نەبەز گۆران : دەردی هاورێیەتی !

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یەكێك لە كێشە گەورەكانی مرۆڤ ئەوەیە ، هێندە ئاڵۆزە هەرگیز ناتوانیت ، بە چەند ساتێك ، یان چەند رۆژێك دیووە شاراوەكانی ببینیت . هەڵە دەكەین گەر پێمان وابێت : ئەو كەسەی بریارە ببێت بە هاورێمان ، دەبێت وەك ئاوێنەیەك بێت ، خۆمان چیمان پێخۆشبوو تێیدا ببینین . رەنگە بەشێكی زۆرمان ئەم دەردەمان هەبێت ، كە نامانەوێت بەرامبەرەكەمان وەك خۆی بێت ، دەمانەوێت بەو جۆرەبێت ئێمە دەمانەوێت !
ئەگەر هەموو نزیكیەك لەم دونیایەدا منەتی تێدابێت ، هاورێیەتی دورە لەو منەتەوە . ئەوانەش كە بە منەتەوە مامەڵە لەگەڵ هاورێیەتی دەكەن ، ئەوانەن لە بنەوانەوە هاورێیەتیان نەناسیووە .
رەنگە كەم نەبن ئەو مرۆڤانەی ، بەشێكی برینەكانیان بە دەستی هاورێكانیان دروستكراون . ئەمە مانای ئەوەنیە ، مادام من قسە لەسەر ئەم تایپە دەكەم، ئیدی من بێ‌ بەشم لەم برینانە ، مەبەستی من مرۆڤە بە گشتی بە خودی خاوەن بۆچونەكەشەوە كە خۆمم .
زەحمەتە بتوانیت یەكەسەر بریاری هاورێیەتی كەسێك بدەیت . چونكە هاورێیەتی یانی ، ناسینی دونیای یەكتری و قبوڵكردنی یەكتری بەو جۆرەی كە هەن .
ئەمەش كردەیەكی سانا نیە ، بە رۆژێك و دوو رۆژ بكرێت ، زەمەنی خۆی دەوێت . هەموو ئەو قسانەی لەسەر هاورێیەتی كراون ، زۆرترن لە ئەو هاورێیانەی كە بە رژدی هاورێن .
ئەشێت گوناهی ، من ، تۆ ، ئەویتر، ئەوە نەبێت تۆ وێنای جوانت بۆ كەسێك كردووە و كتوپڕ ئەو وێناكردنە دەشێوێت و ، ئەو كەسە دەبێتە كەسێك رێك پێچەوانەی وێناكردنەكەی تۆ . لێ ‌، گوناهی ئێمە ئەوەیە ، هەمیشە چاوەرێی شتی جوان لە بەرامبەرەكەمان بكەین ، كە مرۆڤە . لە كاتێكدا مرۆڤ دەبێت چاوەرێی هەموو شتێكی لێبكەیت ، بە خراپ و باشەوە .
دونیابینی تۆ بۆ هاورێیەتی ، جۆرێكەوە و دونیابینی یەكێكی دیكەش جۆرێكی كە . لە هەردوو حاڵەتەكەدا ئەم جیاوازی دونیابینیە ، ئەگەر نەبێتە ( ئامیان ) ێك * بۆ نزیكتر بوون ، ناكرێت ببێتە درزێك بۆ دوركەوتنەوە .
زۆرجار دەرگیری كەسانێك دەبین ، كە بۆچونی راستی خۆتیان پێدەڵێیت ، راستەوخۆ پێن دەڵێن : ئێمە زۆر جیاوازین ، زەحمەتە بتوانین هاورێ بین !
كە ئەم رستەیە دەبیستی ، تووشی شۆك مەبە لەو بكەرە . چونكە بزانە ئەو بەشوێن كەسێكدا دەگەرێت وەك خۆی بێت ، نەك جیاواز بێت . ئەوەش بزانە لای ئەو هاورێ وەك ئاوێنەكە تێگەیشتووە ، ئەگەر ئەو شتەی تیانەبینی خۆی مەبەستیەتی ، ئیتر دەیكاتە دەرەوەی خۆی .
بیری چووە ، دەبێت جیاوازبین لەیەكدی ، ئەوكات هەركەس خۆیەتی . نزیكایەتی لەسەر پاییەی جیاوازی قبوڵكردن دروست نەبوو ، لەسەر ئەوە دروست بوو ، كە دەبێت هەردوو بكەرەكە لەیەك بچن ، پێموایە ئەوە خەوشێكی گەورەیە ، پێویستە باشتر بیری لێبكرێتەوە .
هەر مرۆڤە و سروشتی خۆی هەیە . ئەما سەخترینیان ئەوانەن ، كە خۆیان دێن ، قبوڵیشیان دەكەیت ، كاتێك ئەوەی ویستوویانە بە دەستی ناهێنن ، دەڕۆن !
رەنگە رێگا بەخۆم بدەم ، ئەمانە ناو بنێم ، خەنجەرەكان . ئەم خەنجەرانە كە لە شێوەی مرۆڤدا دەردەكەون ، ئیشیان ئەوەیە ، بچنە ناو ژیانی یەكێك و خەنجەری خۆیان بوەشێنن و ئیتر پشتی تێبكەن و ، بەرێگای خۆیاندا بڕۆن و ، سەرقاڵی ئەوەبن یەكێكی دیكە بدۆزنەوە بۆ ئەوەی ئەویش بەهەمان دەردی ئەوەی پێشوو ببەن .
زۆر ئاڵۆزە قسەكردن لەسەر ئەم چەمكە ، بەتایبەت لە كۆمەڵگەیەكدا كە زۆربەی كلتوورەكەی سوننەتیە و ئەم سوننەتی بوونە كاریگەری لەسەر هەموو جوڵەیەكی مرۆڤ كردوە .
بەڵام ئەوە دەزانم .
نە بە ( كۆمێنتێك ) نە بە ( مەسیجێك ) ی ئاسایی ناكرێت بریار لەسەر چەمكی ( هاورێ ) یەتی بدرێت .
ئەم دەردە هێندە قورس بووە ، كاتێكیش بریار دەیت دەبێت قبوڵ بكەیت ، ئەوەی بەرامبەرت خەونێكی خۆش نیە بیبینی ، لەوانەیە خەنجەرێك بێت و ، بە شەو رۆژێك چەند برینێكت بۆ دروست بكات و بروات . ئەمە تەنها وەك سەرنجێكی كورت بوو ، لەسەر ئەو تێروانینەی كە دەیەوێت ، بە چەند ساتێكی كەم ببێتە هاورێ !

– * ئامیان . وشەیەكی هەورامیە ، بە مانای هەوێن دێت ، هەوێنی ماست . یان هەوێنی نێوان دوو شت ، بۆ تێكەڵبوونیان .

سەرچاوە ، بەشی فەیسبوکی نوسەر

بەکلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە بنێرە بۆ هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت