لوقمان مستەفا: شرۆڤەی فاڵگرەوەکان بۆ پێشهاتە سیاسیەکان، یەکێتی و گۆڕان بەنمونە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێ کەس بەناو شرۆڤەکاری سیاسیەوە ڕێک خەریکە دەبنە فاڵچی، هەرئەوەندە ماوە هاوارکەن و بڵێن: وەرنەوە ناو لە پی دەست دەخوێنینەوە، فنجانی قاوە دەخولێنینەوە، دەزوولە پچرپچر دەکەین و لێک دەدەینەوە، هەر وەک یوسفی پەیامبەر هاوشێوەی خەونەکەی ئەخناتوون لێک دەدەینەوە، دەست لە سیاسەتیش ناپارێزین ستراتیژی ئێستاو ئایندەی سیاسی حیزبەکان شرۆڤەدەکەین، بەشێوەیەک گێرەی تێدادەکەین بە هیچ‌ زانستێکی سیاسی وێک نەیاتەوە.
بەڵێ.. ماوەیەکە لێرەو لەوێ لەچەند کەناڵێکی ڕاگەیاندنەوە هەندێ کەس بە ناو چاودێری سیاسی خۆیان گوتەنی شرۆڤەوشیکاری کۆمەڵێک روداوو پێشهاتی سیاسی دەکەن و لێکدانەوەی سەیروسەمەرەی بێ بنەماو نالۆژیکی بۆ وەزعی سیاسی و هەندێ لە هێزە سیاسیەکان دەکەن.
بێ ئاگان لەوەی گرینگ‌ترین واتاكان‌و زانستی ئەو چەمكانەی، كە لە شێوازی لێكدانەوەی سیاسیدا بە كاردەبرێن، چەمك گەلێكی وەكو راڤەی سیاسی، شرۆڤەی سیاسی، روانگەی سیاسی، هەڵویستی سیاسی، رووداوی سیاسی، دیاردەی سیاسی، قەیرانی سیاسی، رەوتی سیاسی‌‌و… هتد، كە رەوتی راڤەی سیاسی هەر كام لەم چەمكانە هەڵگری واتای دیار‌و یەكسان نین، راڤەكاری سیاسی دەبێت سەرەڕای ئاشنایی لەگەڵ هەر كام لە چەمكەكان، لە بەكارهێنانی هەر وشەیەكدا سەرنجی وردی هەبێت.
بەڵام مەخابن هەندێک لەم بەناو چاودێری سیاسیانەی کە دەم لە شرۆڤەی سیاسی دەکوتن هیچ لەم خەسەڵەتانەیان تێدا بەدی ناکرێت.! کەچی خۆیان لێ دەبێت بە ” ئیمانۆئیل کانت” دەست دەکەن بە فەلسەفە لێدان.!
تەنانەت نەیان توانیوە وەک ئەوباوکەی ناوچیرۆکەکەش سیاسەت لەخەڵکی بگەیەنن،کە دەگێرنەوە دەڵێن منداڵێک بە باوکی دەڵێت باوکە سیاسەت چییە؟! باوكیشی بۆ ئەوەی كارەكەی بۆ ئاسان بكات وتی: من سەرچاوەی داهاتی ئێوەم، بۆیە لە پێناسەی سیاسەتدا پێم دەوترێ”سەرمایەدار”. دایكت كاروباری ماڵ بەڕێوە دەبات بۆیە پێی دەوترێت”حكومەت”. لەبەر ئەوەی… ئێمە كار بۆ دابین كردنی پێداویستەكانی تۆ دەكەین بۆیە بە تۆ دەڵێن” گەل”. ژنە خزمەتكارەكەشمان پێ دەوترێت “چینی كرێكار”. برا بچوكەكەتیش پێی دەوترێ “ئایندە”. ئێستا بیر لەوە بكەرەوە سیاسەت لەوانە پێكدێت. شەو منداڵەكە بە دەم بیركردنەوە چووە بۆ خەوتن، درەنگانێكی شەو گوێ لە دەنگی برا بچوكەكەی بوو دەگریا، چوو بزانێت چیەتی، بینی خۆی پیس كردوە، چوو بۆ ژوری دایك و باوكی، بینی دایكی خەوتوەو باوكی دیار نییە، بۆیە چوو بۆ ژوری خزمەتكارەكەیان، بینی خزمەتكارەكەیان لە گەڵ باوكیدا بەزمیان گەرمە، گەڕایەوە بۆ جێگەكەی خۆی. بەیانی بە باوكی وت باوە باش لەوە تێگەیشتم سیاسەت چییە، باوكی وتی زۆر باشە، چی تێگەیشتی؟ منداڵەكە وتی ( لە كاتێكدا چینی سەرمایەدار سواری چینی كرێكار بووەو حكومەتیش لە خەوی غەفڵەتدایە، گەلیش گوێ بە هیچ نادات، بۆیە ئایندە غەرقی پیسی دەبێت).
بە داخەوە ئەم جۆرە کەسانە لەگەڵ ئەوەی وەک شرۆڤەکارێکی علوج بەنادەکەون لەهەمان کاتدا هەستی وەرگرتنیشیان بەقەد منداڵی ناو چیرۆ کەکەش نیە تا تێبگەن و بێ دەنگ بن.
ماوەیەک کێشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیان کردبوە بنێشتە خۆشەی سەرزمانیان، بەڕاست و چەپدا پیایاندا دەماڵی. لە دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروانیشەوە وەک دەڵێن هەمان تاس و حەمامیان دەربارەی گۆڕانمان گوێ لێ دەبێتەوە، شتی وا دەبیستین لەو بەناو شرۆڤەکارا نەوە، هەرکەسێک لە ئەلف و بێی سیاسەت بزانێت لەشەرمان موەکانی لەشی زیت دەبێتەوە، بە شێوەیک بەناو دەکەون وەک ئەوەی خولە بۆ بلەی باس بکات، دورلە بنەمازانستیەکەی و ئەتەکیەتێک هەموداب و نەریتێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئەخلاقیان بەزاندووە.
قسە کردنەکانیان لە زۆر بەی کاتەکاندا دەچێتە چوار چێوەی بوختان و تشهیرەوە، بۆیە دەکرێت ئەو کەس و لایەنانە کە لە زاری ئەوانەوە ناویان دێت و پێی وایە سوکایەتیان پێکراوە ئەوە دەتوانن لە ڕێگای دادگاوە سکاڵایان لەسەر تۆمار بکەن و تاسزای یاسایی خۆیان وەربگرن.
زۆر ئاساییە ئەگەر بە شێوەی زانستی سیاسی و ئەکادیمی شرۆڤەی کێشە سیاسیەکان بکرێت، بڕواناکەم کەس لاری هەبێت، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەمە وێڕای هەنگاوێکە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی، لە هەمان کاتیشدا وانەیەکی ڕۆشنبیری سیاسیش دەبێت بۆ خەڵکی بە شێوەیەکی گشتی.
بۆیە پێشینان جوانیان فەرموە کە دەڵێن : هەموو سمێڵ سورێک هەمزە ئاغا نیە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت