مەعروف ڕوسافی: کەسایەتی محەمەد. بەشی پێنجەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پاشایه‌تی و سه‌ڵته‌نه‌تی بۆ کێیە؟
وەک پێشتر گوتمان، ئامانجی محەمەد تەنها ئایینیی ڕووت نەبوە، بەڵکوو ئەو ویستویەتی ڕابوونێکی گەورە بکات، یان شەپۆلێکی عەرەبیی گەورەیئایینی و کۆمەڵایەتی و سیاسی به‌رپابكات، سەرەتا له‌ عەرەبه‌وه‌ ده‌ستپێبكات و ئەوان سەروەربن بە سەر خەڵکی تردا و قازانجێکی گشتگیری بۆ هەموان هەبێت، ئەو قسەیەی بۆ ئه‌وانه‌ی قوڕه‌یش دێته‌وەیاد، کە لە کاتی گیانەڵادا لە لای ئه‌بیتالب بوون، كه‌ گوتی: پەیمانێکم بدەنێ کە عەرەب له‌ خۆتان بگرن و عەجەمیش قەرزداربارتان بێت. ئەوانه‌ی ئه‌م قسەی بۆ کردن، زۆرینەیان له‌ قوڕەیش بوون. ئەگەر پشت بە فەرموودە و کاریگەریی کتێبی قەومەکەی ببەستین، گوتمان: لەو ڕابوونەی عەرەب مەبەستی ئەوە بوە، پاشایەتی و سەڵتەنەت ڕاستەوخۆ بۆ قوڕەیش بێت و لە ڕێگەی قوڕەیشەوە بۆ عەرەب بێت، بۆ بەڵگە با ئەم وتەیە بهێنینەوە:

خەڵک دوو بەشن
(الاثره)له‌واتادا ئه‌مه‌ ناوە بۆ (الاستئثار) دەڵێن (استأثر بالشئ) واتە بۆ خۆی بەکاری ده‌هێنێت و خەڵکی تری پێ سەرکوت دەکات. دژەکەی (الایثار)ه‌، واتە خەڵکی تر بخاتە پێش خۆی و قازانجیان پێ ببەخشێت، بۆیە ئەم خەڵکه‌ پێیان دەگوترێت (الایثاری)، ئەوی تر پێی دەگوترێت (الاثری). لێرەوە خەڵک دوو جۆرن، قازانجکەر یان قازانجبەخش، واتە لەژیانی کۆمەڵایەتیدا یان خۆویست و سەرکوتکەری ئەویتر، ئەمانەیش زۆرینەن، یان خۆنەویست و قازانجبەخش، کە ئەمانەیش کەمینەن. ئەگەر تەماشای محەمەد لە کتێبی سیرە و فەرموودەکان بکەیت، لە باڵاترین لوتکەی قازانجبەخشەکانبوو، واتە لە (ایثاری)یەکانە. لە ماڵی دونیا و جوانییە فەنابوەکانی بەرزتر بوە‌، شته‌ ما‌تریاڵییه‌كانی لە لا هیچ بوە، بە ڕقوکینەوە سەیریکردوون جگە لە دوو شت؛ وەک خۆی باسی لێوەدەکاتو خۆشی ویستوون، ئه‌وانیش “خواردنی خۆش و ژن” جگە لە پیرۆزبینینی هەمیشەیی، هیچ شتێکی بۆ خۆی نەویستوە، هەروەها نوێژ و ئاشتیی هەمیشەیی، بۆیە ناوی خۆی لەگەڵ خودا دانا، باوەڕهێنانی بە یەک شەهادەت نەهێشتەوە و کردی بە دوو “لا الە الا اللە محمد رسول اللە”، لەگەڵ ئەوەی بانگەشەکەی بۆ خودای بێ شەریک بوو، بۆیە وشەی یەکبوونی (لا اله الا الله) بە تەنها بەس بوو، بەڵام ئەو ناوی خۆی هاوشان لەگەڵ خودا دانا، بۆ ئەوەی گوێڕایەڵی بن، لە لایەن ئەوانەی کە بۆ خێری دونیا و ئاخیرەت سەرکردایەتیکردن به‌ پیرۆزی بیبینن. بەوەیشەوە نەوەستا، وای لە موسوڵمانان کرد، لە پێنج فەرزی نوێژدا له‌ بیریان بێت و بە بیری بهێننەوە. لەگەڵ ئەوەی نوێژ بۆ عیبادەتی خودایە کە دەبێت به‌ ته‌نها بۆ یادکردنەوەی خودابێت بە {وأقم الصلاة لذكری} [طه: 14] به‌ واتای: تۆ هه‌ر من بپه‌ره‌سته‌ و نوێژیش بكه‌. واتە لە پێناو یادکردنەوەمدا، هەروەها وای لە بانگخوێنان کرد، کە ناوی لەگەڵ ناوی خودا لە بانگی نوێژکردندا پێنج جار بڵێنه‌وه‌، ئەمە هەمووی لە بانگەشەکە بەدەرە، کە بانگەشەی خەڵک دەکات عیبادەتی خودای بێ هاوبه‌شبکەن. پێغەمبەر پاشایەتی و سەڵتەنەتی بۆ خۆی نەویست، بە تەنها ئەوەی ده‌ویست كه‌ پێشتر باسمانکرد.ئەوەیش لە هەزار پاشایەتی و سەڵتەنەت باشترە، هیچ بەرانبەرێکی بۆ ئەو بانگەشەیە بۆ خوداپەرستی مەبەست نەبوو، بەپیرۆزبینین و گوێڕایەڵبوون کە گەورەترین پاداشتە، جگه‌ لە نەفسبەرزەکان هیچ کەسێکی تر هەوڵی بۆ نادات و ئارەزووی ناکات، هەوڵی بەدەستهێنانی شتی مادی و لەناوچوو نادات. بەڵێ محەمەد بەیادکردنەوەی هەتاهەتاییی پیرۆزکردنی خۆیەوە وەستا، بەڵام پاشایەتی و سەڵتەنەتی بۆ قەومی قوڕەیش ویست، بە تایبەتی خزمە زۆر نزیکەکانی. لە سەر ئەوەیشەوە داوای ڕێزگرتن وخۆشەویستیی لە موسوڵمانان بۆ خزمە نزیکەکانی كرد وەک لە قورئاندا هاتوە: {قل لا أسألكم علیه أجرا إلا المودە فی القربی} [الشوری: 23] به‌ واتای: من هیچ شتێكم له‌ ئێوه‌ ناوێت جگه‌ له‌ خۆشویستنی خزمه‌ نزیكه‌كان نه‌بێت. واتە، زیاتر لەو شاییستەییەی کە هەموو قوڕەیش بەدەستیهێنا لە موڵک و سەڵتەنەت.
ئەگەر بڵێیت بۆچی پاشایەتی لە خزمە نزیکەکانیدا قەتیس نەکرد، دەڵێم: تا ڕادەیەک لەمەدا بەرژەوەندیی گشتی لەبەرچاوگرتوە. بیری لەوە کردوەتەوە ئه‌گه‌ر پاشایەتی لە بازنەیەکی تەسکدا بێت، ئەهلی ڕەخنە و بێزاربوون و ڕقلێبوون زیاتر دەبێت، ده‌بێت تا ڕاده‌یه‌ك فراوان بێت، بۆیە پاشایەتیی بۆ هه‌موان هێشتەوە، واته‌ بۆ سەرجەم ئه‌هلی قوڕەیش، کە بەڕەهایی لەناو ئەواندابێت، بەڵکوو بۆ ئه‌وه‌ی پابەندبن بەشوورا، دروستكردنی ڕای گشتی بۆ یەکێک لە ڕێگەی بەیعەتەوە، بەڵام خزمەکانی بەوە جیاکردەوە، بەشێوه‌یه‌كی گشتی تایبەتمەندییان لەگەڵ قوڕەیشییه‌كانی تردا هەبێت، بۆئه‌وه‌ی خۆشویستنیان لە لایەن موسوڵمانانەوە فەراهەم بێت، بەڵام ئەو خۆشەویستییەی کە محەمەد بۆ خزمە نزیکەکانی ویستی، وای لێهات کە دواتر بانگەشەکەی بۆ عیبادەتی خودای تەنیای بێ شەریک لەناوببات، تەنانەت ئەو بتپەرستییەی بە شمشێر و قورئان شەڕی لەگەڵ کرد، بە شێوەیەکی تر بۆ زەمانی جاهیلیەت و خراپتریش گەڕایەوە. لەبەر ئەوەی موسوڵمانان لەو خۆشەویستییە زیادەڕەوی دەکەن و تا کات بڕوات زیادەڕۆیی زیاتردەبێت، ئەوەی ئەم زیادەڕەوییەی زیاتر کرد، له‌ لایه‌كه‌وه‌ فێڵوتەڵەکەی سیاسەت بوو، چڵێسییش لە لایەکی ترەوە.
سیاسەت چیلکەی دەخستە ئاگری زیادەڕەوییەکانیانەوە، چڵێسی و لەدووگەڕانی ماڵی دونیایش لە هەموو لایەکەوە فووی تێکرد، تا وایلێهات، ئایینی یەکتاپەرستیی محەمەدی پێوە بسووتێت. لەبەر ئەوەی موسوڵمانان لە سنوری خۆشەویستی دەرچوون بۆ سنوری عیبادەت. حەجی قەبرەکانیان وەک حەجی ماڵی خودا دەکەن، نەزر و خێرپێكردنیان به‌و شێوه‌یەیە،‌ كه‌ بۆ خودای دەکەن، بەڵکوو بۆ خاوەنقەبرەکان(واته‌ مه‌زارگه‌كان –و-) زیاتردەکەن. کەسێکم نەبینیوە خێر بۆ خودا بکات، تەنها بۆ یەکێک لە خاوەن قەبرەکان ده‌كات، بەڵکوو دەبینیت تکا و نزای لێدەکەن وەک ئەوەی بۆ خودایبکەن، داوای دابینکردنی پێویستییەکانیان لێدەکەن، وەک چۆن لەخودای دەکەن، دەڵێن ئەوان لای خودا شەفاعه‌تیان بۆ ده‌كه‌ن، وەک چۆن کافرەکان گوتیان بتەکان شەفاعه‌تیان بۆلای خودا ده‌كه‌ن، وەک چۆن ئەمڕۆ زۆر شتی بێزراو لە عێراقدا هه‌یه‌، لە وڵاتانی موسوڵمانان زیاتر هەیە. ئەوەی لە کافرەکان زیاتر دەیکەن، گڵکۆ و ته‌لاری بەرز لە سەر قەبرەکانیان دەکەن و بە زێڕ و زیو دەیڕازێننەوە و بەزەخرەفە وێنەی لە سەر دەکێشن. ئەوەی خراپتردەکەن کە لە سەر ئالبەیت دەگرین، لە موحەڕڕەمدا ژن و پیاو پرسە دەگێڕن و دەکەن بەسنگکوتان و گریان و هاوار و بەزنجیر لەپشتدان، وادەزانن لە خودا نزیکدەبنەوە و بە عیبادەتی خودا دادەنێن، ئەم چەند بەیتەم لە سەر تەعزییەکانیان نووسی:
وكلــــــهم قام بالكفین ملتدما فلو ڕایت صدور القوم حاسرە
هذا لعمری بكا‌و أضحك الامما لقلت قول بریء من جهالتهم
به‌واتای: له‌و ته‌عزیانه‌دا به‌ هه‌ردووده‌ست له‌ سنگی خۆیان ده‌ده‌ن. به‌گیانی خۆم ئه‌مه‌ش چه‌ندین میله‌تی گریاند و خسته‌ پێكه‌نینه‌وه‌ و له‌مه‌شدا واباشه‌ قسه‌یه‌كی چاكه‌ له‌ مه‌ر نه‌زانینیان بكه‌م.
ئەم خۆشەویستییەی لە سنوری خۆی دەرچوە‌، بوەبە سەرچاوەی ناکۆکی و فیتنە، پاڵنەری شەڕی نێوان موسوڵمانانه‌، ئه‌مه‌یش دووبەرەکی و پێكدادان و تۆوی دوژمنایەتیی مەزهەبی چاند، تا وایلێهات لەکۆتاییدا دەوڵەتی عەباسی نەما و پاشایەتی و موڵک لە دەستی عەرەب دەرچوو، وەک لە کتێبی مێژوودا هاتوە، بۆیە ئەگەر محەمەد بیزانیبایە کە ئەم خۆشەویستییەی بۆ خزمە نزیکەکانی وایلێدێت و ده‌بێت بەحاڵەتێکی قێزەون کە سەرجەم بانگەشەکەی لەناوده‌بات و بونیاتی ئایینەکەی ده‌ڕووخێنێت، نەداوایدەکرد و نەئه‌و خۆشویستنه‌ی كه‌سوكاره‌كه‌یشی دەویست.
لە چەندین فەرموودەدا هاتوە، ئەگەر ڕاست بن، پێویستە ئەوە بڵێین،محەمەد وەک پەیامبەری خودا، بۆ بانگەشەی ناسینی خودا و عیبادەتکردنی وەک تاک و بێ شەریک و بۆ ڕێنماییکردنی خەڵک بۆسەر ڕێگەی ڕاستودەرهێنانیان لە ڕێگە و ڕەفتاری تاریکی نەهاتوە، بەڵکوو به‌م پێیه‌ بۆ بانگەشەکردنی خەڵک بۆ خۆشەویستیی ئالبەیت واتە خزمە نزیکەکانی هاتوە. بە پێی ئەو فەرموودانە بێت، خەڵک لە ئاگر ڕزگاریان نابێت و ناچنە بەهەشتیش ئەگەر ئەو خۆشەویستییەیان لەدڵدا نەبێت، باوەڕبوونبەخودا و گوێڕایەڵیی دادیان نادات، ئەگەر لە سەر خۆشەویستیی ئالمحەمەد نەمرن، ئەمەیش زیادەڕەویی لەخۆپەرستیی تێدایە، واپیشاندەدات کە محەمەد لە خودپەرستە توندەکان بووبێت، لە لوتکەی باڵا و پێگەی خۆنەویستی نەبووبێت، کە پێشتر باسمانکرد. ئامانجی محەمەد لەمەدا هەرچۆنێک بووبێت، بەڵام ئایینیی ڕووت نەبوە، هەرچەندی بۆ خزمەکانی بەتایبەتی و قوڕەیش بە گشتی لە موڵک و سەڵتەنەت ویستبێت، وەک لە فەرموودە وەرگیراوەکانیدا دەردەکەوێت، بەڵام زۆر نەشیاوە بۆ پێگەی باڵای ئەو،زیادەڕەویی لە بانگەشەی خەڵک بۆ خۆشەویستیی خزمەکانی بکرێت، ئەو خۆشەویستییە بکرێتە ئامانجە باڵاکەی لە پەیام و په‌یامبەرییەکەیدا. عەقڵی ڕاشکاوو لێبڕاوانە وایدەبینێت، کە ئەم زیادەڕۆییانەی له‌ پاش محه‌مه‌د و لەو فەرموودانەدا هاتوە، لە لایەن خەڵکانێک دانراوە کە حیزبایەتییان بە خزمەکانی محەمەدەوە وه‌ك هۆکاری سیاسی و ناسیاسییەوە کردوە.
هەندێک لە شیکەرەوان لە ئایەتی {قل لا أسألكم علیه أجرا إلا المودە فی القربی} [الشوری: 23] واتا: بڵی: من هیچ شتێكم له‌ئێوه‌ ناوێت جگه‌ له‌ خۆشویستنی خزمه‌ نزیكه‌كان نه‌بێت.
بۆ ئەوە چوون، کە هۆکاری دابەزینی ئەم ئایەتە ئەوەیە؛ هه‌ر کەسێکی قوڕەیش لە پشتەوە یان له‌ زگەوە بەخزمایەتی دەگاتە محەمەد، خۆشه‌ویست بێت، کە ئه‌مه‌یان بە درۆخستەوە، ئەم ئایەتە دابەزی. واتاکەی لەوەدایە کە بە حەقی خزمایەتی پاڵپشتییبکەن و خۆشیان بوێت، واتە بە حەقی خزمایەتی و لە پێناویدا. بەو هۆکارەی خۆشەویستی بۆ خودا و ڕقیش لە خودا لەوه‌دا حەقە و لەو پێ ناوەیشدا بێت. واتە ئێوەن خزمن و حەقتر، واتە کە گوێڕایەڵم بن و پاڵپشتم بن. ئەگەر ئەوەتان نەویست، حەقی خزمایەتی لەبەرچاو بگرن و ئازارم مەدەن و هانی خەڵک مەدەن دژم، ئەوەی ئەمه‌ بەکارده‌هێنێت له‌ بەکارهێنانی وشەی (فی)ە بێ (اللام) ئەگەر مەبەستی خۆشەویستیی خزم و ئالبەیتەکەی بوایە دەیگوت: {إلا المودە فی القربی ‌‌أو لذوی القربی} [الشوری: 23]. به‌ واتای: ( هیچ شتێكم له‌ ئێوه‌ ناوێت خۆشویستنی خزمه‌كان یان خزمه‌ نزیكه‌كان نه‌بێت)
بەڵام ئەوەی باس له‌وه‌ده‌كات، کە دەبێت پاشا لە قوڕەیش بێت لەمانەدایە: وەک محەمەد دەڵێت: (الائمە من قریش) واته‌: ئیمامەکان لە قوڕەیشن، یان دەڵێت: (قریش ولاە هذا الامر) واته‌: قوڕەیش ئه‌م كاره‌ی پێسپارد، یان دەڵێت: (قریش أهل أمامە) واته‌: قوڕەیش خاوەن ئیمامەتن، یان هەندێکیان بە (أمانه)واتە ئەهلی ئەمانەتن نووسیویانە، کە لە لادانی گێڕەرەوەکاندا ڕوویداوە. (طحاوی)گوتوویەتی: قوڕەیش ئەهلی ئەمانەتن و (المزنی) بە نون بۆی خوێندوونەتەوە، بەڵام خۆی ئەهلی ئیمامەیە. بەمیم. ئیمامەیش واتە خیلافەت (امام الاعظم)لای موسوڵمانان خەلیفەیە. (حافظ کوڕی حجر) ڕێگەی ئەم فەرموودەیەی دۆزیوەتەوە، واتە: (الائمه من قریش) ئیمامەت لە قوڕەیشە، لە کتێبی (لذە العیش فی طرق حدیث الائمه من قریش). واته‌: چێژ بینین له‌ ژیان له‌ رێگه‌ی قسه‌ی ئیمامه‌كانی قوره‌یشه‌وه‌یه.‌
محەمەد و خزمەکانی، واتە قوڕەیشی خۆشویستوە و لە خەڵکی عەرەبی تری بەباشتر زانیوە، نەک خێریان لە خێری خەڵک بە باشتر زانیبێت، بەڵکوو شەڕیشیان لە شەڕی خەڵکی تر بە باشتر داناوە. لە سیرەی الحلبیەدا دەڵێت، لە کتێبی سوننەت کارپێکراو لە سەر زاری ئیمامی شافیعی، (المزنی)گێڕاوێتییەوە، کە لە لای ئەو “هەڵبژاردەی قوڕەیش هەڵبژاردەی خەڵکە و هه‌ڵبژارده‌ی شەڕی قوڕەیشیش هەڵبژاردەی شەڕی خەڵکە”. لە سەر زاری شافیعی دیسان (قتادە بن النعمان) بە ڕاستوچەپ کەوتە جنێودان بە قوڕەیش، پێغەمبەری خودا گوتی: “بوەستە ئەی قەتادە جنێو بە قوڕەیش مەدە، هەندێک پیاویان تێدایە سەرسام دەبیت پێیان ، ئەگەر قوڕەیش سەرکوتیان نەکات پێمدەگوتن کە چییان لای خودایە” لە خۆشەویستی بۆ قوڕەیش و خۆبەخشینی بۆ بەنی هاشم، ئەوەی لە کتێبی سیرەتەکاندا هاتوە دەڵێت، کاتێک هەردوولا لە ڕۆژی بەدر بە یەک گەییشتن و ئامادەی شەڕ بوون، عومەری کوڕی خەتابی نارد بۆ لایان و گوتی: بگەڕێنەوە، پێمخۆشە خەڵکی تر بەدەستی من ئەم کارەی پێبگات لەوەی ئێوەبن، حەکیم کوڕی موزام گوتی: بە ئینسافەوە مامەڵەی لەگەڵ کردین و قبووڵیکردین، پاش ئەمە سەرناکەوین بەسەریدا. ئەبووجەهل گوتی: بە خودا ناگەڕێینەوە تا خودا سەرمان دەخات. لەوەیشدا محەمەد کە داوای لێکردن بگەڕێنەوە و نەچنە شەڕەوە، بەڕاشکاوی نەیویستوە قوڕەیش تووشی نەهامەتی بکات. هەر بەم شێوەیە لە ڕۆژی بەدریش ڕوویدا، لە (سیرە الحلبیە)دا هاتوە: عوتبە کوڕی ڕەبیعە کە لەگەڵ شیبەی برای و وەلیدی کوڕی لە ڕیزی جەنگاوەراندا پێشکەوتن بۆ شەڕ و داوایان لە موسوڵمانان کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی شەڕە شمشێر بێنه‌ پێشه‌وه‌، سێ گەنجی ئەنساری هاتنە پێش، سێ برا بوون، معه‌وەز و موعاز و عەوف کوڕانی عەفرا، بە پێی گێڕانەوە: کافرەکان نەیانویست ڕووبەڕوویان ببنەوە، پێیان گوتن: ئێوە کێن؟ گوتیان: پۆلێکین لە ئەنسار. گوتیان: پێویستمان بە ئێوە نییە، بە توانا و بەڕێزن، ئێمە خزمانی خۆمانمان دەوێت. لە گێڕانەوەیەکی تردا دەڵێت،محەمەد پێی ناخۆش بوە، هەیبەتی شەڕەکە بۆ غەیرە خزم و کوڕانی مامی نەبێت، پێی گوتوون بگەڕێنەوە، گەڕاونەتەوە.گوتوویەتی: بەنوهاشم هەڵسن بۆ ئەو حەقەی کە پەیامبەرتان بۆی نێرراوە شەڕبکەن، ئه‌وان بە ناحەقییەوە هاتوون بۆ ئەوەی ڕووناکیی خودا بکوژێننەوە، هەڵسە عوبیدە کوڕی حارس، هەڵسە ئەی حەمزە، هەڵسە ئەی عەلی، ئەوانیش هەڵسان.
لە گێڕانەوەیەکی تردا، دەڵێت پێی خۆش بوە سەرکەوتنەکە بۆ قوڕەیش بێت و بۆ خەڵکی تر نەبێت، بۆیە لە ئاماژەدان بۆ (حەق) بۆ ئەوەی لە پاشەڕۆژدا کاروبارەکان بۆ ئەوان بێت، بۆیە داوای لێکردوون ئەوان شەڕبکەن، ئەمەیش دەبێتە مافێک لە مافەکانی ئەوان، ئەگەر وانەبوایە، پێی نەگوتن بۆ حەقی خۆتان، بەڵکوو بۆ حەقی خودا، لەبەر ئەوەی ئەم شەڕە لە پێناو بانگەشەیە بۆ خودا.
لە خۆشەویستیدا بۆ قوڕەیش و خزمە نزیکەکانی بەتایبەتی لە بەنوهاشم، هەروەها ئەوەی لە بەدر ڕوویدا، لە (سیرە الحلبیە) دا هاتوە: لە کاتێکدا لە شەڕی دەستەویەخەدابوون و کافرەکانی قوڕەیش دەکوژران و به‌دیل دەگیران، محەمەد بەهاوەڵانی ده‌گوت: ئێوە دەزانن کە هەندێک پیاوی بەنیهاشم بەناچاری هاتوون بۆ شەڕ و پێویستیان بەشەڕی ئێمە نییە، ئەوەی یەکێک لە بەنی هاشمی بەردەکەوێت نەیکوژێت، بە ئاشکرا ناوی عەباس کوڕی عەبدولموتەلیبی هێنا، واتە کوشتنی حەرام کرد، لەو کاتەدا کە حەزیفەی کوڕی عوتەبە لە موسوڵمانەکان بوو، لە یەکەم ڕووبەڕووبوونەوەدا باوکی عوتەبە و برایەکی وەلید و مامی شیبە کوژرا بوون، كه‌ ئەمەی بیست، گوتی: ئایا باوک و برای ئێمە بکوژرێت و نەهێڵرێت عەباس بکوژرێت، ئەگەر پێی ڕابگەم بەشمشێر دەمی دادەخەم. ئەمەیش گەییشتە پەیامبەری خودا، بە عومەری گوت،ئەی باوکی حەفس، دەبێت دەموچاوی مامی پەیامبەری خودا بەر شمشێر نه‌درێت! عومەر گوتی: بەخودا ئەمە یەکەم ڕۆژە بە باوکی حەفس ناوم بەریت، گوتی: ئەی پەیامبەری خودا، با بە شمشێر لە ملی باوکی حەزیفە بدەم، بە خودا دووڕوویی کردوە.
بێگومان پێغەمبەر لەو کاتەدا عومەری بە نازناوی باوکی حەفسی ناوبردوە، بۆ ئەوەی شەهامەتی دەربخات و پارێزگاری لە عەباس بکات تا نەکوژرێت، لەبەر ئەوەی عەباس موسوڵمان بوە و پێغەمبەر بە موسوڵمانبوونی زانیوە بەڵام شاردوویەتییەوە، لەبەر ئەوەی پیاوی هەواڵگری بوە لە مەککەدا. عەباس لە مەککە، دووڕوویی کردوە لە کافربوونی، وەک چۆن لە موسوڵمانبوونیشی لە لای خەڵکی مەدینە لە مەدینەدا دووڕوویی كردوە‌. تەنانەت عەباس ویستی کۆچ بکات بۆ مەدینە، پێغەمبەر نەیهێشت، لەبەر ئەوەی مانەوەی لە مەککە و شاردنەوەی موسوڵمانبوونەکەی و ئاشکراکردنی کافربوونی، قازانجی زیاتربوو بۆ محەمەد لەوەی بچێتە مەدینە. لە بەشێکدا بەتەنیا باسی عەباس دەکەین، لەبەر ئەوەی لەم ڕێگەیەوە خزمەتێکی زۆری محەمەدی کرد، لە ڕێگەی کاری هەواڵگرییەوە لە مەککەدا. ئەوە خۆشویستنی محەمەد بۆ قوڕەیش دەردەخات، لە ڕۆژی ئوحددا بە ئەبووقەتادەی گوت، لە کاتێکدا قوڕەیشییەکان یارییان بە لاشەی موسوڵمانەکان ده‌کرد، ئەبووقەتادەیش ویستی یاری بە لاشەی قوڕەیشەکان بکات، محەمەد پێی گوت: ئەی باوکی قەتادە، قوڕەیش ئەهلی ئەمانەتن، ئەوەی بەربەست بخاتە پێشیان، خودا پیشانی ده‌دات، نەكه‌ی ماوەکەت درێژبوو کاری خراپەیان لەگەڵدا بکەیت و کردەوەی ناشیرینت لە ئاستیاندا لە دەست بێت. ئەگەر قوڕەیش گومڕایییان نەکردایە، پێم دەگوتن کە چییان هەیە لای خودا. ئەبووقەتادەیش گوتی: بە خودا بۆ خودا و پێغەمبەر تووڕەبووم، گوتی: ڕاست دەکەی، بەڵام خزمەکان چەند خراپ بن، هه‌ر هاوپشتی پێغەمبەرانیانن.
لەم بارەیەیشەوە هەواڵی (ثمامه بن ثئال ئەلحەنەفی) لە سیرەی (ئیبن هشام)دا ده‌ڵێت: کاتێک سومامە موسوڵمان بوو، چوو بۆ عەمرەی مەککە، کاتێک کافرەکانی بینی پێیان گوت: ئەی سومامە بووی بە سابیئە؟ گوتی: نەخێر، بەڵام دوای ئایینی خێر کەوتووم، ئایینی محەمەد. بەخودا زەڕڕەیەک لە یەمامەوە پێتان ناگات ئەگەر پەیامبەری خودا ڕێگەنەدات، لە یەمامەوە ئازووقە بۆ مەککە دەهات. کاتێک سومامە ڕۆیشت بۆ مەککە نەیانهێشت ئازووقە بەرێت بۆ مەککە. ئەهلی مەککە بۆ محەمەدیان نووسی: تۆ فەرمانی بڕینی سیلەی ڕەحم دەکەیت، تۆ ڕەحمت لە ئێمە بڕیوە، باوکانمانت بە شمشێر کوشت، کوڕانیشمان بە برسێتی.محەمەد بۆ سومامەی نووسی کە ئازووقەیان بۆ بەرێت. ئەمە لە کاتێکدا کە لە حاڵەتی شەڕدا بوون و بۆی هەبوو ئازووقەیان لێ ببڕێت، بەڵام سۆزی بۆیان هەبوە و بەزەییی پێیان داهاتەوە، بۆیه‌ ڕێگەی لە ئازووقە نەگرت. ئەگەر محەمەد یەک لە سەر دەی ئەم سۆز و بەزەیییەی بە یەهوودی بەنو قورەیزە و بەنی نەزیر و یەهوودی خەیبەر بهاتبایەتەوە، بە کوشتن و بڕین و دەربەدەری و ئاوارەیی ڕیشەکێشی نەدەکردن و بە توندوتیژییەکی لە ڕادەبەدەر و دڵڕەقیی مامەڵەی لەگەڵدا نەدەکردن. سەرەڕای ئەوەی ئەوانیش وەک قوڕەیش بوون لە دوژمنایەتیاندا. ئەگەر بەویژدانەوە بڕیاربدەین دەڵێین، محەمەد بەهانەی هەبوو لە مامەڵەی توند و دڵڕه‌قی لەگەڵ ئەو یەهوودانە، كه‌چی لەگەڵ قوڕەیش وانەبوە، لەبەر ئەوەی دەزانێت جوولەکە دوژمنی هەتاهەتایی دەبن. لەو باوەڕەدا نییە کە بڕوای پێبهێنن و بگەڕێنەوە بۆ لای، بە پێچه‌وانه‌ی قوڕەیش کە خزمین، ئەگەر دوژمنایەتیشیبکەن ئەوە لە نەزانینەوەیە، نەک حەسوودیبردن، هەرچەند درێژە بەدوژمنایەتی بدەن، ڕۆژێک دەبێت بزانن خێر و چاکسازیی بۆ ئەوان دەوێت و بڕوای پێدەکەن و دەگەڕێنەوە بۆ لای.نزای بۆدەکردن و دەیگوت: خودایە هیدایەتی خزمەکانم بدە… نەزانن، واتە نازانن من خێرم بۆیان دەوێت.
هەرچەند بانگەشەکەی محەمەد مرۆڤایەتیی جیهانی بوو، کە ئه‌مه‌یش سەرجەم خەڵک لەخۆدەگرێت، بەڵام ناتوانین ئه‌م بانگه‌شه‌یه‌ لە سۆزی نەتەوایەتی وەدەرنێین، بەتایبەتی کە ئامانجه‌كه‌ی بە ڕابوونی نەتەوەکەی خۆی، عەرەب بە گشتی و قوڕەیش بەتایبەتی نەبێت ناکرێت، بۆیە فەرموودەی زۆری هەیە لە سەر بەباشترزانینی قوڕەیشی قەومی خۆی و بەچاکتردانانی نەتەوەی عەرەب بە سەر نەتەوەکانی تردا. ئەم فەرموودانە دەبێت لەو بارەوە تەماشا بکرێن، کە ویستویەتی ڕابوونێک لە ناو ئەواندا ڕووبدات بۆ بانگەشەکردنەکەی، چونکە پێی گوتن نابێت شانازی بە بابوباپیرانەوەبکەن، پێی گوتن: (كلكم لادم وآ‌دم من تراب) واتة: هەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵه‌. ئەگەر بڵێین قازانجکردن لە پاشایەتی بۆ خزمەکانی لە وتەیەکیدا (الائمە من قریش)واتەئیمامەکان لە قوڕەیش دەبن، ناکۆکە لەگەڵ ئەوەی بڵێین بانگەشەکەی جیهانیی گشتییە، به‌ڵام دەڵێم: بانگەشەکەی گشتیی جیهانی جێگیرە، لەبەر ئەوەی یەکسانی و برایەتی بۆ هەموان و گشتی دەبێت، ته‌نها بۆ ئەوانەی دەچنە نێو ئیسلامەوە لە هەر ڕەگەزێک بووبن یان سەر بە هەر قەومێک بووبن. دەڵێت: (إنما الموءمنون اخوە). واته‌ هةموو باوةرداران بران، دەڵێت: (المسلمون ید علی من سواهم تتكافأ دماءهم ویسعی بذمتهم أدناهم) واته‌: موسوڵمانان بالآدةستن لە سەر ئەوانیتر و خوێنیان طرانترة و و خه‌ڵكی له‌وان نزمترن و هه‌وڵ بۆ ئیسلامبوون ده‌دات، هەروەها دەڵێت: (كلكم من آ‌دم و آ‌دم من تراب) هەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵە. دەڵێت: (لا فضل لعربی علی أعجمی إلا بالتقوی) واتە هیچ عەرەبێک لە عەجەمێک به‌خشنده‌تر نییه‌ و لەپێشتر دانانرێت لەچاکەخوازیدا نەبێت. برایەتی و یەکسانی گشتیی هەمەگیر بۆ سەرجەم موسوڵمانان دژ بەوە نییە کە سیستمی پاشایەتی لە خزمەکانی بێت، بەڵکوو پشتگیری دەکات و جەختی لەسەردەکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئیمامەت تەنها بۆ جێبەجێکردنی بانگەشەکەیە، لە کۆی ئەحکامەکانی ئیمامه‌تیش یەکسانی و برایەتییە، هیچ ناکۆکییەک نییه‌ لە نێوان بانگەشەی به‌ ئیسلامبوون بۆ جیهان به‌گشتیبێت و ئیمامه‌ت بۆ قوڕەیش بێت. ئەگەر بڵێیت بۆچی بە چاکی زانی قەومەکەی جێبەجێی ئەحکامی بانگەشەکەبکەن؟ دەڵێم: لەبەر ئەوەی بانگەشەکە بە خوێن و شمشێری ئەوان دەکرا، مافی خۆیانە کە زاڵبن بە سەر ئەحکامەکانیدا. سەرەڕای ئەوەی ئیمام لە قوڕەیش دەبێت بەته‌نها قەتیس نابێت لەواندا، بەڵکوو بەلای ئەوەدا دەشکێتەوە کە لەوان بێت، دەشێت ئیمام لە غەیرە قوڕەیش هه‌میشه‌ بە باشتر نه‌زانرێت. ئەوەی بەڵگەی خۆشەویستییە بۆ قوڕەیش، كه‌ پێغه‌مبه‌رهه‌میشه‌ سەربەرزیی ئەوانی دەویست. کاتێک چوونە ناو مەککە و ئه‌بووسوفیانیان گرت، فەرمانی بە عەباسی مامی کرد کە ئەبووسوفیان بەرێت لە دەروازەکەی مەککە لە تەنگەبه‌ری ئەلوادی بوەستن بۆ ئەوەی سوپای پێغەمبەر لە کاتی چوونەناوەوەی مەککەدا بیبینێت. له‌نێو ئه‌نساره‌كاندا، سەعد کوڕی عەبادەی ئەنساری ئاڵای پەیامبەری خودای لابوو، کە سەعد بە لای ئەبووسوفیاندا ڕۆیشت ئەویش لە ته‌نگه‌به‌ره‌كه‌ی دۆڵی وادی دا وه‌ستابوو، ئەبووسوفیان بە عەباسی گوت: ئەوانە کێن؟ گوتی: ئەوانە ئەنسارن “لایەنگرانن” سەعد کوڕی عەباد ئاڵاکەی پێبوو، سەرکردایەتییدەکردن کاتێک سەعد بەوێدا ڕۆیشت و گوتی: ئەی ئەبوسوفیان ئەمڕۆ ڕۆژی مەلحەمەیە، ئەمڕۆ حەرام حەڵاڵ دەکرێت، ئەمڕۆ خودا قوڕەیش زەلیل دەکات، سەعد ڕۆیشت و پێغەمبەر هات، ئەبووسوفیان پێی گوت: ئەی پەیامبەری خودا فەرمانت کردوە قەومەکەت بکوژیت؟ سەعد كه‌ لێره‌وه‌ ڕۆیشت وای گوت، دەڵێت ئەو دەیانکوژێت و قسەکانی دووبارەکردەوە، تکای خوات لێدەکەم بۆ قەومەکەت، تۆ بە ڕەحم و چاکەخوازیت و پێوەندیت هەیە لەگەڵیاندا. پەیامبەر گوتی: ئەی ئەبووسوفیان سەعد درۆی کردوە، ئەمڕۆ ڕۆژی ڕەحمەتە، خودا قوڕەیشی تێدا سەربەرز دەکات.
لە مێژوودا نموونەیە، کە پیاوێکی وەک محەمەد لە مەککەدا، سەرباری ئەو هەموو ئازار و ئەشکەنجەیەی لە پێناو چاکسازیی قەومەکەیدا بینیی، بەڵام کۆڵی نەدا. زۆربەی چاکسازیخوازان لە ڕێگەی ئەو چاکسازییەدا کوژران. کوشتن وەک ئەمە نییە، چونکە کوشتن سەعاتێک ئازاری دەبێت، بەڵام ئەمە ئازارێکی بەردەوامە، سەرەڕای ئەوەیشمحەمەد جگە لە سەربەرزی، هیچی بۆ قەومەکەی نەدەویست، لە کاتی چوونه‌ نێو مەککەدا و لە کاتی سه‌ركه‌وتندا لێی خۆشبوون، جگە لە هەندێک کەس کە جنێویان پێدابوو، ئەوەی باسمان کرد بەسە بۆ عەقڵەمه‌ندان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت