لاوک کونجرینی : لە ڕێکەوتنەکەی گۆڕان و یەکێتی دا ـ دوو ئیداریی ئامانجە .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خاڵی یەکلاکەرەوەوە لەڕێکەوتنەکەی یەکێتی و گۆڕان پێمان دەڵێت ـ گەر پارتی ملی نەدا بۆ داخوازییەکانی ئەم دوو هێزە . ئەوا ڕووداوەکانی پشت ئارێشەکە وەک :

1 – یەکێتی لە حکومەت دەکشێتەوە . بێگومان پارتی وەک ستراتیژی خۆی ـ لەوەی ” مردن لەداکەوتن باشترە ” ئەم ئەقڵیەتە ناچاری دەکات بەپێی هەناگاوێکی بەواتا تاکتیک ، بۆ پڕکردنەوەی پێگەی وەزیریی هێزەکانی تر ، بە وەکالەت لە ئەندامانی حیزبەکەی خۆی پڕیان دەکاتەوە . وەک ئەوەی بۆ وەزیرەکانی گۆڕان کردیی .

2 –  یەکێتی و گۆڕان وەک ستراتیژ ، بە دەرچوونیان لە حکومەتەکەی نیچیرڤان ، دەستبەجێ هەوڵی بنیادنانی کابینەیەک دەدەن لە زۆنیی سەوز .

3 –  دەرهاویشتەی مل نەدانی پارتی بە مەرجەکانی گۆڕان و یەکێتی و ، هەڵهاتنی دوو ئیداری بە هەموو پێوانەکان پێمان دەڵێت : پارتی توشی نەهامەتی دەکات ، ئەگەر زۆنی سەوز لانی کەم دەروازەیەکی پچووک بۆ ساخکردنەوەی بەرهەمە سروشتییەکان بدۆزێتەوە ، چۆن :

A – پارتی ڕووبەرووی ڕەخنە و تانەی دادگایی دەبێتەوە لەبەرامبەر کۆمپانیا پەتڕۆلیەکانی لەمەوبەر تاکلایەنانە گرێبەستی لەگەڵ کردوون  و ، ناتوانێت دابینی نەوت و گازیی ئەوان بکات بە پێی گڕیبەستەکە . لەبەر ئەوەی بەپێی سەرچاوە زانستییەکان ، % 35 بەرهەمە نەوتییەکان لە زۆنی زەردایە .

B – پارتی توشی ڕووبەرووبوونەوەی لێشاویی ناڕازیی زۆنی زەرد دەبێت ، بەهۆکاریی ناڕێکی لە دابینی ژیان لە دوای دوو ئیدارییەکە ، بەوەی ناتوانێت دابینی مووچە بکات و هەروەها توشی سزای دادگای نێو دەوڵەتی دەبێت بەهۆی نادابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان بەپێی گرێبەستەکانی کردوویەتی .

C – پارتی لەسەر ئاستی عێراق وەک هێزی یەکەم ، بوونی نامێنێت و لەبەردەمیشیانە توشی تەنگەشە کوشندەکان بووە ، بۆیە وەک جاران ئاڵوگۆڕیی سیاسیان لەگەڵی کەمتر دەبێتەوە .

D – پارتی لەبەرامبەر ئاڵنگارییەکانی هەرێم و ناوچەکەو جیهان ڕووبەڕووی بێ هیوایی دەبێتەوە .

بەرزانی ئەگەر کارەکتەرێکی باشی سیاسی سەر شانۆی هەرێم بووایە ، دەبوایە لەدامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ ڕەوشەکەدا بکردایە . دەبوایە لەوە بگەیشتیایە هۆکارەکانی دروستبوونی بزوتنەوەی گۆڕان و هۆکارەکانی گەشەکردنی ئەم هێزە وا بەخێرایی دەرئەنجامی هەڵەی زەق و ڕەفتارە سیاسییە ناجۆرەکانی خۆیی و پارتەکەیەتی و بەدوای چارسەرو ئاڵنگیریەکانیدا بگەڕایە و ، لەوە بگەیشتایە دەرئەنجامی نەگونجاندی کۆمەڵێک هەڵگیریی دروشم و هەنگاوە ، کە لەگەڵ ڕەوشی گەشەی تاکی کورد و هەرێمدا ناگونجێت ، نەگونجاندنی ئەو ژینگە سیاسییە ، کەجوودا لە کۆمەڵێک وڵاتان و کۆمەڵگای ناوچەکە بۆ ئەمڕۆی هەرێمی کوردستان ڕەوشی نائارام و ، بێ سەروبەرو ، بێ ئامانج بەرهەم دێنێت .

بەرزانی بۆ کردەی ئامانجەکەی ، دەکرا سوودمەند بووایە  لە پلان و داڕشتە وردەکەی ئێردۆگان بۆ قایکردنی دەسەڵاتی تاک ڕەویی و ، بە وردترو بە یەکسانی لە پڕۆژەکان و بە ماوە نەهێشتنەوە بۆ هێزەکانی تر تا پچوکترین بەربەست نەبوونایە لەبەردەم هەنگاوەکانی و سوودی لە ڕازیی بوونی شەقام لە بەرهەمی هەنگاوەکانی بکردایەو شەقامی ڕووبەرووی هێزە ناڕازییەکان بکردایەوە ، نەک بە چەکی برسێتی و تاڵانی و نەبوونی مووجەو … هتد ، ڕووبەڕوویان ببێتەوە .

بەرزانی دەیتوانی تاکتیکی هەنگاویی هێواش بۆ ئامانجەکەی بهاویشتایە لەوانە :

1 – لەبەرامبەر داخوازییەکانی دەستور و هێزەکانی تردا ئاڵگۆڕیی لە پێگەکەی خۆی بکردایە وەک تاکتیک و لە ژێرەوە لە ڕێی حیزبەکەیەوە دیسانەوە کاری بۆ :

A – کاری بۆ ئامانجەکان لە ڕێی هەڵبژاردن و کاری ڕازیی کردنی شەقام بۆ هەمان مەبەست ، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی هەرێم لەناو خەڵکدا ، ئەویش بەپێی زۆرینەی پەڕلەمان و بەپێی یاسا ڕێکبخرایە .

B – هەموو دیکتاتۆرەکان لە پێشدا بە بێ دەنگی پێگەکەیان خۆش کردووە بۆ دیکتاتۆریی ، بەڵام بەرزانی نەزانانە ، هەنگاویی بۆ ناو ، هەموو لایەکی لەو ترسە ئاگادارکردەوە ، ئەمەش پێویستی بەوەیە خۆی و حیزبەکەی زیاتر لە هێزەکانی تر هەنگاو هەڵبگرن بۆ دیموکراسی و یاسا و مافی مرۆڤ و ، هەموو ئاڵنگیریانەی لەمەوبەر ڕووبەڕووی بۆتەوە بە شێوەی ژیرانە بیان سڕیتەوە .  

2 – پارتی هەوڵی بنیادنانی چەمکە نیشتمانییەکان بدات و لە ڕێچکەی وابەستەگی بەچاندنی تۆویی خەڵکی شیاو بۆ پێگەی شیاو ، لەوێوە حیزب و بنەماڵەکەی بخاتە دووڕیانی چاکەو دوورە پارێزیی لە چەمکی دەسەڵاتی قێزەوەند ، کە خۆی دەبینێتەوە لە بنیادنانی هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی و پەڕلەمانێکی بەهێز و حکومەتێکی مەرکەزیی بە‌هێز ، کە سود وەردەگرێت لەدوو بابەتی سەرەکی :

A –  هیج هێزێک قسەی لەوە نەکردووەو ، هەروەها لە هیچ یاسایەکی ئەم جیهانەدا نییە ، بەحیزبکردنی بنەماڵە ـ بڤە بێت . بەڵکوو بە پێچەوانەوە ، لە جیهاندا ئەم کردەو ئامانجە بوونی هەبووەو ، نەبۆتە شەرم . بەڵکوو ، ئەوە بوونی دەستڕۆشتوی بنەماڵەییە لە دەسەڵاتیی حکومەت دا ، وەک ئەوەی بارزانی و هاوشێوەی ئەو دەخوازێت .

B – لەئێستادا ڕەوشەکە لەسەر بنەمای نە شیش بسوتێت نەکەباب ، هێور بکاتەوەو ، قۆناخەکانی دوای هێورکردنەوە بکاتە ئامانج .

پارتی بەدوای ئامانجی دەسەڵاتی دیکتاتۆری و بنەماڵەییدا دەگەڕا ، کەچی بەنەزانانە وا جەهەنەمێک بۆ خۆی دادەخات . دەکرێت نەگاتە لێواری ئاگرکە ، ئاوڕێک لە پاشەکشی بدات و ، با  کۆتایی بەهەموو شتێک نەیەت ..  چوونکە دوو ئیداری خراپترین ڕەوش بۆ پارتی و بنەماڵەی بەرزانی بنیاد دەنێت و ئامانجەکەشی کۆتایی پێدێت .

 

کلیک بکەرە سەر سمبولەکانی خوارەوەو ، ئەم بابەتە ئاشنا بکە بە هاوڕێکانت

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت