محەمەد هەریری: ئەفسانەی ئیسلامیەکانی ناو گۆڕان!‏ بەشی دووەم.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دکتۆرخالید محەمەد، پسپۆری زانستە سیاسییەکان، پێیوایە بزووتنەوەی گۆڕان بووەتە هێزێکی دواکەوتوو و مۆدیلی حزبێکی ‏ئیسلامی ‏سەلەفی، ئەمەش گەورەترین شکستە لە رووی فکریی و سیاسییەوە کە دەشێ لە دواجاردا ببێتە شکستی ‏جەماوەریش. وتیشی” گۆڕان و ‏کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی بوون بە سێ حزبی ئیسلامی نزیک لە یەکتر، هیچ ‏جیاوازییەکی ئایدۆلۆجیان نییە، هەرسێکیان کار بۆ ‏گەڕانەوەی شەریعەت دەکەن وەک بنەمای حکومڕانی کە ئەمە لە ‏سیستمی دیموکراتیدا جێی نابێتەوە، پاشان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە یەک ‏دەست پارتی بە پلەی یەکەم و یەکێتی کە ئێستا ‏خۆی لاواز بووە، بێهێز و لاواز بکەن. ‏
سیروان عەبدول، نووسەر پێیوایە کە”ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان حزبێکی ئیسلامی سیاسییە و ئەوەی بزووتنەوەی گۆڕان ‏دەیکا، ‏ئیغرابوونە بەو شەرعیەتەی ئیسلامی سیاسیی لە بەهاری عەرەبی وەریگرت. ‏
سیروان عەبدول، رەخنە لەو سیاسەتەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا دەگرێت و دەڵێت: گرنگە کاک نەوشیروان ئاگادار ‏بێت راستگۆیی ‏لە دەست دەدات، کاتێک بە ئاشکرا دیارە بڕوای بە ئەرگۆمێنت و قسەکەی خۆی نییە، دێت بە بیسمیلا ‏دەستپێدەکات و نوێژ دەکات و ‏وێنەکەی بڵاو دەکاتەوە، لە تەلەفزیۆنەوە پەنجە بەرز دەکاتەوە و داکۆکی لە سەوابیتەکانی ‏ئیسلام دەکات. کاک نەوشیروان موستەفا، ‏ئەوەندە قودەرتی نەبووە خۆی نەکات بە موهەڕجێک، لەبەردەم کامێرای ‏تەلەفۆزیۆندا بڵێ، رایدەگەیەنم ئیتر ئیشی ئێمە لە پەرلەمان، ئەوە ‏دەبێ داکۆکی لە سەوابیتەکانی ئیسلام دەکەین، لای من ‏زۆر ناشیرن دەهاتە بەرچاو، زۆر زیاتر لەوە دەچوو بەسەر مەسرەحی سێرکەوە ‏بێت و لە موهەڕجێک بچیت تا ‏سیاسەتمەدارێک. ‎
کاک سیروان کە لە هەموویان بێلایەنتر دەیبینم لەو دەقەدا گوزارش لە مەترسیەکانی یارییە سیاسیەکەی نەوشێروان دەکات، و پێیوایە ‏گۆران بۆتە ئیسلامی و نەوشێروانیش وەك موهەریجێك هەوڵی ڕاکێشانی سۆزی ئیسلامییەکان دەکات! بەڵام کاک سیروان پەی بەوە ‏نەبردوە کە ئەوەی نەوشێروان دەیکات هێندە باوەڕ نییە، ئەوەندەی سیاسەتە، و لە سایەی نەبوونی سەرچاوەی مادی بەهێزی وەك پارتی ‏و یەکێتی، ناچارە پشت بە مێژوو و ئەستۆپاکی و هەموو دەنگە نەیارەکانی کۆمەڵگا ببەستێت بەبێ جیاوازی.‏
وەك دەبینین حەمەسەعید حەسەن وەك شەڕکەرێکی پارتی و دکتۆر خالید محەمەد گۆڕانیان پێ حزبێکی سەلەفی ئیخوانییە، و کاک ‏ئومێدیش پێیوایە گۆران لە حزبەکەی داد و گەشەپێدان ئیسلامیترە!‏
گومانی تێدا نییە ڕایەکان زیادەڕەوی زۆری تێدایە، لە ژێر پاڵنەری حزبی و جوراوجۆر نووسراوە، چونکە ڕاستە گۆڕان کرانەوەیەکی ‏زۆری کردوە بەڕووی ئیسلامیەکان، و بەها دینییە گشتیەکان، و بەرەوام مەلا وبانگخواز دەهێنێتە سەر پەڕەی میدیای خۆی بۆ لێدوان ‏دان دژی نەیارە سیاسیەکانی، بەڵام بەڕای من هێندە بەکارهێنانی ئیسلامیەکانە، هێندە بە ئیسلامی بوونی گۆڕان و نەوشێروان نەبوو! ‏هەرچەندە ئەوەش دەرەنجامی نێگەتیڤی خۆی هەیە لەسەر هەڵوێستی ئەندامان و شوێنکەوتانی لە ئاییندەدا. چونکە تۆ بە ڕاشکاوی جاڕی ‏سێکیولار و دیموکراسی بوونی خۆت نەدەیت، زۆر لە ئەندامانی هێڵی ناوەند و پایینی بزوتنەوەی گۆران شتەکان تێکەڵ وپێکەڵ دەکەن، ‏هیچ جیاوازیەك نابینن لە نیوان حوکمی شەریعەت و حوکمی دیموکراتی!‏
بەڵکو بنکەی جەماوەری حزبە دینییەکانیش بە ڕێژەیەکی کەمتر فریودەخۆن بەو وەهمەی کە گۆڕان هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ حزبێکی ‏ئیسلامی وەك یەکگرتوو و کۆمەڵ! هەتا لەو یەک دوو ڕۆژەی وتاری نووسەرێکی ئیسلامی داعشی کوردیم خوێندەوە داوای یەکگرتنی ‏کۆمەڵی ئیسلامی و گۆڕان دەکات، بە سەرۆکایەتی عەلی باپیر، چونکە بەڕای ئەو عەلی باپیر کاریزمایەکی گەورەیە و هیچ سیفەتێکی ‏تاکرەوی و دیکتاتۆری تێدا نییە، گۆران کەسی نەماوە ببێتە سەرکردەیەکی کاریزمای وەك نەوشێروان، بۆیە [عەلی باپیر هو الحل] ‏چارەس

دیارترین ئەو دەمووچاوانەی کە دەڵێن ئیسلامین کێن لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا؟!‏
چەند کەسایەتیەكی دیار هەن لەناو گۆڕاندا کە خاوەنی پێشینەیەکی ئیسلامیین، وەك یوسف محمد ی سەرۆك پەرلەمان، و وشیار ‏عەبدوڵلای کوڕە نازدارەکەی کاک نەوشێروان، و هەڤاڵ ئەبوبەکر کە لە پێشینەیەکی ئیخوانیەوە هاتوون و علی حمە ساڵح و مەلا ‏کامەران و چەندینی تر لە ئاستەکانی تر.‏
ئەوانە ڕۆژێك لە ڕۆژان ئیسلامی بوون لە حزبێکی ئیسلامی یان وەك ئیسلامیەکی سەربەخۆ بوون، دەربارەی عەلی حەمە ساڵح تەنها ‏هەندێ لە لێدوانەکانی ئاماژە دەکەن بۆ پاشخانێکی ئیسلامی، دەنا من خۆم هیچ سەرچاوەیەکم دەست نەکەوت بۆ ساغکردنەوەی.‏
ئەوانە بە پاڵنەری جۆراوجۆر بوونەتە گۆڕان، هەیە بۆ بەرژەوەندی شەخسی و پلە و پۆستێکی وەك وەزیری ئەوقاف بۆ نمونە، دەنا ‏هێشتا خەونی دینی زۆر بچووکە! هەیانە هیچ پابەندبوونێکی ئیسلامی نەماوە بە شەقیش نوێژێك ناکات! هەشیانە بە تەواوی لە ناخیەوە ‏گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی کە دەوڵەتی ئیسلامی بە کەڵکی ئەو ڕۆژگارە نایەت، و خەبات لەو چوارچێوەیە ئاسنی سارد کوتانە، چاکترە ‏ئەو هەوڵ و کۆششانەی بخاتە گەڕ بۆ سیستمێکی دیموکراتی، کە دادگەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی هەموو مرۆڤەکان دابین دەکات، ‏ئەگەرچی هەندێ پابەندبوونی عیبادی ماوە وەك نویژ و ڕۆژوو و حەج و عومرە بۆ وێنەگرتن و سەرسامکردنی جەماوەرە دیندارەکانیان ‏لە فەیسبوک و تۆرەکانی تر.‏
بابڵێین ئەوانە دەمووچاوە هەرە ناسراوەکانی کۆنە ئیسلامیەکانی ناو گۆڕان بن، ئایە ئەوانە جێگای مەترسین بۆ سەر گۆڕینی گؤڕان لە ‏حزبێکی مەدەنی سێکیولارەوە بۆ حزبێکی ئیسلامی کوردی؟!‏
بەڕای من سەرەڕای هەندێ تەسریح و لێدوان و نووسینی حەماسی هەندێ ئەو کەسایەتیانە، دەنا ئەو تۆمەتە و ئەو ترسە هیچ بنەمایەکی ‏بەهێزی نییە، تەنها لە عەقڵیەتێکی ئایدیۆلۆژی هەڵچوەوە دەردەچێت یان بە پاڵنەری دژایەتی حزبیەوە دەردەچێت. گۆڕینی گۆڕان بۆ ‏حزبێکی ئیسلامی ئەوە تەنها وەهمێکە لە میشکی کەسانێکی هەڵچوو و کرێگرتەی سەڕی ئایدیۆلۆژیەوە دەردەچێت. بەڵام دیسانیش ‏بێدەنگی گۆڕان لە کەسانێکی داعشی کە هێزە کوردیەکان تەکفیر دەکەن، و ستایشی پەیجەکانیان بۆ ئەو جۆرە کەسانە و بڵاوکردنەوەی ‏ڤیدیۆکانیان، کارێکی زۆر خراپە و باڵانس و بەهای مەدەنیەت و سێکیولاربوون و دیموکراتی بوونی گۆڕان دەخاتە ژێر پرسیارەوە!‏
بەڕای من ئیسلامییەکان هەڕەشە نین لەسەر گۆران، بەڵکو بە پێجەوانەوە گۆڕان بۆتە بەرزەخی ئیسلامیە پێگەیشتووەکانی، هیچیتر ‏باوەڕیان بە پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی نەماوە، پێیوایە لەگەڵ گۆران بێت دژی گەندەڵی و ناعەدالەتی چاکترە و بە بەرهەمترە، لەوەی ‏لەناو حزبێکی ئیسلامی تەقلیدی بن لەو ڕۆژگارەی بورکانی ئیسلامی سیاسی بەرەو دامرکانەوە دەچێت، پاش تۆمارکردنی دەیان و ‏سەدان هەوڵی فاشیل و ژێرکەوتوو. ‏

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت