كارۆخ عوسمان: ئارتەشی تورك نەھاتووە، بەڵكو ھێنراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئارتەشی توركیا بە ھاوكاری ئەو ھێزەی كە لەژێر فەرمانی پارتی دیموكڕاتی كوردستاندایە لەناوچەی بەرمیزەو دەشتی بەرازگرو كانی ماسی ڕووی كردۆتە شەنگال. ئەو ھێزەی پارتی بەتەواوی ئیمكانیاتەوە خراوەتە خزمەتی گواستنەوەی ئارتەشی تورك.
بەھۆی ئەو ڕاو ڕوتی و جەردەییەی كە سەرانی لیوای 7ی پیادەی سۆران دەیكەن، تەنانەت ژەمە خۆراكی جەیشەكەی توركیش دابین دەكەن. لیوای 7ی پیادەی سۆران كە ئامر لیواكەی ناوی (بەھرام حەریف یاسین)ـە، بۆ ھەر سەر حەیوانێك (5) ھەزار دینار لە تاجیرەكانی ئاژەڵان وەردەگرێت كە لەڕێگەی ئەو ناوچەیەوە ماڵاتەكەیان دەگەیەننە سنوری دەھۆك. وە ئاژەڵیشیان بەناوی شیرینی لێوەر دەگرێت و لەژەمە خواردنەكانی ئارتەشی تورك خەرجی دەكات. لیوا بەھرام حەریف یاسین، تەنھا لەماوەی 10 ڕۆژدا ھاوەڵی شەش كاروانی ئارتەشی توركیای كردووەو بەئۆتۆمۆبێلە سەربازیەكانی وەزارەتی پێشمەركەی كوردستان وەگەڵیان كەوتوون و ڕێنیشاندەریانن. لەوێ جگە لەپارتی فەرماندەی لیوای 112 كە سەربە یەكێتی نیشتمانی كوردستانە ھاوكاری تەواوەتی ئەم پڕۆسەی پەلكێشكردنی سوپای توركە بۆ كوردستان بەگشتی و شەنگال و ناوچەكانیتری ژێر نفوزی گەریلاكانی پەكەكە.
سوپای تورك لەچیای (باشیك) بە نێوان ھەردوو لیوای 8ی پیادەی سۆران و لیوای 112 كە سەر بەوەزارەتی پێشمەركەی ھەرێمی كوردستانن تێپەڕ دەبێت بەرەو شەنگال.
شەوی ڕابردوو، 1ی نیسان ھێزێكی تێكەڵ لە چەكدارانی پارتی و سوپای توركیا، كاتژمێر (10:30) بۆ كەشفی زەمینی لەبناری چیای كۆلیتار دابەزین. ھێزەكە مەزەندە ئەكرا بە 100 كەس، بەئۆتۆمۆبێلە سەربازیەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ھێنرابوون. ئەو ھاوكاریەی پارتی و بارزانیەكان بەشێكە لەئەجێندای ھێرشبەری داگیركاری دەوڵەتی توركیا.
پارتی دیموكڕاتی كوردستان بووە بەدەلیل و وەپێش ئارتەش كوتووە بۆ قوڵایی ھەرێمی كوردستان و ناوچە چیاییەكانی سنوری نێوان عێڕاو-ئێران. جگە لەمەش، قایم قامی قەزای مێرگەسۆر (غەفور ئەحمەد) لەناوچەی شێروانەو ئەرگۆش و گۆڕەتوو پێشوازی لەسوپای تورك كردووەو پێشیان كەوتووە بۆ دەست بەسەرداگرتنی ناوچەكەو لێدان لەگەریلاكانی پەكەكە لە ناوچەی گەڵی ڕەش.
سەرباری ئەم ھەموو نەھامەتیانەی كە توركیا بەسەر گەلی كوردیدا ھێناوەو بەردەوامیشە، پارتی دیموكڕاتی كوردستان ھێشتا بازرگانی كێڵگە نھێنیەكانی نەوت لەگەڵ توركیا دەكات و ڕێگای بۆ ئیشكردنی زۆرترین شەریكە توركیەكان لەھەرێمی كوردستان كردۆتەوە. كەچی ڕێگا بەھاتوچۆی خەڵك نادات كە بۆ پاڵپشتی گەلی كورد لەڕۆژئاوای كوردستان لەسێمالكا تێپەڕبن. ئەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی و بەشێكی سەركردایەتیە كاربەدەستەكانی یەكێتی لەم پرسەدا دەیكەن شەرمەزاریەكی گەورەیە بۆ ئێستا و بۆ مێژوو.
دەوڵەتی قوڵی توركیا ھەمان سیاسەتی سەردەمی عوسمانیەكان پەیڕەو ئەكات، وەكچۆن میرنشینە كوردیەكانیان لەیەكتری دەترازاندو شەڕی یەكتریان پێدەكردن بۆئەوەی ئاگایان لەئامانجی ڕەوای گەلی كورد نەمێنێت. لەئێستاشدا ھەندێكیان وەك جاشی تەوێڵ ڕەشی پلە یەك داتاشیون، بۆ ئەمەش لەگەڵ بەرژەوەندی پیس تێكەڵیان كردوون.
كورد كە لەموودەی سەد ساڵ خەبات نەیتوانی باری ئامانجەكانی بگەیەنێتە جێ دیارە خەتای خۆیەتی نەك دوژمن. بەھۆی ئەو خیانەت و جاشولكەییە ھەرگیز دوژمن دوژمنتر نەبووە لەدوژمنە خۆماڵیە نێوخۆیەكان بۆ قەزیەی كورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت