نامەیەك لە گیرفانی سەربازێکدا دوای شەهید بونی دۆزرایەوە!

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئامادە و وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە/ دڵشاد حافز

تێایدا ئەڵێ:
ئەگەر مردم باوەڕ بە هەمو شتێك مەکەن، ئەگەر لە بەرنامەیەکی تەلەفزێۆنی بێ مانادا دایکم وتی ( کوڕەکەم ئاواتی شەهید بون بو، یان ئەگەر وتی نیشتیمان پیرۆزە پێویستە بەرگری لێ بکەین ) باوەڕی پێ مەکەن چونکە من وام نەوتوە و منیش وەکو ئێوە حەز بە ژیان ئەکەم . ئەزانم کچە بێژەرە لێو سورەکە قەناعەتی پێکردوە کە وا بڵێ.
هەروەها هاوڕێکەم کە وێنەکەمی لە سەر دیواری فەیسبوکەکەی داناوە و بە شیعرو پەخشان باسی شەهید بونم ئەکات، باوەڕی پێ نەکەن ئەو کەسێکی منافیقە، چەند جارێك داوای قەرزم لێکرد بەڵام ئەو بەردەوام خۆی لێ ئەشاردمەوە.
باوەڕ بە فەرماندەکانمان نەکەن کە لە ئاهەنگی یادکردنەوەماندا باسی ڕوحی بەرگری و خۆشەویستیمان بۆ نیشتیمان ئەکەن. ئەزانن ئەو جل و بەرگە نایابەی لە بەریاندایە بە پارەی دزراوی ئێمە کڕاوە، ئێمە کوڕی هەژارانی ئەم وڵاتە سوتەمەنی شەڕین و بەروبومەکەی بۆ ئەوانە، کوڕ و کچەکانی بەرپەرسەکانمان لە دەرەوەی وڵات ڕائەبوێرن و لە خۆشترین شوێنەکانی ئەم گەردونە پارە دزراوەکانی ئێمە خەرج ئەکەن.
پێ ئەچێ جەنابی مقدەم یان عقید کەمێك غەمبار بێ، ئەویش بۆ من نا، بەڵکو بۆ نەمانی ئەو بڕە پارەیە کە وەکو دیاری پێی ئەبەخشین لە پێناوی بەدەستهێنانی هەندێ لە مافەکانمان وەکو کڕینی کارتی مۆبایلەکەی ئەوانەی لە مەراسیمی بە خاکسپاردنم تەقە ئەکەن بە هەوادا کێن؟ هیچ کام لەوانەم لە هیچ شەڕێکدا نەمبینیون، من پاڵەوان نەبوم و هیچیش دەربارەی خۆشەویستی نیشتیمان نازانم، تەنها چەکم کرایە شان و لە گۆڕەپانی شەڕدا خۆم بینییەوە.
ئەگەر بە گولە، یان بە پارچەی تۆپێك کە بە سودفە لە تەنیشتم ئەکەوێ بمرم هیچ جیاوازی نیە، تەنها بە گریانی دایکم و نەرمە فرمێسکی باوکی پشت شکاوم و فرمێسك و ئازادرەکانی خۆشەویستانم باوەڕ بکەن، لە کاتێکدا بەڵێنم پێدان کە نەچم بۆ بەرەکانی جەنگ، بەڵام لە پێناوی ژیانی ئەوان و خێزانەکەمدا کە بژێوی هەتاهەتاییان بۆ پەیدا بکەم قسەی ئەوانم شکان، ئێمە لە بەرەکانی چەنگ و ترسنۆکەکان بەردەوام باسی قارەمانێتی و تێکۆشانی ئێمە ئەکەن لە دورەوە.
زۆر جار لە خۆم دەپرسم بۆ هەر ئەبێ ئێمەی کوڕە هەژار ئەبێ بکوژرێن کە خاوەنی مەترێك زەوی نین، تەنانەت پارەی گٶرەکانیش ئەبێ خۆمان بیدەین، دەپرسم بۆ کوڕە بەرپرسێك ناکوژرێ؟ یان بەرپرسە ورگ زلەکان بۆ لە پێناوی پارێزگاری لە نیشتیمان ناکوژرێن؟ ئەرێ هیچ وەڵامێکت دەست ئەکەوێ دوای مردنم؟ ببورە نیشتیمان من لە پێناوی تۆیانەمردم! بەڵکو لە پێناوی بژێوی ژیان و نانێك بۆ خێزانەکەم مردم. کە حکومەتەکەمان نەیتوانی سادەترین مافەکانم بۆ دابین بکات.

تێبینی : بە داوای لێبوردنەوە لە واڵی بەڕێز حاکم عزیز وەرمگرتوە کە بە زمانی عەرەبی بو وەرم گێراوەتە سەر زمانی کوردی بە کەمێك دەستکارییەوە، چونکە لە واقیعی کوردستانەوە نزیکە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت