محەمەد هەریری: حوکمی دینی و دیموکراسیەت قەت کۆ نابنەوە!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کوردستان و هەر وڵاتێك بیەوێت بە ئاسوودەیی بژیت، دەبێت پەیڕەو لە دیموکراسیەتێکی هەقیقی بکات، و ئاینیش بکاتە کارێکی تایبەت بە تاك و هیچ دەسەڵاتێکی جەمعی کۆمەڵی پێ نەدرێت. ئەو وڵاتانەی کە ئێستا وەك مرۆڤ لە بەهەشتی دنیا دەژین، ئەو وڵاتانەیە کە کەس بۆی نییە موحاسەبەی کەس بکات لەسەر بیروباوەڕ و، چی لەبەر دەکەیت و چی دەپەرستیت و چی دەخۆیتەوەو… هتد. کۆمەڵگا بێ نیفاقەکان لەوێن، لەو وڵاتانە ئاین کارێکی تایبەتە بە تاکەکان و دیموكراسیەت چەترێکە بۆ هەموو کۆمەڵگا. بەڵام لەو وڵاتانەی ئاین دەسەپێنرێتە سەر فەزای گشتی و دەست دەخاتە ناو هەموو شتێك، بە خۆشی و بە ترشی، ئەوە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی دیموکراسی لەوێ بار دەکات، چونکە حوکمی دینی و دیموکراسیەت قەت کۆ نابنەوە، با ئەو حوکمە دینیە لەسەر دەستی خودی پێغەمبەریش بێت.

بینیمان کە ئاین لە سەردەمی مەکەدا دەسەڵاتی نەبوو، چەند وتارێکی نەرم و نیان و مرۆییانەی گرتبوە بەر، لە ژێر دەسەڵاتی قوڕەیش. هەرچەندە قوڕەیشیەکان سنگیان فراوان بوو بۆ فرەدینی، بە مەرجێك داوای خۆسەپاندن نەکات، بەڵام کە دیتیان ئیسلام داوای موسڵمان بوون و یان شەڕیان لێدەکات، و بیروباوەڕیان لێ قبوڵ ناکات، دەستیان دایە چەوساندنەوەی موسڵمانان! چونکە دەیانزانی موسڵمان کە دەسەڵات و هێزی پەیداکرد لێیان بێ دەنگ نابێت! سەرەڕای ئەو هەموو وەسفکردنەی عەرەب بە جاهیلیەت، بەڵام جۆرێك لە دیموكراسیەت بۆ هەموان هەبوو لە مەکەدا، سەدان خوداوەند و دین و ئۆل لە مەکەدا هەبوون. و موسڵمانیش ئەوسا دەیانگووت: لکم دینکم و لی دین، بۆیە یەك تاقە مونافیقێکیش نەبوو، بەڵام کە پایەی هێز و دەوڵەت لە مەدینە دامەزرا، ئەو عەرەبانەی کە تێکڕای مێژووی خۆیان نەیاندەزانی نیفاق و دووڕوویی چیە، لایەکیان ببوونە مونافیق و دوو ڕووی سیاسی بەر لە دینی، وەك دیتمان چۆن قورئانیش بەو دیاردەیەی مونافیقان سەرقاڵ بوو سورەتێکی تایبەتی لەسەر دابەزاندن، جگە لە ئایەتەکانی تری پەیوەندار لێرە و لەوێ!
من گەیشتومەتە قەناعەتێك لە ڕێگای خوێندنەوەم لە دین و مێژوودا کە ئەو کۆمەڵگایانەی وەسف دەکرێن بە موشریك و نا تەوحیدی، هەردەم قابیلی گەیشتنن بەدیموکراسیەت، خێراتر. بەڵام ئەو کۆمەڵگایانەی مەحکومن بە تەوحید و دیانەتی تەوحیدی قەت هیوای ئەوەت پێ نەبێت بیر لە دیموکراسیەت بکەیتەوە تێیدا، بۆیە ئەو کۆمەڵگایانەی کە خاوەنی دیانەتی تەوحیدی وەك جوواتی و مەسیحی و ئیسلامن، سێ دیانەتە ئیبراهیمیەکە، ئەگەر بیانەوێت لە تەنگژەی دینی و کۆمەڵایەتی و تایفی ڕزگاریان بێت، نابێت قەت ڕێگا بدەن بە دینەکان دەست بخەنە ناو سیاسەت و حوکم. دەنا گەورەترین کارەساتیان لێدەکەوێتەوە. ئەوەشی دەڵێت ئیسڕائیل دەوڵەتیکی دینییە ڕاست ناکات، چونکە ئەگەر ئەو هێزە ئەتۆمیە گەورەیەی ئیسڕائیل لە دەست جووە توندڕەوە ئەرتۆدۆکسیەکان با، ئیستا دەمێك بوو نیوەی عەرەبیان لەناو بردبوو. ڕاستە هەندێك لە مەقولاتی تەوڕاتیان تەوزیف كرد و سوودیان لێ وەرگرت بۆ کۆکردنەوەی جووەکان و پڕۆژەی بە نەتەوەبوون، بەڵام هێشتا سیکیولارەکانی ئیسڕائیل حوکم دەکەن، ئەگەر دیندارە توندڕەوە ئەرتۆدۆکسەکان بێنە سەر حوکم، ئەو کات دەبێت ئومەی عەرەبی دوعا بۆ سێکیولارەکانی ئیسڕائیل بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت