لاوک کونجرینی: چارەنوسی یەکێتی بەم هەگبە ناشرینەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مێژووی یەکێتی بەوە ناسراوە، لەپاش کەوتن، هەستانەوەیەکی ئەفسوناوی ئەنجام بدات، بەڵام لە دوای جیابوونەوەی نەوشیروان مستەفا لەم حیزبە، دوورکەوتنەوەی تاڵەبانی لەمەیدانە سیاسییەکە، جیهانە سیاسییەکەی شکست بەدوای شکستی ئەفسناویی دا تێدەپەڕێت.

ئەگەرچی ئەم حیزبە مێژوویەکی هەیە لەمەیدانەکەدا، بەم جۆرە ستایلەی ئەمڕۆ بەردەوامی بە هەڵە سیاسییەکانی بدات، دەگات بەکێشی حیزبەکەی کاک محەمەدی حاجی مەحمود و، دەبێت هەر خەون بە ڕابردووەوە ببینێت و، لەهەڵبژرادنەکانی داهاتووشدا کێشی جەماوەری دادەبەزێت بۆ ئاستی یەکگرتووی ئیسلامی  ئەمڕۆ و، ئەندامانی پەڕلەمانی بە گزیی سەر سندوقەکانیشەوە ناگاتە 8 کورسی.

ڕەچاویی سیاسی بکەین، ئەم حیزبە لە سەنتڕاڵی سیاسی خۆی لایداوەو، پشتی بە دوو خاڵ بەستووە:

1- کەڵەکەکردنی دارایی و پلەو پایە بۆ ئەمڕۆ و کۆکردنەوەی شەقام بۆ بەیانی.

2- پشت بەستوو بەهێزی سەربازیی.

ئەم بیرکردنەوەیە، سەرئەنجامی سەرکردایەتییەکی ناحەکیمانەیە، کە لە شکستەکاندا کۆکەرەوەی ئاوەزو لۆژیک نابێت و، بیر لە هەستانەوەیەکی پڕ وانە ناکات.

دەبێت بپرسین هۆکار چییە، یەکێتی لە سەر ڕتمە کۆنەکە لایداوەو لەدوای کەوتن، کەوتنی گەورە بەدوای خۆیدا دێنێت؟. ئایا یەکێتی سەرکردایەتییەکەی هۆکارە، یان هۆکاریی تر هەیە، پەی بە گەنیوکردنی دەبات؟.

نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی جیا بووەوە، بزوتنەوەی گۆڕانی دامەزراند، ئاوڕیی لە ڕتیمی ئەمڕۆی یەکێتی نەداو بە ڕتمە کلاسکییەکە کاریی کرد، بەڵام بە ستایلێکی نوێی سەردەمیانە. بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ گەشەی کرد. یەکێتی ڕۆژ بەدوای ڕۆژ بەرەو دابەزینی ئاستی جەماوەریی خراپ ملی ناو، مل دەنێت. لێرەدا لەوە دەگەین، لە نێوان ڕتمی کلاسکی و ڕتمی نوێدا، تەنها سەرکێشی سیاسی هەیە. ئەویش نزیکبوونەوەیە لە پارتی و دوور کەوتنەوەیە لە ئامانج.

ئامانجی یەکێتی گەشانەوەو هەستانەوەی نوێ بوو، لەسەر کەلاوەکۆنەکەی شۆڕشی ئەیلول لەڕووی هێز و کردەو تێڕمانی سیاسی. ئەم گەشەکردنە لەو گۆمەدا کوردایەتی بوونی هەبوو، نەک کورد بوون. واتا لە کویادا نیشتمان پەروەری و کوردایەتی بوونی هەبوو، یەکێتی زۆرینەیەکی ڕەها بوو.

کاتێک قسە لەسەر کوردایەتی  بەجیاو، کوردبوون بەجیا دەکەین، قسەکردنە لەسەر ئەرک و جوڵەی نیشتمانی، کە توێژێکی جیاکەرەوەیە لە کورد بوون، دەکرێت هەموو کوردێک، خەڵکانی نیشتمان پەروەر و خاوەنی هەڵگریی کوردایەتی نەبن. وەک لەسەردەمی شاخدا، لێکجیابوویەک لە نێوان پێشمەرگەو خەڵکە کورد پەروەرەکەدا لەلایەک و، جاش و خۆفرۆشەکان لەلایەکی تر هەبوو، کە هەردووکیان کورد بوون.

 لێرەدا یەکێتی جیاکارییەکی سیاسی نواند بەئاراستەی دۆڕاندن، نزیک بونەوە لەو هێزەی لە دوای ڕاپەرین سوودمەند بوو لەکورد بون، نەک کورد پەروەریی. ئەگەر وتەکەی مەلا بەختیار لێرەدا ڕەچاو بکەین، کاریی خۆی دەکات، کاتێک یەکێتی دەیەوێت ئاو بکات بە ئاگری شەڕی ناوخۆداو، دەخوازێت خوێنی کورد بە دەستی کورد کۆتایی پێ بێت، ئەمە لۆژیکی کوردانەیە بە ئاراستەی پۆزەتیڤدا. بەڵام گرنگە، سیاسەتی خۆی نەداتە دەستی قەدەری سیاسی پارتی و وەک ماری ئەژدیها پێوەی بدات و، ڕۆژ بەرۆژ هەناویی بخواتەوە، دەبێت ئەوش بزانێت، هێزی یەکێتی لەبەرەی کورد پەروەرەکانە و، هێزەکەی پارتیش تواناکانی  بەئێستاشەوە سوودمەندە لە کوردەکانی پاشماوەی هێزیی بەعس لە کوردستان.

کەواتە ئەم ململانییەی ئەمڕۆ هەیە، لەنێوان هێزی نیشتمان پەروەر و نا نیشتمان پەروەریدایە، بۆیە یەکێتی دوێنی چەمکی سەرەکی کوردایەتی بەدەستەوە بوو، لە ئێستا دەیەوێت بەهۆی لادان و شەیدابوونی سەرکردەکانی بە پارەو بازرگانی و کۆکردنەوەی سەرمایەی ناجۆر، وەک پاشکۆیەکی ئەو هێزە کار بکات، کە دوێنی بوونی نەبوو، بەڵکوو بە پاشماوەی بەعس بوونی لە کوردستان چەسپاند و، هەر لەسەر بیرۆکەی بەعسیش کار بۆ باڵا دەستی سیاسی لەکوردستان دەکات.

یەکێتی لەدوای شکستی 25-9-2009 دا پیاچوونەوەی بە هەڵەو کەمووکوڕییەکانیدا نەکرد، بیری لەوە نەکردەوە، کە ئەم کەوتنە پێویستە بەدوواچوونی بۆ بکات و بۆ ئەندامان و لایەنگران و شەقامەکەی ڕوون بکاتەوەو، دەستی بخاتە سەر برینەکان و بەڵێنی چارەسەریی بدات. بەڵام نەیکرد. ئەم بێگوێدانە شەقامی یەکێتی هێناوەتە ئاستێک، تەنها دەتوانێت بە کودەتای سەربازیی لە حوکم و دەسەڵاتی ڕەهادا خۆی بهێلێتەوە.

هۆکاریی ئاستی دابەزینی شەقامی یەکێتی، تەنها کردەوە سیاسییەکانی خودیی حیزبەکە نییە، بەڵکوو وتە نا بەرپرسیارییەکانی سەرکردەکانیشی، هۆکاری بێزاری و دابەزینی ئاستی شەقامێتی. دوو کارەکتەریی نادیاریی ناو یەکێتی بەجیا جارجارە قسە بۆ ڕۆژنامەکان دەکەن و،  وەک گەڵای داری پایز ئەندام و لایەنگر لە حیزبەکەیان هەڵدەوەرێنن و ، بەبێ ئەوەی کەسیش ئامۆژگاریان بکات یان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکات. ئەوانیش مەلا بەختیار و شێخ جەحفەرە.

ئێمە قسە لەسەر وتەی فریشی ئەم دوو بەرێزە دەکەین، ڕابردوو بۆ ڕابردوو بەجێدێڵین. مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوە دەکات لە کۆڕێکیدا: کە پەرلەمان خەڵک تێکی دا و یەکێتی چاکیکردەوە، ئەو دەڵێت: بڕیاریارمانداوە ڕۆژی  12 یان 13 ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان کارابکەینەوە.

 ئەمڕۆ 4-8، مەلا بەختیار ڕایگەیاند: پەرلەمان هەر ئەوە نەبوو کە پارتی بڕیاری داخستنی دا، بەڵکو کەشێک لەناو پەرلەمان دروستبوو هیچ متمانەیەکی نەما، ئەو وتی: دەبێت ئەمجارە بچینە ناو پەرلەمان و ئاوەز و ژیری زاڵبێت، نەک تێکشکاندنی یەکتر. وتیشی: بڕیاریارمانداوە ڕۆژی 12 یان  13ی ئەم مانگە پەرلەمانی کوردستان کارابکەینەوە.

 ئەوەی پارتی پێی نەکراو نەوترا، وا سەرکردایەتی یەکێتی ئەنجامی دەدات. لەکاتێکدا شەقام بە دەست سیاسەتی نابەرپرسانەی پارتییەوە وا گڕ دەگرێت و، لەم سات و کاتەدا، مەلا بەختیار دێتە سەر هێڵ و بەخواستی هێزێک قسە دەکات، کە سەرکردەکەی بە  کودەتا کورسی سەرۆکایەتی هەرێمـی قۆرخ کردووەو، پێشێلی هەموو بەهاکانی دیموکراسی و ئاشتی ناوماڵی کوردی کردووەو، دەسەڵاتی کوردیشی گەیاندۆتە ئاستێک لە جیهاندا، بە چاویی ڕەخنەو گازندەوە تێ بڕوانن و جیهانی مافی مرۆڤیش فایلی ڕەشی بۆ بکاتەوە.

 وتەکانی مەلا بەختیار، نەک نابەرپرسیارانەیە، جگە لەوەی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتی زویر دەکات، لەڕووی یاسایی و نیشتمانیشەوە، سەرەڕۆییەکی بەرچاوە. ئەو دەڵێت: ئاوەز و ژیری زاڵبێت.

 ئێمە دەپرسین کام ئەقڵ و ژیریی؟ ئایا مەلا بەختیار تا ئێستا لە سیاستیدا ژیری و ئاوەزیی بەکار هێناوە؟، گەر بەکاریی بهێنایە، یەکێتی بەو حاڵەی ئێستای نەدەگەیشت، ئەو لەکاتێکدا یەکێکە لە کارەکتەرە سەرکییەکانی بڕیار بەدەستی چاک و خراپی ناو یەکێتی.

 کاک شێخ جەحفەر هەر کاتێک لە ڕۆژنامەو تیتڤییەکانەوە دەردەکەوێت، ڕستەیەک بە زیانی یەکێتی دەڵێت. لەکاتێکدا پێگەو کارەکتەری ئەو بە پانتایی دەسەڵاتی حیزبەکەیەوەیەتی و، لەو کەلەوە دەردەکەوێت و باش دەبینرێت، کە کێوی یەکێتی، هەڵچوو تر بێت. وتەکانیشی ڕۆژانە ئاستی دیاریی حیزبەکەی لە سەر ئاستی سیاسی کوردستان بەرەو ئاوابوون و نەدیاریی دەبات.

شێخ جەحفەر لە چاوپێکەوتنیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی ئاوێنەدا، وا دەڵێت: داعش و جاشی مەفرەزە خاسە زۆر شەریف و نەجیبترن لە وانەی کەمپین دژی ڕیفراندۆم دروست دەکەن.

ئەم قسانەی شێخ جەحفەر، ئەگەر لەگەڵ هەندێک کەسی بێت و، ئەوا ئێمەو هەموانیش دەگڕێتەوە، لەکاتێکدا لەگەڵ بڕیاردانی ڕیفراندۆمدا نین بەم ئالەتەی ئەمڕۆ و، بڕیاردانەکەشی لەلایەن هێزێکەوە بێت، کە سەرتاپای مێژووەکەی پڕە لە ناپاکی و، بەم پاشڵەوە چەمکی نەتەوەیی گەلێکی پڕ قوربانی بگرێتە دەست، قسەی زۆر هەڵدەگرێت.

با قسەیەکتان بۆ بگێڕمەوە، لایەنی لۆژیکی و ئاوەزیی کاک مەلا بەختیاریی تیایەو، نزیکە لە خەونێکی بەتاڵەوە.

لە سەرچاوەیەکەوە بەدەستم گەیشتووە، لە نێوان دوو ئەندامی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی دا، چەلەحەنەیەکی توند دروست دەبێت، لەسەر ئەم ڕەوشەی یەکێتی و ، خۆبەستنەوەی ئەم حیزبە بەڕیفراندۆمەوە. لە ئەنجامدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بۆ قەناعەتکردنی ئەندامەکەی سەرکردایەتی دەڵێت: بۆ خۆت دەزانیت، ئێمە هەموو ئەگەرەکانمان لەگەڵ پارتی تاقی کردەوە، هەر کاتێک لە ڕووی سیاسییەوە پارتی باریی لار بووبێت، ئاژاوەی ناوەتەوەو لەهەوڵی شەڕی ناوخۆدا بووەو، هێزی دەرەکیشی هێناوەتە سەرمان و گەلەکەمانیان ڕووەو ماڵ وێرانی کردووەتەوە. بۆیە بە ئەگەری سەرگرتنی ڕیفراندۆم پارتی ئەگەریی هێنانی لەشکری داگیرکەریی کوردستان لەدەست دەدات و وەک ئێستا ناتوانێت، سەرەڕۆیی بکات. بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەو پرسەداین. ئەندامی سەرکردایەتییەوەکەش لەوەڵامدا، دەڵێت: ئێوە کە ئەمە دەزانن، ئەی پارتی لە گوێی گادا خەوتووە، لەو ئەگەرەی ئێوە نەگات، ئێستا نەتوانێت کودەتا بەهێزیی سەربازیی بکات، ئەوسا بەئاسانی ئەنجامی دەدات و دەیکات بە کۆریای باکور.

دەکرێت، ئاوەزو لۆژیکەکەی مەلا بەختیار ئەمەبێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت