yusf

میهرداد ـ ر ـ ئیزەدى : یەزدانى .

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەتورکییەوە : یوسف عزەدین

یەزدانى بەواتاى ” مەزهەبى فریشتەکان” دێت و لە ئێستاشدا تەواو گۆڕانى بەسەردا هاتووەو ناوى راستەقینەى خۆى وەک ئایینێک ونکردووەو یەزدانى-یش بەشێوەیەکى مەجازى بەو کەسانە دەگوترێت کەپەیڕەوى ئەو رێبازە دەکەن .
یان رەنگە یەزدانى ناوێکى دیکەى ئێزیدى بێت و هەروەک چۆن ” شەرەفخانى بتلیسى ” لە ” شەرەفنامە ” دا ئاماژەى بۆ دەکات و بە ئێزیدى ناویان دەبات . گەرچى جەخت دەکاتە سەر ئەوەى کەلەو دەمەدا “1597” ساڵى نووسینى ” شەرەفنامە ” زۆربەى کورد پەیڕەوى مەزهەبى ” سونى- شافیعى ” یان کردووە ، بەڵام هەر بۆ خۆشى ئاماژە بەوە دەکات کە تا ڕابردوویەکى نزیک هەموو بنەماڵە و بنەچەکانى کورد ئێزیدى بوون .
رەنگە ناوێکى دیکەى یەزدانى – یەتیش حەق بێت کەبەواتاى رۆحى رەها دێت و هەر ئەمەشە بۆتە هۆى دابەشبوونى بەسەر سێ بەشى سەرەکیدا :
ئێزیدى و عەلەوى و یاریسانى ” ، عەلەوى ـ یەکان لەئێستادا لەسووریا و تورکیاو بەڕێژەیەکى کەمیش لەو ناوچانەى کەعەرەبى تێدا نیشتەجێن هەن.
یەزدانى ـ یەکان چ لەئێستادا و چ لەڕابردووشدا باوەڕیان بەتیشکى پیرۆز و حەوت فریشتەکە هەبووە .. ژمارە حەوتیشیان بەپیرۆز زانیوەو پێشیان وابووە کەلە حەوت هێزى خراپەکار دەیانپارێزێت ، جگە لەوەى قەناعەتێکى رەهایان بەلەدایکبوونەوەى چەند جارەى ئافەریدەکار هەیە .
یەزدانى ـ یەکان رۆح و ماتریاڵ بەشێوەیەک لەیەکدى جیادەکەنەوە کەئیدى رۆحى رەها هیچ پێوەندییەکى بەدنیاى ماتریاڵەوە نامێنێت و پێوەى خەریک نابێت .
حەق” یان رۆحى رەها لاى یەزدانى ـ یەکان وەک ئافەریدەکار مامەڵەى لەگەڵ دەکرێت و سەبارەت بە ” حەوت – ژمارەى پیرۆز ” یش پێیان وایە کە لەبەرپرسى گەورەى فریشتەکان و پێنج فریشتەى دیکە و رۆحى رەها پێکدێت .
بەرزترین پلەى ئایینیش لاى یەزدانى ـ یەکان ” باب ” ە .. کە لەزمانى ئارامى کۆندا بەواتاى دەروازە دێت .
” میرزا عەلى محەمەد ” لەچەرخى نۆزدەیەمدا ژیاوەو یەکێکە لەو زاتانەى کەگەیشتۆتە پلەى باڵاى ” باب ـ دەروازە ” و دواتریش رێبازى ئایینى ” بابى یان بەهائى ” دامەزراندووە کەدیارە هەڵهێنجراوى بیرۆکەى ئایینى میترا ـ ییەکانە .. بەماوەیەکى کەم لەناوچەکەدا بڵاوبۆتەوە، پاش کەمتر لەسەد ساڵێک ئینگلیزەکان لەبەسرەدا پێى ئاشنابوون .. بەهۆى ئەوانیشەوە ئەم بیرۆکە ئایینییە گەیشتۆتە ئینگیلتەرا .
یەزدانى ـ یەکان چەشن و شێوەى خواپەرستنیان ، دوور لەخەڵکانى بێباوەڕ و غەیرەدین ، بەشێوەیەکى پەنهان و نهێنى بەڕێوە بردووە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەحوکمى باوەڕیان بە ” رۆحى رەها “، رێبازە ئایینییەکانى تریان جوداو نامۆ نەبینیوە .. پێیان وابووە کەپێغەمبەرەکان لەلایەن رۆحى رەها ـ وە بۆ رزگارکردنى مرۆڤایەتى نێردراون . هەر بۆیە بەگیانێکى دۆستانە روانیویانەتە پەیامى ” موسا و عیسا و محەمەد ” و هەموو جۆرە رێبازە ئایینییەکانى تریش .
ئەم تێڕوانینە نەرمونیانەى یەزدانى ـ یەکان بووە هۆى تێکەڵبوون و ئاوێتەبوونى رێبازى دیکەى ئایینى بە رێبازەکەیان ، یان بەپێچەوانەوە دەتوانین بڵێین نەرمونیانییان فاکتەرى سەرەکى پەرتەوازەبوون و پەرش وبڵاوبوونەوەى خودى رێبازە ئایینییەکەیان بوو.
شایانى باسە کە یەزدانى ـ یەکان سەبارەت بە دروستبوونى دنیاى ماتریاڵ و قیامەت تەواو هاوفیکرى رێبازە ئایینییەکانى ترن و ئەوەى بەلاشیانەوە گرنگە رۆژى قیامەتە .
هیچ کاتێک یەزدانى ـ یەکان دەستەیەکى تایبەتیان بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارە ئایینییەکانیان پێکەوە نەناوە .. دەستەوسان و لەسەرەخۆ و بەئەدەب روانیویانەتە رێبازە ئایینییەکانى دیکە.
گەرچى دینامیکییەت لەخودى ئایینییەکەیاندا بەدى دەکرێت .. بەڵام خۆ بەدەستەوەدانیان هۆکارى سەرەکى پارچە پارچە بوون و هەڵوەشاندنەوەیان بوو .
هیچ کاتێک خەیاڵى دروستکردنى زاتێکى رەهاى هاوچەشنى ” مەسیح ” و شاڵاو بردنە سەر ئایینەکانى تریان نەبووە .. هەر بۆیە لەچەرخى پانزەدا عەلەوى ـ یەکان وەک باڵێکى جیا وەدەرکەوتن .
دەکرێت میترا ـ ییەکان ، زۆروای ـ یەکان ، مەزدەکی ـ یەکان ، حوڕەمی ـ یەکان ، قەرامیتەکان … بەباڵى جیاجیاى یەزدانییەکان لەقەڵەم بدەین ، سەربارى کاریگەریان بۆ سەر مانی ـ یەکان و ئیسماعیلی ـ یەکان و دورزى ـ یەکان و بابى” بەهائى ” یەکان و زەردەشتى ـ یەکان .
مێژووى دەستپێکى رێبازى میتراییەکان دەگەڕێتەوە بۆ 400 ساڵى ” پ. ز ” واتە سەردەمى ” هێلینیستک ” کەدیارە لەو دەمەدا دژایەتى ئایینەکانى گریک و رۆمانەکانیان کردووە .. دواتریش بەرادەیەک کاریگەرى خۆیان سەپاندووە کەرۆمانەکان لەماوەى”274-377″ ى زاینیدا لەدایکبوونى میترا ـ ى خوداوەندیان لە 25-12ى هەموو ساڵێکدا یادکردۆتەوە .. دیارە هەر ئەم مێژووەشە کە لاى مەسیحییەکان یاد دەکرێتەوەو بەرۆژى لەدایکبوونى مەسیح ناسراوە .
ئێزیدییەکان ـ عەلەوییەکان ـ یاریسانییەکان ” هەرسێ بەشە جیابۆوەکەى یەزدانى ـ یەکان تا ئێستاش لەفێستیڤاڵ و کۆبوونەوەى ساڵانەى ئایینییاندا ، لەکاریگەرى ” میترا ـ س ” رزگاریان نەبووە .
سەربارى بڵاوبوونەوەى ئیسلام و کاریگەرێتى لەسەر ئایینەکانى دیکەى ناوچەکە ، هێشتاکە کاریگەرى یەزدانى ـ یەکان لەسەر کورد بەشێوەیەکى بەرچاو لە کولتوور و فەرهەنگ و هەڵسوکەوتى رۆژانەیاندا رەنگ دەداتەوە .. ڕاشکاوانەش لەهەڵسووڕانى ئایینى و چەشنى خواپەرستنیاندا رێزیان بەرامبەر بەشتە پیرۆزەکان هەیەو باوەڕ و قەناعەتیشیان بەمەوجودیەتى ” خدرى زیندە ” هەیە .
کوردەکان ” یەزدانییەکان ” پێیان وایە کە ” خدرى زیندە ” نزیک کانى و سەرچاوەکان دەردەکەوێت.. نهێنى و لوغزى ” خدرى زیندە ” ش لاى یەزدانى ـ یەکان دەگەڕێتەوە بۆ زیندووبوون و نەمردنى . پێشیان وایە ئەو سەرچاوەو رووبارانەى ” خدرى زیندە ” بەلایاندا گوزەرى کردووە، کیسەڵەکانى تەمەن درێژن و بەسیمبۆلێکى پیرۆزى دەزانن . لەسەرەتاکانى بەهاردا کوردە ئێزیدى و عەلەوى و موسڵمانەکان بۆ خاترى رۆحى ” خدرى زیندە ” بەرۆژوو دەبن ، پاشان بەکۆمەڵ و بەو بۆنەیەوە دەیکەنە جەژن .. لەکۆمەڵێکیشەوە بۆ کۆمەڵێکى تر سات و وەختەکەى دەگۆڕدرێت .
رەنگە یەکێک لەو رێبازە ئایینییانەى کەدژایەتى یەزدانى ـ یەکانى کردبێت ، زەردەشتى ـ یەکان بووبێتن . پێشم وایە پاش رووخانى ئیمپراتۆریەتى ” مەد ” و کوژرانى دوا دەسەڵاتدارى میدییەکان ” رکختى ڤێگا ئازهى زوحاک ” زەردەشتییەکان جێگەى یەزدانییەکانیان گرتبێتەوەو هەر لەو دەمەشەوە دوا پاشاو دەسەڵاتدارى میدییەکان ” زوحاک ” .. چ لاى زەردەشتییەکان و چ لاى ئێرانییەکان بەخودى شەیتان لەقەڵەم درا ، وەک لەداستانە میتۆلۆژییەکەى ” شانامە ” دا بەبەرجەستەکراوى خودى ئەو راستییە دەبینرێتەوە لەچوواندنى خودى ” شەیتان ” بە ” زوحاک “!؟
جێى سەرنجیشە گەر بڵێین ناوى دوا دەسەڵاتدارى میدییەکان ” ئازهى زوحاک ” لەلایەن ” هیرۆدۆتێس ” ـەوە دەرئەنجامى هەڵەى زمانەوانى شێواوەو بۆتە ” ئاستیاگێس “.
شایانى باسیشە زەردەشتییەکان لەزۆر رووەوە لە یەزدانى ـ یەکان دەچن ، هەر بۆ نموونە ” رەبەن – راهیب ” و کارمەندى تایبەتى ئایینییان نییەو پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکەیان لەباوکەوە بۆ کوڕ دەمێنێتەوەو بەو شێوەیەش ئیدامەى دەبێت.
خاڵێکى هاوبەشى تریشیان ئیمان و باوەڕى هەردووکیانە بەبوون و مەوجودییەتى ئەو حەوت فریشتەیەى کەدنیا بەڕێوە دەبەن ، سەربارى باوەڕى هەردوولایان بەحەوت فریشتە خراپەکە کەبەردەوام لەململانێ و دژایەتى فریشتە باشەکاندان .
رەنگە ناوهێنانى زەردەشت وەک پێغەمبەرێک ، تەنها جۆرێک لەخوڵقاندن و خستنەپاڵى پرەنسیپ و باوەڕە ئایینییەکانى زەردەشتییەکان بێت بۆ زاتێک بەناوى زەردەشت ـەوە کەدیارە ئەمەش هاوکات و پەیوەست بوو بەبووژاندنەوەى بیرۆکەى ” ئاریزم ـ ئارییەت ” ـەوە.
پاش 1400ساڵ لەهاوژیانى نێوان و یەزدانى ـ یەکان و ئیسلامەکان ، لەحاڵى حازردا دەکرێت زۆر خاڵى هاوبەش لەنێوان یەزدانى ـ یەکان و ئیسلامەکاندا ببینرێتەوە .. بەدرێژاى مێژووش لەدوو توێى پرۆسەى نەفیکردن و دژایەتیدا ، هەموو هەوڵ و تەقەللاى رێبازە ئایینییە جیاجیاکان ، بۆ ریشەکێشکردنى یەزدانى ـ یەت بەڕێوەچووەو هەردەمیش بەردەوام بووە .
بەپێى هەلومەرجى ئابوورى ئەو کاتە مەزدەکى ” یەکان کەکورتکراوەى ئاهورامەزداى زەردەشت ـ ییەکانە ، توانییان شوێن و جێگەو دەسەڵاتى ئایینى زەردەشت ـ ییەکان لەق بکەن و دواتریش رابەرێکى ئایینى مەزدەکى ـ یەکان توانى ” قوباد” ى پاشاى ساسانییەکان بەلاى خۆیدا رابکێشێت و لەسەر دەستى ئەو ببێتە مەزدەکى .
شایانى باسیشە کە مەزدەکى ـ یەتیش ، تاڕادەیەک قاڵب و فۆرمێکى ترى درێژە پێدانى یەزدانى ـ یەتە ، هەژار و نەدار و دەست کورت و زۆرلێکراوان بەتەواوى بوونە مەزدەکى، دیارە هۆکارى ئەمەش تێڕوانینى مەزدەکى ـ یەکان بوو بۆ دنیا کەپێیان وابوو ماڵ و موڵک دەبێت هاوبەش بێت و بەیەکسانى و تەبایى دابەش بکرێت .
ئەو خاوەندارێتییە هاوبەشەى کەمەزدەکییەکان باسیان لێوە کردووە ، بۆتە مایەى راکێشانى سەرنجى زۆر لەپسپۆڕان و نووسەران و هەر لەم سۆنگەیەشەوە بە یەکەمین بزووتنەوەیەکى هاوبەشگەرێتى یان سۆسیالیستى ـ یان لەقەڵەم داوە.
پاش پاشگەزبوونەوەى ” قوباد ” لەمەزدەکییەت و گەڕانەوەى بۆ سەر ئایینى زەردەشتییەکان ، لەسەردەمى ” نەوشیروان” ى کوڕیدا ، مەزدەکى ـ یەکان دوچارى جینۆسایدێکى بێوێنە بوونەوە ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ، بەماوەیەکى کەم پاش رووخانى ساسانییەکان بۆ جارێکى دیکە سەریان هەڵدایەوە ، لەئێستاشدا هێشتاکە لەنێو خۆشناوەکانى نێوەڕاستى کوردستانداو لەیەکێک لەباڵەکانى ئەو عەشیرەتەدا هێشتاکە ئیمان و باوەڕى ئایینى مەزدەکییەکان بەردەوامە.
حوڕەمی یەکانیش وەک رێبازێکى ئایینى باوەڕیان بە ” دۆناودۆن ” هەیەو لەڕووى هاوبەشێتى و خاوەندارێتى گشتى موڵکیەتیشەوە لەگەڵ مەزدەکى یەکاندا هاوبەشن هاوفیکرن .
ناسح کورد ” یان وەک ” مەسعودى” مێژوونووسى گەورەى عەرەب بە ” ناسر کورد ” ناوى دەبات ، بارەگاکەى لەئازەربایجان ـدا بووەو یەکێک بووە لەسەرکردەى حوڕەمى یەکان .
بەمەبەستى دامرکاندنەوەو لەناوبردنى راپەڕینى حوڕەمى یەکان ، لەشکرى ئیسلام بەسەرکردایەتى ” موعتەسیم ” ى خەلیفەى عەباسییەکان هێرش دەکەنە سەریان و بەپێى نووسراوێکى ” تەبەرى ” مێژوونووسى عەرەب ، هێزە عەسکەرییەکانى سەر بەخەلیف ە، شەست هەزار لەسەرباز و هاودینەکانى ” ناسح یان ناسر ” کورد دەکوژن و خودى ” ناسح یان ناسر ” یش ناچار دەکەن کەلەساڵى 833 ى زاینیدا پەنا بۆ ئیمپراتۆریەتى بیزانسییەکان ببات .
سیمبۆلى مەزدەکى و حورەمى یەکان رەنگى سوورە کەچ لەجل و بەرگیاندا و چ لە ئاڵاکانیاندا دەبینرێتەوەو بە ” مرۆڤە ئاڵا سوورەکان ” یان بە ” مرۆڤە جل سوورەکان ” ناسراون .
ئەم سیمبۆلە لەچەرخى چواردەو پانزەدا لەکڵاوە سوورەکانى عەلەوییەکاندا رەنگیدایەوەو بە ” قزڵباش ” یان ” سەرسوور ، کڵاوسوور ” ناوبران .
لەچەرخى پانزەدا ” محەمەد نوورباک ” لەنیمچە دوورگەى عەرەبدا رێبازێکى سۆفیستى هاوشێوەى یەزدانى ـ یەتى هینایە کایەوە .. ” شێخ ئەحمەد ” لەچەرخى هەژدەدا وەک کەسایەتییەکى ناسراوى دوازنجیرەى ئەو رێبازە ، نیمچە دوورگەى عەرەبى جێهێشتووەو چۆتە ئێران .
شایانى باسیشە کەلێکچوونێکى بەرچاو لەنێوان بزووتنەوەى ” مەزدەکى ” یەکان و رێبازە سۆفیستەکەى ” شێخ ئەحمەد ” دا هەیە ، بەتایبەتیش لەڕووى سۆسیۆ ئیکۆنۆمیکەوە ، ئەمە جگە لەباوەڕى هەردوولایان بەگەڕانەوەو هاتنەوەى ” مەهدى یان مەسیح .
بەدرێژایى مێژوو ئەم رێبازە ئایینییانە دوچارى زۆر تانەو تەشەر و رەخنەى خەڵکانێک بوونەتەوە کە ” یەزدانى” یەکان و عەلەوى ـ یەکان و مەزدەکى ـ یەکان و رێبازە ئایینییەکانى دیکەشیان بەمومارەسەکردنى سێکسى بەکۆمەڵ تاوانبارکردووە .
هەروەک لەمڕۆشدا خەڵکانێکى زۆرى ناوچەکە باوەڕیان وایە کەلە ” ئانادۆڵى کوردستانى تورکیا ” و ” ئێران ” دا لەشەوێکى تایبەتدا چرا دەکوژێنرێتەوەو بەکۆمەڵ مومارەسەى ئەو چەشنە سێکسە دەکرێت ، دیارە هەمان چەشنە تاوانبارکردن و تۆمەتیش عەلەوییەکانى تورکیاو سووریاو ئیسماعیلییەکانى ئەفغانستان و دورزییەکانیش دەگرێتەوەو پێشم وایە کەئەم چەشنە تۆمەت هەڵبەستن و پڕوپاگەندانە هەر لەمێژەوەو تا ئێستاش بۆ کەمکردنەوەى ئاستى ئەو رێبازە ئایینییانە بەڕێوەچووە .
ئەوەى بەلاشمەوە سەیر و سەمەرەو جێى سەرسووڕمانە ، ئاماژەکردنى ” هێنرى راوڵنسۆن ” و ” ماکدۆناڵد کینەر ” و ” گ . ر . درایڤەرە ، کەپێیان وابووە تا ساڵى “1912-1923″ کەشێکى سێکسى لەو چەشنە بەڕێوەچووەو بەدرێژکراوەى رێبازى ” میتاو ئاناهیتا ” یان لەقەڵەم داوە .. ئەو دوو رێبازە ئەندامى سێکسییان پەرستووەو دەچنەوە سەر کولتوورى ” سێسۆستریس”.
ماکدۆناڵد کینەر” یش وەک دەڵێت و ئاماژەى بۆ کردووە گوایە خودى خۆى بەشدارى کەشێکى لەو چەشنەى کردووە .
رەنگە هەموو ئەم پڕوپاگەندانە لەنهێنى و پەنهانى کەشە ئایینییەکانەوە سەرچاوەى گرتبێت ، ئەگینا هەموومان دەزانین کەدیسپلینێکى تەواو لەبەڕێوەچوونى کەشە ئایینییەکانیاندا هەیەو نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت کەلەزۆر بەشى ئەم جۆرە رێبازە ئایینییانەدا بەشداریکردنى ئافرەت تێیدا قەدەغەیەو رێى پێ نادرێت .
سەربارى ئەوەى خودى ئافرەت لەکۆمەڵگەى کوردەواریدا جێگەو شوێنێکى تایبەت و رێزدارى هەیەو رێگەپێدانى کەشێکى لەو چەشنەش ئاستەم و مەحاڵە .
عەلەوییەکان لەشوێنێکى تایبەتدا کەبە ” ماڵى جەم ” ناسراوە هەفتەى یەکجار کۆدەبنەوە ، ساڵى یەک جاریش کەشێکى گەورەى ئایینى سازدەکرێت و بەپێى بۆچوون و پەیڕەوى هەر جۆر و چەشنە لقێکى یەزدانى کات و شوێنى سازدانى دەگۆڕدرێت .
یەزدانى یەکان کاریگەرییەکى تەواویان هەبووە لەدروستبوونى رێبازى ئایینى ئیسماعیلییەکاندا کەباوەڕیان بەحەوت ئیمامە . ئاشکراشە ئەم جۆرە تێز و فیکرانە لەساڵى 1501دا دەوڵەتێکى وەک دەوڵەتى سەفەوى و دەسەڵاتدارێکى وەک ” ئیسماعیل شا ” ى لێکەوتۆتەوە .. بەلاى عەلەوى ـ یەکانیشەوە ” ئیسماعیل شا ” کەسێکى پیرۆز و نێرداروى خودایە .
دیارە هەموو سەرچاوەو بەڵگە مێژووییەکان پێیان لەسەر ئەو راستییە داگرتووە کەچەشن و شێوەى شیعەبوونى سەفەوى ـ یەکان ، ئەو مەزهەب و رێبازە تایبەتە ئایینییە نییە کەلەئیسلامدا بەشیعە ناسراوە .. مەبەستم ئەوەیە کەسەفەوى ـ یەکان شیعە نین و بەتەواویى لێوەى دوورن .. شیعەبوونى سەفەوى ـ یەکان بەتەواویى یەزدانى ـ یەتەو لەئێستاشدا وەک لقێک لەعەلەوى ـ یەکاندا دەبینرێتەوە .
جەعفەرى ـ یەتیش هەوڵ وتەقەللایەکى دیکەى یەزدانى ـ یەکان بوو ، بۆ خۆجیاکردنەوەیان لەو عەرەب و تورکمانانەى کەبووبوونە شیعە .. هەر بۆیە بەئیلهام وەرگرتن لەناوى ” ئیمام جەعفەر ئەلسادق ” بە جەعفەرى ” خۆیان ناساند و وەک هەر سێ لقەکەى دیکەى یەزدانى ـ یەکان ، ” ئیمام حەزرەتى عەلى ” یان پێ زاتێکى موبارەکەو نیو بەنیو رۆحى خوداى تێدا دەبیننەوەو بەگیانێکى رەهاى دەزانن.
شایانى باسیشە کەوێکچوونى نێوان بودیزم-ى هیندستان و یەزدانىیەکان لەخاڵى باوەڕو قەناعەتیان بە ” دۆناودۆن ” دا بەرجەستە دەبێت و بەشێوەیەکى بەرچاو لێکچوو و هاوشێوەیە .
ژێدەر : KurtlerMehrdad.R.IzadiDoz Yaynlaristanbul2004

تەنها بەکلیکێک لەسەر شێیر ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت لە فەیسبوک و تویتەر

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت