نەورۆز زرگوێزی: ویژدانتان هەبێت . بە ناوی (کاکە نەوە)ەوە درۆ مەکەن.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەسمان نیە ئەو سەرکردە تێکۆشەر و قارەمانە نەناسین و زانیاریمان لە سەر بیرکردنەوە و خەبات و تێکۆشانی نەبێت.
بەداخەوە لەگەڵ ماڵئاواییکردنیدا هەندێک خۆسەریی یابە بەرنامە دەیانەوێت ڕاستیەکان بشێوێنن و درۆ بەناوی ئەو سەرکردەیەوە بکەن، بۆچی؟! ڕەنگە ئایندە وەڵامی ئەمە بداتەوە.
ئەمیری ئێستای کۆمەڵی ئیسلامی، یەکەم کەس بوو، کە بە بەرچاوی خەڵکەوە درۆیەکی گەورەی کرد ، دیار و ئاشکرا بوو، هەر لەسەرەتاوە بە بەرنامە هاتبونە مەراسیمەکە، چونکە هوتافکێشانی کۆمەڵێک کەسی سەربەخۆ و هوها و سوکایەتیکردن و تێکدانی ئەو مەراسیمە مەزنەی کە بۆ مێژوو دەمێنێتەوە ئەمەی لە خۆ دەگرت، کە نەک لەگەڵ ڕەوشتی بەرزی کاکە نەوەدا نەدەهاتنەوە بگرە لەگەل نەریتی کوردەواریشدا. بۆیە بڕوام وایە ڕاستی هەر دەردەکەوێت و هەرچی درۆ بەرامبەر میلەت بکات، روسیایی بۆ دەمێنیتەوە و لە پێناو خزمەتکردن بە ڕاستییەکانیش ئەم یادەوەرییەی ژیانی پێشمەرگایەتیم لەگەڵ کاکە نەوە دەگێڕمەوە، کە پێشتر نوسراوەتەوەو بڵاو نەکراوەتەوە.
راستیەکەی ئەمەیە … لە مانگی دوازدەی 1987دا . لە (دۆڵە ڕووت) بووم بۆ سەردانی کۆمەڵێ برادەر، دواتر چومە (مێرگەپان) بۆ لای ڕەوانشاد مامۆستا ئەنوەر، سەرلەبەیانیەکەی برادەرێکم بینی، پرسی ئەوە تۆ لە کوێیت؟
پرسیم: بۆ هیچ بووە.؟
وتی: کاک نەوشیروان و کاک ملازم عومەر بە هەموو جیهازەکانیان ووتوە کە بت دۆزنەوە و بتنێرێت بۆ بەرگەڵوو.
هەستم کرد کارێکی گرنگە، بێ وەستان چومە بەرگەڵو بۆ لای کاکە نەوە
ووتی: هەر ئێستا خۆت ئامادە بکە و برۆ بۆ ئێران ، دەورەیەکی گرنگ هەیە و دەبێ بەشدار بیت.
کات درەنگ بوو ، مامەوە تا بەیانی ، نامەیەک و سێ سەد دیناری دامێ و ووتی: بە پەلە بگەرە قاسمە رەش .
لە ڕێگا لەگەڵ هەردوو برای ئازیزم ( هەڵمەت و سەقەر ) کە پێشمەرگەی (تیپی 21) بوون، یەکمان گرتەوە و بەرێ کەوتین بۆ (مەرگە) و دواتر (سندۆڵان) .
ئەگەرچی شارەزا نەبووین بەڵام بەهۆی پرسیارەوە گەشتینە ئەوێ
سندۆڵان بەهۆی ئاوی ڕووبارەکەوە کە دەڕژێتە دوکانەوە بووە بە دووبەشەوە .
چوینە بەشی ئەوبەر و سێ رۆژ بە نیازی پەرینەوە بووین بۆ قەڵاتوکان، بەڵام جاشەکان زانیبویان و لە کەمیندا بوون، چەند هەوڵماندا نەمان توانی بپەرینەوە، دواجار خەڵکی ئەوێ ووتیان: باشتر وایە بچنە ئەوبەرەوە، گەر بێن، ئەوا ناتوانن بگەنە لاتان ، کەسمان چەکمان پێ نەبوو .
کە چوینە ئەوبەر توشمان بوو بە توشی ئەمیری ئێستای کۆمەڵی ئیسلامی و دەستەکەیەوە کە لە 8 بۆ ٩ کەسێک دەبوون . دوای گفتوگۆ ، زانی من نزیکی کاک نەوشیروانم ، ووتی: ئێوارە دەعوەتم دەبێ لەگەڵ من بیت .
سەرتا ووتم: هاورێکانم جێناهێڵم ، بەڵام، هەڵمەت و سەقەر ووتیان: بڕۆ، خەمی ئێمەت نەبێت .
لە ماڵەکە خواردنی ( گەنمە کوتاویان ) هێنا، منیش لەگەڵ ڕۆن بەینم نەبوو، یەکەمجار بوو ئەو خواردنە بخۆم ، داوای نان و چایم کرد ، زۆر خەریک بوون لەگەڵم ، علی باپیر ووتی: ئەمە خۆشترین خواردنە لام و من داوامکردووە .
ووتم: ناتوانم و هەرگیز نەمخواردوە .
دواتر کە زانی نیازی (قەڵاتوکانمان) هەیە ، ووتی با پێکەوە بپەڕینەوە .
ئەوەبوو شەوی دواتر ، پەڕینەوە ، هەر لە (سندۆلان)ەوە پێێ ووتم ، دەستەکەی من کەم ئەزمونن ، دەڵێێ چی دوو چەک بدەم بە ئێوە ، بۆ هەمومان باشترە ، ئێمەش ڕازی بووین.
.شەو لە ئاوێکی خوڕی ترمانداو دەمەو بەیانی گەشتینە (قەڵاتوکان) .
کە گەشتینە بارەگاکانیان (مەبەستم لە بارەگای ئیسلامییەکانە)، چەند چەکدارێک بە پیرمانەوە هاتن و باوەشیان پیا کردین، زوو حەمامیان گەرم کرد و خۆمان شت.
زۆر هیلاک وپیس بووین ، ئەوەندە لەوەرد و بارانمان دابوو گیانمان تەواو تەڕو شەکەت ببوو .
نانیان بۆ هێنایین ، دوای نان جگەرەم دەرهێنا … هەموو سەیریان کردم ، یەکێک لەوانەی کە لەگەڵمان بوو ، ووتی برایان ئەم سێ برادەرە یەکێتین و لەگەڵ ئێمەدا پەڕینەوە.
کەوتنە مۆڕەکردن.
دواتر علی باپیر هات و ووتی: میوانی منن ، ژورێکی بۆ چۆڵکردین بە تەنیشت خۆیەوە و ووتی: ئازادن لە هاتوچۆ و جگەرە کێشان و چا خواردنەوە .
ئێواران دەهاتە لامان و بابەتی زۆرمان باسدەکرد بە تایبەتی ئەو سەردانەی بۆ لای کاکە نەوە ، پرسیارەکانی لەو بازنەیەدا دەخولایەوە .
دیاربوو دەیویست زانیاری زیاتر لە من وەربگرێت .
زۆر سەرسام بوو بە کاکە نەوە و ووتی: کەسێکی زۆر ڕۆشنفکرە ، لە ڕووی مێژووییەوە زانیاری زۆرە ، دانیشتن لەگەڵی خۆش و بەسودە باسی ئەوەیکرد کە زۆر رێزی لێگرتووە ، بە قسەی خۆی دوو شەو لای ئەو ماوەتەوە .
خولانەوە لە بازنەی وەرگرتنی زانیاری لەسەر کاکە نەوە لەلایەن ئەوەوە، سەرنجی ڕاکێشام ، هەندێ جار بابەتەکانم دەگۆڕی ، بەڵام دەیهێنایەوە سەر ئەو ، هەڵمەت و سەقەر، بەس گوێگر بوون ، هەڵمەت چڕوچاویانی نەدەویست و بڕوای پێیان نەبوو ، سەقەری فەقیریش بەس گوێگر بوو ، جار جار چەند ووتەیەکی ڕاستی دەوت .
لەهەموو قسەکاندا کە دوو ڕۆژی خایاند ، هەرگیز باسی ڕازی بوونی کاکە نەوەی نەکرد هەروەک ئەوەی کە لە ووتارەکەیدا بڵاوی کردەوە .
خۆ گەر کاکە نەوە شتێکی ئاوای وتبێت یان بووتایە، ئەوا بۆ شانازی و گەورەیی خۆی بۆی باسدەکردم .
دوای دوو رۆژ ئەوێمان جێهێشت، کە زۆر داوای دەکرد نەڕۆین تا زیاتر میوانی بین ، دیارە هەر بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر بوو.
خولاسەی گفتوگۆکەمان، لێی تیگەشتم کە گەنجێکی تەماعکارە و دەیەوێت زوو ببێت بە لێپرسراو و ناوو ناوبانگ دەربکات، گەرچی ئەو لە دیدی ئیسلامەیەوە باسی کورد و کوردستانی دەکرد، کە من پێی ناکۆک بووم، لەبەر ئەوەی نە بڕوام بە ئینتیماو و نە بە بەرنامەی ئایین هەبوو بۆ چارەسەری کێشەی کورد و ئایندەکەی .
دوای ئەنفال لە (سەقزی خۆرهەڵات) یەکێک لە نزیکەکانی ئەوم بینیەوە ، جار جار بڵاوکراوەی خۆیانی بۆ دەهێنام ، لەو بڵاوکراوانەدا تێروانینەکانی علی باپیرم دەبینییەوە کە دژی ئەوانە بوو کە لە (قەڵاتوکان) بۆی باسکردبووم .
دواتر پرسیارم لە هەمان کەس کردەوە.
پێی ڕاگەیاندم کە ئەو ئێستا جۆرێکی تر بیردەکاتەوە و دوورە لەوەی بۆ تۆی باسکردبوو .
شەڕێکی گەورە و توند لە نێوان ئەو و مەلا کرێکاردا هەڵگیرسابوو، کە یەکتریان سوک و ڕسوا دەکرد .
حەقی خۆیەتی هەموو درۆزن و خۆشخەیاڵیی و بەرنامە دارێژەکان. ئاگادار بن و باشتر وایە درۆ بەناوی کۆچکردوەکانەوە نەکەن بە تایبەت کاکە نەوەیەک کە مێژوو و بیروباوەرەکەی ئاشکراو ڕوونە و زووربەی کورد دەزانێت.
دەبوایە برایانی گۆڕان وەڵامیان بدایەتەوە ، بەڵام کارەساتەکە گەورەیەو نایان پەرژێت و لەوانەشە کەسیان ئەم بابەتەیان نەبیستبێت یاخود ئەوکاتە نزیک کاکە نەوە نەبوون ، کە پێشم وایە ئەویش (مەبەستم کاکە نەوەیە) هەرگیز باسی نەکردبێت. درود بۆ رۆحی کاکە نەوە ی سەرکردە.
نەفرەت لە درۆزن و پیلانگێڕ و هەموو ئەوانەی چ بە وێنە و ووتار و قسەی درۆ … ئازاری ڕۆ‌حی کاکە نەوە دەدەن.
ئازیزان هەروەک زۆرێک لە هاوڕێ و هەڤاڵانی پێشمەرگایەتیم ئاگادارن، من زووربەی ژیانی پێشمەرگایەتیم لەگەڵ ئەم سەرکردەیە بەسەربردووە ، زۆرم لە یادگارییەکان نوسیوەتەوە و بڵاوکردۆتەوە، زۆریش ماون کە خەریکی نووسینەوەو پاک نووسییانم، خۆشبەختانە زۆریشم بۆ برادەران باسکردووە گێڕاونەتەوە بەتایبەت بەر لە دوا ماڵئاوایی کاکە نەوە. هەر بۆیە.
بڕیارمداوە بەردەوام بم لەسەر نوسینەوەی بابەتە مێژوویە ڕاستەکانی ناو ڕاستای ئەو بەشەی ژیانی شۆڕش و پێشمەرگایەتی وەک ئەوەی کە هەبوەو ڕویانداوەو من لێیان ئاگادارم، تەنانەت گەر سوکاتیشی بۆخۆشم تێدابێت، چونکە ئەوەی بەلای منەوە گرنگە زانینی ڕوداوو بەسەرهاتەکانە وەک خۆیان نەک وەک ئەوەی کە درۆو خۆشخەیاڵیی بەرژەوەندخوازو هەلپەرستەکان هەڵیدەپێچێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت