Muhamad-H-M-Barzani

نەبەز گۆران: میلیشیانوێیەكەی محەمەدی حاجی مەحمود.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەواڵەكە بەم جۆرەیە، “محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری حیزی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان، هێزێكی نوێ‌ دروستدەكات، كە هێزەكە دەخرێتە سەر هێزەكانی یەكەی 80ی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستان و… هتد.

زۆرجار خۆم دەگرم قسە لەسەر كارەكتەرەكان نەكەم و، لەسەر كۆی سیستەمەكە قسەبكەم، لێ‌ كاتێك دەبینم، كارەكتەرەكان دینەمۆیەكن بۆ وێرانكردنی ئومێدەكان، ناچار دەبێت جارێكی دیكە، لەرێگەی ئەو وێرانكەرانەوە، نیگایەك لەسەر تەواوی سیستەمەكە بكەین. دروستكردنی هێزێكی نوێ‌، لە ژێر ناوێكی نوێدا، لە جەوهەردا دروستكردنی میلیشیاییەكی نوێیە، لە چوارچێوەیەكی ئایدۆلۆژیدا. سادەترین پێناسەی میلیشیا دەڵێت: هەر هێزێك، ئینتیمای بۆ تاكە كەسێك، یان بۆ مەزهەبێك، یان بۆ ئایدۆلۆژیایەكی حیزبی دیاریكراو هەبوو، ئەو هێزە میلیشیایە. بە پێی ئەم پیناسەیە بێت تەواوی هێزەكانی ئەم هەرێمە، لەو پێناسەیەدا خۆیان دەبیننەوە. گەر قەراربێت ئێمە وەك كوردی ئەم پارچەیە، كار لەسەر دروستكردنی دەوڵەت بكەین، بەم لۆژیك و دونیابینیە ئایدۆلۆژییە بچوكەوە، دەوڵەت دروستناكربێت. پێش هەموو شتێك نزیكەی سەد ساڵە باس لە دەوڵەت دەكەین، كەچی هێشتا نازانین چ جۆرە دەوڵەتێكمان دەوێت و، میكانیزمەكانی دەوڵەت چین لای ئێمە و، چۆن پایەكانی دەوڵەت دروستدەكەین. بە پێچەوانەی بانگەشەكانمانەوە، هەمیشە جوڵەكانی حیزبەكان، كارەكتەركان، دژی پایە بنەرەتییەكانی دەوڵەتن. بۆئەوەی ئەم لاوازییەش بشارینەوە بەردەوام قسە لەسەر دوژمنەكانمان دەكەین و، ئەوان دەكەینە بیانوی دروستنەبوونی دەوڵەت، لەكاتێكدا ئەوەی لەم سەدساڵەدا نەیهێشتووە ئێمە بەرەو دەوڵەت بوون بچین، حیزبی كوردی بووە، نەك دوژمنەكانی كورد. (ئەمە دەكرێت لەشوێنی دیكەدا، بەوردی رونیبكەینەوە، كەچۆن حیزبی كوردی دژی دروستبوونی دەوڵەت جوڵاوەتەوە.)
دەبێت هونەری دروستكردنی هێزێكی میلیشیایی لە ئێستادا بۆ بكەرێك چی بێت؟ یان دەبێت بۆچی حیزبی كوردی هێندە شەیدای پارچە پارچەكردنی ناوخۆیە؟ یان بۆچی دەبێت كارەكتەری كوردی گەیشتبێتە ئەو ئاستە لاوازەی ژیان، لەپێناو كەمێك خۆشگوزەرانی لە بەها گەورەكان بدات؟ (تەنانەت ئێستا مەخلوق گەلێك پەیدابوون، دەچنە ناو هێزە میلیشیاكەی حشدی شەعبییەوە!)
ئەشێت دروستكردنی ئەم جۆرە فەزایە، پێچەوانەی هەمان قسەی (برتراند راسل) بێت كە دەڵێت: ئومێدە گەورەكان، لە بەدبەختییە گەورەكانەوە دروستدەبن! كۆمەڵگەی ئێمە لەناو بەدبەختییە گەورەكانەوە هات، ئومێدەكانیشی لەناو هەمان بەدبەختی گەورەوە دەستیپێكرد، كەچی بەرهەمی ئومێدەكەی، پێچەوانەی بەدبەختییەكان و ئومێدەكانی بوو. لێرەدا رووبەرووی ئەوە دەبینەوە، بپرسین: ئەوە كێیە هەم بەدبەختییە گەورەكان و هەم ئومێدەكانی دەكوژێت؟ بێهیچ وەستانێك لەم سەدساڵەی رابردوودا دەتوانین ناوی حیزب بهێنن. ئەوە حیزبە لەژێر وتاری گەورە، لەژێر بانگەشەی فریودەرانە، هەم بەدبەختییە گەورەكان كاڵدەكاتەوە و، هەم ئومێدە گەورەكان دەكوژێت. گەر حیزب و ئایدۆلۆژیا مەترسیدار و دیاریكراوەكەی نەبێت، دوای (25) ساڵ خۆبەرێوەبردن بیر لەوە ناكاتەوە، میلیشیای حیزبی دروستبكرێت. گەرحیزب نەبێت، دەبایە دوای ئەم ماوە زۆرەی خۆ بەرێوەبردن، كاربكرایە بۆ دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانی، لەسەر بنەمای پایە سەربازییەكان، تاكو ئەو هێزە ببێتە هێزی دەوڵەتی، نەك حیزبی یان مەزهەبی، یان تاكە كەسی.
بەپێچەوانەی نیشتیمان پەروەرانەوە، حیزب بەردەوام خەریكی وێرانكردنی بەهاكانە، خەریكی كوشتنی ئومێدە گەورەكانە. هەتا حیزب و ئایدۆلۆژیاكەی هەیمەنەی بەسەر تاكی ئەم كۆمەڵگەیەوە هەبێت، نە بەهایەك دەمێنێت، نە ئومێدێك شوێنی خۆی دەگرێت. ئەوەی ئەركە لەسەر شانی ئەونەوە خوێندەوارەی كەبەرێوەن، كوشتنی ئایدۆلۆژیا حیزبیەكە و ناساندنیەتی وەك خۆی. تا ئەو ئایدۆلۆژیایییە وەك خۆی نەناسرێت و، كۆمەڵگەی لێ‌ رزگار نەكرێت، كردەی دژ بە ئومێدە گەورەكان برەویان پێدەدرێت.
دروستكردنی هێزی میلیشیایی نوێی تاكە كەسی و، ناچاركردنی كارەكتەری لاواز، بۆئەوەی بچنە ناو میلیشیاكەی (حشدی شەعبی) هیچ واتاییەكی نییە، جگە لە نەهێشتنی ئەو ئومێدە گەورەیەی كە كۆمەڵگەیەك لەناو بەدبەختییە گەورەكاندا خۆی پێوە گرێدابوو. ئەوانەی ئومێدی گەورەیان هەیە بۆ ئایندەی نەوەكانی پاش خۆیان، بێ‌ هیچ ترسێك دەبێت دژی ئەم بەمیلیشیاكردنەی هێزەكان و، دژی ئەو ئایدۆلۆژیا مەترسیدارەی حیزب بن، كە نزیكەی سەد ساڵە ئەم ئایدۆلۆژیاییە خەریكی بێ‌ بەهاكردنی كۆمەڵگەیەكە. تازەترین كردەشی، سەرلەنوێ‌ بە میلیشیاكردنەوەی هێز و بەخشینیەتی بەسەر كارەكتەرە خێڵەكی و ئاراستەكراوەكاندا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت