نهێنی ڕۆژی لە دایکبوونی زۆرینەی عیراقییەکان لە [ 1-7 ] دا.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کاتی خۆی لە دانیشتنێکدا برادەرێك پێی گوتم: ئەوروپاییەکان زۆر بەلایانەوە سەیرە و دەڵێن: کە لە هەر عیراقییەک دەپرسیت لە نێوانیشیدا ئێوەی کورد، بۆ ڕۆژی لە دایکبوونەکەی، وەڵامی زۆرینەی زۆریان بە ( 1-7 ) دێت. ئەو مەسەلە چییە؟
منیش بە پێی ئەو کەمە زانییارییەی هەمە، ئاوا وەڵامی ئەو برادەم دایەوە و، هیوادارم وەڵامەکەم لە جێ خۆیدا بووبێت و پێکابێتم:
سەرژمێری بە یەکێك لە بنەماکانی پێشکەوتنی مرۆیی دادەنرێت لە گشت ڕوویەکەوە، بۆیە وڵاتێکی وەک ئینگلتەرا کە بە زلهێزترین وڵاتی سەردەمی خۆی دەژمێرا لە ساڵی 1066 دا یەکەمین سەرژمێری دانیشتوانەکەی خۆی ئەنجام داوە” ئەو ئیمپراتۆرییەتەی هەرگیز خۆری لێ ئاوا نابێت”،
ئەمریکا لە 1790 دا،
میسر لە 1800 و لە سەردەمی موحەمەد عەلی پاشادا،
ئەڵمانیا لە 1871 دا،
بەرازیل لە 1872 دا،
ڕوسیا لە 1897 دا،
یابان لە 1861 دا،
فەرەنسا لە 1836 دا،
باڵژیک لە 1846 دا،
هیندستان لە 1881 دا و…. هتد سەرژمێریان ئەنجامداوە.
ئەوجا ئەو کاتەی وڵاتی عیراق لە لایەن ئیگلیزەکانەوە بە درەوشە و دەرزی و دەزووی پیو و مێوکراو تا زۆر قایم و توندوتۆڵ بێت، پێکەوە لکێنران ( نامەوێت زۆر ڕۆچم لەسەر چۆنیەتی ئەو دروستکردن و پێکەوەلکانە ) ویستی سەرژمێرییەک لەو وڵاتە تازەپێکهاتووە ژێردەستەی دا ئەنجام بدات ئەویش لە ساڵی 1927 دا بوو.
جاران کەس گوێی بە ڕۆژی لە دایکبوون نەدەدا نەیاندەزانی کە چ گرنگییەکی هەیە، کەسانی خوێندەوار ئەوەندە نەبوو. دەتوانم بڵێم لە گوندێکدا لە مەلا و چەند کەسێك کە لە ژمارەی پەنجە تێپەڕی نەدەکرد، کەس خوێندەواری نەبوو. هەروەها لە شارەکانیشدا ژمارەی خوێندەواران هەر زۆر کەم بوو، بۆیە شارەزایانی بواری سەرژمێری کە ئەوکات زیاتر فەرمانبەرە ئیگلیزەکان بوون، هاتن ڕۆژی 1-7 یان وەک نێوەندی ساڵ بۆ ڕۆژی لە دایکبوون دانا بۆ خەڵکانی ئەو کاتە [ ( 1-7 ) کە دەکاتە نیوەی ساڵ ]. لە دوای ئەمەیش هەر سەرژمێرییەکی دیکە ئەنجام درابێت هەر ئەو ڕۆژەیان دووپاتکردۆتەوە.

سەرژمێرییەکان کە لە عیراقدا ئەنجام دراون:
1- لە 01-10-1927 دا یەکەمین سەرژمێری دانیشتوانی ئەو کات کرا و، کە خەڵکی هێندە زانیاریان لەسەر ئەو بابەتە نەبوو تەنیا دەگوترا بۆ زانینی نفووسی عیراقە. مزگەوت و خوێندنگا و شوێنە فەرمییە حکوومییەکان کرانە جێگەی فەرمی بۆ ئەو کارە. بەڵام لە ڕاستیدا سەرکەوتوو نەبوو، بۆیە دەوڵەت زۆر بە وردی گوێی پێنەدا و ئەوکات هەموو دانیشتوانی عیراق بە 2968540 کەس هاتە ئەژماردن.
2- سەرژمێری 1934 کە دانیشتوان بە 3213174 کەس هاتە ئەژماردن کە ئەویش دووبارە ناتەواو و زۆر جێگەی متمانە نەبوو.
3- لە 19-10-1947 دا سەرژمێرییەکی دیکەیان کرد کە تا ڕادەیەک بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچوو و ژمارەی دانیشتوان بە 4816185 کەس هاتە ئەژماردن.
4- لە 12-10-1957 دا سەرژمێرییەکی دیکە کرا و کە بە سەرکەوتوو دادەنرا و ژمارەی دانیشتوان بە 6536109 کەس هاتە ئەژمارە.
5- لە 14-10-1965 داکرا کە دەبوو لە ساڵی 1967 دا بکرایە، بەڵام پێشخرا لە بەر هۆکاری سیاسی ئەو کات و، ژمارەی دانیشتوان بە 8261527 کەس دیاریکرا.
6- لە 17-10-1977 دا کرا کە ژمارەی دانیشتوان بە 12497000 کەس.
7- – 16- 10- 1987 کە لە سەردەمی جەنگی عیراق ق ئێراندا بوو بۆیە ئەو ناوچانەی کە لەسەر سنووری ئێران- عیراقدا بوون ئەو سەرژمێرییە نەیگرتنەوە و ژمارەی دانیشتوان بە 16335199 کەس دەرچوو.

8- لە 16-10-1997 دا کراو بەڵام دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە ، ژمارەی دانیشتوان بە 19184543 کەس دەرچوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت