Abubakir-Caf-4

لە بارەی مەرگەوە .. ئەبوبەکر جاف ..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەرگی( مەرگ) . مەرگ لە ژیاندا, ژیان لە مەرگدا ..

كاتێك ئێمە لێرەین مەرگ لێرە نییە, كاتێك مەرگ لێرەیە ئێمە لێرە نین . كۆی ئەو هەوڵانەی كە بۆ تەعریفكردن و مانا دان بەمرگ دراون , هەمویان بەهێڵی شاراوەو نەشاراوە دەچنەوە سەر ژیان , نەمان بینی لەو دیو ژیانەوە باسێكی مەرگ بكرێت, ئیدیایەكمان لە سەر مەرگ پێنەدرا, كە بەسەدان هێڵ نەچێتەوە سەر ژیان.

راستە ژیان برێكی زۆر لە مێژوو لە زماندایە , بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت باسكردنی ژیانیش پانتاییەكی زۆری لە دەرەوەی ( زماندا ) نەمابێتەوە, تەنها وەستان لەسەر زمان بۆ مانادان و مانا كەشفكردن و مانا بەرهەمهێنان , بەس نییە , بوونهایەكی گەورەی ئۆنتۆلۆژی و میتافیزیكی هەن لەدەرەوە لەودیو ( زمانە ) وەن , میتازمانن…

بۆیە ناچارین لە گەڵ ( ڤینینگشتایندا بڵیین : ئەوەی ناتوانین لەبارەیەوە قسەبكەین و بیهێنینە لۆژیكی وێنەوە , دەبێت لێی گەرێین و وازی لێ بهێنین , ئەوحەقیقەتە گەورانەی لەدەرەوەی زماندان ( خودا, مەرگ , ئینسان ..) . ئەگەر زمان كاری بەرهەمهێنانی ( وێنە بێت ) ئەوا وێنەی دەستەمۆو پەیپێبراو بەرهەم دێنێت , یا بەرهەمدەهێنێتەوە . بەڵام ( خوداو رەهەندێكی گەورەی ئینسانی و كۆی مەوجودات , لۆژیكی موتەعالی و ترانسدێنتاڵییان هەیە . واتە تێدا دەژین , بەدەریا لەودیو ئێدراك و هەستكردنمان بەو ژیاندنە لەترانسدێنتاڵدا.

كاتێك ئەم دۆخ و حەقیقەتە ترانسدێنتاڵانە دێتە ناو زمانەوە , بمانەوێت یا نەمانەوێت دێتە ناو ئەزموونەوە., كەواتە گومانمان لەوە نەبێت : ئەوەی تێیدا دەژین خودی ئیدیاكان نییە , ئەوەندەی تەفسیری ئیدیاكانە .

نیچە تەواو راست ئەكات كە : ئێمە حەقیقەتمان نییە , ئەوەی هەیە تەفسیرەكانی حەقیقەتە , كەواتە كۆی تەفسیرەكانی مەرگ دەچنەوە سەر ژیان , ووردتر لەهەموو تەفسیرەكانی مەرگ , تەفسیرە ( میتافیزیكی- تیولۆژییەكانە ) . ئەم تێرامانە لەمەرگ تەنها ئینسانێكی زەمانی و ناسوتیمان پێ ئەدەن , ئەگەرباس لەڕەهەندگەلێكی مەرگ بكەن , ئەوا باسی ژیانێكی ( خواستراو ) بۆ ئەزمونكردن دەكەن بۆ ئینسان ..

مەرگ لەڕوویەكەوە دەكەوێتە ئەودیو ئەزموونكردن و ئەو دیو مێژوو ئەودیوی زمانەوە … بەڵام بەو حوكمەی ئینسان , ناچارە بەڕەهەندی ترانسدێنتاڵی و موتەعالی.. نا ناكرێت بهێنرێتە ناو زمانەوە , لە زۆر دۆخ و فەزاو ئەتمۆسفێری( نا زەمەنی و نا مەكانیدا) دەژی… واتە ئینسان لەژیانیدا, چەندێك لەم ژیانەدایە , ئەوەندەو بگرە زیاتری لەو دیو ئەم ژیانەوەیە . ئەو دیو ژیان ناتوانرێت بهێنرێتە ناو ژیانەوە, ( خودا نایەت , مەرگ نایەت , خلود و ئەبەدییەت نایەت … ئەوەی دێت هەر ئەو وزەو هێزە بچوكەیە كە ئەزموونی دەكەین, بەڵام ئینسان بێئاگاو نا وشیارە لەوەی لە ئەزمونكردنیشدا ترانسدێنتاڵ حوزوری هەیە…

ئینسان و بوون هەر زۆر لایەنی لە ( نا ژیاندایە ) . مەبەستمان لە ( نا ژیان ) , پانتاییە ” سۆسیۆ – بیۆلۆژییەكەی ژیانە … ئینسان كول و تۆتالێكە پارچە پارچە ناكرێت… ئینسان لەودیو بیۆلۆژیا و فیزیا و سۆسیۆلۆژیاو سایكۆلۆژیاو مێژوو رەهەندەكانی ترەوەیە.. ئەوەی زانستە ( مرۆیی- سروشتی دەقیقەكان ) پێمان ئەدات , یا ئینسان نییە , یا بەشێكی ( بەشكراوە ) لە ( گشتێكی ) بەشنەكراو …

ئێمە ناچارین لەفەزا پەی پێنەبراوەكانی وەك ( میتافیزیكیا و میسۆلۆژیا… بۆ تەعریف و مانا بگەرێین .. گەورەیی پاڵەوان و وێنەكانی میسۆلۆژیا , هەڵشاخان و بەگژداچوونەوەی پرسە ئۆنتۆلۆژییە ” گەورەمان بوو( خوداكان , قەدەر , ئینسان و وەزیفەكانی و چییەتی و بۆچییەتی لێرە بوونمان , داهاتوو مەرگ و ئەودیو مەرگمان… ) ئەفسانەكان زیاترو دەوڵەمەندتر لەقوڵایی ئینسانبوونمان تێ ئەگەن , لەبوون تێئەگەن… بۆ؟. چونكە لەودیو رەهەندە ( ئاسۆیی – زەمەنییەكەی ) ئینسانیمانەوە , باس لەرەهەندە ستوونی- نا زەمەنییەكەی ) ئینسانیمان دەكەن… هەڵشكانێكی ترانسدێنتاڵیانەی ئینسانیمانە لەبووندا … مەرگ لەژیاندایە وەك تارماییەك بۆ بینینی كۆتاییەكان… ژیان لەمەرگدایە بەبینینی كۆتاییەكی( نەخوازرا) و سەرەتاو ئیدامەدانێكی ئەبەدییە , بۆ عەدالەتێكی ئۆنتۆلۆژیانەی موتڵەق… ( چەند بێلەزەت و بێتامە ئەو رستەیەی كەپێمان دەڵێت: عەدالەت تەنها لەمەرگدایەوە بەرانبەر مەرگ هەمەو وەك یەكین .. ( مونافیقێك و پیاوچاكێك, پیاوێكی پڕ فەوزیلەت و سیاسیەكی مونافیق و ئینتیهازی و, جەلاد و قوربانییەك … وەك یەك بمرن..

ئەڵبەتە ئەودیو مەرگ .. كەماڵ و وێنەیەكی كامڵی كەموكورتییەكانی ( ئیرەیە) … ئەمەش هەر بەرهەمهێنانەوەی ( ژیانە) لەكەماڵبوونیدا …

چەند كڵۆڵیە بۆ مەرگ لەزمان و لەمێژوودا بگەرێین … بەڵام لە هەمووی ( پوچتر ) ئەو تەفسیرو برواهێنانە ( بیۆلۆژی- پزیشكییە – فیزیایەیە ) . كە بووە بە وەهمێكی ئیدۆلۆژی بۆ ئینسان لەبارەی مەرگەوە …

دەكرێت باس لەمەرگی ( مەرگ بكەین )

بەڵام ئێوە لەو بروایەدانین منیش هەرباسی ( ژیان ) ئەكەم ؟ .

915 جار بینــراوە لەڕەهێڵپۆست

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت