ناكام محمود گەڵاڵەیی: بەڵێ‌ بۆ نەخێر، نەخێر بۆ بەڵێ‌.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆكاری سەرەكی نەخێر… چییە؟
بێگومان پێشینەی سیاسەتی ئەو لایەنانەیە كە هەڵگری دروشمی بەڵێن، چونكە لە ئاستی سیاسی و یاسایی و دەستوری و تاڕادەیەك ئابوریش ئەوان بەرپرسی یەكەمن لەدروست بوونی ئەم بارو دۆخە ناهەموارەی كۆمەڵگا، كە بۆتە هۆی بێ‌ متمانەیی لێكترازانی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی .
بەرای من بەڵێ‌ بەمانا شەرعیەت دانە بەم سیاسەت و حوكم ڕانییە كە هیچ ئایندەیەكی ڕونی بۆ من و بۆ هیچ تاكێك نییە كەبڕیاری مانەوەی لەم هەرێمە پڕقەیرانەدا داوە.
گەنجەكانمان بێ‌ كارن و خەڵك هەژارە و ڕۆژانە سەدان كەس بەهۆی ناڕوونی ئایندەیەوە كۆچ دەكان و بەغەم باری و نەدارییەوە زێدی خۆیان جێ دێڵن، نیشتمان خەریكە دەبێتە چۆڵەوانی و زبڵخانەی گەندەڵان و بازاڕی مافیاسیاسیەكان، ئیتر ئومێدی چیم بە حكومەت و دەوڵەتەكەی هەبێت،كە دڵنیام لە ئێستا باشتر نابین، من نەتەوەیم زیاد لەهوان نیشتمانم خۆشدەوێت، ئاواتمە دەوڵەتی كوردستان ببینم، بەڵام ناسیۆنالیزمی من و نیشتمان خۆش ویستنم، واناكات قەناعەت بكەم و ڕازی بم بەم هەموو نادادی و نایەكسانییەی كەهەیە، هەموو ئەو كەس و لایەنانە دەڵێن نەخێر كە تێدەگەن لەئێستا و خوێندنەوەیان بۆ ئایندە هەیە، هەموو ئەوكەسانە دەڵێن نەخێر كە داخستنی دەرگای پەرلەمان و كوشتنی ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەرانیان لە بیرە. هەموو ئەو كەسانە دەڵێن نە خێر بێ‌ كەس و بێ‌ گەورەو بێ‌ خاوەنن، ئەوڕۆژانەیان لە بیرە كە گەنجی كورد گۆڕ غەریب دەبن و شەهید دەكرێن لەبەرەكانی جەنگ كەچی مناڵەكانیان بەهەتیوی و برسێتی چاوەڕێی بەشێك لەمووچەدزراوەكەی باوكیانن، بیست و پێنج ساڵە دزی ئەكەن پێتان وایە هەموو كۆمەڵگا بڕواتان پێ‌ بێنێت بۆ ڕیفراندۆم.؟

هۆكاری سەرەكی بەڵێ‌ چییە.؟
دڵگرانم كە دروشمی دەوڵەتداری بەدەست كەسانێكەوەیە كەشایەنی نین، ویژدانم ئاسودە نابێت بڵێم نەخێر، ئەمە هەندێكمانین، هەندێكی تر لایەنگری ئەو لایەنانەن كە لاف و گەزافی دەوڵەتداری لێ‌ ئەدەن و خۆیان بە پاڵەوانی شۆڕش و ماندوو بوونی گەلێك ئەزانن، خۆیان بەخاوەنی یاسا و دەستور و پەرلەكان و خەڵك و سەروەت و سامانی ئەم نیشتمانە ئەزانن وەك ئەوەی ئەم گەلە هیچی نەكردبێت، تەنیا ئەوان كردوویانە، ئەوان كە بەنایاسایی و نادەستوری نەخێر بۆ پەرلەمانێك دەكەن كەبەدەنگی بەڵێی ئێمە هەڵبژێردرا ئێمە چۆن بۆ ڕیفراندۆمە نایاساییەكەی ئەوان بەڵێ‌ بكەین.
ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە پێیان وایە ئێمە هەموو شتێكین و لەهیچمان كەم نییە، پایەكانی بوونە دەوڵەتمان بنیات ناوە، خاوەنی فایلی سەر سەرخۆین و پشتیوانیمان هەیە، ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە پێیان وایە ئیتر كاتی ئەوەهاتووە كە لە ئازاد بین و ببینە دەوڵەت، ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە دەوڵەمەند و پارەدارن، ئەگەر ئەم میللەتە لە برسابمرێت ئەوان خاوەنی ئەوەندە هەن بەدیار مردنی ئێمەوە بخۆن، یان سواری فرۆكەیەك ببن و بقوچێنن، یان ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە حیزبەكانیان گرنتی مانەوەیان دەكەن و دەیان پارێزن،
ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە جورئەتی ڕای جیاواز و ووتنی ڕاستیەكانیان نییە، ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە شەرمە بۆیان یڵێن كاكە خۆت ناشەرعی چۆن شەرعیەت بە تۆ بدەین، ئەوانە دەڵێن بەڵێ‌ كە پێیان وایە ئایندەمان ڕونتر ئەبێت باشتر ئەبێت، بەكوردی و بەكورتی نە خاوەن دروشمی بەڵێ‌ شایەنی بەڵین، نەخاوەن دروشمی نەخێر شایەنی نەخێرن، لێگەڕێن گەمەی سیاسی خۆیان تەواو بكەن، ئەگەر هەندێك پێیان وایە بە كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەكانی گۆڕان خەڵك دەنگ ئەدات بە بەڵێ‌ بەڕای من هەڵەن، چونكە هیچ لەدۆخە ناهەموارەكەناگۆڕێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت