نەبەرد محەمەد: پێکەوە ژیانی بێناوەڕۆک.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان و شاری هەولێر وەک پایتەختەکەی، لەماوەی حوکمڕانی دەسەڵاتی کوردیدا وەک هەرێم و شاری پێکەوە ژیان و کۆبونەوەی سەرجەم پێکهاتە ئاینی و ئیتنیکیەکان باسی کراوە. بەڵام ئەوەی گرفتی سەرەکی و مایەی ناڕەزایەتی بەشێک لە خەڵکی هەولێر بووە، بەرتەسککردنەوەی پانتایی ئازادی سیاسی و ڕادەربڕین بوون. سەرجەم هێزە ئەمنی و هەواڵگریەکانی دەسەڵاتی پارتی، تەنها کاریان پاراستنی خودی دەسەڵات و دەسەڵاتداران بووە.
ئەوەی ئێستا لە هەولێر ڕوودەدات بەناوی حەماسەتی کوردایەتی، کەفوکوڵێکی سەرئاوکەوتووی بێڕەنگ و بۆنە، کە پارتی و دەزگا هەوڵگریەکانی ئاگرەکەی بۆ خۆش دەکەن. دوای شکستی تەواوەتی حکومەتی هەرێم لەسەر دەستی هەردوو حیزب یەکێتی و پارتی، زۆر زیرەکانە دەستیان بۆ مەلەفی نەتەوەیی و ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی برد. بەو جۆرە تێڕوانینی خەڵکیان لەسەر گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان خستە سەر بابەتێکی تر، کە ئەویش دەوەڵەت و سەربەخۆیی کوردستانە. ئێستاش دەرەنجامە خراپەکانی ڕیفراندۆم وەک تەوقێک لەملی هەموومان ئاڵاوە.
ماوەیەکە پارتی بە دوو ڕێگا هەوڵی دروستکردنی تەعەسوبی قەومی و هەستی پەراوێز خستن لەناو خەڵک بڵاو دەکاتەوە، یەکەمیان لەڕێگای ڕاگەیاندنەکانی نزیک لەخۆیی و هەندێک جاریش سوود لە هاوپەیمانەکانی وەدەگرێت، دووەمیشیان لەڕێگای ئەو گروپە ئەمنی و تۆڕە شاراوە حیزبیەی ناو خەڵکەوە، کە لەشێوەی گروپی ڕەگەز پەرستی و قین لەدڵ دەردەکەون. بۆ ئەوەی خەڵکی بێننە سەر ئەو باوەڕەی، کە حکومەتی عیراقی و سەرۆک وەزیرانەکەی ئەو بەڵێنانەی لەبارەی موچەوە بە هەرێمی کوردستانی دەدات ناڕاستن. لەکاتێکدا ماوەی نزیکەی چوار ساڵە حکومەتی هەرێم خۆی بەرپرسیاری یەکەمە لە پێنەدان و پاشەکەوتکردنی موچەی فەرمانبەرانی. ئێستا بە چەند مانگێک بەڵێنی درۆی دەسەڵاتدارانی عیراق، دەیەوێت خۆی لەو بەرپرسیارەیەتە دوور بخاتەوە و بابەتی موچە ڕووبەڕوی حکومەتی عیراقی بکاتەوە.
ئەوەی پارتی ئەنجامی دەدات لەسەر شەقامەکانی هەولێر، لەڕێگای گروپە ڕاسیست و ئەندامە دڵسۆزەکانی حیزب و کەسانێکی نزیک لەخۆی، دیسانەوە بۆ لابردنی چاوی خەڵکی کوردستانە لەسەر شکست و دەرەنجامە سلبیەکانی ڕیفراندۆم و هیچی تر. ئەو ژەهرەی لە شەقامەکانی هەولێر لەژێر ناوی کوردایەتیدا دەیڕێژن، لە کۆڵانەکانی کەرکوک و دوز خورماتوو خەڵکانی خۆمان دەمانکوژێت. کاردانەوەی هۆز و خێڵە عەرەبیەکان و شەقامی عەرەبی لە عیراقدا، سەرهەڵدانی قۆناغێکی مەترسیدارە بۆ کورد وەک نەتەوەی دووەم، کەخۆی لە شەڕی تائیفی و قەومیدا دەبینێتەوە.
گومان هەڵناگرێت کە پارتی خۆی ئەم کارانە ئەنجام دەدات، هەر کات ویستبێتی لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی، شەقامی جوڵاندوە و بەکاریهێناوە، نمونەی خۆپیشاندانە دەستکردەکانی هەولێر دژ بە لێدوانی پەلەمانتار و کەسایەتی و وەزارەت و لایەنەکانی تری ناو دەسەڵات لەدەروەی پارتی. وە هەر کاتیش ووستبێتی شەقام کپ کاتەوە و جوڵەی لێببڕێت، بەناوی ئەمنیەتی شار و تێکدانی ئارامی، بە توندی ڕووبەڕیان بۆتەوە. هەر لە (سەردەشت عوسمان)ەوە بیگرە تادەگاتە گرتن و فەلاقە کردنی چالاکوان، ڕۆژنامەنوس و تەنانەت گەشتووە بە سنورداشکردن بۆ ئەم دیو سنوەرەکانی دەسەڵاتەکەی. کاتێک شار ئەوەندە لەژێر کۆنترۆڵدا بێت، چۆن دەبێت ئاگاداری ئەم هەموو فەزیحەیە نەبێت لەناو جەرگەی شاردا؟
پارتی ئەم یاریە بۆ مەبەستێکی ڕوون ئەنجام دەدات، ئەویش سەرهەڵدانی ئەو قۆناغە نوێیە لە شەڕی قەومی کە خەڵکی ناچار بکات بۆ پاراستنی ناسنامەی نەتەوایەتی خۆی، دژ بە دەسەڵاتی عەرەبی عێراقی ڕابوەستێتەوە. پارتی وایدەبینێت لە دروستبوونی کاردانەوەیەکی گشتی لەم جۆرەدا خۆی دەبێتەوە بە قارەمانی شەڕەکە و هەر خۆی پێشڕەوی ئەو ڕەوتە ناسیۆنالیستیە دەکات، کە بڕیاری ڕیفراندۆمی داو، ئێستاش لە وەهمی داگیرکاری دەمانپارێزێت. هاوکات خەڵکیش بەناچاری دانبنێن بە شەرعی بوونی ڕیفراندۆمەکەدا و ئەو باوەڕەمان لا دروستبکەن کە بڕیارێکی دووربینانە و لەکاتی خۆیدا بووە. وە شاهیدیمان لەسەر کارێک پێبدەن کە دەبوو هەمووان لەبەردەمیدا ڕاوەستین تا ئەم کارەساتانە بەدوای خۆیدا نەهێنێت.
لەکاتێکدا کاری گروپە توندڕەوەکانی سەرشەقام، تەنها زاڵبوونە بەسەر ئەو ترسە ناوەکیەی، کە لەناخی هەریەک لەوانەدا چەسپیوە بەرامبەر جیاوازیە ئاینی و نەتەوەییەکان. هاوکات کۆبونەوی ڕقی زۆر و پەنگخواردوی ناخی کەسانێکە، کە تەنها لەم جۆرە کارانەدا ڕێگایان پێدەدرێت خاڵی ببنەوە.
ئەوەی ماوە ئەو پرسیارە جەوهەری و گرنگەیە لە دەسەڵاتی کوردی هەرێمی کوردستان، ئایا ئەو پێکەوە ژیان و فرە ڕەنگی و ئاینیەی لە هەرێمی کوردستان هەبوو کامەیە؟ ئەگەر پێکەوە ژیانی جیاوازیەکان ئەوە بێت کە لەماوەی پێشوودا لە شەقامەکانی هەلێر ڕویاندا، با چیتر مامەڵە بە شتێکەوە نەکەن کە کڕیارەکانی، تەنها ئەندامە حیزبیەکانی خۆیانن ئەمە تەنها قسەیەکی بێناوەڕۆکە. وە ئەگەر پێکەوەژیانێک لە کوردستان بوونی هەیە و ڕاستیە، با لەبەر بەرژەوەندیەکی بچوک و دەسکەوتێکی کاتی بۆ حیزبەکانیان، خۆیان و خەڵکی کوردستانیش نەخەنە ژێر پرسیاری دۆست و دوژمنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت