نەوزادی موهەندیس : ئەم دۆخە قەتیسەی هەرێم تاكەی ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاشكرایە لە دوای دانیشتنی پەڕلەمانی كوردستانەوە لە 23 ی حوزەیران/ 2015 وە بەمەبەستی هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی ژمارە 1 ی ساڵی 2005 ، ئیدی دەرگای ڕەشەبا و گەردەلوولی ناڕەزایەتیەكان و ناكۆكیەكان كرایەوە بەسەر هەرێمدا و جێگیری سیاسی و ئابوری كە لە بنەمادا فشەڵ و لەرزۆك بوون هێندەی تر شڵەژان و ناجێگیرتر بوون و ئیدی ڕووداوەكان وەك مەسەلەیەكی سیاسی و نیشتیمانی لێیان نەدەڕوانران بەڵكو چوونە چوارچێوەی كار و پەرچە كرداری دژ بەیەكەوە و ڕۆژ بەڕۆژیش ناكۆكیەكان زیاتر توند دەبوون لەنێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەكاندا و هەرێمی كوردستان دابەشبوە سەر (( 4 + 1)) پارتی لەلایەك و حیزبەكانی یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵیش لەلاكەی ترەوە . چەندین هەوڵی ئاشكرا و نهێنی بێ‌ ئەنجام هاتنە ئاراوە بۆ هێدی كردنەوەی دۆخەكە و 9 كۆبونەوەی نێوان هەموان سازكرا بەمەبەستی سازانی نیشتیمانی و گەڕانەوە بۆ مێزی دایەلۆگ و لێكتێگەیشتن بەڵام هەموانیان بێ‌ هوودە بوون .
دواتر كارگەیشتە ئەوەی بە فەرمانێكی حیزبی پارتی دیموكراتی كوردستان دوور لە یاسا و ڕێساكان ڕێگە بەسەرۆكی شەرعی و هەڵبژێردراوی پەڕلەمانی كوردستان نەدرا كە بگەڕێتەوە هەولێر و كاری ئاسایی خۆی بكات و بەهەمان شێوەش لە 12/10/2015شەوە 5 وەزیری بزوتنەوەی گۆڕان نێردرانە ماڵەوە ، بەم شێوەیە پارتی هەنگاوەكانی بۆ لەباربردنی هەموو پڕۆژەیەكی ئاشتەوایی و ئاشتبونەوە لەبار برد و دۆخەكەی هێندەی تر ئاڵۆزتر كرد و كارگەیشتە ئەوەی كە هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی توند بەرپا بكەن دژ یە یەكتر و سكاڵا تۆمار بكرێت لەسەر ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان ، پارتی بەداخەوە تاكو ئێستا سوورە لەسەر ڕاو بۆچونەكانی خۆی و هیچ جۆرە ڕێكەوتن و سازشێك قبوڵ ناكات و تەنها ڕێكەوتنێكی گەرەكە كە بەمەرجی خۆی بێت و لە بەرژەوەندی ئەودا تەواو ببێت بەبێ‌ گوێدانە بەرژەوەندیە باڵاكانی نەتەوە و نیشتیمان بەبێ‌ ئەوەی بەدرێژایی ئەم ساڵە تەنانەت یەك پڕۆژەشی هەبێت بۆ چارەسەری و دەربازبوون لەم دۆخە قەتیس و چەقبەستوویەش .
لەكاتێكدا كە دۆخی سیاسی و ئابوری ناوچەكەش بەشێوەیەكی گشتی لە گۆڕانی بەردەوامدایە و ناوچەكە لە قۆناغێكی ڕاگوزەردایە بەرەو دۆخێكی نوێی پڕ گۆڕانكاری و هەموان لە هەوڵدان نێو ماڵی خۆیان ڕێكبخەنەوە و توندوتوڵیبكەنەوە و بەرژەوەندیەكانیان بپارێزن، بەڵام تەنها كوردە كە نێو ماڵێكی لێكترازاو و شڵەژاوی هەیە و هیچ هەوڵێكی جدیش نادات بۆ ڕێكخستنەوە و تەنها لەخەمی دەسكەوتی حیزبی و سەركردە و بنەماڵەیدان .
هەرێمی كەوردستان نزیكەی ساڵێكە كە دۆخێكی چەقبەستووی بەخۆوە بینیوە و تیادا دەژی و تا ئیًستاش هیچ ئومێد و ئاسۆیەكی ڕوون نیە بۆ چارەسەر و دەرچوون لەم تەنگژە مەترسیدارەدا كە فشار و هەژمونە سیاسی و داراییەكان بۆسەر هەرێم لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەكەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت ، بەداخەوە هەریەكە لەسەركردە و حیزبەكانیش هەریەكەیان لە ژێر هەژمونی یەكێك لەو دەولەَتانەدان و ئەجێندای ئەوان جێبەجێ‌ دەكەن و كێشە و ململانێكانی هەرێم هێندەی دەستی دەرەكی جوڵەیان پێدەكات نیوهێندە كورد خۆی خاوەنی بڕیاری خۆی نیە .
لە ئێستادا وڵاتانی ناوچەكە سەرەڕای شڵەژاوی و ناجێگیری دۆخی سیاسی و ئابوری خۆیان كەچی فشارەكانیان بۆ سەر هەرێم بەردەوامە ، ئەوەتا توركیا دۆخێكی سیاسی و ئابوری ناجێگیر و ڕوودانی كودەتاكەی 15/7 یش هێندەی تر ئەو وڵاتەی هەڵوەشاندوە و دەسەڵاتی ئەردۆگان و ئاكپارتی خستۆتە بەر مەترسی گەورە و ئەم كودەتایە دەرگای جەهەنەمی بەسەر ئایندەی توركیادا كردەوە و داخستنەوەشی زۆری دەوێت و میلەت و سوپا و سەرجەم دامودەزگاكانی توركیای كردە دووبەرەی دژ بە یەك و دیموكراسیەت و ئازادیەكانیشی خنكاندوە و ئەردۆگان و پارتەكەی گەرەكیانە ئەم كودەتایە بكەنە هۆكارێك بۆ پاككردنەوەی سەرجەم دەامودەزگاكانی دەسەڵات لە لایەنگرانی فەتوحڵا گولەن و خۆی بكاتە تاكڕە و بە پشتیوانی توندڕەوە ئیسلامیەكان و بۆ ماوەیەكی زیاتر بمێنێتەوە بەڵام ئەمە سەرەتای كۆتایی هاتنێتی و ئیدی ئەو درزەی كەوتۆتە لاشەی دەسەڵات و گەلانی تەركیاوە بە ئاسانی یەكناگرێتەوە . هەرچی عێراقیشە وڵاتێكی لێهەڵوەشاو و بێ‌ توانا و لاواز و گیرۆدەی دەیان قەیرانی سیاسی و ئیداری و دارایی و كۆمەڵایەتی و سەربازی و گەندەڵی و ململانێی توندی سیاسی بۆتەوە كە تاكاتێكی دوور ناتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ساغڵەمی خۆی . بەڵام لەهەوڵی خۆڕێكخستنەوەدایە و دوای ڕزگاركردنی فەلوجە و گەیارە و لە ئێستاشدا موصڵ هێز وتوانایەكی گەورەی بۆ دەگەڕێتەوە .
وڵاتانی سعودیە و میسر و ئەوانی تریش هەموانیان گیردۆدەی كێشە و ململانێی ناوخۆیی و ناوچەیەكان بونەتەوە و تەنها ئێران وەك وڵاتێكی تاڕادەیەك جێگری سیاسی و ئابوری دەبینرێت و تاڕادەیەكیش لەململانێ‌ ناوچەییەكاندا سەركەوتوو بەدەر دەكەوێت دژ بە توركیا و سعودیە و قەتەر و تەنانەت ئەمریكاش و هەژموونی خۆی سەپاندوە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و هەندێ‌ وڵاتی كەنداویشدا . سوریا و ڕێژێمەكەی ئەسەد پێدەچێن چانسی مانەوەیان هەبێت دوای ڕێكەوتنی ڕوسیا و ئەمریكا و دواتریش ئاشتبونەوەی توركیا لەگەڵ هەریەكە لە ڕوسیا و ئیسڕائیلدا . هەوڵدانی بێوچانی توركیاش بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندیەكانی لە گەڵ سوریای بەشار ئەسەددا بە نێوەند گیری جەزائیری عەڕابی ڕێكەوتنە نهێنیەكانی دژ بە كورد مەترسی نزیكبونەوەی توركیا و سوریا بۆسەر تەواوی مەسەلەی كورد لە باكور و ڕۆژئاوا زیاتر دەبێت .
لە ئێستادا ئەوەی پێویستە لەسەر هەرێم و تەواوی كورد ئەوەیە كە هەوڵێكی جدی بدەن بۆ ڕێكخستنەوە و توندوتۆڵكردنەوەی نێوماڵی خۆی و هەوڵی لێكنزیكبونەوە و بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی بدەن و نەرمی زیاتربنوێن لەبەرامبەر یەكتردا و خۆ سازبدەن بۆ قۆناغی ئایندە و پێكەوە كۆدەنگیەكی نیشتیمانی دروست بكەن لەسەر بەرنامە و ئامانجی میلەتەكەمان لە ڕیفراندۆم و هەنگاو بەرەو پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆ ، دەبێت هەموان ئەو ڕاستیە باش بزانین كە جێگیری سیاسی و ئابوری لە هەرێمدا نایەتەدی بەبێ‌ بوونی كۆدەنگی نیشتیمانی نێوان سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و تاكۆدەنگیش دروست نەبێت ناگەینە هیچ ئاوات و ئامانجێكمان ، بۆیە ئەرك و كاری گەورە لە ئەستۆی سەركردە و پارتە سیاسیەكاندایە بە تایبەتیش سەركردە و پارتە دەسەڵاتدار و گەورەكان چونكە توانای سیاسی و ئابوری و سەربازی و نفوزی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئەركی گەورەتری خستۆتە ئەسۆیان و جەماوەریش ڕووی ڕەخنە و گلەیی و گازندە و ئومێدەكانیشی هەر كردۆتە ئەوان . كەواتە ئەركی سەركردە و پارتە سیاسیە گەورە و كاریگەرەكانە كە نەرمی زیاتر و دەستی ئاشتەوایی زیاتر درێژ بكات بۆ هەموان بەبێ‌ جیاوازی و دەبێت هەنگاو بەسەر كێشە و ململانێ‌ حیزبیەكاندا بنێت لەپێناو دەبارزبون و دۆزینەوەی دەرچە و خۆ ڕزگاركردن لەم قەتیسبون و چەقبەستنە و تەنها هەوڵەكانی ئەوانیش دەتوانێت ئەم گۆمە مەنگەی هەرێم بشڵقێنێت و ئومێد و ئاسۆكان ڕوونتر بكاتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە چەقبەستوە و هەنگاونان بەرە و ئایندەیەكی گەشتر و ڕۆشنتر .

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت