كارۆخ عوسمان: ئەمریكاش نەبێ ڕۆژئاوا ناكەوێ، بەمەرجێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەئەگەری زیاتری ھێرشەكانی توركیا بۆسەر عەفرین و كانتۆنەكانیتر، واباشە:
1- كورد لەقۆناغی بەرگریكردنەوە پێ بنێتە ھێرش بردن.
2- لەمەودوا ناوچەكانی ھێرشبەرە دوژمنەكان بكرێن بە مەیدانی جەنگ و یەكلایی كردنەوە.
3- لەپارتیزانیەوە ھەنگاو بنێن بەرەو شەڕی گەڕەك و كۆڵان و جادە.
4- ناوچەكانی ژێردەستیان بپارێزن و قووەتی زۆرتر بخەنە نشینگەی دوژمن و مەجالی نەفەس كەمبكەنەوە.
5- بەبێ سەقفی زەمەنی و چاودێری نێودەوڵەتی و پێ بژاردنی زیانەكان بە توركیا، دانوستان بەھەموو شێوەیەك ڕەتبكرێتەوە.
6- لەئەگەری ڕوو وەرگێڕانی ئەمریكا، پێویستە ئەو خاڵانەی سەرەوە ببن بەئەجێندای درێژخایەن و وەلانانی ترس لە تەخوینی قائیمەی (تیرۆر).
ئەوشەڕەی كە ئێستا توركیا دەیكات، وەدەرنانی ئاشوبە لەوڵاتەكەدا. سەرانی سوڵتەی دەوڵەت دەزانن كە سوپای توركیا بەشەڕ خۆراك دەدرێت ئەگینا بەخۆی وەدەداتەوە.
بۆیە ئەردۆگان لەمێستادا شەڕ دەكات بۆ ئەوەی شەڕ لەخودی خۆی وەدووركەوێ. بەڵام كوردیش دەتوانێ شەڕ بگەیەنێتە بن باخەڵی دەوڵەت و سەرانی دەوڵەت بھەژێنێت. بەم جۆرو شێوازە دەبێ شەڕ لەگەڵ توركیا بكرێت كە توركیا دەیكات. ئەوكاتە لەبەردەم سیاسەتی خۆی، خۆی دەبینێتەوە، ئەوەش بەشێكە لەئەجەل.

توركیا و پەرتكە
لە ئەتاتوركەوە پەرتكە پەیدابوو، ھێشتا بەھەمان نەفەس دێتە مەیدان، ئەوەی توركیا بەمجۆرە سەركەوتوو كردووە لاوازی بەرامبەرەكانیەتی، ئەگینا فێڵ و تەڵەی توركیا بەئاشكرا دیارە.
واتا بەرلەوەی توركیا ھێزەكانی دژی پەرت بكات، ھێزەكان خۆیان پەرت بوون. یەكیش ناگرنەوە. ئەوەتا ھێزی كوردی ھەیە كە لەپێناو توركیادا پشت دەكاتە ھاووەتەنی و نیشتمانەكەی.
لەبەرامبەر داعشدا گوتارێك ھەبوو كە ھاوڕێك كرابوو لەگەڵ توركیا ئەگینا یارمەتی (كۆبانێ) نەدەدرا.
ئێستاش عەفرین ھاتە نێو ھاوكێشەكەو توركیا بۆ كەوتنی ھێرش دەكات، كەچی نە لەڕواڵەت و نە لەجەوھەردا كاردانەوەیەك بەدی ناكرێت لەسەر ئاستی كوردستانی بوونی ھێزی ڕێكخراو.
بەڵكە بەكەوتنی عەفرین شادومانی و ھاوڕەئی توركیا لەنێو كوردا ھەشبێت.
توركیا بۆیە زاڵبووە چونكە پەرتین، ئەو پەرتیەمان پەیوەندی بەڕەھەندی مێژوویی خۆمانەوە ھەیە نەك خودی سیاسەتەكە.
لەسەردەمی میرنشینەكانەوە بەرلەوەی سیاسەتی (پەرتكە) بێتە گۆڕێ، بەھۆی پەرتی و پەرش و بڵاوی و دژبەری یەكتریەوە پەرت بووین، ھەربۆیە زاڵبوون بەسەرماندا بەئاسانی بووە.
توركیا بۆچی دژی باشوری كوردستان نیەو دژی ڕۆژئاوایە؟خۆ ھەردووكیان پارچەی دابڕێنراوی كوردستانین…! بەڵام لەباشور كار بۆ پێشخستنی ئەجێندای دەوڵەتی تورك دەكرێت نەك ئامانجەكانی خەباتی شۆڕشگێڕی كورد و سەربەستی سیاسی و ئازادی تاك و چڤاكی و دیموكڕاسی.

پێچەوانەی ڕۆژئاوا.
ڕۆژئاوای كوردستان ئەجێندای كورد خۆی تەتبیق دەكات، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندیە چاوچنۆكیەكەی داگیركەر. ئەوەش وایكردووە داگیركەر بەھەبوونی قەڵس ببێت. ھەركاتێكیش داگیركەر ھاوسۆز بوو لەگەڵت یاخود ھاوبەندی لەگەڵتدا دروست كرد، ئەوە بزانە كە تۆ خائینی و خیانەتت لە مێژوو و ئەدەب و جوگرافیاو ھەدەفەكانی خەباتتدا كردووە.
چۆن دەتوانرێت یارمەتی خۆرئاوا بدرێت؟
لەگشت شارو شارۆچكەیەك
لەگشت وڵاتێك
لەھەر شوێنێك كە ئینسانێكی كورد ھەبێت و ئینسانیانە تێبفكرێت.
پێویستە لەبەردەمی UN و ئۆفیسی كۆنسوڵی و سەفارەتەكانی وڵاتانی زلھێز گردبونەوەی بەردەوام ھەبێت و دروشم دژی ھێرشكردن بۆسەر كوردستان بەرزبكرێتەوە. فشاری جددی و كاریگەرو مستەمڕ ھەبێت بۆسەر ئەمریكا بەتایبەتی كەبەرگری لە خۆرئاوا بكات.ئەگەر نیازی ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی لەگەڵ كوردا نەبێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت