لوقمان مستەفا: ساڵیادی یەکی ئایار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەکی ئایار. ساڵیادی ئەو رۆژە خوێناویەی کرێکارانە کە لە یەکی ئایاری سالی 1886دا بە هۆی ئەو بێ گوزەرانی و ستەم و چەوساندنەوەی کرێکارانی کارگە و کارخانەکانی ئەمریکا لە لایەن سەرمایەدارانەوە توشیان هاتبوو بە دروشمی (هەشت کاتژمێر کارکردن و چاککردنی باردۆخی کارکردنیان ) بە سەدان هەزار کرێکار رژانە سەر شەقامەکانی شاری (شیکاگۆ) و مانگرتن و خۆپشاندانیان دەست پێ کرد، سەرمایەدارە چەوسینەرەکانیش بە فرت و فێل و پلان گێری روبە بەروی داخوازیەکانی کرێکاران بونەوە و ئاژاوەیەکی سەختیان ساز کرد و بە دەیان سەکردەو رۆلەی کریکارانیان خزاندە بەندیخانەکانەوە و بە دادگایکردنێکی نارەوا و ناداد پەروەرانە (پارزۆنیس ، سپەیسل، ئەنگل، فیشەر) کە چوار سەرکردەی راپەرینەکە بوون لە سێدارە دران، دوای ئاشکرا بونی ئەم پلانە نەگریسانەیان و سەرکەوتنی راپەرین و داخوازیەکانی کرێکاران رۆژی یەکی ئایاری هەموو سالێک کرایە جەژنی خۆشی و یەکێتی خەباتی کرێکاران لە سەرانسەری جیهاندا.

بەڵام مەخابن چینی کرێکاران لە عیراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ژیان و گوزەرانیان لەو پەری بەشمەینەتیدایە بە هۆی نارێک خراوەیی ریزەکانی خۆیان لەلایەک و دەست وەردانە ناو ریزەکانیان لەلایەن حیزب و لایەنەسیاسیەکان لەلایەکی ترەوە، بە شیوەیەک پەرتەوازەی کردون کە نەتوانن وەک پێوەست داخوازیەکانیان بخەنەرو لە ساڵرۆژی 1ی ئایاردا. لەگەڵ هەمو ئەم نەهامەتیانەی کەبەرۆکی گرتون کار بە یاسایەکیش دەکرێت کە سەردەمەکەی بەسەر چوەو ئێکس پایەر بونی لە مێژە راگەیەنراوە.
یاسای کار، یەکێكە لەو مەسەلە گرنگانەی کۆمەڵگای کوردستان کە لە هەردوو لایەنی کرێکارو خاوەنکار بوەتە جێگای قسەوباس‌. ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لەماوەی چەند ساڵی رابرودا بەسەر ژیانی ئابوری‌ کوردستاندا هاتوە، ناتوانێ بەوجۆرەی تائێستای درێژەبکێشێ‌. دیارە هەتاکو ئێستا یاسای کاریی رژێمی بەعس‌ یاسای ژمارە 71 ی ساڵی 1987 کە لە هەلومەرجێکی ئابوری‌و کۆمەڵایەتی تەواو جیاوازدا نوسراوە، بەشێوەی فەرمی وەکو یاسای کار لە کوردستان کاری پێکراوە، لەگەڵ ئەوەی دەستکاریەکی کەمی کراوە کە بەهیچ شێوەیەک گۆرانکاری جەوهەری درووست نەکردووە، کە جێی ئاماژەپێکردنبێت، هەتا پەرلەمان لەکار نەخرابوو چەندین پێشنیار کرابو بۆ هەموارکردنەوەی یاساکە یاخود دەرکردنی یاسای کار کەمۆرکی هەرێمی کوردستانی پێوەبێت بەڵام بەهۆی کێشەو ئاڵۆزیەکانی نێو پەڕلەمانەوە تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
یاسای ژمارە 71ی ساڵی 1987 کە واژووی سەددام حسێنی دیکتاتۆری لەناوچوی لەسەرە تا ئێستاش هەر لە کاردایە. تا ئێستاش پەیوەندیەکانی کار لە نێوان خاوەنکارو و کرێکاردا لەسەر بنەمای ئەو یاسایە ڕێکدەخرێت. ئەو یاسایە کە هیچ نیە بەیانی کۆیلەکردنی بێ پەردەی کرێکار بۆ سەرمایەدارنەبێ، یەکێک لە ئاشکراترین لایەنەکانی پێ شێلکردنی مافی بنەڕەتی کرێکاران.
بە پێی بەندی 136ی ئەو یاسایە کرێکاران تەنها لە حاڵەتێکدا مافی ڕاگرتنی کاریان هەیە، کە خاوەنکار یانخاوەن کارکان پاش سێ ڕۆژ لە دەرچونی بڕیاری دەستەی کێشەکانی کار لە دادگای پێداچوونەوە، سەرپێچی بکەن و بڕیارەکە جێ بەجێ نەکەن.
لەو حاڵەتەشدا پێویستە کرێکاران دەستبەجێ پاش بڕیاردانیان لەسەر ڕاگرتی کار وەزیری کار و سەرۆکی یەکێتی سەندیکاکانی کرێکاران لە بڕیارەکەیان ئاگادار بکەنەوە، هەروەها هۆکارەکانی دەستبردنیان بۆ ئەو کارە، ئەو ڕێوشوێنەی گرتوویانەتە بەر بۆ پاریزگاری لە شوێنکارەکەیان و ئامرازو کەرەستەکانی کار و نەزمی گشتی بە ئاگاداری ئەو لایەنانە بگەیەنن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە سیستەمی سیاسی عیراق گۆرانی ریشەیی بەسەردا هاتوە لە سەرجەم بوارەکانی ئابوری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، بێگومان هەرێمی کوردستانیش بەدەر نیە لەو گۆرانە، کارکردن بە یاسایەکی واسوواو تەنها بارگرانیە بەسەرشانی چینی کرێکارەوە.
دەبێت هەر لەگەڵ دەست بەکاربونیوە پەرلەمانی کوردستان لە کارنامەی کارەکانی خۆیدا دەست بکات بە هەموارکردنی یاسای ژمارە 71ی ساڵئ 1987، وە یاسایەک دەربکات کە شایستە بێت بە ژیان و گوزەرانی کرێکاران، یاساکە بە شێوەیەک بێت سەرجەم داخوازیە رەواکانی کرێکاران لە خۆ بگرێت، هەروەک دەر دەکەوێت کە گەشەونموکردنی ئابوری سەرمایەدای لە هەرێمی کوردستان، چینێکی کرێکاری فراوانی دروستکردوە کە تاکە سەرچاوەی دابینکردنی ژیانی فرۆشتنی هێزی کارەکەیەتی. رێکخستنی ئەو هەلومەرجەی کە چینی کرێکاری کوردستان کاری تێدا دەکەن‌و دیاریکردنی ئەو یاساو بڕیارانەی کە زاڵن بەسەر هەلومەرجی کاری کرێکاراندا یەکێکە لە گرنگترین پێداویستیەکانی درێژەدان بە ژیان‌و مانەوەی کرێکارو بە دابینکردنی گوزەرانی خۆی‌و خێزانەکەی. ئەو بێ یاساییەی تائێستا بەسەر کارو ژیانی کرێکاراندا زاڵ بووە، نەك هەر لەگەڵ چاوەڕوانیەکانی کرێکارانی کوردستاندا نایەتەوە بەبەراورد بەو گەشە سەرسوڕهێنەرەی ئابوری بۆرژوازی‌و کەڵەکەی سەرمایە، بەڵکو مەترسی جدی هەیە بۆسەر ژیان‌و گوزەرانی چینی کرێکار لە کوردستان‌.
پێوەستە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوری تەواو لە ژێرخانی ئابوری کوردستان لە بوارەکانی (پیشەسازی، کشتوکال،تەکنەلۆژیا…هتد) بداتەوە و بەو مەبەستەی رزگارکردنی گەلانی کوردستانە لەبەر خۆری و بنیاتنانی کۆمەلگەیەکی بەرهەم هێنەر، هەروەها دابین کردن و مسۆگەر کردنی کارە بۆ کرێکاران و بێکاران، ئەمە جگە لەوەی کە بناغەیەکی لە دارمان نەهاتوە بۆ سەربەخۆبونی کوردستان دەبێتە سامانێکی جێگیر بۆ وەلاتێکی سەقام گیرو ئارام .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت