كارۆخ عوسمان: 31٪‏ی كاندیدە دەرچوەكانی هەدەپە توركن و 23٪‏ی كاندیدەكانی ئەكەپەش كوردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم بەدواداچوونەدا زیادو كەمكردنی كورسیەكان دەخەینەڕوو، بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو. لەنێوان AKP و HDP دا بەپێی ئەم توێژینەوەیە با بزانین كامیان لەكورتیانداوە.
با سەرەتا بگەڕێینەوە ھەڵبژاردنی 1ی نۆڤەمبەری ساڵی 2015، كە دوای ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی 7ی حوزەیران حكومەت تەشكیل نەبوو ھەڵبژاردن دووبارە كرایەوە.

لە 1ی نۆڤەمبەری 2015:
AKP كورسی بەدەستھێنا، بەمەش توانی بەتەنھا حكومەت تەشكیل بكات.
*بۆ تەشكیل كردنی حكومەت پێویستی تەنھا بە 276كورسی ھەبوو لەكۆی 550 كورسی پەرلەمان.
ھەر لەو ھەڵبژاردندا HDP 59 كورسی بەدەستھێناو بەناچاری بوو بەئۆپۆزسیۆن.

لە ھەڵبژاردنی 24ی حوزەیرانی ئەمساڵ (2018):
AKP ٢٩٥ كورسی لەكۆی 600 كورسی بەدەستھێناوە. بەمەش قەبارەی دابەزینی كورسیەكانی بەرچاوە بەسەرنجدان لە 550 كورسیەكەی جارانی پەرلەمان.
بەسیستەمی كۆن كورسیە لەدەست چووەكانی دەكاتە 23 كورسی.
بەسیستەمی نوێی پەرلەمانیش كورسیە لەدەست چووەكانی زیاد دەكات، چونكە بۆ بەدەستھێنانی كورسی زیاتر ژمارەی كورسی پەرلەمانی زیاد كردبوو. ئەگەر یەك كورسی ئێستا بەسیستەمی كۆن بەنیو كورسی وەرگرین ڕێژەی لەدەست چووی دەكاتە 6٪‏ .
واتا بەتەنھاو بەبێ كواڵیسیۆنی پەرلەمانی ناتوانێ و بەبێ پڕۆتۆكۆڵی لیستی پێش ئەنجامدانی ھەڵبژاردن نەیدەتوانی حكومەت تەشكیل بكات، بۆیەش ھەر سەرەتا ھاوپەیمانی لەگەڵ MHP گرێدا، ھەم بۆ لیستی پەرلەمانی و ھەمیش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار.
سەرنج بدەن؛ ئەردۆگان بۆ سەرۆكایەتی كۆمار 26ملیۆن و 325 ھەزارو 188 دەنگی ھێناوە.
لیستی پارتەكەشی 21 ملیۆن و 335ھەزارو 581 دەنگی ھێناوە.
جیاوازی نێوانیان 4 ملیۆن و 989 ھەزارو 607 دەنگە.
كەواتە ئەگەر پڕۆتۆكۆڵی لیستی نەكردبایە 50+1 ی بۆ سەرۆكی كۆمار نەدەھێناو بەھیچ جۆرێكیش نەیدەتوانی حكومەت تەشكیل بكات.
ئەردۆگان جگە لەغرووری زیرەكیەكی لەڕاددەبەری ھەیەو ھەمیشە ئەو دیوی ئەو ڕووداوانە دەبینێت كە دێنە پێش، بێگومان تێگەیشتووە لەوەی دەنگەكانی دادەبەزن ھەربۆیەش ھاوپەیمانی لەگەڵ MHP كرد، ھەرچەندە لەوبڕوایە نەبووم جەماوەری مەھەپە دەنگ بەئەردۆگان بدەن، بەھۆی ئەو جیاوازیە زۆرەی لەئاستی تێڕوانیندا ھەیانە، بەڵام پێدەچێت ئەردۆگان وەعدی گەورەی بەم پارتەدابێت.
لەلیستی دەرچووەكانی AKPدا 68 كەسی بەڕەگەز كورد ھەیە، دەكاتە 23٪‏، كەواتە ئەم لیستە تەنھا بەتوركەكانەوە پەیوەست نیە.
– HDP ٦٧ كورسی بەدەستھێناوە، كەواتە بەبەراورد بەھەڵبژاردنی 1ی نۆڤەمبەر 8 كورسی زیاد كردووە.
بەتایبەت لەسێ ناوچەی كوردنشیندا كورسی ڕابردووی AKPی بردووە، بەڵام نەئێستاو نەڕابردووش ھەدەپە لە 6 كورسی شاری ئەرزڕومی كوردیدا كورسی بەدەست نەھێناوە، ئەو كورسیە لەدەست چووەی AKP یش بۆ İYİ پارتی ڕۆیشتووە.
لەلیستی HDPشدا 41 كورد دەرچوون، كە دەكاتە 62٪‏ .
لەھەندێ ناوچەی تورك نشین (Türk Metropolü)یشدا كورسیەكانی زیادی كردووە.
26 كاندیدی ناكورد كە لەنێویاندا 21 كەسی بەڕەگەز تورك لەكۆی ئەم 67 دەرچووە لەم ھەڵبژاردنەدا ھەن كە دەكاتە 38 ٪‏، كەواتە لیستەكەی HDPش بەتەنھا پەیوەست نیە بەكوردەوە.
سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ سەرۆكایەتی كۆمار 4 ملیۆن 205 ھەزارو 243 دەنگی بەدەست ھێناوە.
لیستی پاركەشی HDP 5 ملیۆن و 865ھەزارو 977 دەنگی بەدەست ھێناوە.
جیاوازی نێوان دەنگی دەمیرتاش و ھەدەپە 1 ملیۆن و 660ھەزارو734 دەنگە.
ئەم جیاوازیەش بۆ تێگەیشتنێكی نێوان CHPو HDP دەگەڕێتەوە، ڕێك كەوتبوون كە بەشێك لەدەنگی CHP بدرێن بە HDP، بۆ ئەوەی بەربەستی 10٪‏ تێپەڕێنێت، چونكە ئەگەر ھەدەپە ئەم بەربەستەی نەبڕیبوایە سەدا 95 دەنگی ھەدەپە بۆ لیستەكەی AKP دەچوون، ئەوەیتریش بڵاو دەبوون.
بۆیە جەھەپە ئەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ كرد تاكو لەئەگەری جەولەی دووەمی ھەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كۆماردا HDP دەنگ بدات بە Müherrem İNCE كاندیدی جەھەپە.
ھەدەپە لەوپەڕی ڕۆژھەڵاتی توركیا لەشارەكانی وان، ئاگری، ئیغدیرو ھەكاری، لەڕۆژئاواشی شاری شڕناخ و ماردین كە بەشاری بەرەنگاری دەوڵەت دەناسرێن كۆی كورسیەكانی بەدەست نەھێناوە.
لەمێترۆپۆلە كوردیەكان لیستی AKP بەڕێژەیەكی زۆر پێشەنگە، بۆ نمونە:
– گازی ئانتاب لەكۆی 14 كورسی(HDP 1 كورسی و AKP 8 كورسی) ھێناوە.
– ئۆرفا، كە زێدی عبداللە ئۆجەلانی ڕێبەری پەكەكەیە HDP نیو ئەوەندەی AKPی ھێناوە واتا 4 بەرامبەر بە 8 لەكۆی 14 كورسی.
– لەشاری ئادیامان لەكۆی 5 كورسی HDP یەك كورسی نەھێناوە لەبەرامبەردا AKP 4 ھێناوە.
– لەماڵاتیا دیسان HDP لەكۆی 6 كورسی سفرەو AKP 4 كورسی ھێناوە.
– لەھاتای كە كورد پێی دەڵێت: (ئەسكەندەرون) لەكۆی 11 كورسی HDP تەنھا یەك كورسی ھێناوە لەبەرامبەریشدا AKP 5 كورسی ھێناوە.
كورسیەكانیتریش ڕۆیشتوون بۆ لیستەكانی CHP، MHP و İYİ پارتی.
لەشاری ئەلازیخی باكوری كوردستان كەزێدی سەڵاحەددین دەمیرتاشە ئەردۆگان زۆرینەی دەنگەكانی بە لە 70،04٪‏ بەدەستھێناوەو دەكاتە 4 كورسی لەكۆی 5 كورسی. كەچی دەمیرتاش دەنگەكانی لەشارەكەی خۆیدا 6،44٪‏، ناكاتە یەك لەسەر چواری كورسیەك.
لەشاری (ئامەد) كە بەپایەتەختی باكوری كوردستان دەناسرێت لەكۆی 12 كورسیHDP 9 كورسی ھێناوەو AKPش 3 كورسی، وەك ئەوەی قائیمەیەكی عەڕەبی بۆنمونە: مقتەدا سەدر یاخود سەلیم جبوری لەشاری ھەولێر كورسی بەدەست بێنن.
ڕەنگە خوێنەر بڵێت ئەوەی دەنگی بە ئاكەپەداوە خائین و جاشە، كەواتە دەبێ توركەكانیش بەو توركانە بڵێن جاش و خائین كە دەنگیان بە ھەدەپەداوە. چونكە HDP لە مێترۆپۆلە توركەكان دەنگێكی بەرچاویان ھێناوە.
ڕاستە ناوچە كوردیەكان تتریك كراون، واتا دەنگی خەڵكی بەڕەگەز توركی لێیە بەڵام كاندیدەكانی AKپارتی لەو ناوچانە بەڕەگەز كوردن و ھی HDPش لەو ناوچانەدا بەشێكیان توركن، تەنھا لەناو لیستەكەی ئاكپارتیشدا كوردەكان دەتوانن پێناسەی نەتەوەیی خۆیان بپارێزن، ئەگینا كاندیدی كورد لەلیستەكانی تریشدا ھەبوون وەلێ باسی كوردبوونی خۆیان نەدەكرد.

ھۆكاری ئەم گرفتە چیە؟
گەلی كورد لەھەر چوارپارچەی كوردستان سۆزی بەلای ئاییندایە، جگە لەتتریك كردنی جوگرافیاو گۆڕانكاری دیموگرافیا لەدوای 2002 كۆمەڵگەی توركیا بەڕووی ئایین و پەرەسەندنی ئاستی ئابوریدا كێشكرا، كوردیش بەدەرنیە لەو پرسەدا، بەڵكو زیاتر لەگشت نەتەوەكانیتر خوگرە بەئایین و ئیقتسادی كۆمەڵگە كە تێیدا ئاستی بەرزی ئابوری بۆ تاكیش فەراھەم دەبێت، ڕاستە HDP زەمینەی بۆ گشت چین و توێژو ئایدیاكان لەباركردووە تاكو خۆیانی تێدا ببیننەوە بەڵام بەئاشكرا ئیددیعای كۆمۆنیستی دەكات، ئەوەش لەناو بەشێكی زۆری كۆمەڵگەی كوردیدا ڕەفزەو لەو سیستەمەشدا كە ھەدەپە پێی دەناسرێتەوە ئیقتساد دەكەوێتە دەستی دەوڵەت و باج و خەراج بەسەرشانی تاكەكانی كۆمەڵگە زیاد دەكەن، ھەرچەندە لەلیستەكەی ھەدەپەدا خەڵكی باوەڕمەند بەئاین ھەیە بەڵام فكری بنەڕەتی دەور دەگێڕێت لەناساندنی ئەجێندای حزب، بەو ھۆیەشەوە پڕانی دەنگی ناوچە كوردیەكان بەدەست ناھێنێت.
پێویستە ھەدەپە لەھەڵبژاردنەكانی داھاتووداو بەتایبەت لەھەڵبژاردنە محەلیەكان (Yerel Seçimler) خۆی لەم تیۆرە نەجات بدات و ببێت بەھێزێكی نیشتمانی و ئامانجەكانی بەدەربن لەھێزی ئۆپۆزسیۆنی چەكداری، گرنگیش بەئایین بدات، مادام گشت نەتەوەكانی دەوروبەرمان سودمەندی فەلسەفەی دینن دەبا كوردیش ئەمجارە واقعی كۆمەڵگە وەك خۆی بخوێنێتەوەو ھەوڵی سود لێوەرگرتنی بدات.
وەك لەساڵی 2016 لەسەر داوای بەڕێز ئۆجەلان لەشاری ئیستانبۆڵ كۆنگرەی ئایین و دیموكڕاسی بەسترا، حەتمەن ئەم داوایە بۆ زیاتر خوێندنەوەی واقعی كۆمەڵایەتی كەلتوری نێو كۆمەڵگەی توركیا بووە، كە ھەم كورد و ھەمیش توركەكان پێشوازیان لێكرد. نەدەبوو بەم حەجمە گەورەیە ئەم پرسە وەلا بنرێت.
ڕاستە ھەدەپە دەنگی توركە كۆمۆنیستەكان و عەلەویە مەغدوورەكانی ژێر دەستەڵاتی سوننەمەزھەب دەھێنێت بەڵام بەم ھۆیەشەوە دەنگی كورد لەدەست دەدات، پێشتر گوتم ئەو تیمە بەتەنھا كوردانە ئیش ناكەن كە جێگەی ڕەزامەندی دیموكڕاسی خوازەكانە بەڵام ڕەنگە ئەگەر ئایین بەم حەجمە تەریك نەكرێت دەنگی توركە ئایینزاو پەیڕەوكارە دینیەكان زیاتر بەدەست بێنێت لەتوركە كۆمۆنیستەكان.
ئەوەی جێگەی دڵخۆشیە ھەدەپە بەتەنھا تەعبیر لەكورد ناكات و قەومیانە بیرناكەتەوە، بێشك ئەم نەھجە لەداھاتوودا زوو یا درەنگ دەیگەیەنێتە ئەنجام. وەك دیارە خەباتی مەدەنی پشودرێژی دەوێ.
ئومێدەوارم ھێزە مەدەنیە كوردەكانی عێڕاقیش لەتەخوین نەترسێن و بۆ لەمەودوا ھەوڵ بدەن كواڵیسیۆن لەگەڵ ھێزە مەدەنیە عەڕەبیەكان گرێ بدەن، ئەو ھێزانەی كەبڕوایان بەدەستەبەركردنی مافەكانی مرۆڤ ھەیە لەچوارچێوەی عێڕاقدا، ئیتر با خەبات لەپێناو خۆشگوزەرانی خەڵكدا بكرێت و چیتر خەڵك نەكرێتە قوربانی خاك و درۆی دەوڵەتی كوردی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت