مەهدی خالید خەمبار: سینارێۆکانی پشتەوەی موصڵ و حەویجە.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی ئەمڕۆ لە موصڵ و کەرکوکدا ڕودەدەن، پانتایی هیزری جیهانی بەخۆوە سەرقاڵکردوە، چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای جەنگەکەوە تا پاش کۆتایی، سیناریۆگەلێکی جاڵجاڵۆکەیی ئاڵۆز بێنەگۆڕێ !
بۆ دەربازبون لەم شەڕە گشتگیرە بە کەمترین زیان، گرینگە وانەیەک لە ڕابردو، خۆدوبارەکردنەوەی مێژو، ئەزمونەکان لە گەڵ حکومەت و گەلانی باڵا دەستی ناوچەکە کە لێوانلێون لە تاوانی دژە مرۆڤایەتی، جەنگی خوێناوی، هەوڵدانی پاکتاوی ڕەگەزی و جینۆساید فێربوبین.
بە بڕوای من، پەند لە ڕابردو وەرنەگرتن ئۆباڵێکە، کە جیا لە سەرکردایەتی سیاسی و خۆمان لۆژیک نیە بیهاوینە ئەستۆی لایەنیتر.
لە دێر زەمانەوە و بێ ئاگا لە زیانەکانی لەلایەکەوە شەویلاگەی خۆیان و ئێمەشیان بە جاکانەوەی نەغمەی سواوی بە ( برا ) ناوزەدکردنی گەلانی سەردەست و داگیرکەری کوردستان ماندوکردوە، لە لای دوەمیشەوە ڕەواییدانە بە برا گەورەییان.
دوای 100 ساڵ تێپەڕبون بەسەر ڕێکەوتنانامەی ( سایکس پیکو ـ لۆزان ) بەدگومانم توانیبێتمان وەک گەلێکی دیموکراتخوازی بندەستە ساز و ئامادەی ئەم گۆڕانکاریە گەورانەبین و لە ئانوساتی داڕشتنەوە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بتوانرێ ئەوەی لە ڕابردودا بەهۆی غەدری نێودەوڵەوتیەوە لە دەستدراوە، دوای سەد ساڵ بەرگەگرتن و بەرگری و قوربانیدان بەدەستیان بهێنێتەوە و ناسنامەی سیاسی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و جوگرافی خۆمان، لە ڕێگەی پرۆتۆکۆلێکی سیاسی نێونەتەوەیی وەدەستبخرێتەوە.
ئەم بابەتە دەکەمە زەنگێکی بیرخستنەوەی ئەزمونە تاڵەکانی نێوان نەتەوەکەمان و دەسەڵاتدارانی پێکهاتوی زۆرینەی سێ نەتەوە باڵا دەست و داگیرکەرەکانە بۆ سەرکردەکانی ئەمڕۆمان، کە ئایندەی گەل و خوێنی ڕۆڵەکانی زۆر لەو سواڵکردنە پڕ شەرمەزاریە گەورەتر و پیرۆزترە کە لە گفتوگۆکاندا تەمیان بەسەر پرسە سیاسیەکاندا کردو و هەمومان زۆر و کەم دەیانبینین و دەیانبیستین، هەر جۆرە سازش و مامەڵەیەکی ناتەندروست لە سەریان ئۆباڵی تاوانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ئەخلاقی گەورەیە.
پێویستە سەرکردایەتی سیاسی کورد چارەسەرێکی ڕێشەیی بۆ کێشەکانی نێوانیان بدۆزنەوە و بەکلیلی کاراکردنەوەی پەڕلەمان و گەڕانەوەی وەزیرە دورخراوەکانی گۆڕان کە بە خوێندنەوەی زۆرینە ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی پارتی دیمکراتی کوردستانە کە ئامادەی چارەسەریان نیە،بێبونی ئەو چارەسەرە بە خوێندنەوەی بەندە زەحمەتە بتوانرێت سودی تەواو لە گرینگێتی ئەم قۆناخە وەربگیرێت و هاوکاتیش دورنیە ئەم سەرکەوتنە مەیدانیانەی هێزی پێشمەرگە و شەڕڤانان کە بەخوێنی گەش و قوربانیدانی لە دژی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش و دوژمنان تۆمار دەکرێن،پەلکێشی پارتی و هەندێ لایەنیتر نەکەن بۆ موڵکاندنی حیزبی دەستکەوتەکان، ئێستا و لێرەوە سەرەتای دەسپێکی قۆناخ و شێوازێکی نوێی خەبات دەستپێدەکات، قۆناخی سەوداو و دابەشکردنی کێکەکەیە لە نێوان هێزە بەرژەوەندپەرستە ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، کولانەوەی برینی قەتماغەگرتوی لایەتی موصڵ،قوڵبونەوەی کێشەی سیاسی، نەتەوەیی، ئاینی، مەزهەبی، تایفی، کۆمەڵایەتیەکانە. بەواتایەکی تر لەسەروبەندی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موصل + حەویجە و هەمیش دوای کۆتاییپێهێهاتنیان، دونیایەک کێشە و قەیران و ململانێی کەڵەکەبوی فرە ڕەهەندی وردە وردە زیاتر دەردەکەون بۆیە ئەرکی سەرشانی سەرکردایەتی سیاسیە لەم قۆناخە هەستیارەدا مامەڵەی ژیرانە لە گەڵ مۆرکردنی هەر ڕێکەوتننامەیەکی سیاسی، سەربازیدا بەشداری لایەنێکی نێودەوڵەتی بکاتە پێشمەرج.
کورتبینی پێشهاتەکانی دوای ئاوابونی خۆری داعش، نۆرەی سەرهەڵدانی پەتای (تاحشە ) ە باجی هەر مامەڵەیەکی تا تەندروست زۆر لەوە قورسترمان لە سەر دەکەویت کە مەزەندە دەکرێت!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت