نەبەز گۆران: ئەمریكا وێرانكەری خەونی كورد.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە گوتارێكی سەرشاشەكانەوە دەسپێدەكەم. لە ساڵی (1979) تا ئەم چركەساتە، شەڕێكی شاشەیی لەنێوان (ئەمریكا_ئێران) هەیە. ئەم شەڕەی ناو شاشەكان نەهاتووەتە خوارەوە و، لەسەرزەمیندا تەحقیقبكرێت. هەندێك ئەم شەڕە بە كۆمیدیاییەكی دوو جەمسەری دەبینن، هەندێكی دیكە بە پێویستی دەبینن، لە هەردوو دیوەكەدا ئەم شەڕەی ناو شاشەكان سودێكی زۆری بۆ سیاسەتی هەردوولا هەبووە. ئەو دراوسێیانەی سێبەری (ئەمریكا)ن و، ئەو دراوسێیانەی سێبەری (ئێران)ن، بەشێكن لەم شەڕە، ئەما ئەوەی هەمیشە دەبێتە كەرەستەی یەكلایكەرەوە و، دەبێتە پەراوێزێك بۆ هەردوو لا، كوردە.
بەدحاڵیبوونێكی تەواوە، وا وێنا بكەین (ئەمریكا) دیموكراسییەت بۆ رۆژهەڵات دەگوازێتەوە، (دیموكراسیەت لە كۆڵەپشتی مارێنزدا ناگوازرێتەوە، ئەوەی مارێنز دەیگوازێتەوە وێرانەیە نە دیموكراسی.) دیموكراسییەت چەمكێكی فیكری و فەرهەنگی و كلتوورییە، بەهێزی وێرانكەر و بەرژەوەندیخواز، نە دیموكراسییەت دەگوازرێتەوە، نە خەونی سەربەخۆبوون و خۆ بەڕێوەبردن تەحقیق دەكرێت. (ئێرانییەكان، توركەكان، عێراقییەكان، سورییەكان)، چەند مەترسین بۆ سەر شوناسی كورد، ئەمریكایەكان دوو هێندە مەترسین بۆسەر ئەم شوناسە. نە ئەو دیموكراسییەی (ئەمریكا) بانگەشەی بۆ دەكات بۆ رۆژهەڵات، دیموكراسییە، نە ئەو دۆستایەتییەی دراوسێكانی كورد بانگەشەی بۆ دەكەن، دەتوانێت كورد وەك خۆی قبوڵ بكات. گەر پێمانوابێت (ئەمریكا) نائومێد بووە لە كوردی باشوور و رویكردوەتە كوردی رۆژئاوا، ئەم تێگەیشتنە نەناسینی ستراتیژ و دیدگای (ئەمریكا)یە. ئەوەی لە باشوور و رۆژئاوا دەگوزەرێت، دروستكردنی بازار، یان نەخشەیەكە بۆ پێگەی (ئەمریكا)، نەك دروستكردنی كیانێك بۆ كورد. لە هەر چركەساتێكدا بەرژوەندییەكانی ئەم زلهێزە لەگەڵ دەوڵەتەكانی ئەم ناوچەیە بكەوێتە لەنگییەوە، یەكەم شوێن دەستی بۆ دەبات بۆ مامەڵەكردن و رازیكردنیان، لەباربردنی ئەم دوو شوێنەیە_رۆژئاوا_ باشوور.
لە ساڵی (1974) دیدی (ئەمریكا) بۆ كورد چۆنبووە، ئێستاش هەمان دیدی هەیە. هەرچۆن پێشوتر پێی وابوو: كورد دەبێت لەچوارچێوەی دەوڵەتەكانی_ئێران_ توركیا_ سوریا_ عێراق_ مامەڵەی لەگەڵبگرێت، ئێستاش هەمان دیدگا دووبارە دەكاتەوە. گەر كوردی ئەم پارچانە خەونێكیان هەبێت، بەر لەوەی خەونەكە ببێتە بیرۆكەیەكی سیاسیی، بەر لە دراوسێكان، (ئەمریكا) كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی دەكات.
ئەم زلهێزە، كە هیچ شارستانییەتێكی نییە، كە فەرهەنگێكی باڵای نییە و، لەرێگەی ئابووریی و هێزەوە مامەڵە لەگەڵ دونیادا دەكات، هێزێكە بەردەوام شوێنپێكانی وێرانەی لەدواوەیە. پێناچێت هیچ میلەتێك لە رۆژهەڵاتدا هێندەی كورد دەركی بەم شوێنپێ وێرانەیە كردبێت. (سیستەمەكەی بەعسی لەسەر ئەنفال و هەڵەبجە نەروخاند، كاتێك روخاندی پێچەوانەی بەرژەوەندییەكانی خۆی بوییەوە.)
گەر ساڵانی پێشوو گورزی كوشندەی لەكورد دابێت بۆ نزیكبوونەوە لە (ئێران) لەم ماوانەی پێشوودا هەمان كاری دووبارەكردەوە و، چاوەروانیش دەكرێت لە رۆژئاوای كوردستانیش، دیمەنەكەی ئێرە دووبارەبكاتەوە بۆ رازیكردنی_توركیا_”زلهێزێكە جێگای بڕوانییە”. مەبەست لەم وتنانە لە ئێستادا نائومێدی نییە بۆ بەردەم كۆمەڵگەی كورد، مەبەست هەڵوەشاندنەوەی ئەو وەهمەیە، تاقمێك سیاسی( رۆمانسی) هەیانبوو بۆ (ئەمریكا). وەهمێك دروستبووبوو، پێی وابوو ئایندەی كورد بەستراوە بەو زلهێزەوە، بێئاگا لەوەی بەرژوەندییەكانی ئەو زلهێزە هەمیشە لە ئایندەی كورد گەورەتربوون و هەمیشە ئەو ئایندەیە بووەتە كەرەستەیەك بۆ بەرژەوەندییەكانی ئەو.
با دیوە كۆمیدییەكەی (مرۆڤ دۆستی) ئەم زلهێزە بەم ئامارە دەستپێبكەین. بە پێی ئامارێكی نوێ‌، لە ئێستادا لە (ئێران) نزیكەی (4)ملیۆن و(800) هەزار كەس موعتادن! رێژەی موعتادەكانی ئەم وڵاتە، شتێكەم هێندەی رێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستانە. ئەم كارەساتە چ بۆ (ئێران) چ بۆ (ئەمریكا: وەكخۆی دەڵێ مرۆڤ دۆست!) نابێتە جێگای تێرامان و ئیشكردن(لەروی مرۆڤ دۆستییەوە) هەمان ئەو زلهێزەی بانگەشەی مرۆڤ دۆستی، گواستنەوەی دیموكراسییەت بۆ رۆژهەڵات، بەرگریكردن لە شوناسەكان و، لە كێشە بنەرەتییەكان دەكات. كێشەی نییە میلەتێك لەناو چوارچێوەی دەوڵەتێكی ستەمكاری مەزهەبیدا تووشی چ دەرگیرییەكی نادروست بووە، ئەما كێشەیەتی لەگەڵ میلەتێك داوای شوناسی خۆی بكات و ئەم داوایە دەكاتە كەرەستەی بەرژەوەندییەكانی خۆی. هەرچۆن لەبەردەم كارەساتە گەورەكاندا جوڵەی راستەقینەی نییە، بەهەمان شێوەش لەپێناو بەرژەوەندییەكانی خۆیدا ملیەتەكان دەكاتە قوربانی.(كۆمیدیاییە پێمانوابێت ناوچەی دژە فڕین، لەبەر خاتری كوردە)
ئەم زلهێزە ئەكرێت لە شاشەكاندا كێشەی لەگەڵ (ئێران) هەبێت، بەڵام لەسەر زەمیندا كێشەی مانەوەی خۆیەتی لە رۆژهەڵاتدا. هەرچۆن بۆ (ئێران) پێویستە دوژمنێك هەبێت تا باڵادەستی خۆی لەناوچەكەدا دەرخات، بۆ (ئەمریكا)ش پێویستە ئەو دوژمنە هەبێت، هەردوولایان لە گۆڕەپانێكدا ئەم گوتاری بەدوژمن زانینە بەرزدەكەنەوە، گۆڕەپانەكە لەسەر شوناسی میلەتانی دیكە یەكلایی دەكەنەوە. هەركاتێكیش باڵانسی هێزەكە خواربوویەوە، ئەوەی دەكرێتە (ئیسماعیل) كوردە. هەتا كورد لەنێوان ئەم دوو هێزە و سێبەرەكانیان، دەرگایەكی بەرژەوەندی گەورەتر نەكاتەوە و، لەرێگەی بەرژەوەندییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دوو هێزە نەكات، چاوەڕواندەكرێت هەمیشە كورد ئەو (ئیسماعیل)ە بێت بۆ (ئەمریكا) لەرێگەی قوربانیكردنی كوردەوە، دەوڵەتەكان لەبەرژەوەندی خۆیدا راكێشێتە ناو بازنەكەوە. لەم ناوچەیەدا هیچ شەڕێك لە ئارادا نییە، گەر نەبووبێتە شەڕێك بۆ یەكلایكردنەوەی بەرژەوەندی ئەم دوو هێزە، هەمیشەش لە كۆتایی شەڕەكاندا ئەوەی دەبێتە وێرانكەری خەونەكانی كورد (ئەمریكا)یە، پاشان دراوسێكان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت