محەمەد ساڵەیی : من و مەلا مستەفا .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

تابلۆ ـ محەمەد ساڵەیی .

دێتە بیرم لە کۆتایی ساڵانی شەستەکاندا ، کە تازە گۆرانی یەڵڵا شۆفێرو گیولدر یەڵڵا گیولدر دەرچوو بوون و لە رادیۆی بەغداوە پەخش دەکران ، دایکم و ماڵەوەمان زۆر بە نزمی  و سەرسامییەوە دەیانگوت : کورە بابە ، لە پاشی حەسەن زیرەک و مەلا مستەفا با هەر کەسێ بچێتەوە ماڵی خۆی !!

منیش بە هزری منداڵی خۆم وام لێکدەدایەوە مەلا مستەفاش دەنگ خۆشێکی تیایە وەکو زیرەک ، بەڵام ئەی بۆچی بە ئەسپایی ناوی دەبەن ، بۆ ئەوەی باشتری بناسم لە دایکمم دەپرسی :

کوڕم کورد بێخاوەنە ، مەلا مستەفا شوانی کوردە !

ئەوجا هەر تێنەدەگەیشتم .!….

لە قوتابخانەی ئیمانی سەرەتایی لە گەڕەکی ئیمامقاسم  دوو ساڵم بە زمانی عارەبی خوێند ، بەڵام لە پۆلی سێیەمدا ، رۆژێکیان بەرێوەبەرەکەمان مەحمود شاکر مەحمود لە ناکاو خۆی بە پۆلدا کردوو ، هەموو کتێبەکانمانی کۆکردەوە و وتی : عارەبی تەواو ، سەرۆک بارزانی هەقی وەرگرتووەو لەمەدوا ئێوە بە کوردی دەخوێنن و ناوی خوێندنگەکەشمان کردە ناڵی . بۆیە  چیتر مەڵێن ( مەمنوون ) بەڵکو بڵێن سوپاس چونکە سوپاس و شایانی نییە کوردین !

ئەوجا هێدی هێدی مەلا مستەفام باشتر ناسی ، وێنەکانی ئەو شارو ماڵانیان تژی کرد . ئاهەنگ و دیلانی خۆشی حوکمی زاتی هەموو لایەکیان گرتەوە . گەورەترین ئاهەنگیان لە ناو شوان ساز کرد ، کە بە ئاهەنگەکەی حەسار ناسرا . پیاوێکی کورد لەسەر زەوی فەرشێکی راخستبوو وردیلە وێنەی بارزانی دەفرۆشت ، ئەو وێنانە دەرزییان پیوە بوون و لەسەر بەرۆک  گیر دەکران . فرۆشیارەکە هاواری دەکرد وەرن بۆ نان ، نان دەفرۆشین !!

مەردم لە خۆشەویستیدا وەکو ئەفسانە باسی مەلا مستەفایان دەکرد و زۆر بە رێزەوە ناویان دەبردن . چەندین چیرۆکی سەیریان دەربارەی دەگەڕاندەوە ، دوور نەبووهەندێکیان لە خۆشەویستیدا هەڵبەسترا بن .

لە ساڵی ١٩٧٩ پۆلی شەشی ئامەدیی بووم و بۆ بەکالۆریا خۆم ئامادە دەکرد ، هەموو شەوێک بە دەم خوێندنەوە ، گوێشم بۆ رادیۆی بی بی سی عارەبی کە لەندەنەوە پەخش دەکراو جێی متمانەی بیسەرانی بوو هەڵدەخست . شەوێکیان وتی هەر ئێستا ئەم هەواڵەمان پێگەیشت ، ئەمڕۆ لە واشنتۆن ، مەلا مستەفا کۆچی دوایی کرد .

پاشی هەواڵەکە باسی ژیننامەی ئەوی کردو لە کۆتاییەکەیدا وتی :

هەمیشە چارەنووسی سەرکردەکانی کورد وابووە کە لە ئاوارەییدا بمرن !

ئەم بڕگەیەی دوایی ، زۆر مات و دڵگرانی کردم .

رۆژی دواتر بۆ گەیشتن بە خوێندنگە ، دەبوو چەندین گەڕەک بە پایسکلەکەم ببڕم ، ئاگادار بووم لە زۆربەی ماڵەکانەوە دەنگی قورئان خوێندن بەتەیپ بەرز دەبووەوە . تێگەیشتم ئەمە پرسەیە بۆ ئەو جوامێرە ، چونکە لەو رۆژگارە سەختەدا کوردی کەرکوک لەوە زیادەتریان لە توانادا نەبوو . بەڵام هەندێ لە پیاوان لەجێی پشتێنی گوڵگوڵی ، گۆڕییان بۆ رەش و تا رۆژی ئەمڕۆشمان هەر باوە .

لە سەروبەندی رۆژگاری زانکۆدا ، قوتابیان لە پاڵ خوێندنەوە هەمیشە مژوولی دەنگوباسی شۆڕش بوون ، زۆربەیان گوێبیستی رادیۆی سەرەوە دەبوون . ئیتر باو باوی حیزبانێ بوو ، هەر کەسەو لە ئاوازێکی دەخوێندو بۆ حیزبی دڵی خۆی دەیلاواندەوە . ئەو دەم پارتی لێی قەوما بوو، گەلێک کز بوو ، هەوادارانی بەپەنجەی دەست دەژمێردران ، چونکە دونیای سۆشیالیستی گەمەی دەهات ، هەر بابا بوو بۆ خۆی پارتێکی دادەمەزراندو هەوڵی دەدا ئەستێرەکەی خۆی لەوی دی سوورترو گەورەتر بێت .

لە وانەی رۆشنبیری نەتەوەیی ( الثقافة القومیة ) مامۆستا بەعسییەکان هەموو زەرەرێکی جەنگی ئێران و ئێراقیان بۆ بارزانی و رۆلی ئەو دەگەراندەوە . هێرشی توندیان دەکردە سەر و ئێمەو مانانیش نەدەوێراین جووکە بکەین . قوتابیان هەموو بە رکوکینەوە لەوانەکە دەردەچوون و هەستیان بە دڵشکاویی و بێدەسەڵاتی دەکرد ، ئەودەم مرۆڤ تێدەگەیشت ، مەلا مستەفا وەکو هیمایەکی کورد لەهەموو تاکێکی رەسەندا بوونی هەیە .

دەستی رۆژگار سەری بادام و ماوەیەک لە ئەستەنبوڵ گیرسامەوە . رۆژێکیان لە چاخانەیەکی کورداندا گەنجێکی کوردی تورکی زمان ، دیار بوو زۆر لە بارزانی پڕ بوو و پێی وابوو تەنها برادەرانی خۆی کوردی تەواون و ئەوان دەتوانن قەرتاڵە ترێکە بۆ کورد پڕ بکەن :

 *  من نازانم بارزانی چی بۆ کورد کردووە ، کوا بەرهەمی ئەو چییە بۆ میللەت !!؟

بە تورکی هەر وتی و رێسای ، چونکە لەو تەمەن و ئاستەدا نەبوو بەرسڤم نەدەدا و حەزم نەدەکرد ددانی خۆمی لەتەکدا سپی بکەمەوە تا ئەو دەمەی وەستاو کفی دڵی خۆی دامرکاند . ئەوجا پێم وت :

* ئەگەر بارزانی نەبوایە ئێستا منیش وەکو تۆ بە عارەبی دەپەیڤیم !

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت