لوقمان مستەفا: داتا یەکی مەترسیداری کەیسی گەندەڵی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێم، لە بەرواری 19-4 ڕۆژی چوارشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی رابردووی کار و چالاکیەکانی دەستەکەیانی بڵاوکردەوە. کە بەڕاستی داتایەکی مەترستدارە بۆ شوێنێکی وەک هەرێمی کوردستان کەلەگەڵ چڕی دانیشتوانەکەیدا هەرگیز ناگونجێت.!
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ( ئاماژەی بەوەکرد، 378 کەیسی گەندەڵی ئامادەکراوە لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت، ھەروەھا 19کەیسی گەندەڵی ڕەوانەی دادگای تایبەتمەندکراون، و 15 کەیسی دیکەش ڕەوانەی دادگاکانی تر کراون بەمەبەستی یەکلاکردنەوەیان، لە ئێستاشدا 48 کەیسی گەندەڵی لە ژێر لێکۆڵینەوەدان.
ھەروەھا وتیشی، کەیسەکان بەشێوەی زانیاری و ھەواڵدەری و سزایی کاری لەسەر دەکەن، بەجۆرێک لە ھەولێر 67 کەیسی زانیاری لەسەر ھاتوە و 101 کەیسی ھەواڵدەری ( 12 کەیسی 2017 و 89 کەیسی ساڵانی رابردوو)، ھەروەھا 94 کەیسی سزایی ( 47 کەیسی 2017 و 47 کەیسی ساڵانی پێشوو).
رونیشيکردەوە، لە پارێزگای سلێمانی 15 کەیس زانیاری لەسەر ھاتوە، کە 31 کەیسی ھەواڵدەری ( 12 کەیسی 2017 و 19 کەیسی ساڵانی رابردوو) و 85 کەیسی سزایی ( 40 کەیسی 2017 و 45 کەیسی ساڵای پێشوو ).
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی، دەشڵێت: لە پارێزگای دھۆک 10 کەیس زانیاری لەبارەوە ھاتوە، و 51 کەیسی ھەواڵدەری ( 16 کەیسی 2017 و 35 کەیسی ساڵانی رابردوو) و 16 کەیسی سزایی ( 9 کەیسی 2017 و 7 کەیسی ساڵانی رابردوو).
سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ھەرێم جەختیشیکردەوە، “بەیەکلای کردنەوەی ئەو دۆسیانە لە دادگاکان، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر کەمبونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێش بردنی ھەنگاوەکانی چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان”.
هەر بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم ڕوانگەیەوە ڕۆچمە ناو بابەتە کەمانەوە کە ئامانجی سەرەکی وتارەکەمانە:
هەرچەندە هیچ گومانێکم لە دڵسۆزی و دەستپاکی سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێم و هاوکارەکانی نیە، کە ئەرکێکی ئێجگار قورسیان لەسەر شانە، چونکە هەروەک دەزانیین لەناو فەوزایەکی سیاسی و پڕقەیراناویدا مافیای زەبەلاح و مەترسیدار سەرهەڵدەدەن، دەستبردن بۆ ئەو کەیسە ترسناکانە هەروا ساناو ئاسان نیە. چونکە هەرچۆنێک مامەڵەی لەتەکدا بکەیت ناتوانرێت وەک پێویست بگەیت بە ئەنجام.
بەڵام ئەم گەشبینیەی دکتۆر ئەحمەدی سەرۆکی دەسەتەی دەستپاکی لەگەڵ ئەوەی داتایەکی مەترسیداری خستە ڕوو لەهەمان کاتیشدا گەشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی دەبێتە هۆی کەم بوونەوەی گەندەڵی سەرەتایەکیشە بۆ چاکسازی.
بەڵام کاتێک دڵخۆشکەرە کە دەسەڵاتی دادوەری بتوانێت وەک: ئەو گەندەڵییانەی کە لە وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوادا ڕوو دەدات، کەدادگاکانیان چۆن بە بی ترس و دوودڵی بێ ئەوەی هیچ دەستێوەردانێک لە کارەکانیان بکرێت لیپیجینەوە لەگەڵ هەرتاکێکی گەندەڵدا دەکەن بێ ڕەچاوکردنی هیچ پلەوپۆست و پایەیەک.
ئەوەتا لە وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتوو، دەستەڵاتی دادوەری ڕۆڵێکی باش لە نەهێشتنی ئەم دیاردەیە دەبینێت و بە هیچ شێوەیەک سەیری ڕووی ئەو کەسانە ناکەن کە گەندەڵی ئەنجام دەدەن و بە لایەنەوە گرنگ نییە ئەو کەسە خاوەن دەستەڵات بێت یاخود سیاسی یا پۆستێکی پلەبەرزی لە حکومەتدا هەبێت. بە لای دەستەڵاتی دادوەرییەوە ئەوە گرنگە ئەو گەندەڵکارە بهێنێتە بەردەم دادگا و لیکۆڵینەوەی خۆی لەگەڵدا بکات و بە سزای خۆی بگەیەنێت. نموونەی ئەمەیش لە وڵاتێکی وەک ئیتالیا بینراوە كە چەندین جار دەستەی دادوەریی نەهێشتنی گەندەڵی، لە دادگای ئەو وڵاتەدا، (سیلڤیۆ بێرلسکۆنی)ـی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی کاری گەندەڵی، ڕاکێشاوەتە بەردەم دادگا کە چەندین دۆسیەی سەبارەت بەم بابەتەی لە لای دادگا هەیە. کە هەندێکیان هەڵسوکەوتی کەسیەو پێگەکەی بەکار هێناوە بۆ پەیوەندی ناشەرعی و سۆزداری لەگەڵ کیژۆڵەی خوارتەمەنی یاسایی. لە لایەکی دیكەوە، درانە دادگای سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا (جاک شیراک)ـی تەمەن 76 ساڵان، بە تۆمەتی بەکارهێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، لەو کاتەیدا کە سەرۆکی شارەوانیی پاریسی پایتەخت بوو لە سەرەتایی حەفتاکاندا، دەنگدانەوەیەکی زۆری لە جیهاندا لێ كەوەتەوە. بێگومان ئەو وڵاتانەی کە گەندەڵیان تێدا ڕوو دەدات، پێویستییەکی زۆریان بەوە هەیە دەستەڵاتێکی یاسادانانی تێدا دابمەزرێنرێت، کە لە چەند دادوەرێکی پسپۆڕ و خاوەن ویژدان و چاونەترس پێک بهێنرێت و لەگەڵ ڕوودانی هەر گەندەڵی یەک، بە بێ ڕوانینی پۆستی گەندەڵکارەکە، ڕایکێشنە بەردەم دادگا و سزای یاسایی خۆی بدەن.
بە داخەوە ئەمڕۆ لە کوردستانیش ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینرێت، بەڵام ئایا ئەودەسەڵاتدارانەی کە تێوەگلاون لەو کەیسانەی کە دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکردوون دەتوانرێت بهێنرێنە بەردەم دادگا بۆ لێکۆڵینەوە.؟
یان خەڵکە ڕەشووڕووتەکە پێوەدەکەن و پشت و پەناداروو گەندەڵە زەبەلاحەکان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.؟

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت