محەمەد هەریری: کورد و شینی بۆرما!

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

من نازانم بۆ شتی کورد هەردەم ناوازەیە و بێ وێنەیە؟! کە خۆی بۆ غەزە دەگری، داوا دەکات هەموو کوردێک لەگەڵ ئەودا بگرین! کە بۆ بۆرما هاوار و فیغانیتی، دەبێت ئەوەی دەیناسی و نایناسی هاوار و فیغان بکات!
یانی هاوسۆزیشی پێ خۆشە بە کۆمەڵ بێ وەک نوێژی جەماعەت!
ئەو دیندارە سیاسی و حزبیانە، بەوە بەس ناکەن ڕۆژانە دەیان پۆست لەسەر بۆرما بکەن، پڕی وێنەی ساختە و درۆی بکەن! بەڵکو جوێنیش بەو کوردە (عەلمانیانە) دەدەن کە هیچ هەستێکیان بۆ بۆرما نابزوێ! یەک دووێکم لەوانە بلۆک کرد لەبەر ئاستی جوێن و بێ ئەدەبی شێوازیان!
تۆ بڕوانە لەو عەقڵیەتە عەنتیکەیەی کە بە دەست ئایدیۆلۆژیای دینی شێوێندراوە!
خۆی هەستی بە دەگمەنیش نابزوێ بۆ کوردەکانی باکور و ڕۆژئاوا، کە گومانی تێدا نییە لە موسڵمانی بۆرما موسڵمانتریشن، شەو و ڕۆژ چەپڵە بۆ ئەردۆگان لێ دەدات، پێشی ناخۆشە کەسێک جوێنی پێدات لەسەر ئەو هەڵوێستەی دەرهەق برای خوێن و دینی خۆی! بەڵام پێی تاوانە بەشێک لە کورد بایەخ بە کارەساتی بۆرماییە موسڵمانەکان نەدات.
پێی ئاساییە هەموو نەتەوە موسڵمانەکانی دنیا بێ دەنگ بن لەبەردەم کارەساتەکانی میللەتێکی 40 ملیۆنی وەک کورد! بەڵام دەبێت کورد شین بکات بۆ میللەتێکی یەک ملیۆنی روهێنجیای بۆرما! بۆ میللەتێکی دوو سێ ملیۆنی غەزە!
من کاتێک بایەخ بە ئازاری خەڵکیتر دەدەم، کە زانیم ئازاری منیش لای ئەوان جێگای بایەخە! ئەوە یاسای ژیانە. بێگومان زۆر دژی ئەو چەوسانەوەیەم کە لە دژی موسڵمانانی بۆرما دەکرێت، بەڵام تا دۆزی کورد و کارەساتەکانی هەبێت، کاتم نییە بۆ شین وشەپۆڕ بۆ بۆرما و غەزە و سۆماڵ و شوێنی تر!
ئیتر بابەس بێت بڵاوکردنەوەی ئەو وێنانەی کارەساتی بۆرما کە زۆربەیان ساختەن! حەزت لە شین و شەپۆڕە بیکە یاخوا ملت دەشکا، بەڵام جوێن و پەلامار و وپەلار بەملا وبەولادا مەنێرە، بۆ ئەوانەی وەک تۆ شین ناکەن!
تۆ هەست و سۆزێکی سەقەتت هەیە، ئیسلامی سیاسی بۆی بەستووی! کەوا بۆ موسڵمانانی بۆرما دەسووتێی و دژی دەسەڵاتی بودایی بۆرمای! لە کاتێکدا بۆ کوردانی موسڵمانی باکوور و ڕۆژئاوا وەک قاڵبە سەهۆڵی و جەلادە موسڵمانەکەشیانت، کە ئەردۆگانە خۆش دەوێت!
ئەگەر بە دینیش بێت، دین دەڵێت الاقربون اولی بالمعروف! نزیکەکانت شایستەی چاکە و یارمەتی تۆن زیاتر لە دوورەکان! بەڵام دووری و نزیکی لە چاویلکە و زوومی ئیسلامی سیاسی، وەک چاوی ئاسایی نییە!

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت