Frokaxanai-Slimani

لەناو فرۆکەکانی کوردستاندا چ باسە . سداون پلیس سداون پلیس .. ئارام قزلەریی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

 

ناونیشانی بابەتەکە کەمێک سەرنج ڕاکیشە کاتێک سەرەتا دەستدەکەیت بەخوێندنەوەی بەڵام پێویستە بۆزاخاوی مێشکیش بێت هەندێک ڕوداو کە دەبینرێت‌و دەبێتە هۆی لەکەدارکردنی ژیانی کۆمەڵایەتیمان ، پێویستە حسابی بۆبکرێت‌و هەروا بەئاسانی تێنەپەڕیت بەسەرماندا .

ئێمەی کورد بەهۆی بونی گەندەڵی ‌و بارو دۆخی سیاسیەوە زۆرجار کێشە کۆمەڵایەتیەکانمان لەبیر دەچێت‌و وەک پێویست حسابی بۆ ناکەین ، خۆشبەختانە گەشتیارانی کورد لەدەرەوەی کوردستان دەرفەتێکی زێڕینیان بۆ ڕەخساوە کەچیتر ئازارو ناخۆشی نەچیژن لەگەشتەکانیاندا کاتێک دەگەڕێنەوە ناوکەسوکاریان ، بەبۆنەی کردنەوەی دووفرۆکەخانەی نێودەوڵەتی کەبریتین لەفرۆکەخانەی ( سلێمانی و هەولێر ) بونی ئەم دوو فرۆکەخانەیە مایەی سەربەرزی‌و خۆشیە بۆ خەڵکی کوردستان کەچیتر گەشتەکانیان لەڕێگەی وڵاتانی دراوسێوە نەکەن‌و بەکورترین کات بەووڵاتی خۆیان شادببنەوەو  سوکایەتیان پێنەکرێت لەناو فرۆکەخانەکانی ئێران و تورکیاو سوریا و تەنانەت سەرسنورەکانیش. 

ئەوانەی لەهەندەرانەوە سەفەردەکەنەوە بۆ کوردستان خەڵکانێکن بەلایکەمەوە هەرنەبێت ٢ بۆ ٣ ساڵ لە ئەوروپا ژیاون گەر زیاتر نەبێت دیارە ئاشنابون بە زۆربەی یاساکان و هەڵسوکەوتکردنی ناوفرۆکەکان لەکاتی سەفەرکردن.

زۆر بەداخەوە ئەوەی بەدیدەکرێت لەناوگەشتی فرۆکەکانی نێوان ئەوروپاو کوردستاندا جیاوازترە وەک لەوەی دەبینرێت لە گەشتەکانی  ناوخۆی ئەروپادا هەم لەڕوی هەڵسوکەوتی سەرنشینانی فرۆکەکەوە لەگەڵ گەشتیاران هەم لەڕوی هەڵسوکەوتی گەشتیارانەوە لەناو فرۆکەکەداو مامەڵەکردنیان لەگەڵ تێمی ناو فرۆکەکە.

١/ لەڕوی خزمەتگوزاریەوە بۆسەرنشینانی ناو فرۆکەکە زۆرکەم تەرخەمی بەدی دەکرێت چ لەڕوی خواردنەوە کەدەدرێت بەهاوڵتیان چ لەڕوی مامەڵەکردنی خزمەتکارانی ناو فرۆکەکە بۆ سەرنشینەکان، خواردنەکەی وەک خواردنی سجن وایە زۆرجار ناچار نەبیت کەبەوئاسمانەوە دەستت بەهیچ شوێنێکدا ناگات هەرگیز ئەوخواردنە ناخۆیت ، مەبەست لێرەدا لەوەنیە هاوڵاتیان داوای  کەباب و  کفتەو سەروپێش بکەن ، پاشان دوجار داوای ئاوی خواردنەوە بکەیت سەری سێهەم جارم بەپارە پێت دەفرۆشن کە لەکەم هێڵی فرۆکەوانیدا ئەم حاڵەتە بەدیدەکرێت ، بەمەرجێک پارەی کڕێی سەفەری کوردستان بەقەدکرێی سەفەری ووڵاتێکی وەک کەنەدایە یاخود بچیت بۆدورترین وڵاتی جیهان .

 لەناو زۆربەی فرۆکەکەندا بەتانی یان پشتی خەو ئەدەن بەسەرنشینەکان کاتێک پێویستیان پێی دەبێت ، لەناو ئەم فرۆکانەی کوردستاندا وەک بەشە بایەعی مانگانە وایە ، ئەوەی خۆیان بدەنێ هەر ئەوەیە ، لەزۆربەی خەتەکانی جیاندا ساردی شەربەت تەنانەت مەشروبیش بەبەلاشە هەرچەندە ئەوخزمەت گوزاریە پێش کەش بە کوردبکەن من بەش بەحاڵی خۆم بەخراپی دەزانم لەبەرئەی ناو فرۆکەکە ئەبێت بەباڕو دورنیە شەڕو ئاژاوەی تیا دروست نەبێت .

٢/ خاڵی دوهەم  کە پەیوەستە بەو گرفتانەوەی کە سەرنشینانی ناو فرۆکەکە دروستی دەکەن ئەویش بریتیە لە پاپەند نەبون بەیاسای سەفەرو هەڵسوکەوتی ناو فرۆکەکەوە ، کە جێگەی داخە بۆتە هۆی نیگەرانی بونی تیمی فرۆکەکان‌و زۆرێک لەو هاوڵاتیانەی کە لە ناو فرۆکەکەدان ، بە بۆنەی مامەڵەکردنی سەرنشینەکان لەکاتی بەرزبونە و نیشتنەوەی فرۆکەکەدا، کاتێک بەرز دەبێتەوە  پێش ئەوەی ئیشارەت بدات کە ئازادیت بەوەی پشتێنی ئەمان بکەیتەوە ، بەداخەوە زۆرێک لە خەڵکەکە هەڵدەسن‌و ڕیز دەگرن بۆ تەوالێت، ناچار تیمی فرۆکەکە هاوار دەکەن ( سداون پلیس، سداون پلیس) نە جارێک نە دوو نە سێ ، هەر هاوار دەکەن سداون پلیس کە کەسیش گوێیان لێناگرێت بڕواتان بێت بەقەد ناوی خۆمان گوێبیستی ئەم وشەیە دەبین لە زۆربەی گەشتەکاندا.

 سەرپێچیەکی تری سەرنشینەکان دەبێت پێش بەرزبونەوە تەلەفونەکانیان بکوژێننەوە هەندێک لە هاوڵاتیان پاپەند نابن بەو بڕیارەوە زۆر کەس هەر گوێشی پێنادات،  پاکو خاوێن ڕانەگرتنی( تەوالێتەکانیش) گرفتێکی تری ناو فرۆکەکەیە کە زۆر جار  لەداخاندا لە ٣ تەوالێت دوانیان دادەخەن تەنها یەک دانەیان بەکار دەهێنن ، لە کۆتایی گەشتەکەدا کاتێک فرۆکەکە دەنیشێتەوە دیاسانەوە دەبێتەوە بە ( سداون پلیس ) ئەو وشەیە چەندین جار دوبارە دەبێتەوە  زۆر بەداخەوە جارێ فرۆکەکە نەیداوە لە ئەرز هەندێک لە بەڕێزانی گەشتیار هەڵدەسن  جانتاکانیان دەربهێنن خۆیان ئامادە بکەن بۆ دابەزین ، کە نابێت کەس لەجێگای خۆی بجوڵیت تاوەکو بلانسی فرۆکەکە تێک نەچیت .  ئەو خوایە بەوە ڕەحمی کردوە جامەکان ناکرێنەوە گەر بکرانایانەوە بەڕێزی وا هەیە هەر بە بەرزیەوە خۆی فرێ ئەداتە خوارەوە ئەوەندەی پەلەیە.

 داواکارین لە لایەنی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواچون بکەن بۆ کەموو کورتیەکانی گەشتە ئاسمانیەکان لە ڕوی خزمەتگوزاریەوە بۆ سەرنشینەکان زیاتر ڕێزیان لێبگیرێت وەک ڕێنماییەکانیش  ڕونکردنەوەی زیاتر بدەن بە هاوڵاتیان لەکاتی سەفەر کردنیاندا چۆن مامەڵە بکەن لەناو فرۆکەکاندا . تکای هەموو شمان ئەوەیە  گەر هێڵەکان سەربەخۆن‌ و هی خەڵکانی سەرمەیادارن با لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکڕیت لەکاتێکدا کەموو کورتیان دەبێت‌و کاری نایاسایی دەکەن بۆ هەموو کارێکی باشەشیان دەستخۆشیان لێبکرێت ، گەر  سەربەخۆش نین و کەسانی دەسەڵاتدار شەریکن لەگەڵ کۆمپانیاکاندا با ئە و  گەندەڵی‌و فەرقوجیاوازی لە سەر ئەرز دەیکەن  لە گەڵماندا   با ئاسمان و گەشتەکانیشمان لێ حەرام نەکەن . 

274 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت