لوقمان مستەفا: حەشدی شەعبی و حەرەس قەومی دوو یاساو یەک مەبەست.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەرچی یاسا واتایەکی یەکگرتووی جیھانی نییە. بەڵام یەکێک لە واتاکانی یاسا، سیستەمێکە لە دەستوور و ڕێساکان کە بە دەستی ڕێکخراوێکی دەوڵەتی بۆ بەڕێوەبردنی ڕەفتارەکانی کۆمەڵگا و ئەندامانی کۆمەڵگا بەکار دەبرێت.

بەڵام، ئەو سەیرو سەمەرەیەی لەدەستورو یاساکانی عێراقدا هەیە، کە بە زۆر جێی کراوەتەوەو بونی هەیە، ڕێک پێچەوانەکەیەتی، چونکە بەڕاستی گاڵتەجاڕیەکی تەواوەو لەخزمەتی پێکهاتەیەکی دیاریکراو و لەسەردەمە جیاوازەکاندا لەسەردەستی نەتەوەی سەردەست هەمیشە بۆ خزمەتی خۆیان بەکار هاتووە.!
لەم باسەماندا تیشک دەخەینە سەر دوو یاسا:

1- یاسای حشدی شەعبی

2- یاسای حەرەس قەومی. کەچۆن و بۆچ مەرامێک خزاندویانەتە ناو دەستورو یاساکانی عێراقەوە.
سەرەتا باس لەحەرەس قەومی دەکەین کەلەدوای کودەتاکەی 8ی شوباتی ساڵی 1963 کەچۆن میلیشیایەكی سەرەتا بێسەرەو بەرەی پەلامار دەرو شەڕفرۆش بونەوبەچی شێوەک بەربونەتە ناو بەغداو هەرچی نەشیاوە كردویانە، لە پەلاماردانی خەڵك و كوشتوبڕو سوكایەتی بە ئازادیخوازان و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.
حكومەت لە ئاكامی زۆریی ستەم و دەستدرێژی ئەوان بۆ سەر حیزبی شیوعی و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی مەدەنی، ناچار بوو بە یاسایەك رێكیان بخات.
ئەو یاسایە بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 1963 ناسراوە، یاساكە لە 18 – 5- 1963 دەرچوەو بریتیە لە 14 مادە، لەو یاسایەدا سنور بۆ كاریی حەرەس قەومیەكان دانرا، بەڵام وەك هێزێكی خۆبەخشی نیشتمانی ناسێنرا.
لە مادەی دووی ئەو یاسایەدا هاتوە: حەرەس قەومی هێزێكی میللی رێكخراوی مەشق پێكراوە لە سەر بەكارهێنانی چەك، گەل خۆی دروستی كردوە تا ژیانێكی سەربەست و ئازادانە بژی، ئەركەكانی:
یەكەم: پاراستنی سەرهەڵدانی عەرەبی لە ئێراق و نەخشەكێشانی رێگای شۆڕشێكی پێشكەوتوخواز .
دوەم: هاوكاری هێزی سەربازی لە كاتی شەڕو پەلاماری دەرەكی
سێیەم: بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ.
چوارەم: بەشداری لە كردەكانی بنیاتنانەوەو بنیادنانی ئابوری و كۆمەڵایەتی
پێنجەم: هەستان بەو كارانەی بۆی دیاری دەكرێ‌ لە شوێنی دیكەوە یان سەرپشكی دەكەن .
لە مادەی سێیەمدا هەر بە خۆبەخشی ئێراقی ناوەستێ‌ كە لەو هێزە وەردەگیرێن، خاڵی جیم دەڵێ‌: خۆبەخشی وڵاتانی عەرەبیش دەتوانن كاری تیابكەن بە مەرجی ڕازی بوونی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا. دەقی یاساكە لە بەڵگەنامەكاندا هەیە بە زمانی عەرەبی و كوردی.
بەڵام ئەم حەرەس قەومیانە نەك نەبونە هۆی ئاشتی و ئارامی بگرە هەموو وڵاتیان پڕ كرد لە كێشەو ململانێ‌ و ستەمكاری. بەهەمان شێوە لەدوای زیاتر لەنیو سەدە بۆ جارێکی تر مێژووی ڕەشی هەمان بۆچون و عەقڵیەت هێزێکی توندرەوی داپلۆسێنەری وەک حەرەس قەومیان هێنا بەناوێکی تر (حشدی شەعبی)، یاسایەکیان بۆ دارشت بۆ خزمەتی هەمان نەتەوە، هێنایانەوە مەیدان. ئەمجارە نەک تەنها وەک نەتەوەیەکی ڕەگەزپەرست بەڵکو بەشێوەی توندڕەوەی شیعە مەزهەبیشی هاتەسەر، بەپشتگیری دەوڵەتێکی هەرێمی و ناوخۆیی، کەشیعەگەرایی تێدا باڵادەستە، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبیان هێنایە مەیانەکەو بۆ چەند مەبەستێکی تایبەتی و شەری سونەو کورد بەتایبەتی لە ئایندەدا پێبکەن.

دەقی یاسای حەشدی شەعبی:

مادەی یەکەم
دەزگای حەشدی شەعبی کە پێکهێنرا بەپێی ژمارە (91) لە 24- 02- 2016 پێکهات ( یتمتع بالشخصیە المعنویە) وە دەبێتە بەشێک لەهێزە چەکدارەکانی عێراق، واتە دەبێت بەبەشێک لە سوپای عێراق و پەیوەست دەبێت بە سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراقەوە.

مادەی دووم
ئەوەی کە هاتوە بە بڕیاری سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (91) بەشێک دەبێت لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: دەبێت حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆبێت و هەروەها بەشێکیش بێت لە هێزی سەربازی عێراقی و پەیوەست دەبێت سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق.
دوەم: ئەو پێکهاتەیە لە سەرکردایەتی، ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لیواو هەموبەشەکانی سەربازی دەگرێتەوە.
سێیەم: ئەو کەسانەی کە سەربەم پێکهاتەیەن (حەشدی شەعبی) مل کەچ دەبن بۆ سەرجەم یاساکانی سوپای عێراقی بەسەرجەم لایەنیەکانیەوە، بێجگە لە مەرجی تەمەن.
چوارەم: هەموو ئەو کەسانەی کە سەربەم پێکهاتەیەن، سەرجەم ریزبەندی پلەی سەربازیان و موچەو هەموو ئەرک و مافێکیان وەک سوپای عێراقی وایە.
پێنجەم: ئەو کەسانەی کەسەر بەم پێکهاتەیەن نابێت، هیچ کارێکی سیاسی و حیزبی و کۆمەڵایەتی بکەن لە ناو سوپاکەو لەدەرەوەی سوپاکە.
شەشەم: دەبێت ئەم پێکهاتەیە کە لەسەرەوە باسکراوە بە هەمو بەشەکانیەوە لەماوەی سێ مانگدا تەواو بکرێت.
حەوتەم: دەبێت لایەنی پەیوەندیدار جێبەجێی سەرجەم ئەم بڕگەو مادانە بکات.

مادەی سێیەم
حەشدی شەعبی لەهەموچین و توێژەکانی گەلانی عێراق پێک دێت بەپێی مادە 9 لەدەستوری عێراقی.

مادەی چوارەم
جوڵەپێکردنی هێزەکان و بڵاوە پێکردنیان و دابەشکردنیان لە پارێزگاکانی عێراق لە ژێر فەرمانی سەرۆکی هێزە چەکدارەکاندایە بە تەنها. ئەگەر بەراوردێکی هەردوو هێزە درووستکراوەکە بکەین کە لە ڕووی ستەم و زوڵم و زۆرداریی و کوشتن و تاڵان و بڕۆییدا یەک جمکن و لە هەناویی یەک دایکەوە هاتونەتە دەرەوە، کە ئەویش ( عروبە)یەو بەس، بەڵام بە میتۆدی جودا. هەروەها ئەگەر بەراوردێکی هەردوو یاساکە بکەین، ئەوا زۆر بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێت: کەهەردوو یاساکە هەرچەندە لە دوو مێژوو و زەمەنی جیاوازدا دەرچوەو چۆنەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها برگەو مادەکان لەڕووی شێوەوە جیاوازە، بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک واتاو یەک مەبەست دەدات بەدەستەوە، لەڕێی ئەوەی کەلە خزمەت یەک نەتەوەدایە و بۆ سەرکوت کردنی نەیارەکانێتی، نەک خزمەتێک بێت بە دانیشتوان و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت