لوقمان مستەفا: جارێکیتر تورکیا و پێشێلکردنی” یاسا ” نێودەوڵەتیەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەگەڵ ئەوەی گەلەکەمان لەهەر چوارپارچەی کوردستان، گەیشتۆتە ئاستێکی بڵند لەتێکۆشاندا، بۆ چارەسەرکردنی دۆزە ڕەواکەی و بەردەوام دەستپێشخەری لەشێوازی گفتوگۆی ئاشتی و دیموکراتیانە دەکات، بەتایبەتی لەباکوری کوردستاندا، گەل بۆ بەرقەراربوونی ئاشتیەکی سەرتاسەری و بەدەستهێنانی مافە نەتەوەیی و دیموکراتیەکانی ماندو نەناسانە لەتێکۆشاندایە. بەڵام بە پێچەوانەوە، لەلایەن هێزی رکابەری دوژمنی دەسەڵاتدارەوە بە دژوارترین شێوازی شەڕو سیاسەتی نکۆڵیکردن و لەناوبردن وەڵام دەدرێتەوە. لەماوەی رابردوودا، حکومەتی تورکیا بۆ هەڵخەڵەتاندنی ڕای گشتی جیهان، کۆمەڵێک پرۆژەی دووڕویانەو وشەی بریقەداری بەکارهێنا، سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی گەلەکەمان لە باکوری کوردستاندا، بەڵام بێ وەچان ئامادەکاری، بۆ گەلەکۆمەکی و پیلان دارێژی بۆ شەڕێکی خۆێناوی کردووە.

دیارە ئەمە یەکەمین جار نییە ڕژێمی تورکیا هەڕەشەی بەزاندنی سنوری کوردستان بکات، یان بەکردەوە سنوری بەزاندبێت. بەڵکە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا دەیان جار سنوری کوردستانی بەزاندووە چەند جارێکێش تا قوڵایی کوردستان هاتووە، هەموو جارەکانیش پاساوی ئەم هێرش و لەشکرکێشیانەی گرێداوە بەبوونی هێزەکانی پارتی کریکارانی کوردستان “پەکەکە”وە. بەهیچ جۆرێ دەستی نەپاراستوە لە شەهیدکردنی ژن ومناڵی کورد، وێرانکردنی گوند و رەزو باخ و کانیاوەکانی کوردستان.
هەرچەندە پاساوی ئەمجارەی بۆ دەستدرێژێکەی جیاوازە لەجارەکانیتر، چونکە ئەم جارە شەری داعش کۆتایی نیزیک بۆتەوە و وەک زانراوە تورکیاش بە شێوەی ناراستەو خۆ کلکی لەگەڵ داعش گرێداوە، ئەمە وێرای ئەواەی کەهاوپەیمانیەتیەکی نێودەەوڵەتی لەدژی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیە پێکهاتوەو، تورکیاش دەستی کشف بووە، واهەست دەکات بەرەو گۆشەگیری تەواودەڕوات، بۆیە بەناچاری بۆ قوتار بون لەو دۆخەی کە تێی کەوتوەوبۆ لەنگەر گرتنەوەی خۆی و فێڵکردن لەهاوپەیمانانی دژ بە داعش گوایە شەری داعش دەکات، چەند جارێک بۆردومانێکی رەمزی داعشی کردوە، بەڵام نیەتە گڵاوەکانی هەر زوو دەرکەوت بە هێرشە کانی بۆسەر پکەکە دەست پێکرد، کورد گوتەنی بە تیرێک چەند ئامانجێکی پێکا، لەلایەک بە بیانوی لێدان لە گەڕیلاکانی پەکەکە و لەهەمان کاتیشدا یەپەگە و پێشمەرگە ئامانی سەرەکی تورکیا بوو لەم هێرشەی دواییدا. بەداخەوە لە بری وەڵامی کەمەرشکێنی بدرێتەوە، کەچی ئۆباڵەکەی دەخەنە ئەستۆی هێزێکی شۆڕشگێری وەک پەکەکە.!!
بەڵام گومان لەوەدا نییە کە بوونی هێزەکانی پەکەکە تەنها ڕوپۆشێکە بۆ چەندین ئامانجی تر و بیانوێکی ئاشکراشە بۆ ڕەوایی دان بە دەستێوەردانی سەربازی لەهەلومەرجی ئێستای عێراق و بە دیاریکراویش لە کوردستاندا.
هەرچەندە پەکەکە بەپێی بڕیاری یاسای گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان شۆڕشی چەکداری(پاراستن) بەڕێوەبردووە، ئەوەش دەقی یاساکە :
ڕاگەیانراوی جیهانی مافی مرۆو بەپێی بەڵگەی رۆژی 10ی دیسامبری ساڵی 1984ی کۆگای گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان کە گرینگترین بەڵگەی نێونەتەویی مافی مرۆو بە ئەژمار دێ، لەسەرەتای/ خاڵی سێ / بە راشکاوی مافی، شۆڕش دژی زوڵم و زۆرداریی،، دژی دیکتاتۆڕیی و ئینکار / وەکو دوایین رێگای چارە ( شەڕی چەکداری ) بە فەرمی دەناس بەڵام دەوڵەتی تورکیا هیچ یاساگەلێ لەم چەشنە ناناسێ.
ڕژێمی تورکیا بەتەواوەتی کەوتۆتە دەستی تەوژمی دینی و ئەگەریی ئاڵوگۆر لەبنەما سەرەکیەکانی ئەم دەوڵەتەدا بەدەستورەکەشیەوە، هەمیشە ئەگەرێکی لەبەرچاوبوە، هەروەک بینیمان کەچۆن بە پیلان سیستەمی سەرۆکایەتی فەرزکرا.
لەسەر دەستی ئاکپارتی تورکیا لەگەورەترین تەنگەژەدایە،لەلایەک دۆسیەی جینۆسایدکرنی ئەرمەنیەکان، دۆسیەی قبرس، دۆسیەی بەئەندامبوونی لە ئەوروپای یەکگرتوودا، دۆسیەی گرانی و ئەزمەی ئابوری تادەگات بە دۆسیەی کێشمەکیشی دامەزراوەکانی سوپا لەگەڵ حکومەت، دۆسیەی پەکەکە و ئێستا هەدەپەشی هاتۆتەسەرو دۆسیەی خەڵکی کوردستان و… تاد، چەندین فایلن کە هەموویان لەهەلومەرجێکی تەواو تایبەتدا لە ئارادان و یەخەی تورکیاو ڕژێمەکەیان گرتووە.
سیناریۆی دابەشکردنی عێراق، ترس لەڕەوندی پێکهاتنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان، ئەوە کانتۆنەکانی ڕۆژئاواش لەولاوە بوەستێت کە چۆن بۆتە مۆتەکە بۆسەر دەسەڵاتی ئاردۆغان، هەروەها هەوڵدان بۆ نەخش پەیداکردن تابەربگری لەوەی ئێران لەوەزیاتر وەکو هێزی تاقانە لە عێراق و تەنانەت ناوچەکەدا هەژمونی خۆی دابسەپێنێت.
ئەم ئامانجانەی تورکیا و ئەم جموجۆڵ و هەڕەشە بەردەوامانەی بۆ ئەم ئامانج و بەرژەوەندییانە دەستی داوەتی. هەر ئێستا ناوچەکەی هەژاندوەو فەزای ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی بەسەر خەڵکی کوردستان و ناوچەکەدا زاڵکردووە، دەست ناپارێزێت و خەڵکی سیڤیلی کردۆتە ئامانج.
ئەم دەست درێژیکردنە بۆ سەرخاکی کوردستان ، لەگەڵ ئەوەی پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤە لەهەمان کاتدا پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتیەکانیشە.
لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدابێت لەروی یاسایی یەوە سەر بە عێراقە کەواتە دەبێت، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی عێراق راسپێرێت، بۆ ئەوەی سەرەتا نوسراوێکی نارەزایی ئامادە بکات پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایش بکات سەبارەت بەو پێشێل کاریی و سنوربەزاندنانەی رژێمی تورکیا کە بە ئاشکراو زۆر بێ شەرمانە سنوری عێراقی پێشێلکردووە، پاشان عێراق وەک هەر ووڵاتێکی تر مافی رەوای خۆیەتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست بگرێتەبەر دژ بەو دەست درێژیانەی تورکیا. بۆ زیاتر جوڵاندنی ئەم کارە یاساییە و دژ بەم دەست درێژیەی رژێمی تورکیا، دەبێت نوێنەرانی کورد لە حکومەتی فیدراڵدا، هەموو توانای خۆیان بخەنەکار لەڕووی هەمو هاوکاریەکەوە کە پەیوەستە بەم دەست درێژیە نایاساییەی دەوڵەتی تورکیا، دەبێت رایگشتی جیهانی لە ئاکامە ترسناکەکانی ئەم هێرشە دوژمنکارانەیە ئاگادار بکرێتەوە، تانەتەوەیەکگرتوەکان ناچاربکرێن وبەفەرمی بێنەسەرخەت و رێگری لەم هێرشە وەحشیەگەراییەی ووڵاتی تورکیا بکرێت جارێکیتر نەتوانن دوبارەی بکەنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت