مێروولە …. النمل ….ANT

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادەکردن و وەرگێرانى/ عوسمان عومەر
زیندەور یان گیاندارە زیندووەکان ئەوانەن کە دەجوڵێنەوە, گەورە دەبن و دابەش دەبن بەسەر چەند ناوەندێک دا بەپێى هۆکارە کیمیکى و فیزیکیەکان. زیندەوەرەکان دوو جۆرن سود بەخش و زیانبەخش, هەموو زیندەوەرێک لەسەر ڕووى گۆى زەوى ڕۆلێکى خۆى هەیە لە ژیان لەسەر زەوى، هەر ئەمەشە واى کردووە بازنەیەکى هاوسەنگی دروست ببێ و هەرکەموکوڕیەک لەو بازنەیە رووبدات ئەو هاوسەنگیە تێکدەچێ و دەبێتە هۆى لەناوچونى ئەو زیندەوەرانە واتە کۆتایی ژیانە.
میروولە یا بە هەندێ زاراوە مێروو, بەپێى هەندێ لیکۆلینەوە دەگوترێ 22 هەزار جۆر میرولە و، هەندێکیان دەڵێن 10 هەزار جۆرى جیاواز هەیە لەجیهان دا. هەموشیان کۆمەڵگایەکى رێکوپێک پێکدەهێنن و دەژین و هاوکارى یەکترن و, پارێزگارى لەخۆیان دەکەن, هەست دەکەن و قسەش دەکەن و لەهەمان کات خاوەنى مێشک و دەماریشن.
درێژى مێرولە لە 2 ملم تاکو 25 ملم هەیە, مێرولە سەرى لەچاو لەشى گەورەترە و سکى هێلکەیی و ناوقەدى باریکە, دوو چەنگەى هەیە کە تواناى هەڵگرتنى شتى لەخۆى قورستر هەیە و بۆ هەڵکۆڵینیش بەکاریان دەهێنێ, دووچەنگەى ناوەکى هەیە بۆ کرۆشتن یا جوینى خۆراک بەکاریان دەهێنێ دوو توڵى وەک رادار وایە بۆ هەستکردن و بۆن و تام بەکاریان دەهێنێ, هەلس وکەوتى کۆمەلایەتى مێروولە زۆر ئاڵۆزە لەچاو مێروەکانى تر. لە قورئانى پیرۆز سورەتێک هەیە بەناوى ( مێروولە النمل) باس لەتواناى مێروولە دەکات بۆ قسەکردن و زانستى نوێش ئەوەىسەلماندووە کە بەلێ زمانێکى تایبەت بەخۆیان هەیە بۆ لیک گەیشتن لە نێوان خۆیان دواتر دەیخەمە ڕوو لە سورەتى مێروولە خوا لەقورئان دا دەفەرموێ: حَتَّىٰ إِذَا أَتَوْا عَلَىٰ وَادِ النَّمْلِ قَالَتْ نَمْلَةٌ يَا أَيُّهَا النَّمْلُ ادْخُلُوا مَسَاكِنَكُمْ لَا يَحْطِمَنَّكُمْ سُلَيْمَانُ وَجُنُودُهُ وَهُمْ لَا يَشْعُرُونَ

کۆنترین مێروولە لەسەر زەوى:
بەپێى ئەو دۆزێنەوەو هەلکۆڵینانەى کراون کە لە ئەمریکا دۆزراوەتەوە تەمەنى دیارى کراوە بە 92 ملیۆن ساڵ کە لەساڵى  1998 دەریانخستوە کە مێروولە لەسەردەمى دیناسورەکان دا ژیاوە کێشى دیناسوریک دەیان هەزار کیلو بووە و بەلام مێرولە بەشێکە لە گرامێک و ماوەتەوەو ژیاوە ئەم چەند سەدەیە. بەپێى زانیارى و لێکۆلینەوەکان زاناکان ئەوەیان دەرخستووە جۆرێک لەجۆرەکانى مێروولە لەسەر دارێک دەژین بەعەرەبى پێى دەووترێ خرنوب بە ئینگلیزى پێى دەوترێ Carob یا Crank یا Bean Poad (خەرنوب دارێکە بەرەکەى شێوەى فاسۆلیاى هەیە بەلام قاوەییە، ناوکێکى قاوەیی تێدایە لەهەندێ لەوولاتان لەگەڵ قاوە تێکەلاوى دەکەن و دۆشاوێکى لێ دروست دەکرێ کە سودى بۆشەکرە هەیە و بۆ هەندێ سودى تر بەکار دەهێنرێ) ئەوەى سەرنج راکێش و سەیرە ئەوخۆراکەى دارى خەرنوب دروستى دەکات جۆرە شیرنیەکى تێدایە ئەم جۆرەمێروولەیە حەزى پێ دەکەن گەلاکانى چونکە دەیخۆن و بەچکەکانیشى لەسەر ئەوە دەژین بەلام ئەودارە چ سودێک وەردەگرێ؟ زاناکان ئەوەیان ئاشکراکردووە هەندێ مێرووى زیانبەخش کەپەلامارى ئەو دارە دەدەن ئەم جۆرە مێرولەیە دەزگایەکى ئاڵۆزى هەیە بەکارى دەهێنێ بۆ پیوەدانیان و پارێزگارى لەداخوران و کلۆربوونى دارەکەدەکات.

شیوازى جوتبونى مێرولە:
شامێروولە تاکە زیندەوە کە تواناى جوتبونى هەبێ دووباڵى هەیە لە مێروولەکانى تر گەورەترە, شا مێروولە لەگەڵ مێرولەیەکى نێرى وەک خۆى ئەویش دووباڵى هەیە جوت دەبێ کە سپێرمى هەیە پاش پیتاندنى هێلکەکان لەشوێنێک دادەنرێ تا کاتى تروکاندنیان. مێروولە ئەندامێکى هێلکەدانى هەیە پێى دەگوترێ Eovipositor و نێرەکانیش ئەندامێکى نێرینەیان هەیە پێى دەگوترێ aedeagus. نێرەکان تەنها رۆلیان جوتبونە هیلکە تروکاوەکان (شامیرولەى نوێ و کارگەر- عامل) بەرهەم دینێ, هێلکە نەپیتێنراوەکانیش میروولەى نێردروست دەکەن, شا مێروولە بە ملیونەها هێلکە دروست دەکات بەپێى لێکۆڵینەوە زانستیەکان دواى دانانى هێلکەکان ماددەیەکى پاککەرەوە دەردات کە پارێزگارى هیلکەکان دەکات لە هەموو جۆرە بەکتریاو کە دەشبن بە پیوپا (یرقە) هەر بەو مادەیە دادەپۆشرێ و لەهەمان کات شوێنەکەى خۆشى تەعقیم دەکات خۆراکەکانیش کە کۆگاى کردون.

کۆلۆنى – مستعمرەى میروولە:
رەنگبێ بەچەند مێروولەیەک خاوەنى کۆلۆنییەکى تایبەت بەخۆیان بن, هەندێ جاریش رەنگبێ بە ملیۆن مێروولە کۆلۆنیەکى خۆیان هەبێ, ئەو کۆلۆنیانە مێرولەى کارگەر لەخۆ دەگرێ ئەرک فەرمانیان کۆکردنەوەى خۆراک, ئاگادارى بەچکەکان, پارێزگارىکردن لەکۆلۆنیەکە ئەوەى سەرنج ڕاکێشە هەر کۆلۆنیەکى مێرولە ووشەى نهێنى یا بۆنێکى تایبەت بەخۆیان هەیە هیچ مێروولەیەکى دەرەکى ناتوانێ بچێتە کۆلۆنیەکى ترەوە، چونکە پاسەوانەکان رێگەى پێنادەن تا ووشە نهێنیەکە نەدرکێنێ بچێتە ژوورەوە گەر نا پەلامار دەدرێ, هەر ئەوەشە کە دەوترێ مێرولە قسە دەکات, جیهانێکى سەیرە.! هەندێ کۆلۆنى هەیە رووبەرەکەى 2.7 ملیون کم2 یە.

مێروولە و ژینگە پارێزى:
هەموو گیانلەبەرو زیندەوەریک ژینگەیەکى تایبەت بەخۆیان هەیە و پارێزگارى لێ دەکەن، بەڵام بەداخەوە هەندێ مرۆڤ هەن نەگرنگى بەژینگە نە گوێى پێ دەدەن بێگومان ئەمەش زیانى لێ دەکەوێتەوە, یەکێ لەو مێروانەى زۆر گرنگى بە بەژینگە و پارێزگارى لێ دەکات مێرولەیە، چونکە زیندەوەرەکان دەخوات و خاکیش ئاڵوێر دەکات وەک کێڵان تا هەوا بچیتە ناخى خاکەکەوە و دەشبێتە خۆراکێکى گرنگ بۆ زۆرێک لە مێروەکان و پیتاندنى گوڵ و هەندێ جار دەبێتە هۆى جوڵاندنى ماددە ئۆرگانیەکانى ناو خاک, مێروولە بە یەکێک لەمێرووە درندەکان دادەنرێ بۆ خواردنى مێروەکانى تر بۆیە هاوسەنگیەکى گرنگى نێوان جیهانى مێروەکان دروستکردووە. بەپێى لێکۆلینەوەیەک کە لە زانکۆى ئەریزۆناى ویلایەتە یەکگرتوەکان لەگۆڤارى زانستى بڵاوکراوەتەوە پرۆفیسۆر ڕۆنالد دۆرن دەریخستووە کە مێرولە گازى دووەم ئۆکسیدى کاربۆن لە بەرگە هەوا – الغلاف الجوى لادەبات لەگەل ئەوەى 3 مانگ ژیان دەکات, هەندێ لە زانا ئینگلیزەکان ئەوەیان دەرخستووە کە مێروولە رزگارکەرى مرۆڤە چونکە ( دژە زیندەى سروشتى – مظادات حيوية) بەرهەم دێنێ هەروەها لێکۆلەرێکى ئەلمانى لەزانکۆى دۆسبۆرگ ئایسن گەیشتە ئەو راستیەى کە مێروولەى سوور 24 کاتژمێر پێش روودانى بومەلەرزە هەستى پێ دەکات.
بەهۆى ئەوەى مێرولە سروشتێکى کۆمەڵایەتى هەیە زاناکان و لێکۆلەرانى لەو بوارە دەریان خستووە گەر مێرولەیەک لە خوشک و براکانى داببڕن تەنانەت گەر باشترین خۆراک وشوێنى بۆ دابین بکرێ و لە شوێنێکى دابڕاو لە دەنگ – ڕووناکى – کاتژمێر, زەمەن شەو و رۆژ بۆ ماوەى 20 رۆژ هاوسەنگى عەقلى لەدەست دەدات, مەملەکەتى مێرولە فەرمان وەرگرتن ونەهى کردنى تێدایە بۆ نمونە گەر دوو شا مێروولە لە مەملەکەتەکە یا کۆلۆنیەکە دابن کۆبونەوە دەکەن و لێک گەیشتن و پرسوراکردن بەیەکتر دەکەن بۆ فەرمان و بریارى باش و خراپ. وەک سەرکردەکانى لاى خۆمان سەرى مەملکەتێک ناخەنە قوڕەوە هەموو ئاواتەکانى زیندە بەچاڵ بکەن.!

مێروولە مردوەکانیان چۆن دەنێژن:
مێروولە یەکێکە لەهەرە گیانلەبەرە زیندوەکانى سەر ڕووى زەوى کە سیستەم و ڕێکخستنى تێدا بەدى دەکرێ بۆیە هەرگیز نابینرێ میرولەیەک بەتەنها بێ بەڵکو کۆمەلێکى بەدواوەیە, بۆ مردنى مێروولەیەک ڕێوڕەسمى تایبەتى بۆ رێک دەخرێ ئەویش کاتێ دەمرێ لەسەر پشت پاڵ دەخرێ بۆ ماوەى دوو رۆژ بێ ئەوەى کەس بچێ بەلاى دا, دواى دوو ڕۆژەکە مێرولەکانى تر لەدەورى کۆدەبنەوە و هەلى دەگرن بۆ خستنە چاڵى مردوان بەپێى لێکۆلینەوە زانستیەکان مێروولە مردووەکە ترشەلۆلێک دەردات بە ناوى ( ئۆلیک) بۆنێکى تایبەتە بە مێروولە ئەوانى تر هەست بە بۆنەکەى دەکەن دەزانن کە مردووە. بەپێى لێکۆلینەوەى یەکێ لە زاناکان بەناوى ( D.Edward.O. wilson) چەند لێکۆلینەوەیەکى ئەنجام دا و گەیشتە ئەو ڕاستیەى ئەو ئۆلیک ئەسیدە گەر بکرێ بەسەر مێروولەیەکى زیندوو دا ئەوا مێرولەکانى تر وا دەزانن مردووە بۆیە هەڵیدەگرن و دەیبەن بۆ چالى مردوان. سەبارەت بەتەمەنى مێروولە جۆرە مێرولەیەک هەیە پێى دەلێن شا مێروولەى ئاگر 7 ساڵ دەژى بەلام مێرولەکانى تر نزیکەى 50 تا 150 رۆژ دەژین.

چەند سودێکى گەستنى مێروولە بۆ مرۆڤ:
مێروولە گیاندارێکى بچوکە هەمو کاتێ دەتوانى خۆتى لێ رزگار بکەى، بەلام لێکۆلینەوە زانستیەکان ئەوەیان دەرخستووە هەرکەسێک مێروولە بیگەزێ دەبێتە هۆى:
1- چالاک کردنەوەى سوڕى خوێن.
2- ژمارەى خرۆکە سورەکان زیاد دەکات.
3- چالاک کردنەوەى خانە یا شانە دەرمارەکانى مێشک و واى لێدەکات کە ئاماژە (اشارە )ى هەستیار دەنێرێ بۆشانەکانى خوارەوەى مێشک.
4- بۆئەوانەشی کە بەدەست قەلەوی حەز بەکەمکردنەوەى کێشیان دەکەن گەستنى مێروولەیەک دەبێتە هۆی سوتاندنى چەورى ئەو شوێنە چونکە مێروولە بەپێى لیکۆلینەوەکان ئەو شوێنەى گەستویەتى 99% چەوریەکەى سوتاندووە و زۆر سودى تریشى هەیە.

بەزەیی مێروولە
چۆن هەندێ مرۆڤ بەزەیی هەیە ئاواش زۆربەى گیانلەبەرانیش جۆرە بەزییەکییان بەرامبەر هاو رەگەز ئەوانەى لەگەڵى دەژین هەیە. هەندێ جۆرى مێروولە هەن لەگەل کۆیلەکانیان دەژین، فەرمانى کۆکردنەوەى خۆراکى پێویستى پێ دەدا و پێکیشەوە دەیخۆن زاناکان تێبینى ئەوەیان کردووە گەر یەکیک لە کۆیلەکان نەهاتەوە یا مرد ئەو میرولانە مان لەخواردن دەگرن تەنانەت گەر خواردنیش هەبێ تا ئەو نەگەڕێتەوە خواردن ناخۆن لەبرسا دەمرن.
بۆ زانیارى خوێنەرانى بەریز پرسیارێک خۆى دەخاتە ڕوو کە بۆچى ئەو دەنکە گەنمە یا جۆیە یا هەر شتێکى تر کە دەیشارێتەوە سەوز نابێ زاناکان ئەوەیان سەلماندووە بۆیە سەوز نابێ گەر کەش و هەواکەش گونجاو بێ دەگەرێتەوە بۆ ئەوەى مێرولە دەیانکات بە دوو کەرتەوە, زۆر بەوەش سەرسام بون کە دەنکى کەرەوز دەکرێ بە 4 کەرتەوە بۆیان دەرکەوت گەر بکرێ بە دوو کەرتیشەوە هەر سەوز دەبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت