محمد گەردش: وەعدەکەی وەزیری تەندروستی و درۆ زلەکەی عەبادی!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاخ کورد و پارە و خیانەت، حەیف بۆ ئەو هەموو خوێنەی لەپێناو ئەم حکومەتەدا ڕژاوە.
هەموی سێ مانگێک لەمەوبەربوو کە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانیەوە زەنگێکی مەترسیدار درا بە گوێی بەرپرسانی تەندروستی و حکومەتە ناحاڵیەکەی هەرێمدا . کە ئەوکات زۆر لەسەرخۆو هێمنانە بە حکومەت وترا: ئیتر تەواو توانامان نەماوەو لێ بووینەوە، کە بەم گوزەرانە خراپەوە ئەو هەموو ئەرکەتان بۆ جێبەجێ ئەکەین، بڕۆ ئەوەندەش کات مۆڵەتتان بێت بۆ وەڵامدانەوە.
بەڵام ئەمانە هەمووی کۆبوونەوەیەکی لێ سەوزبوو لەگەڵ وەزیری تەندروستی، کە ئەویش وەعدێکی بەکارمەنداندا کە لەمەودوا مانگانە بڕیک پارە کە لە گومرگی مەشروب و جگەرەوە دەس حکومەت ئەکەوێ، تەرخان ئەکوین بۆ ئێوە بەمەرجێ ئێوە بەردەوامبن لە دەوامکردن و نەخۆشخانەکە بەجێ مەهێڵن، کە ڕەنگە بەجێ بەجێکردنی ئەو وەعدە کەرتی تەندروستی نەگەیاندایە بەم ڕۆژە.
بەڵام لەبەرئەوەی کارمەندان هیچ متمانەیەکیان بە حکومەت و وەزیر نەبوو هەربۆیە بۆچونیان وابوو کە ئەو بایکۆتە هەربکرێ باشە، بەڵکو خوابکا ئەم حکومەتەی کە لە گوێی گایا نوستوە بەخەبەربێتەوە!
لەوکاتانەشدابوو کە لەساڵی تازە نزیک دەبووینەوە، حکومەتە درۆزنەکەی تریش بە سەرۆکایەتی عەبادی وەعدی ئەوەیدا کە لەدوای وردبینی لە لیستی موچەخۆران، ئەوان بەرپرس ئەبن لە موچەی تەندروستی و پەروەردە بەبێ پاشەکەوت و لەکاتی خۆیدا، کە هەر ئەمەش بووە هۆی ساردبوونەوەی کارمەندانی تەندروستی لە بایکۆتکردن و بەردەوامیاندا بەخزمەتکردنی خەڵک لەگەڵ ئەوبارە ناهەموارە داراییەش کە تیایدا دەژیان. چونکە چاویان بڕیبووە ئەو تروسکە هیوایەی کە لە بەغداوە دەرکەوتبوو بۆ پێدانی مووچە.
کات هات و ڕۆیشت، لیژنە لەدوای لیژنە دەهاتن و دەڕۆشتن تا پەردەی لەسەر درۆکان هەڵدرایەوەو ڕۆژمان گەیشت بەم ڕۆژە. جا سەیر لەوەدایە کە ئەم هەموو کۆبوونەوەو هەراو لیژنەکاریە بۆ داواکاریەکی ئەوەندە زەحمەت نیە کە بە حکومەتەکەی دۆناڵد ترەمپیش جێ بەجێ نەبێ، بەڵکو تەنها داوای موچە کراوە.
وەنەبێ موچەخۆرانیش موچەکانیان بۆ پڕکردنی بانقەکان بێ، یان كڕینی ڤێلاو باخی گەورە گەورەبێ، بەڵکو بۆ دەفعکردنی کرێ خانووە، یان موچەیان بۆ کڕینی سەیارەی ئاخر مۆدێل نیە, بەڵکو بۆ چاکردنەوەی جامی شکاوی سەیارەکەیانە تاکو وورد نەبێ بەسەر مناڵەکانیانا. وەیان کارمەندی واهەیە خودی خۆی پێویستی بە نەشتەرگەریەو توانای دارایی ڕێگرە لە ئەنجامی ئەنجامدانی ئەو نەشتەرگەریە، چونکە تێچوەکەی پێویستی بە چارەکە موچەی ساڵێکیەتی.
هەربۆیە دەبێ حکومەتی هەربێنە باش لەوە حاڵی ببێ کە دەوام ڕگرتنی ئەمجارە یەکجارەکیە، چونکە ئیتر وەعدی وەزیر و حکومەتەکان هیچ ئەرزشێکی نەماوە و لیژنەکانی وردبینی و وتارەکانی سێ شەممانی عەبادی گیرفانی موچەخۆران گەرم ناکاتەو ، ڕق و توڕەییکارمەندانیش تەنهاو تەنها وەرگرتنی شایستە داراییەکان دایدەمرکێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت