نەورۆز زرگوێزی: یادگاریەکانی سەردەمی پێشمەرگایەتیم. تێوەشاندنی مۆرانەی گومانەکان.

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەستێرەکانی سەر زەوی زۆر زیاتر بوون لەوانەی کە لە ئاسماندا چاوە پرتەیان دەهات، بەفرێکی زۆر شەوی ڕابردوو بە ویستی خۆی باریبوو، ئەگەرچی کاتی بەفر بوو، بەلام ئەوەنەی بینیمان ئەو ساڵە زۆر جیاوازتر، زۆر جار باسدەکرا کە هەر دەساڵ جارێک زستان بە سەختی خۆی دەنوێنیێت. کە بەئاگای هێنام، خۆئامادەکردنم زۆری پێنەچوو، نەبادا بەهۆی منەوە ناچاربێت زۆ لەژوورەکەدا بمێنێتەوە و ئاگای لەدەرەوە نەمێنێت.
هەر بە جلی پێشمەرگایەتی و گۆرەوی و پووزەوانەکانمەوە خەوتبووم، تەنها پاتە لاستیکیەکانم کە لە بەر هەیوانەکە دام کەندبوون لەپێدانەبوو، چەک و تاقمەکەم کە لەژێر سەرما ببونە سەرینە هەمیشەییەکەم کە بۆ هەموو شوێنێک هاورێم بوون. لەژێر قەمسەڵەکەم دەرهێنا، کەبۆ کەمێ نەرمتربوون لەسەریان قەدم کردبوو، نۆبەی ئیشگریم کاتی هاتبوو. خۆشبەختانە ئەو شەوە هەر یەکەمان تەنها یەک کاژێرمان بەرکەوتبوو.
ئەو ژیانە (پێشمەرگایەتی ) چەند زۆر و کەم بوینایە، دەبوایە لەترسی دوژمن و نۆکەرانی، گەر ناوچەکەش دوور لە دەستی داگیرکەریش بێت، هەر دەبوو ئێشگری هەبوایە، کاتەکانمان بەسەرخۆماندا بەش دەکرد، ناخۆشترین کاتەکان دوای دووی شەو بوو، ئەوە ئەگەر بەر دەستەی کەمین نەکەوتیتایە کە ( شەوی دەما چەند پێشمەرگەیەک بۆدڵنیابوون لەو شوێنەی کەگوومانی دزەی دووژمنی لێدەکرا، بەڕێدەکەوتن و تا دڵنیابوون و هەتاوهەڵاتن دەمانەوە). چاو بە خەوەوە بووم، کە وەدەرکەوتم و بەتانیە چلکن و دڕاوەکەی دوای دەرگاکەم لادا، هەوایەکی سارد پێشوازی لێ کردم و وەک دەرزی بەروما بکەن زیاتر خەواڵووییەکی لەڕووم تاراند، گەڕام و پاتە لاستیکەکانم دۆزیەوە، وەک ئەوەی قاچەکانم بە بەفراودا بکەم رای چلەکاندم.
دیمەنێکی تا بڵێێت جوان و سەرنج راکێشەر بوو، مانگ بە بەرزێوە بۆ زەوی پێدەکەنی و تیشکی جوانتر و روونتر بلاوکردبۆوە، ئەستێرەکان بە چواردەوریا هەمان بەرگی تیشکی ئەمیان پۆشی بوو، جریوەیان لەسەمایەکی هێمنی دەکرد، پێدەچوو لە مەستیەکی پڕ لە شادیدا بن. بەفری سەرزەوی بۆ بەشداریان تیشکی لێ وەرگرتبوون و کەوایەکی پوولەکەچنی پڕ تریسکەیی لەبەرکردبوو، کەچاو لە ئاستیا ئاوی دەکرد، هەموو پێدەکەنیین بۆ ژیان، سەرچۆپی تا گاوانی سەرەتا و کۆتایی نەبوو. هێشتا هەستم بە گەرمی زۆپا دارە سوربوەکەی ژوورەکە دەکرد، کە جار جار پاتەیەکی کۆن ( پێڵاوی لاستیک) و دڕاومان تیدەکرد تا رومەتەکانی سوور هەڵدەگەران و بە بینینیان گەرمایی بە جەستەمان دەبەخشی. ئێمەی کورد بە گشتی عەشقی ئاگرین، گەر لە چلەی هاوینیشدا ئاگرم بکردایەتەوە، کەیفم بە بینین و تینەکەی دەهات.
بۆ پارێزگاری لە سەلامەتی هاورێکانم، تەواو ئامادەگیم هەبوو، سەرەتا بە چواردەوری بارەگادا گەرام، چاوم بە ووردی دیمەنەکانی تۆمار کرد. ژیانی براکانم لەو کاتەدا درابوە دەست من، ئەوان خەوتون و جەستەیان ئارامە، بە پشتیوانی من لە خۆشی خەودان، وەک چەند ساتێکی بەر لە ئێستای من. زۆر نەبوو لە سەربان چاوەکانم کردبونەوە و بە هەرچواردەوردا دەمگێران. کەمە کەمە دیمەنە سحراویەکە خۆی ناشرین دەکرد، ئەو چێژەی یەکەم جار بینیم، مایەی پەشیمانی دیداری و ئاواتە خوازی تاریکاییەکی ئاسمان و زەوی بووم، کە دوور بێت لەو سەرمایە کە تا ئەو کاتە بەیەک ئاشنا نەببوین. نەمویست سەرما رێگر بێت و چەند جارێک چەکەکەم ئەم شان و ئەوشان کرد، بە خێرایی هەنگاوەکانم زیاتر کرد هەموو لایەکم خستبوە بەر چاوکانم، بەلام هەمان دیمەن دووبارە دەبونەوە کە سەرەتا بینیبوومن.
سەرما زۆری بۆ هێنام، نەشم دەتوانی لەبەر سەلامەتی هاورێکانم بچمە بەر زۆپا سوورەوە بۆکەی ژورەوە و کەمێ باوەشی پیا بکەم، بەڵکو بۆ چەند ساتێک گەرمم بکاتەوە لێوەکانم کەوتنە وورتە وورت لەگەڵ یەکتر، ددانەکانم تەقەی قسەیان بوو، هەستم دەکرد پەنجەکانی دەست و قاچم دەئاوسێین، بروام بە خۆم و جەستەم نەدەکرد ، بەلام ئەو راستیە بوون کە هەرگیز بیرم لێ نەکردبۆوە . سەرئەنجام پەنام بردە بەر هەیوانە بچوکەکە ، کە نیوەی بە دار و نایلۆن گیرابوو، چەند رەفەیەکی بچوکمان بۆ خستنەسەری پاتەکانمان لێ دروست کردبوو، بەشەکەی تری بە بەتانیە کۆنەیەکی دڕاوی پڕ کونی گەورە، وەک دەرگایەکی پەرۆینە بۆ بەرگری لە هەوای ساردو بەفر گیرابوو.
هەیوانەکە پڕ بوو لەو پاتە لاستیکانەی کە کەمترجوتەکان پێکەوە بوون، لە ئێوارەوە هەر پێشمەرگەیەک کە بەژوور دەکەوت، بۆ ڕزگار بوونی لە سەرماکە پێلاوەکانی بە هەڵتەکاندنی پیکانی فڕێ دەدا، هەر تاکەیان جێگایەکی دەگرت بێ ئەوەی ئاوڕی لێبداتەوە.
کە لەو کاتەدا بیرم لەوە دەکردەکە چەندکارێکی هەڵەیە، بیری ئەو ووتەی چێ گیفاراشم کەوتەوە بیر: کەپێڵا و و جگەرە دوو لەپێویستی یەکانی مرۆڤی پارتیزان و شۆڕشگێڕە.
گەرچی ڕەفەکانیش هەر بەو بیرکردنەوەیەوە درووستکرابون، پاتە لاستیکەکان تەنها بە رەنگ کردن یان سوتاندن یان کۆن کردن و پەت تێهەڵکێشان دەناسرایەوە، دەنا هەمویان یەک رەنگ و جۆر بوون . ساردی ئەوێش کەمتر نەبوو لە دەرەوە، بەلام بە بونم لەو چوارچیوەیەدا هەستێکی تری بۆ دروست کردبووم. نەمتوانی زیاتر بمێنمەوە ، بیرم هەر لای چواردەور بوو، نەدەکراش بەو سەرما زۆرە دووبارە وەدەرکەومەوە. ناچار کونێکی گەورەی بەتانیەکەم کردە روانگەو و ملم لێ دەبردە دەرەوە، هەر باش بوو چەند دیمەنێکم دەبینی و ڕوناکی مانگ وبەفرەکەش ڕێگەی بەمەودایەکی باشی بینین دەدا، جار جار ملم دەهێنایە ژورەوە و خۆم گورج دەکردەوە بە بەستنی جامانەکەم لە سەرو گویلاکم .
کات زۆر بە هێواشی گوزەری دەکرد، وام هەست دەکرد شەو بەنیازی تەواو بوون نییە، ئەوکات بیرم لە گەشی ئاگرەکەی زۆپاکە دەکردەوە، هەستم دەکرد گەرمی بە جەستەم دەگات. ساتێک بیر و خەیاڵم گەرایەوە بۆ لێفە گەرمەکەی خۆم ، کە جار جار دایکم دەهات و دایدەپۆشیمەوە تا سەرمام نەبێت، بیرم لە عەلادینە نەوتیە تازەکە دەکردەوە کە ئاگرێکی شینی جوان بۆ هەڵپەرینێکی بەتینی بازنەیی دەستیان گرتبوو، ئاواتە خوازی بەشداریان بووم کە کەس نەیدەزانی ئەوانی تر بۆ وا گەرم هەڵدەپەرن.
لەو کاتەدا نە فووکردن لە دەست و نەدەست نانەگیرفان و نە جوڵە دادی نەدەدام، جار جار تینم دەدایە خۆم و سووڕێکم دەخوارد، دەترسام بەو نیوە شەوە کەسیک بێت و بزانن کە لە کارەکەم کەمتەرخەمیم کردووە، ئەو ترسەی کە دەبووە عەیبە بۆم، ئەگەر نەبوایەتە مایەی سەرشۆڕیم کە نەمتوانیوە ئەرکەکەم بەجوانی جێبەجێ بکەم، سەرەڕای ئەمانەتی پاراستنی بارەگاو هاوڕێکانم، کە داینەمۆی ئەم گیانبازییەش، بیروبڕوا بوو بە مەسەلەێک کەئەویش بەگژدا چوونەوەی ستەم وئومێدی رزگاری. بەدەم هەستکردن بە لەرزین و سەرمای گیانمەوە، کاتەکەم بەرەو کۆتایی دەچوو، چەند چرکەیەکم مابوو، منیش وەک برادەرەکەی پێش خۆم، برایەکی ترم ئاگادار کردەوە کە نۆرەیەتی. دوای وەخەبەر هێنانی، پەیامێکی گرنگم گەیاندێ : دەرەوە زۆر ساردە و جوان خۆت بپێچەرەوە.
دوای گەرانەوەم بۆ ژوورە گەرمەکە، ئەگەرچی هەلاوی گەرمی تێکەڵ بە بۆنی گۆرەی و لاستیکە سووتاوو دارەکان ببوو ، کۆتایی ئەرکەکەم هاتبوو ، ئاهێکی دامێ بەلام هێشتا سەرما لە گیانم دەرنەچوبوون و دەیلەرزانم ، زوو خۆم گەیاندە بەر زۆپاکە و دەرگام کردەوە و دوو کۆتەرەدارم تێ هاویشت ، تا زیاتر سووری بکەمەوە بەڵکو سەرماکە لەیاد بکەم. بە هێواشیش تا نەبمە هۆی بێداربوونەوەی برادەرانم، جگەرەیەکم بە پشکۆکان داگیرسان، بەدەم مژی قوڵی جگەرەوە، چواردەوری خۆم بەسەرکردەوە.
هەموو لە گەرمەی خەودا بوون ، جار جار جولەیەک سەرنجی رادەکێشام، یاسین خۆی دەخوران، دەمزانی ئەسپێکانی گیانی بەو گەرمایە کەوتونەتە جولە، فەرهاد یش لەو خراپتر، جارێ قاچ و جارێ پشتی ، بێشک کێچی نەعلەتیە کە هەر جارەی لە شوێنێکەوە دەردەکەوت ودەیگەزی، ئەکرەم خۆی گرمۆڵە کردبوو، کوردۆ بە پاڵتۆ و جامانە پێچراوەکەی سەریەوە، وەستا فەرمان بە پرخە و سەربەست بە دەنگە نزمەکەی رادیو پڕ خشە خشکەرەکەی و پۆڵا بەو هەموو ڕیشەوە خۆی گرمۆڵە کردبوو، جولەکانی هەموان بەردەوام بوو، هەر یەکەیان بە دەردیک و ئازارێکەوە، بەلام کەس هەڵنەسا.
جوان سەیری یەک بە یەکی برادەرانم کرد، لەخۆم پرسی : باشە ئەم کۆمەلە پێشمەرگەیە گەر ئەو بیرو بروایە نەبوایە چ شتیک ئاوا کۆی دەکردنەوە ، ئاوا ئامادەی ئەم ژیانە سەختە بن، کە ئەوانەی هاورێی منداڵی یان دوور و نزیک دەمناسین، هەر یەکەیان لە خێزانێکی مامناوەندی و بگرە هەبووش بوون، لە ناو لێفەی گەرمدا دەخەوتن و هیچ ئەرکێکیان لەسەر نەبوو، ئەوەی هەمومانی کۆکردبۆووە ئەو بیرو باوەرە پتەوە بوو کە پێکەوە ریگای ئەم خەباتەمان گرتبووە بەر .
بەدەم مژی قوڵی جگەرە و تیرامان لە هاوخەباتەکانم، جوڵە و ڕاکردنی مشکەکانی سەقفی ژوورەکەمان کە بە نایلۆن داپۆشرابوو سەرنجی راکێشام، کە پیدەچوو لەو گەرمایەدا مەیلی یاری و کاتی خۆش بەسەربردن بن، هاوکات قرچەی بەفری بەستوو بە هەوای ساردو سایەقەی ئەو شەوە لەژێر پێێ هاوڕێێ ئیشکگرمدا لەو خەیاڵەی کردم و خۆم بەبیرهاتەوە، کە دەبی ئەویش وەک من بێزار بێت لەو سەرمایە. بە هێواشی پاڵتۆکەم داکەند و چەکەکەم پاڵخست و تاقمەکەم کردە سەری بە داپۆشینیان بە پاڵتۆکەم، بونە ئەو سەرینە ڕەقەی کە هەموو ژیانی پێشمەرگایەتیم لەگەڵما بوون.
ئەو ڕۆژگارانە تەنها بە خوێندنەوە و بیستن خۆش و ئاسانە، گەر لەگەڵی نەژیایابیت و تێکەڵ بەخۆشی و ناخۆشیەکانی نەبووبیت، ئاستەمە بتوانی وەک خۆی وێنای بکەیت، لەوانەیە کەسەکانیت وەک ئەکتەری فلمێک بێتە بەرچاو، بەڵام لەڕاستیدا فلمێکی ڕاستەقینەی یاخیبوونی مرۆڤ بوو لە زوڵم.
ساڵی 1982 ساردترین ساڵی پێشمەرگایەتیم بوو، لە ناوزەنگی جێگای گورگ و وورچی بناری شاخی مامەندە، شەش مانگی رەبەق لە بەفردا بووین، نەک بەتەنها داری پاشەکەوتی خۆمان، بەڵکو داری بارەگایەکی تری چۆڵبووی نزیک خۆمان و پاتە لاستیک و دەبەی لاستیکی نەوتیش فریامان نەکەوت، ناچار کەوتینە برینەوەی دار بەڕوەکانی چواردەوری بارەگاکەمان. شەوی وا هەبوو سێ جار سەربانی پڕ بەفرمان دەماڵی، بەلام کە بەیانی هەڵدەسایین وەک ئەوەبوو نەماڵڕابێت. مەزن بوون ئەو میژووە پڕ کارەساتە ، سەروەر بوون ئەو مرۆڤانەی کە بۆ گەشتن بە ئامانجی ڕاستەقینەی گەلەکەیان دلسۆزانە خەباتیان کرد.
تیبینی:
٭ تێوەشاندن :کردارێک بوو کە خەڵکی گوند و لەپێشمەرگایەتیدا بۆ کۆتایی هێنان بەو ژمارە زۆرەی کێچ و ئەسپێ، جلەکانیان بەسەرتەنوورێکی گەرمکراودا ڕادەگرت و ڕادەتەکاند، بەگەرمیە زۆرەکە کێچ وئەسپێکان دادەوەرینە ناو ئاگرەکەی و دەسووتان. زۆرێک کەس و لایەن بوونەتە ئەومۆرانەیەی جەستەی شۆڕش، بەداخەوە زۆرێکیش بەئانقەست ئەو ڕۆژانە نادیدە دەگرن وسووکایەتی پێدەکەن. پێویستە بەسەر تەنووری ڕاستیەکاندا داتەکێنرێن .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت