محەمەد هەریری: بۆچی زنجیرەی غرابیب سود ڕاگیرا؟!
ئەمڕۆ 16-06-2017 هەوالێك بڵاوبوەوە کە زنجیرەی غرابیب سود ی ئێم بی سی لە ئەڵقەی 20 دا ڕادەگیرێت! هەواڵەکە زۆر لە ناکاو بڵاوبوەوە بۆ زۆرینەی خەڵك ناخۆش بوو کە دەیانەویست لە داعش بگەن لەناوەوە، بەڵام بێگومان هەواڵێکی خۆش بوو بۆ کۆمەڵێ میدیا و گروپی دینی وتیرۆرستی و دەوڵەت وخەڵکانێك لەبەر هاوبەشی زۆریان لەگەڵ داعش، ئەانە ئەو ڕاگرتنە لە ئەنجامی هەڵمەتەکانی خۆیان دەبینن. لە یەك کاتدا ئیخوانەکان و میدیاکانیان و زانا وەهابیە توندڕەوەکان و مینبەر ومیدیاکانیان و سیاسیە ئیسلامیەکانی قەتەر و لە جەماعەی ئیسلامی و باقی گروپە جیهادییە سەلەفیەکان هەڵمەتی دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند دژی زنجیرەی غرابیب سود، لە ژێر بڕوبیانووی جۆراوجۆر وەك مەسەلەی شەڕەف و وروژاندنی هەستی سوناتی و شیعاتی وشتیتریش! بێگومان الجزیرة مایسترۆی ئەو هەڵمەتانە بوو!
وەك هەمیشە کەناڵی الجزیرة سەرپەرشتی هەڵمەتی دژایەتی ئەو زنجیرەیەی کرد، تا ئێستا چەندین بەرنامەی بۆ تەرخان کردوە کە هەمووی لە دژی ئەو زنجیرەیە، وەك پیشەی هەمیشەیی الجزیرة لە بەرگری کردنی لە تیرۆریزمی ئیسلامی بە شێوازێکی ناڕاستەوخۆ بەرگری لە داعش دەکات، بە بیانووی تر وەك:
ناوی زنجیرەکە [غرابیب سود] هەڵەیە چونکە بە مانای ترێی ڕەش دێت یان چیای سەرکەش! بێگومان ناوەکەی لە سورەتی فاطر ئایەتی 27 وەرگیراوە کە دەڵێت: [وَمِنَ الْجِبَالِ جُدَدٌ بِيضٌ وَحُمْرٌ مُّخْتَلِفٌ أَلْوَانُهَا وَغَرَابِيبُ سُودٌ] ڕاستە بە ترێی ڕەش دەگوترێت بەڵام نەمزانیوە بە چیای سەرکەش بگوترێت، بەڵکو لێرە وەسفە بۆ ڕەنگی چیا، کە چیای سپی و سوور و ڕەشی قەترانیش هەیە، عەرەب بە پیاوی زۆر ڕەش دەڵێن: هو أسود غربيب، إذا وصفوه بشدة السواد! کەوابوو ناوەکەی تەواوە!
ئینجا جەزیرە تۆمەتباری زنجیرەی غرابیب سود دەکات کە گوایە بەرهەمێکی شیعییە، چونکە مودیری ئێم بی سی علی جابر شیعییە! ئەو پیاوە لە بەرنامەی حەرەب گۆت تالێنت دادوەرە کەسێکی هەتا بڵێی ڕۆشنبیر و دوور لە تائفیەت دیارە، زۆر ناخۆشە تۆ تەنها لەبەر ئەوەی لە خێزانێکی شیعی لە دایک بووبیت، هەتا ئەتێیستیش بیت بە شیعەیەکی تائیفیت بزانن! ئەگەر شیعەیەکی وا تائیفییە چی دەکات لە کەناڵێکی سعودی؟ هەمان شت بۆ چەند ئەکتەرێك کە شیعەن، ناکرێ هەر لەبەر ئەوە شەڕی تائیفی دژی زنجیرەکە بەرپا کەین.
یان نووسەرێکی کوێتیان هێناوە دەڵێت ئەوانە حەیای ژنی خەلیجیان بردوە، چونکە دوو ژنی کوێتی دەچنە ناو داعش لە پێناو دۆزینەوەی مێرد! دەڵێن ئەو شیعانە لە ڕێگای درۆیەکی ساختەی وەک [جهاد النکاح] ناوی ئافرەتی خەلیجی پیس دەکەن چونکە قەت ئافرەتی خەلیجی شتی واناکەن! ڕاستە وشەی جهاد النکاح دروستکراوێکی میدیای شیعییە کاتی خۆشی لەسەرم نووسیوە، بەڵام ئەگەر فەتوایەکیش نەبێت بەو زاراوەیە، گومانی تێدا نییە سەدەها کچ و ئافرەتی موسڵمان لە جیهانی عەرەب و ئیسلام و هەتا ئەوروپاش بە پاڵنەری دینی و سۆزیاری چوونەتە ناو داعش بەدوای پیاوێك! کورد هەیە بە ژنەوە چۆتە ناو داعش، لەوێ ژنەکەیان لێی گۆڕیوە ئێستا ڕۆژانە ژنی سعودیەك و کوێتیەک و شیشانیەکە! جهاد النکاح بە زاراوە و فەتواش نەبێت بەڵام بە کرداری هەیە لە هەردوو لای پیاوەکان و ژنەکانی داعش. ئەی ئەو هەموو گەنجەی وڵاتە چەپێنراوەکانی عەرەب وئیسلام بۆ دەچن بۆناو داعش؟! مەگەر یەکێ لە سەرەکیترین ئامانج دەسکەوتنی سێکسێکی هەرزان و ئاسان نییە چ لە ڕێگای دەسکەوتنی ئافرەتێکی داعش یان کەنیزەیەکی ئێزدی و دیانەتی تر؟!
دەڵێن ئەو زنجیرەی غرابیب سودە تانە لە ئەڵقەکانی فێرکردنی منداڵان بۆ خوێندن و لەبەرکردنی قورئان دەدات، چونکە لە دیمەنێکیدا دەڵێن دەبێت ئاگادار بیت منداڵت دەخەیتە بەردەستی کێ چونکە دوور نییە لەو ئەڵقەیە فێری داعشیەتی بکەن! بێگومان ئەوەش ڕاستە ئەو ئەڵقە و دەرسانەی مزگەوت هێندە ترسناك بووە منداڵت لە دەست دەدەیت ئەگەر ئاگادار نەبیت، بۆ دەبێ لەسەر ئەو قسەیە ڕەخنە لەو زنجیرەیە بگیرێت؟!
یان دەڵێن ئەو زنجیرەیە تەنها تیرۆریزمی و خراپیەکانی جەماعاتی سوونی [داعش ] نیشان دەدات، بۆ باسی تیرۆری شیعە و حەشدی شیعی ناکەن؟!
تۆ ببینە الجزیرة چەندە مەخلوقێکی سەیرە شەڕی سعودیە دەکات کە شوانی وەهابیزمە، پشتگیری و بەرگری لە قاعیدە و داعش و تیرۆریزمی ئیسلامی دەکات لەوەتی هەیە، دژایەتی شیعەگەری دەکات، کەچی لە هەمان کاتدا لەو قەیرانە سیاسیەی دژی سعودیە و ئیمارات و میسر و بەحرەین، ئێرانی شیعە و دامەزرێنەری حشد الشیعي پاڵپشتی لە قەتەری جەزیرە دەکات؟!
ئەو ئەو ڕایەی من دەسەلمێنێت کە زۆرجار گوزارشم لێکردوە، کە دەڵێم تیرۆریزمی سوونی و تیرۆریزمی شیعی وەك وێنەیەکی پەزڵن لە دوو پارچە پێك هاتوون، بێ یەکتر هەڵناکەن و بەردەوامیشیان نابێت.
دەنا لە چ فەرهەنگێکی سیاسی بووە ئێرانێکی تائیفی سەفەوی شیعی بەرگری لە قەتەری الجزیرە پاڵپشتیکەری تیرۆریزمی قاعیدە و داعشی سوونی بکات؟!
وادیارە ئەو زنجیرەی غرابیب سودەش بووە قوربانی ئەو شەڕ و حەساسیەتە تائیفیەی شیعە وسونە، و توانییان لە ڕێگای مەلا و بانگخوازە توندڕەوەکان خەڵکی سادە و ئاسایش تاڕادەیەك بکەنە گژ ئەو زنجیرەیە، دیارە سعودیەش تا تۆمەتبار نەکرێت بە دژی سووناتی وەك الجزیرە ئاماژەی پێدەکرد لە بەرنامەکانی، بڕیاری ڕاگرتنی ئەو زنجیرەیان دا کە لەو ڕەمەزانە عەرەب لەوە بەسوودتریان بەرهەم نەهێناوە بۆ هاندانی خەڵك لە دوورکەوتنەوە لە داعش و تیرۆریزمی دینی بە گشتی.