەش.
دوهەم: بریاردان لەسەر بەستنی بەپەلەی كۆنگرەی چوارەم، لەوێدا یەكلاكردنەوەی ناكۆكی باڵەكان و یەكخستنی گوتاری حزبی یەكێتی و پتەوكردنی ریزەكانی بەپاكتاوكردنی لەهەمو جاسوس وخائین و خۆفرۆش و بازرگان و بەرژەوەندخوازەكان.
گرنگە باڵی زۆرینەی یەكێتی لەگەڵ گۆڕاندا رێكبكەون و لەكۆتاشدا یەكبگرنەوە بۆ ئەوەی بەیەكەوە بەرامبەر بەپارتی بوەستنەوە، چونكە بەم وەزعەی ئێستاوە هیچ لایەكیان ناتوانێ بەرگەی ئەو هەمو پیلانانەی پارتی بگری كە بەسەدان ملیۆن دۆلاری دزراوی میللەتەكەمانی لەپێناودا خەرجئەكرێ. پێویستە یەكێتی و گۆڕان ریزەكانی خۆیان لەهەمو ئەو خائین و خۆفرۆش و بازرگانە سیاسییانە پاكبكەنەوەو بیانێرنەوە باوەشی ئاغاكانی پارتی بۆ ئەوەی بەیەكەوە كارێك بكەن بۆ گۆڕینی هاوكێشە سیاسیەكان و وەكو حزبێكی جەماوەری متمانەی میللەت بێننەوە دەست و، بە یەكەوە كار بۆ گۆڕینی ئەم واقیعە تاڵەی میللەت بكەن.
هەر كاتێك ریزەكانی یەكێتی و گۆڕان لەزۆنەكەی خۆیاندا یەكخرا، ئەوسا ئەتوانن لەگەڵ پارتیدا بكەونە گفتوگۆیەكی راستگۆیانە لەسەر ئاییندەی هەرێمەكەمان، یا ئەوەتا پارتی ملبدات بۆ خواستی جەماوەرو سیستەمی حوكمرانی چاكبكاتەوە كێشەو قەیرانەكانی میللەت كۆتایی پێبێنێ، یا ئەوەتا هەردو حزبی یەكێتی و گۆڕان بڕیاری بوێرانەی خۆیان بدەن بەجیاكردنەوە هەرێمی سلێمانی بۆ ئەوەی لانیكەم نیوەی میللەتەكەمان لەم هەمو قەیران و ماڵوێرانییە رزگاری ببێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت