نەبەز جەلال: چاوەڕوانییەک بۆ شۆڕش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

رێژەیەکی زۆری خەڵکی کوردستان، گەیشتوونەتە ئەو تێگەیشتنەی، کە دەبێت جۆر و کەرەستەی بڕیاردان و بەڕێوەبردن لە قۆناغە چەپەڵییەکی ئێستایەوە بگوازرێتەوە بۆ سەر لە نوێ کارکردنی قۆناغێکی جیاوازتر لە ڕابووردو و ئێستای چەق بەستو. کە هەوڵدانێک بێت بۆ دەربازکردنی خەڵکی کوردستان لەم جۆرە دەسەڵات و ژیانەی بۆتە مەرگ و مۆتەکەی تۆقاندن بۆیان و ناتوانن وەک مرۆڤێکی ئاسایی ئاسودەیی بۆ ئایندە و پەتەویی بۆ دواڕۆژیان بنیات بنێن. بۆیە شۆڕش ئەگەرێکی بەهێز و ئاشکرای بەردەم خەڵکی کوردستان و لایەنە سیاسیەکانیشە بۆ بەرەنگاربونەوەی ئەو نەهامەتیانەی بەرۆک و قورتمی خەڵکەکەی گرتوە و لێ ناگەڕێت ئاسودەیی و ئازادی راستەقینە دەستەبەربێت بۆ گەلەکەی .!
بە دڵنیاییەوە ئەو هێزە نوێیەی کە بە ناوی شۆڕشەوە دێتە مەیدانی کارکردن؛ شۆڕشگێرەکانی دەتوانن تەواوی کۆمەڵگا بخەنەوە سەر ڕێچکەی ئاساییە تەندروستەکەی خۆیی و خەڵک و خاک ڕزگار بکەن لە چەمکی مافیا و خێڵ و چەتەگەرایی و تاکی کورد قورتار بکات لە بێ سیستمی و مۆڕاڵی بیان گەڕێنێتەوە بۆ هاوڵاتی بونێکی ڕاستەقینەی مۆدێرن شایستە بە ژیان و زەمەنی ئێستای مرۆڤایەتی. بێگومان وەک لای هەموان ئاشکرایە کە هەموو جۆرە پێکهاتە و پێداویستیەکانی ئەم شۆڕشە ڕۆژانە لە شار وشارۆچکەکانی کوردستاندا بێ دوودڵی دەبینرێن و لەبەردەستدان و بەرکەوتنی راستەوخۆ و زیندویان لەگەڵ جەماوەرەکەیدا هەیە. کە دیارە ئەم دۆخەش لە ئێستادا بەبەردەوامی لە گەشەکردن و تۆکمە بووندایە و تەنها کارێک کە مابێت بۆبیستنی ئەو دەنگە گەورە و یەک رەنگییەی شۆڕش لە پێناو هەنگاو هەڵگرتن بۆ بە ئەنجام گەیاندنی دوا قۆناغی ڕزگاری نیشتیمانی راستەقینەی خەڵکی کوردستان.
دروست دوور و نزیکی کاتەکەیە بۆ خۆ دەرخستن و دەست دانە کاری راستەوخۆی جەماوەری خەڵکی کوردستان بۆ بڕیاردان.
گەرچی دواکەوتنی ئەم بڕیارەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا و دۆخی جەنگی نەخوازراوو هەوڵ و ئومێدی خەڵکی بەگەیشتن وچارەسەر . وەچاوەڕوانیە پێکەوەییەکەی بەرەی گەل و ڕیککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی نەیار بە سیستمی بەڕێوەبردن ئەم دۆخە لەهەرێم و هەنگاو هەڵگرتنی نوێیان بۆ ئەو چارەسەرە لاستیکییەی هاوڵاتیانیان بەزمانی هیوا و خەونی نەزۆکی تێگەیشتن بەخاک پەرستی و چارەسەری کۆتایی و بنەبڕ بۆکێشەکان بوبونە ڕاگری دۆخی هەرێمی کوردستان و ئارامییەکەی.
بۆ دەرخستنی ئەم راستیەو هەنگاونانی خەڵکی کوردستان بە ئاراستەی گەیشتن بە مافی سروشتی خۆی و بەدەست هێنانی ئامانجەکانی بۆ دواڕۆژێکی باشتر لەوەی دێتە بەرچاویان بێ شک ناوەستن و هەنگاوی تر هەڵدەنێن و دەکەونە ڕێ بۆ کاروانێک کە ئومێدێکی تر و ئامانجێکی ڕاستەقینە تری پێبێت بۆ داهاتوو. بێگومان و ڕارایی زۆرێک لەو کار و چالاکیانەی رۆژانە دێنە بەردەممان و دەبینرێن و دەبیسترێن و دەوترێن لە نێوو هەرێم و دەرەوەی هەرێمی کوردستان، بێ سڵەمینەوە خەڵکەکەی ئەنجامیان دەدات لە پێناو بەرەنگاربونەوەی ئەم دۆخە چەوتە؛ بە دڵنیایی تیشکی رۆشنایی و بۆن و بەرامە و شنەی شەماڵی ئەو شۆڕشەن. کە خەڵکی کوردستانی باشوور دەستی پێکردوەو هاوڵاتیانی کوردستان چاوەنواڕییەتی بۆ گەیشتن بە خەونی ئازادی راستەقینە و گەڕانەوە بۆ مرۆڤبونێکی ئاسودە لە خاکێکدا کە گۆشت و خوێنی ئاوێتەکردوە بۆ ژیان.!؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت