كارۆخ عوسمان: ھاككراوانی كوردستان, سڵاوێك لەڕێگەی فلاش میمۆری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

برادەرینە…
ئەوە ئێوەن كە بڕواتان بە دیموكڕاسی و یاساو ھەڵبژاردن ھەیە نەك یەكێتی و پارتی، بۆیە ھەردەبێ بەردەوام بین لەسەر ئەو مەبدەئانەی كە خەباتی بۆ دەكەین. ئەوە ئەو دوو حزبەی دەستەڵاتن كە تەنھا بڕوایان بەھێزی چەك ھەیە، بۆیە نابێ بەشوێن پێی ئەواندا بڕۆین، چونكە ئێمە جوانترین و پاكترین و سالم و تێرو تەسەلترین شوێن پێمان ھەیە، ئەویش شوێن پێیەكانی سەركردەو بیرمەند (نەوشیروان مستەفا)یە.

لەم خاڵانەی خوارەوە دەمەوێ ڕابردوو بەئێستا ببەستمەوەو ئومێدی گەورەش بۆ ئایندە تكرار بكەمەوە.
1- ھێزی بزوتنەوەی گۆڕان لەمەدەنی بوونەوە جوانە…
ئەگەر بڕیاروابێت ھێزێكی چەكدار دروست بكرێت ئەوە لادانە لەو پرێنسیپانەی كە نەوشیروان مستەفا ئەمین بۆ بزوتنەوەی گۆڕان دایڕشتووە…
2- ئێمە دژایەتی میلیشا دەكەین، ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست ڕێك دەبینە بەشێك لە میلیشیا…
3- ئێمە لە بزوتنەوەی گۆڕان دژایەتی جاشایەتی دەكەین، ئەگەر ھێزی چەكدارمان ھەبوو بەناچاری دەبینە جاشی وڵاتێك لەپێناو دەستخستنی چەك.
4- ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست كرد، بەنیشتمانی كردنی ھێزی پێشمەرگە دەبێ بڵقی سەرئاو، كە چەندین ساڵە خەباتی بۆ دەكەین.
5- ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست كرد، دەبێ خوێن بڕێژین و خوێنمان لێ بڕژێت، ئەوەش دژی بنەما بنەڕەتیەكانی بزوتنەوەی گۆڕانە، كە خودی نەوشیروان مستەفا دژایەتی بۆ دەربڕیوە.
6- بزوتنەوەی گۆڕان دژایەتی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی بێگانە دەكات لەسەر حسابی ھاوڵاتیانی كوردستان، ئەگەر ھێزی چەكداریشمان دروست كرد بۆ ئەوەی پاڵپشتیە دەرەكیەكان لەسەر پارتی و یەكێتی ببڕین و بۆخۆمانی دەستەبەر بكەین ئەوكات دەبێ ئێمە بەرژەوەندیەكانی بێگانە لەسەر حسابی ھاوڵاتیانی كوردستان بپارێزین.
7- ئێمە دژایەتی وێرانكاری و شەڕی ناوخۆیمان كردووە كە بەھۆی ھەبوونی ھێزی حزبی و میلیشاوە بووە، ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست كرد ڕێك دەبێ ئەوە بكەین كە یەكێتی و پارتی كردوویانەو دەیكەن.
8- ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان ئیرادەمان بەھێزە، بەڵام ھەموان دەبێ ئەوە بزانین كە شەڕی ئێستا بەچەكی قوڕس و لۆجستی عەسكەری دەكرێت نەك بەتەنھا ئیرادە، بۆیەش لەم ڕووەوە بەیەكجاری دەیدۆڕینین، چونكە ئەو دوو حزبەی دەستەڵات ھەموو چەكێكی زەمینیان ھەیەو ئێمەش تەنھا دەمانچەو كڵاشینكۆف.
9- ھەمووان دەبێ بزانن كە: (ئەوەی لەململانێیەكی مەدەنیانەی ماوە درێژدا بۆ دوورمەدوا دەستمان دەكەوێت لەشەڕێكی چەكداری سێ ڕۆژەدا لەدەستی دەدەین).
بۆیە با مەدەیانە بمێنینەوە.
بۆ ئەوەی ھیچ كەسێ ھیچ شتێك لەدەست نەدات كە بەھۆی ڕەنج و ماندووبوونەوە پەیدایكردووە.
10- ھەموومان بیرمانە؛ كە نەوشیروان مستەفا ئەیفەرموو؛ گشت ھاوڵاتیەكی ئەم وڵاتە پلە یەكەو ڕژانی خوێنی ھەموو تاكێك حەرام و قەدەغەیە، بەھەوادارو ئەندام و لایەنگرانی ھەردوو حزبە دەستەڵاتدارەكەشەوە. جا لەبەرئەوە دەبێ دەست بگرین بەم ڕەھەندە مەدەنیانەی كە ئێمەی گۆڕان لەسەری دامەزراوین.
11- ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان ھەردەم داوای سەروەركردنی یاساو دەستور دەكەین، بەڵام ئەگەر ھێزی چەكداری حزبیمان دروست كرد یاساو دەستورو دیموكڕاسی بێ پشت و پەنا دەمێنێتەوە.
12- یەكێتی و پارتی بەھۆی ھێزە چەكدارەكەیانەوە ئیدامە بەدزینی سەروەت و سامان و دەنگی میللەت دەدەن و تەواوی گەلیان منەتباری حزب و بنەماڵەكانی حوكم كردووە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ بەڕە بۆگەنەكەی ژێر پێی ئەوان لەڕێگەی ھەڵبژاردنەوە دەربێنین، ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست كردو بەیەكدادانی توندڕەوی ھاتە گۆڕێ، ئیتر ھەڵبژاردن ھیچ مەعنایەكی بۆ ناھێڵرێتەوە.
13- ئێمە لەبزوتنەوەی گۆڕان ھەمیشە جەختمان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دەبێ (تاوانكار، تاڵانكار، خیانەتكار، مۆنۆپۆلكار، دز، جەردە، چەتە، گەندەڵ، مافیاكانی نەوت، پێشێلكارانی یاسا، بكوژ، ببڕ، فاشلەكانی سیاسەت، درۆزان، دەست پیس و ھەموو ئەوانەش كەپۆستە ئیداریەكانیان لەبەرژەوەندی پیسی شەخسی بەكار ھێناوە) لەڕێگەی دادگاوە سزا وەرگرن نەك بیانكوژین. ئەگەر ئێمەش ھێزی چەكدارمان دروست كرد كەواتە دادگا تەریك دەكەین.
14- برادەرینە، ھەڵگرتنی چەك بەشێكە لەبێ ئومێدی و وەك دوا وەسیلەی ململانێ تەماشا دەكرێت.
بەڵام ھێشتا زۆر وەسیلەو میكانیزم ماوە كە لەئەجێندای ھێزی مەدەنیدا ھەیەو بەرجەستە نەكراوە.
كاتێ باسی ھێزی چەكدار دەكرێت ڕێك و ڕەوان تەڵاقدانی پڕۆسەی مەدەنیەتەو ئەوەش خەڵكێكی زۆری كوردستان بێ ئومێد دەكات.
15- ئەگەر ھێزی چەكدارمان دروست كرد، كەواتە خواستی یەكێتی و پارتیمان ھێنایەدی، چونكە ئەو دوو حزبە ھەمیشە ویستویانە ھێزیتر لەچەشنی خۆیان دروست ببێت بۆ ئەوەی ناشرینیەكانی خۆیانی پێ بشارنەوە، كە جاشێتی و میلیشیابوونیانە.
16- برادەرینە؛ دەزانم لەپەرۆشی و خوێن گەرمیتانە، بەڵام دڵنیابن كە بوو بەشەڕو سەنگەر لەیەكترگرتن من ناكوژرێم بەڵكو ئەوەی چەك ھەڵدەگرێت دەكوژرێت یاخود بەبرینی كەمئەندامیەوە تا ئەبەد دەناڵێنێ، چونكە ئەوكات بەھۆی پیشەكەمەوە من دەبم بە ڕابەری سیاسی یان ھەواڵگری ھێزێك، بەمەش دوور دەبم لەشەڕ.
بەوە تێنەگەن من بترسم، ئەوەی ئێستا دەیكەم مەترسی زیاترە لەسەرگیان و ماڵم نەك ئەوكاتە كە شەڕەو سەنگەرەكان جیادەكرێنەوە..چونكە ئەگەر سەنگەر لەیەكتری گیران ئەودەمە من دەكەومە ئەودیوی ساترەكانی حەڕب و سەلامەتتر لەئێستا ژیان دەكەم.
17- ئەوەی جێگەی دڵخۆشی و ئومێدە، پارتی و یەكێتی غەدرو تەزویریان لەھەموو لایەنە سیاسیەكان كردووە، بەمەش بەرەیەكی ڕێك و پێك و فەعالیان دژی خۆیان دروست كردووە، كە دەكرێت دەستی پێوەبگرێت و نەشئەی بدرێتێ.
گشت ھێزە تەزویلێكراوەكانیش وەكو بزوتنەوەی گۆڕان ھێزی مەدەنی و بێ چەكن، ھەموانیش موتەفیقن لەسەر پڕاكتیرەكردنی فكرو دونیابینی نەوشیروان مستەفا لەئیدارەی ھەرێمی كوردستاندا.
كەواتە گۆڕان ئێستا نەك بەتەنھا نیە بەڵكو گەورەترو بەڕاپەڕترە. ئایندەش زیاترە لەڕابردوو، گەورەیی و كاریگەری ھێزی مەدەنیش لە ئیستقامەو پشودرێژیدایە.

بۆیە….
تكایە برادەرینە؛ با چیتر باس و خواسی دروست كردنی ھێزی چەكدار نەكەینەوە. بۆ ئەوەی شوێن پێیەكانی نەوشیروان مستەفا ئەمین كوێر نەبنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت