لاوک کونجرینی: کارەساتی ڕێفراندۆم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕوداوەکانی 16-10 پەرچەکرداریی ڕیفراندۆم بوو، ئەوانەی ئەم ڕیفراندۆمەیان ئەنجام دا، زۆر بوختان و جنێو و پڕوپاگەندەیان بەخشییەوە. بەڵام بیریان لە هەڵەو تموحی ئەو جیهانە خیاڵییە دارماوە نەکردەوە لەدوای ئەم هەنگاوە فاشلە بۆ کورد و هەرێمی کوردستانی جێدێڵن.

سەرانی ڕێفراندۆم گەرچی تموحیان دوو جۆڕ بوو:

1- بناخەی دەستاودەستکردنی دەسەڵات.

2- دارمانی هەموو هەوڵەکانی نەیارەکانیان، کە نیو سەدە لە ململانێدان لەگەڵیان.

پێش ڕیفراندۆم

1- لە ناوخۆدا نوسەران و ڕۆشنبیران و خەڵکی دڵسۆزی ئەم هەرێمە و بەشەکانی کوردستان، بەنوسین و بەتکاو بەپاڕانەوە، ئاگاداریی سەرانی ڕیفراندۆمیان کرد، بەڵام لە وەڵامدا بوختانیان بەسەردا باراندن.

2- عێرا ق و ئێران و تورکیا بەڕاشکاوانە نێتی دوژمنانەیان بە سەرانی کورد ڕاگەیاند و، ماتۆڕی دیبلۆماسی و سیاسیان بۆخستە گەر، مەترسییەکانی دوای ڕیفراندۆمیشیان بەچەند هەنگاوێک ئاشکرا کرد. تا جەعفەریی وەزیی دەرەوەی عێراق لە لێدوانێکدا وتی: بەرزانی نەک بەم ڕێفراندۆمە گەلی کورد سودمەند ناکات، بەڵکوو دەبێت ترسیشیان لە دەستدانی دەستکەوتەکانی ڕابردووشیان هەبێت.

3- لەپێش ڕیفراندۆمدا کۆشکی سپی و پەنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا بەگشتی و، فەرەنساو  بەریتانیا و ئەڵمان بەتایبەتی پەیامی خۆیان وەک ناڕازیی گەیاندە بەرزانی، دواتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لەبەیاننامەیەکدا ئاگاداریی بەرزانیان کردەوە لە پەرچەکرداریی ئەم ڕیفراندۆمەو، هەروەها ماکگۆرک خۆیشی سەردانی هەرێمی  کوردستانی کردو، زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵەیان لەگەڵ کردو، تا سنوری بێ ڕێزیی ڕەفتاریان لەگەڵ کرد. لەکاتێکدا ئەو نوێنەریی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، نەک هی خودی خۆی.

ئەوەی گرنگە دەبێت قسەی لەسەر بکرێت، هەموو ئەو ئاگادارکردنەوانەی وڵاتانی سەردەستی کورد و ئەوروپا و ئەمریکا هێندەی ئەو نامەیەی وەزیریی دەرەوەی ئەمریکا بەرچاو ڕوونی و دانی گرنتی نەبوو لەبەرامبەر نەکردن و دواخستنی ئەم ڕێفراندۆمەدا. بەداخەوە ڕەفس کرا.

لە دوای ڕێفراندۆم، واتە پێش  16-10-2017، بە چەند ڕۆژێک حکومەتی عێراق بە هێزێکی سەربازی و مێلشیایی لەسنورەکانی هێزی پێشمەرگە نزیک بووەو چاوەڕێی کاژێری سفری دەکرد، بۆ هەڵمەت بردن.

لە 15-10 دا یەکێتی و پارتی لە دووکان  بەسەرپەرشتی سەرۆک کۆمار” فوئاد مەعسوم و ” بەرزانی” سەرۆکی پارتی کۆبوونەوەو، بێ گوێدانە هەڕەشەکانی لەشکریی عێراق، سووربوونی خۆیان بۆ ڕێفراندۆم ڕاگەیاند.

دیاردە ترسناکەکە

ساڵی 1990 تاڵەبانی چاویی بە ” ئەلگۆر” کەوت، کە ئەوسا لە لێپرسراویی کەمینەی دێموکراتەکان بوو لە کۆنگریس، پاشان بوو بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا. ئامۆژگاریی تاڵەبانی کرد بوو. کە چیتر بەردەوام نەبن لە دژایەتی ئەمریکا. دیار بوو  ئەمریکا زۆر بەوردیی چاودێریی ستراتیژ و پەروەردەیی حیزبی، یەکێتی و هێزە کوردییەکانی دەکرد. تاڵەبانی پاش گەڕانەوەی لە ئەمریکا لەکۆبوونەوەکانی لەگەڵ ئۆرگانەکانی ناو یەکێتی، جەختی لەوە دەکردەوە دەبێت وشەی ئیستعمار لەبەرامەر ئەمریکا نەمێنێت و زیان بە شۆڕش و بزوتنەوەکەی دەگەیەنێت.

ئەم دیاردە ترسناکە، جاران لەم ڕۆژنامەی شۆڕش و ئەو کۆبوونەوەیە لەسەردەمی شاخدا دەوتراو، بەقەولی تاڵەبانی: ئەمریکا جەنگی مەیدانی پێ باشترە لە جەنگی ڕاگەیاندن. بەڵام بەرزانی لە سەروەختی ڕێفراندۆمداو، بەبەرچاویی مێدیای جیهانەوەو بەڕاشکاوانە وتی: هێندە حساب بۆ ئەمریکاو ئەوروپاو ناوچەکە ناکەم و، جەنگی ڕاگەیاندنی دژی ئەمریکاو جیهان ڕاگەیاند.

ناوخۆی یەکێتی لە پێش و پاشی ڕێفراندۆمدا

بەهۆی دەستتێوەردانی پارتی لەگەڵ هەندێک بەرژوەندخوازیی سەرانی ناو یەکێتی، لەو ڕێیەوە  توانیویەتی لەهەموو بڕیارییەکانیدا باڵادەست بێت و، بەم هۆیەوە لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێم و ناوچەکەو جیهان، بەرزانی  کرایە کەسی یەکەم بۆ کارە سەربازیی و دیبلۆماسی و، ئەویش لوتبەرزانەو بێ پەپرسیارانەو نا ووردبینانە مامەڵەی لەگەڵ کۆی چەمکەکاندا دەکردوو، خۆیشی بەکەسێکی کاریزماو بێ ڕکابەر دەهاتە بەرچاو و گویێ بەپەرچەکرداریی هەنگاوەکانی خۆی نەدەناو هیچ حاساباتێکی وردی بۆ بەرامبەرەکانی نەدەکرد،  لەکاتێکدا هیچ پاڵپشتێکی یاسایی  و دەستووریشی نەبوو. هۆکار چییە؟

ئەوانەی بەشێوەیەکی نابەرپرسیارانە داهاتووی کورد و بەرژەوەندی یەکێتیان وەلا دەناو، لەباوەشی بەرژوەندی خۆیانەوە میحنەتی ڕابردووی حیزبەکەیان و کوردیان لەبەرچاو نەدەگرت، توشی هۆڕمۆنی کەڵەکەی سەرمایەو بەردەوامی لەدەسەڵات بوون لە ژێر سێبەری مانەوەی بەرزانیدا.  یەکێک لەهۆکارەکانی مامەڵەکردنی جیهان لەگەڵ بەرزانی دا وەک سەرۆکایەتی هەرێم، پەیوەستە بە پێگەو باڵادەستی بەرزانییەوە لەهەرێمی کوردستاندا، کە سەرانی بەرژەوەندیخوازیی یەکێتی هۆکاریی سەرەکی ئەم دەسەڵاتە تۆتیالیتارو کورد کوژ و کورد فرۆشەیە بوون و دەبن، کە خودی بەرزانی سەرە ڕمێتی.

زیانی ڕیفراندۆم

کورد لەدوای ڕوخانی سەدام و بەتایبەتی دوای هاتنی داعش، توانی باڵا دەستبێت بەسەر زۆربەی ئەو خاک و ناوچانەی دەیان ساڵە، خوێنی بۆ دەدات و بەسەدان هەزار کوڕی ئەم گەلە خۆی کردۆتە پەروای، بەڵام بەداخەوە بە بڕیارێکی ڕێفراندۆم ٪51 ی خاکی ئازادکراوممان لەدەستدوا، وا بەئاسانی ناتوانرێت بگەرێینەوە بۆ پێش ئەم کارەساتە.

کەواتە ڕێفراندۆم، نەک هەڵەیەکی سیاسی بوو، بەڵکوو ناپاکییەکی نیشتمانی بوو، دەچێتە مێژووی کوردەوەو وا بەئاسانیش برینەکانی ساڕێژ ناکرێت. لەبەر ئەوەی سەرانی ڕێفراندۆم دەکرا ئەم بژاردە سیاسیانەیان هەڵبسەنگاندایە:

1-  گەر ڕێفراندۆم بکەین دەستکەوتمان چی دەبێت؟

2- گەر ڕێفراندۆم بکەین، لە کویادا دەستبەرداریی ببین، گەر هەندێک دەستکەوتی نیشتمانیمان بەدەست هێنا.

3-  گەر ڕێفراندۆم بکەین و گوێ نەدەین بە ئالنگیرییەکان و زیانەکانمان چەند دەبێت.

ئەو پرسیارانەیە، نەک بۆ ڕێفراندۆم، بەڵکو بۆ هەر هەنگاویکی سیاسی، کەسایەتی سیاسی کامڵ لە خۆی و چواردەوریی دەکات. بەڵام بەرزانی لەم هەنگاوەدا ئەم پرسیارانەی لا وون ببوو، بۆیە بە سەرۆکە گەمژەکە دەکرێت ناوی بنرێت.

ئەوەی بەرزانی ڕووبەوڕووی هەموو میحنەتەکانی ڕیفراندۆم کردۆتەوە، ئاراستەکانی پێچەوانەی ڕیفراندۆم بوو. کە لەسەردەمی تەکنەلۆژیادا هەمو چرکە ساتێک ڕووی لەبەرچاو و گوێمان دەکرد، ئەو هەموو پەرچەکردارو ئەو هەموو پێشنیارانەی  وەلا دەناو، ئەم گەلەشی خستە بەردەم کارەساتێک، دەکرا زۆر بە ژیرانە لێی دەربچین بە دەستکەوتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت