نەبەز جەلال: هەڵە تێگەیشتنێک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

جۆری هەڵمەت و کرداری کەسی سیاسی، لەگەڵ واتای زانستی پەروەردەیی هزرو بزاوتی شۆڕشگێڕانەی کەسی شۆڕشگێڕ، لەم چوارچێوە جوگرافیی و دابەشکراوەدا، دوو چەمک و دوو کەوانی تیری پێچەوانەیی ئاڕاستەو ڕێگە جیاوازن، لە پێکانی ئامانجێکی دیاریکراودا، بەئاڕاستەی چنینەوەی خەبات و تێکۆشانی ” کەسیی و گشتی ” لە فۆرمە خزمەتگوزارییەکانیاندا بۆ” خەڵک ” و بەرگریکردن و مانەوەی بەرژەوەندییە ” کەسی “یەکان بۆ خوود.!
ئەو کەسەی بەواتاو کرداری” سیاسی” کار بۆ پرۆسەی سیاسی دەکا، لەم دەڤەرە ( هەرێمی باشوور ) دەبێت ئامادەیی و توانستی گەمەی راکێشانی سەرنجی دوژمنەکانی هەبێ، گەر پێویستیش بێت بە وویست و پلانی حزبی و بەرژەوەندی کەسی خۆی بهاوێژێتە باوەشی پڕ سۆزی دایکانەی دوژمن و مل کەچی خواست و فەرمانەکانیان بێ، بەپێی سیاسەتی رۆژ دەست و پەنجە نەرمبکات و خۆی بگونجێنێ و ببێتەوە هاوبەشی نەیارانی، لە پرۆسە گوماناوییە سیاسییەکانیشدا لەنگەری با و شەپۆلی بازرگانبێ بۆ دەستکەوت.
” کورد ” گوتەنی: لەم هەرێمەدا سیاسەت بێ دایک و باوکی هەتککراو و بەچە زۆڵە، سیاسیەکانیش، لە نێو ئەم جۆری میتۆدو ناونانەدا وونن و کەس خاوەندارێتی ڕاستەقینەیان ناکا، چوون ھەر جارەو بەجۆرێک گەمەی نمایش دەکەن. ئاشناکردنی بەمشێوازە سیاسییە جگە لە نوزەیەکی شەرمن، پەیامی ئامادەسازی پلانێکی هەناو ڕژاویشە بۆ پەنجە نەرمکردن و سەرلەنوێ ناساندنەوەی بێ مۆڕاڵی سیاسییە، لە هەناوی سەرکردە باڵاکان و بڕیاری ئۆرگانەکانی حیزبە، بۆ بێنرخکردن و بچوککردنەوەی کارەکتەری سیاسی پیتێنراوە، لە نێو تاک پەرستن و داهێنانی پەروەردەی و پیرۆزی دۆزینەوەی فەرماندەی بێ ڕکابەر بۆ سیاسەت.
سیاسی بلوریی لەم هەرێمە بەویست و دەستی دەستە باڵاکانی ئۆرگانی حیزب ئەچێنرێت، دەچنەوە خزمەت پاراستنی کارو بەردەوامی گەشەو گەمەی بەرگریکردنی ڕەوایەتی مانەوە بەوەهمی کاریزمای پیتێنراو و تێپەڕیوەکانی ڕابوردو. دەبنەوە هەمان کەرەستەی گەشەی خەونی بەردەوامی دروستکرنەوەی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر هەمان بنج و توخمە بۆماوەکەی ڕەچەڵەکی سەپێنراو.
جۆر و شێوازی جیاواز، لە فۆرم و بەرهەمی کارەکتەری سیاسی مڵۆزم ، لە پێگەو ڕەوتی بەردەوامی شکست و رێچکەی نوێی داهێنراو، لە ژێر تیشکی کاریگەری و بینینی پیرۆزییەکانی نێو خوێندنگا ئۆرگانییەکانی حیزب.
شێواندنی قۆناغەکانی گواستنەوەی سیاسی و دەستکاریکردنی ئاڕاستەکەی و دەست خستنە ناو پرۆسەی سیاسییەوە، بۆ مەرامی سیاسی، لەنێو بازنە دیاریکراوەکەیدا، سنور ڕێژکردنەوەی درزو و کەلێنە ئۆرگانییەکانی جووڵەی سیاسین لە پانتاییە حیزبییەکەیدا بۆ دەستکەوتی قێزەوون.
کەس و پەروەردەی شۆڕشگێڕیش تەواو پێچەوانەی ناوەرۆک و بەرپرسیارێتی کار و کردەوەی کەسی سیاسی حیزبین، بێگومان ئەویان دەبێتە شانازی بۆخەڵک و خاك و نیشتیمان ئەمیشیان دەبێتە شەرمەزاری و پەڵەیەکی ناشرین بۆ هەموو.
بۆ ڕێککردنەوەی ئەم جیاوازی و جیاکردنەوەی هەڵەی تێگەیشتن وگەوجاندنە ئۆرگانییە، دەبێت لەدەرەوەی بینین و سنوری بەرکەوتنەکانی ململانێ سیاسی ” باشوری کوردستان” سەرنجێکی ورد بدەین لە دیوی هزرو پرەنسیبی پەروەردەیی و کەرەستە پێکهاتوەکانی گەشکردنی پرۆژەیەکی نوێ بۆ گەڕانەوە و ڕزگارکردنی ئومێدی چاوەڕوانیی گەل و گەیشتن بەدونیا بینیی راستەقینە و دەربازکردنی ڕەوشتی سیاسی و سیاسەت لەو قۆزاخە بۆگەنەی بۆتە ڕێچکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت