لاوک کونجرینی : ئایا ناوەندی بڕیار ، هەرەسی قوتابخانەکەی تاڵەبانی یە ؟ .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناوەندی بڕیار ، دەرهاویشتەی هەڵبژاردنەکەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی نییە ، بەڵکو دەرهاویشتەی دوو بنەمای کۆن و نوێیە :

1 –  ماوەیەکە هەواڵێكی گەرم هەیە ، دوو بیرەنەوتی کەرکوک ، کە بڕبڕەی بیرە نەوتەکانی کەرکووکە ، کە لەوەو پێش لەژێر دەستی یەکێتی دا بوو ، لەتەخشان و پەخشانێکدا سەرانی ( ناوەندی بڕیار ) تەسلیم بەپارتیان کردووە .

2 – پارتی ناخوازێت لاساییکەرەوەیەکی هاوشێوەی خۆی ، بنەماڵەیەک حاکمی حیزبێکی تر بێت ، تا جومگە سیاسیەکانی پتەوەو بەرگەی هەرەس بگرێت ، جگە لەمەش بنەمای بوونی بنەماڵەی تاڵەبانی لە حکومی یەکێتیدا ، درێژەدادەری ئەو سیستەمە دەبێت ، ململانییەکان لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبێت .

 هەموویان هاوڕان و ناتوانن لەو ڕستەیە دوور بکەونەوە ، کە تاڵەبانی سەروەری هەموویانەو بەبێ ڕەشماڵەکەی ئەو هیچیان پێناکرێت و دەبنە سەرکردەیەکی کۆڵەوار ، بۆیە لە وتەکانیاندا وەک تاکتیک و موزایدەی سیاسی ناوی دێنن . هەمووشیان هاوڕان بنەمای مەدرەسەکەی تاڵەبانی ، لەسەر پاشماوەو کەلاوەکەی شۆڕشی ئەیلول بنیاد نراوەتەوەو ، لە پیتی ئاوەوە تا پیتی زا ، بۆ ململانێی بنەماڵەی بەرزانییە دامەزراوە . واتا لادان لەم ڕتمە لادانە لە هەموو ڕابردوو ، خۆدۆڕاندن و ناپاکی بوونە لە ماندوبوون و لەو هەموو خۆبەخشین و زیانەی کە تائێستا ـ بوونی یەکێتی و مانی یەکێتی و سەروەری یەکێتی و هەیکەلی سەرکردەکانی پاراستووە .

هەردوولا لەوە گەیشتوون ، کە شەقامەکەی یەکێتی هی ئەوانەیە ، کە ململانێی بوونی یەکێتی دەکەن لەسەر کورتکردنەوەی دەسەڵاتی پارتی و بنەماڵەی بەرزانی .

پرسیارەکە ئەوەیە ، ئەی ئەم لێکترازانە لە سەر چییە ؟ لەسەر باڵابوونی زیاتریی دەسەڵاتی بنەماڵەی بەرزانییە بەسەر کوردستانەوە ؟ ، لەسەر ئایدۆلۆژیایەکی نوێیە بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی یەکێتی . ئەی کە لەسەر ئەم دوو هۆکارە نەبێت ، دەبێت لەسەر چی بێت ؟ ، کەواتە لەسەر پۆست و پارەی مفتە .  پۆست و پارەی مووفت بۆ کێ ؟ ، ئەم پۆست و پارەی موفتە ئەوانەی خوارەوەش دەگرێتەوە ، یاخوود دەبێت هەر  بێ مووچەو ، بێ پارەو ، کولەمەرگیانە بژین .

ئەی باشە هەر ئەمانەن نین هەموو چەمکەکانی دەسەڵاتی ئەم هەرێمەیان بەدەستەوەیە ، کە ئێستا شەڕی کورسی دەکەن ؟ . ئیتر بۆ خەڵکی کوردستان لەوە ناگات و لەوە تێناگات ، یاخوود ئەندامان و لایەنگرانی ئەمانە لەوە ناگەن ، ئەوان هەر دەبێت لەو ژیانەدا بژین ، کە ئێستا تیایدا دەژین ، گەر خراپتری نەکەن . ئەم شەڕە لەسەر ئەوان نییەو لەسەر باشکردنی گوزەرانی ئەوان نییە . بەڵکوو لەسەر خراپکردنی گوزەرانی ئەوانە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت