Newshirwan-Barzani

مەحمود ڕەزا: تاقیکراوە، تاقی نا کرێتەوە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەو ناونیشانەم لە ئەحمەد ئەلصافی، وەکیلی ئایەتوڵڵا عوزما، عەلی سیستانی، خواستوە.
لە مانگی نیسانی رابردوا، ماوەیەک پێش هەڵبژاردنە گشتی‌یەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 12ی مایسا، ئەحمەد ئەلصافی، یەکێ لە وەکیلەکانی مەرجەعی باڵا، لە خوتبەی نوێژی هەینی‌یەکا دەستەواژەی “المجرب، لا یجرب”ـی بەکار هێنا. مانای دەقاودەقی (المجرب، لا یجرب: ئەلموجەڕەب لا یوجەڕەب) بە کوردی ئەکاتە (تاقیکراوە، تاقی نا کرێتەوە).
ئەو کاتە ئەم دەستەواژەیە ژاوەژاوێکی زۆری لە نێوان لیستە شیعی یەکانا نایەوە. بە تایبەتی لە نێوان لایەنگرانی عەبادی و مالکی‌دا. ئەوانەی سەر بە باڵی عەبادی بون ئەیان وت، مەرجەعی باڵا مەبەستی مالکی یە. ئەو، هەشت ساڵ تاقی کرایەوە و بێجگە لە نەهامەتی بەرهەمێکی تری نە بو. ئەوانەشی سەر بە باڵی مالکی بون ئەیان وت، مەبەستی عەبادی یە، نەی توانی لەم چوار ساڵەی تەمەنی حوکمەتەکەیا دەسکەوتێکی جیاواز پیشان بدا.
تەیاری مەدەنی و لایەنەکانی تریش هەریەکەو بە گوێرەی حەزی خۆی لێکی ئە دایەوە. بەڵام هەموان لەسەر ئەوە کۆک بون کە مەبەست لەم تێرمە ئەوەیە دەنگ نە درێتەوە بە گەندەڵەکان و جارێکی کە نە کرێنەوە بە کاربەدەستی گەورە لە حوکمەتی ئایندەیا.

بەڵام من لێرەیا بۆ مەبەستێکی کە بەکارم هێناوە:
لە ماوەی رابردوا ئەو هێزانەی بە کردەوە بۆمان سەلماوە، هەتا ئەوان جڵەوی حوکمڕانی‌یان لە دەستا بێ بە تەمای هیچ خێر و خۆشی‌یەک نە بین، کەوتونەتە گەڕ بۆ بینینی لایەنە سیاسی‌یەکانی تر.
دوای هەر یەکتر بینینێکی وەفدی ئەم لایەنانە لەگەڵ لایەنەکانی تر، لێرە و لەوێ ئە بیستین: “فڵان و فیسار قسەی خۆش و باش‌یان کرد!”
لە راستیا لە سیاسەتا “قسەی خۆش!” و “قسەی باش!” یەک فلسی سور نا هێنن. بەڵکو ئەوەی نرخی هەبێ “کرداری باش” و “راستگۆیی” و “هەبونی ئیرادە بۆ خێری گشتی” و “جەبەجێکردنی بەڵێن”ن.
فیرعەونەکانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 ساڵە قسەی خۆشمان بۆ ئەکەن. بەڵینی دنیای خۆش و ئایندەی گەشمان ئەدەنێ، کەچی هەمو رۆژێ کە لەژێر سایەی ئەمانا ئەگوزەرێ لە رۆژی پێشتر ژیان سەختتر و ژمارەی بەلەنگازەکان زۆرتر و ئاسۆی ئایندە رەشتر و نیشتمان ویرانتر ئە بێ.
پێوەند بە بابەتی “قسەی خۆش!” و “ئیرادەی جێبەجێکردنی بەڵێن”ەوە بە پێوسیتی ئەزانم نمونە بە چەن لێدوانێکی رەوانشاد کاک نەوشیروان بهێنمەوە:

یەکەم:
ئەیلولی 2012 لە ماڵی مامجەلال لە دەباشان، مامجەلال و کاک نەوشیروان لە کۆبونەوەیەکی دوقۆڵی‌یا لەسەر پرسی دەستور و گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم، لە سەرۆکایەتی‌یەوە بۆ پەرلەمانی و چاکسازی لە داوودەزگاکانی حوکمڕانی‌یا گەیشتنە رێکەوتن. دوای کۆبونەوەکە کاک نەوشیروان لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنی‌یا وتی: لەسەر کۆمەڵی پرەنسیپی باش رێکەوتوین بەڵام عیبرەت لە رێکەوتنا نیە، لە جێبەجێکردنایە”.

دوەم:
دانی بەیانی‌ی 17ی 5ی 2016 لە دەباشان رێکەوتن لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی‌ی نیشتمانی‌ی کوردستانا ئیمزا کرا. عەسرەکەی لە ئوتێلەکەی کاک فاروقی مەلا مستەفا راگەیەنرا.
کاک نەوشیروان لە کۆتایی وتارەکەیا بە دەق وتی:
“… لە کۆتایی‌دا ئەمەوێ بڵێم ناوەرۆکی رێکەوتنەکە هەموی بابەتی گرنگ و بایەخدارن، جێگەی رەزامەندی زۆرایەتی لایەنگرەکانی هەردولا و خەڵکی کوردستانن. بەڵام لە هەمانکات‌دا ئەمەوێ بە بیری هەردولای بهێنمەوە عیبرەت لە نوسیندا نیە، بەڵکو لە جێبەجێکردن دایە”.

سێیەم:
وتارێکی کاک رێبین هەردی لە 13ی 10ی 2017 دا، لە ماڵپەڕی میللەت پرێس دا بڵاو بۆتەوە، لە ژێر ناونیشانی: “بەهەشتی نەوشیروان مستەفا بۆی گێڕامەوە” کاک رێبین لەم وتارەیا لە زاری کاک نەوشیروانەوە باسی بەشێ لە ناوەرۆکی کۆبونەوەیەکی داخراوی نێوان خۆی و مەسعود بەرزانی ئەکا کە ساڵی 2013 لە سلێمانی کراوە.
ئەوەنەی لەو وتارەیا پێوەندی بە “بەڵێن!” و “قسەی خۆش!” و “راستگۆیی و جێبەجێکردنەوە” هەیە بە پێویستی ئەزانم چەن پەرەگرافێکی راگوێزمە ئێرە:
“… بەهەشتی نەوشیروان مستەفا بۆی گێڕامەوە کە لەو دانیشتنەدا کاک مەسعود گوتێتی من وای ئەبینم کاتی ئەوە هاتوە بیر لە سەربەخۆیی کوردستان بکەینەوە. من هەلومەرجەکە زۆر بە باش ئەزانم بۆ ئەوەی لەمەدا پشتگیریم بکەی”
کاک رێبین وەکو چیرۆکخوانێ ئەی گێڕێتەوە کە، مەسعود بەرزانی زۆر باسی لەباری‌ی هەلومەرجی ناودەوڵەتی کردوە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی. بەڵام کاک نەوشیروان لە وەڵاما پێ‌ی وتوە:
“… بە هەمو توانام پشتگیریت ئەکەم بەڵام بە بڕوای من بارودۆخی ناوخۆی هەرێم یەکجار خراپە. باسی دۆخی خراپی ئابوری کوردستانی بۆ کرد بو؛ باسی مردنی کشتوکاڵ و نە بونی هیچ ئیحتیاتێکی خواردەمەنی کرد بو؛ تەنانەت باسی کەمی‌ی سایلۆی لە کوردستانا بۆ کرد بو کە توانای ئەوە نیە گەنم کە ستراتیجی ترین خواردەمەنی‌یە، کۆ بکاتەوە و هەڵبگرێت”
کاک نەوشیروان لە وەڵاما ئەم پێشنیارەی بۆ مەسعود بەرزانی کردوە:
“… پێم باشە، ئەگەر بۆ ماوەی ساڵێکیش بوە لەگەڵ بەغدا رێکبکەوین و بگەڕێینەوە بۆ ئەو بودجە زۆرەی لە بەغداوە بۆمان ئەهات… لەم ساڵەدا بەو بودجەیە ژێرخانی ئابوری ببوژێنینەوە، کشتوکاڵ پەرە پێ بدەین و زیندو بکەینەوە، چەن سایلۆی گەورە دروست بکەین و لە ئێستاوە دەسبکەین بە خەزنکردنی گەنم… پەرلەمانێکی کارامان هەبێت و هەوڵبدەین لەشکری کوردستان یەک بخەین… کە ئەمانەمان کرد، ئەوکات بە هەمو توانام پشتگیریت ئەکەم و بەرەو سەربەخۆیی ئەڕۆین”.

کاک رێبین ئینجا لە زاری کاک نەوشیروانەوە ئەنوسێ:
“کاک مەسعود قسەکانی زۆر بەدڵ بو و پێ‌ی وتم، وا ئەکەین، هەمو پێشنیارەکانت جێبەجێ ئەکەین”
کاک نەوشیروان بە کاک رێبینی وتوە:
“ئەگەر ئەمانە بکات هەمو شتێک باش ئەبێ”
رێبین لێ‌ی پرسیوە:
“بۆچی وا بە گومانی لە بەڵێنەکانی کاک مەسعود؟”
ئەمە وەڵامی کاک نەوشیروان بوە بۆ کاک رێبین:
“کاک رێبین! لە سیاسەت‌دا قسە گرنگ نیە. ئەوەی گرنگە و بڕیاری لەسەر ئەدەیت هەنگاوی راستەقینە و جێبەجێکردنن. پاش ساڵانێکی زۆری سیاسەت لەوە تێگەیشتوم ئەوەی ئەبێ بەتەنیا حسابی لەسەر بکەی بەڵێن و ئیمزا و سوێندخواردن نیە، بەڵکو کردن و ئەنجامدانێتی بە پراکتیکی”
کاک رێبین لە کۆتایی وتارەکەیا، بە هێنانەوەی نمونەیەک رای خۆی دەر ئەبڕێ کە پشتگیریە لە بۆچونەکەی کاک نەوشیروان. ئینجا نوسیوێتی:
“… ئەو ساڵەی بڕیار بو رێککەوتنێک بکرێ و ئەو بودجەیەی بەغدا ئەی نێرێت بۆ بوژاندنەوەی ئابوریی کوردستان دروستکردنی ژێرخانێکی ئابوری تۆکمە بەکار بهێنرێت، سەری نە گرت. لە یەکەم هەنگاودا رێکەوتنی کاک مەسعود و بەهەشتی نەوشیروان مستەفا درزی تێکەوت و لەگەڵیشیدا بەدگومانی سەری هەڵدایەوە”
کاک نەوشیروان درۆزنی‌ی هەمو سیاسی‌یە دەسبڕەکانی بە کردەوە پێ سەلماندین… لە زەمانی ئەوا هەمو قۆڵبڕەکانمان ناسی … “بەڵێنی زۆر گەورەتر”یان بەو دا و “قسەی زۆر خۆشتر”یان بۆ ئەو کرد، بەڵام خۆی وتەنی: “عیبرەت لە جێبەجێکردن دایە”. کام “بەڵێن” و کام “قسەی خۆش”یان بردە سەر؟

بە بڕوام، ئەو سیاسیانەی:
– هەمو جارێ لە بەردەمی هەمان کونا مار ئەیان گەزێتەوە
– سود لە مێژو وەر نا گرن
– بەرامبەرەکانیان نا ناسن و هەمو جارێ پێیان ئەبێتەوە بە تەڵەکانیانەوە
– دەیان جار ئەکەونە داویان، بێ ئەوەی پەند وەر گرن یا هەڵوەستەیەک بکەن
– بە قسەی لوس و”خۆش” و “جوان”ـی ئەو سیاسیانە ئەخەڵەتێن کە زیاتر لە نیو سەدەیە فریومان ئەدەن و هەزاران جار بەڵێنەکان‌یان بە درۆکەوتونەتەوە؛
بێجگە لە تێرمی “سیاسی‌ی کۆڵەوار” هیچ نازناوێکی کەیان قابیل نیە
کاروان بە سیاسی‌ی کۆڵەوار ئەگاتە مەنزڵ؟
ئێستا کاتی تاقی کردنەوەی تاقی نە کراوەکانە، نەک تاقی کردنەوەی تاقی کراوەکان.
کات زێڕە، بە کۆبونەوەی بێ ئەنجام لەگەڵ ئەو قۆڵبڕانەی هەزاران جار تاقی کراونەتەوە و تیا کەوتون، بە فیڕۆی مەدەن!
بچن شتێ تاقی بکەنەوە کە پێشتر تاقی نە کرابێتەوە و فەشەلی نە هێنابێ، ئەویش بۆ ئەم قۆناغە “هاوپەیمانی‌یەکی نیشتمانی‌ی بنکەفراوانە” لەسەر بناغەی “بەرنامەیەکی نیشتمانی”.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت