PUK-1

نامەیەکی کراوە لە پێشمەرگەیەکی دێرینەوە, بۆ ئەندامانی مەکتەب سیاسی و سەرکردایەتی ( یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی ) بەڕێز.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بابەت⁄ بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکانی (ی .ن.ک).
ھەڤاڵانی بەڕێز زۆر بەداخەوە دەبینین لە سایەی سەری ئێوەی بەرپرسان و دەسەڵاتدارانەوە ڕۆژ بەڕۆژ بارودۆخی ناخۆی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەرەو خراپی ھەنگاو ئەنێت و لە ئۆقیانوسێکی فراوانی خوێناویەوە کە بە خوێنی ئاڵو پیرۆزی شەھیدانی ئەو حیزبە لەئاستێکی بەرزو شەپۆلاویدا بو، دەبینین ساڵ بەساڵ دەریاچەو جۆگەلەی پچوکی لێدەبێتەوەو ئێستا ئەوەی ماوە لەئاست گەورەیی و مێژوی پیرۆزی ئەو یەکێتیەی جاری جاراندا نیەو ئەو دەریا فراوانەی بە خوێنی پیرۆزی شەھیدان بوبوە جێی شانازی و سەروەری بۆ گەلەکەمان و بۆ یەکێتی، ئێستا وا لە وشک بون و نەماندایە.
ھۆکاری ھەموو ئەم گرفت و نەھامەتیانەی بەرۆکی یەکێتی گرتوە تەنھا ئێوەی بەرپرسانن و بۆ بەرژەوەندی خۆتان و ماڵ و منداڵتان سەریی زمان و بنی زمانتان کردوە بە ڕێبازە پیرۆزەکەی مامی گەورەمان و چەپکە گوڵەکەی یەکێتی. بەڵام زۆر بەداخەوە بە کردارو ھەڵسوکەوت و ڕابوردوتاندا، کە ھیچ ڕێزو حورمەتێکتان بۆ ڕێبازە پیرۆزەکەی مام و نە بۆ چەپکە گوڵەکەی یەکێتی و نە بۆ خوێنی پیرۆزی شەھیدان و نە بۆخەبات و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانی ئەو حیزبەو نە بۆ مێژوی پیرۆزی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دا نەناوەو ، تەنھا بۆ خۆ دەوڵەمەندکردنی خۆتان و بەرژەوەندی تایبەتیتان تێکۆشاون و ھۆکاری بەفیرۆدانی خوێنی پیرۆزی شەھیدە قارەمانەکانیشمان تەنھا ئێوەی بەرپرسان بون.
دەبینین بەدەیان جار دانیشتون و کۆبونەوەتان سازکردووە تا بگەنە ئەنجامێک بۆ چارەسەری گرفتەکانتان، بەڵام بێ سودو بێ ئەنجامە بووە. ھۆکارەکەشی ئەوەیە کەستان ھێزوتوانای ئەوەتان نیە دەستبەرداری پلەو پایەو کورسی دەسەڵاتان بن، ناحاقیشتان ناگرین زۆرێک لە ئێوەی بەڕێز بە ھەمو تەمەنی خۆیی و بنەماڵەکەشیەوە بەم جۆرەی ئێستای نە خاوەنی داھات و سەروەت و سامان و نە ژیانێکی شاھانەی وەک لەم جۆرەی ئەمڕۆشی بەخۆیەوە بینیوە.
ئێمەی خانەوادەی شەھیدان و پێشمەرگەو کادران و دڵسۆزانی غەدر لێکراوی ئەو حیزبە داواکارین لێتان بۆ ئەوەی دانیشتنەکانتان سەرکەوت و بێت و ئەنجامێکی باشی ھەبێت، ڕەچاوی ئەم داواکاریەمان بکەن و دڵنیا بن یەکێتیش ڕزگاری دەبێت لەدەست ئەو نەھامەتیەی ڕووی تێکردوە و، ھەم ئێمەی یەکێتیەکانیش تائەو کاتەی ئەمرین و سەرمان لەبەردی ئەلحەد ئەدات. یادگاریە جوانەکانی ئێوەو بۆنی خۆشتان لە لوتماندا ئەمێنێتەوەو بەڕۆح و بەدڵ لەگەڵماندا ئەبن لێمان جیانابنەوە .

یەک پیاوەتیمان لەگەڵدا بکەن.
داواکارین زەحمەت نەکێشن و کۆنگرە نەبەستن، ھەرکەسەتان بە پێی مەزاجی خۆی کوڕی یان کچی یاخود زاوای یان ئەوەڵزاوەی لە جێگاکەی خۆی دا بنێت و ئەو کەنجە لێھات و خوێنگەرم و دڵسۆزانەی خۆتان بخەنە گەڕ بۆ نوێبونەوەی یەکێتی. بەو کارە پیرۆزەتان ھەم ئێوەی بەڕێزیش و ھەم یەکێتیەکانیش ئیسراحەت ئەکەن.
ئێوە بن یان کەسە نزیکەکانتان جێگاکانتان بگرنەوە، بۆ یەکێتیەکان و بۆ خەڵکی کوردستانیش ھیچ فەرق و جیاوازییەکی نیە. لەبەر ئەوەی مناڵەکانی خۆتان بێت یان کەسە نزیکەکانتان گرنک ئەوەیە ئەوانیش ھەر بۆنی ئێوەی بەڕێزیان لێ دێت و تەواوکەری کارە ھەڵپەسێراوە نەکراوەکانی جەنابتان دەبن.
دڵنیا بن ئەم پێشنیارە جێ بەجێ بکەن ئاو بە ئاگردا ئەکرێت لە ناو یەکێتیدا و دوای ئەوەش بۆ ئەوەی ناوی یەکێتی بە گەورەی و پیڕۆزیەکەی بمێنێتەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت