نەبەز گۆران: حوكومەت فەرمانبەر دەردەكات.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باری ئابووری حوكومەتی هەرێم گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار. بۆچوونێك لە ئارادایە لە ساڵی تازەدا، نیو موچەی فەرمانبەران ببێتە دوومانگ جارێك. (ئەمە هێشتا بۆچوونەو نەبووەتە كردە.)
بەڵام بەپێی جوڵە نوێكانی حوكومەت، كە سەرەتا لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆوە دەست پێدەكات، دەستكەن بە دەركردنی فەرمانبەران. ئەم دەركردنە بەشێوەیەكی ناتەندروستە، چونكە هەوڵەكە بەم جۆرەیە، ( سەرەتا ئەو ئەفسەر و پێشمەرگە و فەرمانبەرانەی گومانیان لێدەكرێت سەر بە پارتی و یەكێتیی نەبن، لە پۆست و ئەركی خۆیان دوربخرێنەوە، هەوڵیش بدرێت ئەم دورخستنەوەیە بەشێوەیەك بێت ئەگەر داوای یاساییان تۆماركرد، نەتوانرێت لە داوا یاساییەكاندا سەركەوتووبن.)
لە ئێستادا پرۆژەی حوكومەت كەمكردنەوەی رێژەی فەرمانبەرانە لە وەزارەتەكان، چاوەروانیش دەكرێت پاش ئەو دوو وەزارەتە، وەزارەتەكانی دیكەش دەست پێبكات. ئەم جوڵەیە پێناچێت زۆر یاسایی و دروستانە ئەنجام بدرێت، چونكە ئایدۆلۆژیای حیزبی دووبارە شوێنی چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانی گرتووەتەوە و، هەوڵەكە بۆ بنبركردنی ئەو بارگرانییەی موچەخۆر نییە لەسەر حوكومەت، بەڵكو هەوڵەكە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات، لەبری نەهێشتنی فەرمانبەری بندیوار و كەمكردنەوەی هەڵئاوسانەكە، كەسانی دیكە باجەكەی بدەن.
لەم قۆناغەدا سەرلەنوێ‌ حیزب بەتایبەتی (پارتی و یەكێتیی) دەستدەكەن بە هەڵسەنگاندنی كەسەكانی خۆیان، بەتایبەت لە وەزارەتەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە… ، تەواوی هێزەكان لەو دوو وەزارەتە پاك دەكەنەوە لە كەسانی سەر بە هێزەكانی دیكە و، بەشێوەیەكی زۆر چڕ هێزەكانی ئەم دوو وەزارەتە دەكەنە هێزی خۆیان و گومانەكانی ناو هێزەكان دەرەوێننەوە و دوو تایپ هێزی حیزبی ئایدۆلۆژی بەبێ‌ خەوش دروستدەكەن.
بۆ وەزارەتەكانی دیكەش هەمان لۆژیكی ئایدۆلۆژی بەكار دەهێنرێت و، ئەمەش ناودەنرێت چارەسەركردنی بارگرانی موچەخۆر لەسەر حوكومەت. ئەگەر نەخشەی بچوكردنەوەی قەبارەی حوكومەتەكە جێبەجێبكرێت، جارێكی دیكە دەبێت خەڵكانێكی زۆر چاوەروانی دورخستنەوە بن لە كاری فەرمانبەری. لە قۆناغی یەكەمدا ئەو دوو وەزارەتە دەستپێدەكرێت و لە كاتی بچوككردنەوەی قەبارەی حوكومەتەكە سەرجەم شوێنەكانی دیكەش دەگرێتەوە.
رەخنەگرتن لەم كردە حیزبییەی حوكومەت لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، حوكومەت نایەوێت زیادەی موچەخۆر لابدات، بەتایبەت ئەوانەی سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتن، لەبری لابردنی ئەو زیادانە خەڵكانێك لادەدات لەبەر وەلائی حیزبیان بۆ هێزەكانی دیكە دەكەونە بەر ئەم شاڵاوەوە و لە ئەركەكانی خۆیان دەردەكرێن. لەتەنیشت ئەم جوڵەیەی حوكومەتەوە بەروونی دیارە، كە هەردوو حیزبەكە دەیانەوێت ببنە خاوەنی دوو هێزی پەتی حیزبی بەبێ‌ بوونی كەسانێك لەناویاندا كە وەلائیان بۆ هێزی دیكە هەبێت.( هەردوو لا بەرگری لە ئەندامەكانی خۆیان دەكەن و، كەسانی سەر بەدەرەوەی خۆیان، دەكەنە كەرەستەی كەمكردنەوەی رێژەكە.)
پێناچێت ئەم كردەیە چارەسەری كێشە بونیادییەكانی حوكومەت بكات. بچوككردنەوەی قەباری حوكومەت لەسەر شانی كەسانێك ئەركی خۆیان جێبەجێدەكەن، بێگومان بۆشاییە راستەقینەكە پڕناكاتەوە. راستە تا ئەم چركەساتە ناوەند نایەوێت لەگەڵ هەرێم گفتوگۆ بكات و چاوەروانیش دەكرێت هەتا هەڵبژاردنەكان هیچ موچەیەك بۆ هەرێم نەنێرێت و فشارەكانی هەرێمیش لەسەر ناوەند كاریگەری نەبووە. ئەما جوڵەی پێچەوانەی حوكومەت جوڵەیەكی حوكومەتانە نییە، جوڵەیەكی ئایدۆلۆژی حیزبییە، كە دیسانەوە دەستدەكرێت بەنانبرینی كەسانێك حەقی نانبرینیان نییە.
گەر حوكومەتی هەرێم بیتوانیبایە بە رژدی فشار لەسەر ناوەند دروستبكات، دەبا بە هەموو توانایەوە لەگەڵ ئێرانی و ئەمریكایەكان گفتوگۆ بكات و، فشارەكانی كاریگەری هەبن. لەبری ئەمە لە نمایشێكی میدیایدا، سەرۆكی فەرەنسا گەمەیەكی بە سەرۆكی حوكومەت و جێگرەكەی كرد، ئەم گەمەیەشی بۆ ئەوەبوو رێككەوتنێكی لەگەڵ ناوەند ئیمزاكرد كە هەزاران ملیۆن دۆلارە، بۆ راكێشانی سكەی شەمەندەفەر لە نێوان شارەكان. یانی: سەرۆكی فەرەنسا بە بەكار هێنانی سەرۆكی حوكومەت و جێگرەكەی فشارێكی بۆ ناوەند دروستكرد، واژۆی رێككەوتنەكە بكات و سودێكی باش بۆخۆی مەیسەر بكات، لێرەش میدیای حیزبی هەر سەرقاڵی ستایشكردنی نمایشەكەیە و بێباكانە نایانەوێت راستییەكە بەخەڵك بڵێن، كە ئەم نمایشە بۆ رێككەوتنێكی ئابووری بوو لەنێوان فەرەنسا و ناوەند، كە هیچ پەیوەندی و سودێكی بۆ هەرێم نییە.
ئەمە لەدیوێكدا، لە دیوەكەی دیكەدا نەخشە تازەكەی حوكومەت بۆ بە ئایدۆلۆژیاكردن و پاراستنی كارەمەندە حیزبییەكان بەوانەی بندیوارن و هیچ ئەركێكیان نییە، نەخشەیەكی دروست نییە و، كەچی لەم نزیكانە دەست پێدەكات و ئەنجامەكەشی مافخواردنی كۆمەڵێك فەرمانبەرە و دووبارەكردنەوەی هەڵەكانی رابردووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت