نەوزادی موهەندیس : ململانێ‌ سیاسیەكان عێراق بەرەو كوێ‌ دەبەن ؟

کلیک بکەرە سەر وێنەی نوسەر دەگەیت بە ئەرشیڤەکەی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

عێراق ئەو وڵاتە عەجیب و غەریبەیە كە هیچ كات ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بەخۆیەوە نەبینیوە لەدەستپێكی مێژوەوە تاكو ئێستا ، سەرەڕای بەپیتی خاك و سازگای ئاو و دەوڵەمەندی بە سەرچاوە سروشتی و مرۆییەكان . هەمیشە عێراق بۆتە گۆڕەپانی ململانێ ناوخۆیی و دەرەكیەكان و وڵاتانی دەوروبەر چاویان تێبڕیوە و هەوڵی داگیركردنیان داوە و كرودشیانەتە گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێكانیان .

هۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە سیاسیە ناجێگیر و ئابوریە شلەژاوەش هەمیشە عێراقیەكان خۆیان بون ، چونكە عێراق بە پێكهاتەی جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی و مەزهەبی هەمیشە بونەتە هۆكار بۆ دەستوەردانی بێگانەكان بۆ كاروباری ناوخۆی عێراق و دروستكردنی كێشە و ململانێكان .
یەكێك لە كێشە سەرەكیەكان و مەترسیدارەكانیش هەمیشە بریتی بوە لە كێشەی مەزهەبی نێوان عەرەبی سونە و شیعە ، و بەنهێنی و ئاشكرا لە ململانێیەكی تونددا بوون و هەر لایەكیان هەلیان بۆ هەڵكەوتبێت ئەویتریان چەوساندۆتەوە و پەراوێزیان خستوە لە حوكم و دەسەڵاتدا . بەدرێژای دەسەڵاتی پاشایەتی و كۆماریەكان و بەدرێژایی 83 ساڵی تەمەنی دەوڵەتی عێراقی كەمینەی سونە مەزهەب باڵادەست بوون و هەمیشەش شیعەیان وەك هاوڵاتی پلە دوو سەیركردوە و تەنها بە ڕەمزی بەشداریان لە دەسەڵاتدا پێكردوون وەك چۆن مامەڵەیان لەگەڵ كوردیشدا كردوە .. بەڵام دوای ڕزگاركردنی عێراق لە ساڵی 2003 وە و لە ئەنجامی هەڵبژاردنەوە زۆرینەی شیعە مەزهەب بونەتە باڵادەست و گەرەكیانە تۆڵەی 83 ساڵەی ڕابووردوو لە سونەكان بكەنەوە بە كوشتن و پەراوێزخستن و بچوككردنەوەیان و دەركردنیان لە چوارچێوەی بڕیار و ناوەندی بڕیاردا و بە كردارەكیش هەروایان كردوە وماوەی ئەم 13 ساڵەی دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی عێراق نقومی خوێن و فرمێسك بوە و ماكینەی جەنگ و ململانێكان لە سوڕانەوەیەكی مەترسیداردان و عێراق و گەلەكەی بەرەو ئایندەیەكی نادیار دەبەن .
ململانێ‌ سیاسیەكان لە ئێستادا هێندە توندبونەتەوە كە هەموو هێڵە سوورەكانیان بەزاندوە و مەترسی جدی دروست بوە بۆسەر هەڵوەشاندنەوەی ئۆرگانەكانی دەسەڵات و دەوڵەتی عێراقی و ئەگەری نەمان وسڕینەوەی دەوڵەتێك هەیە بەناوی عێراق لەسەر نەخشە و جوگرافیای ناوچەكەدا .
ململانێكان چەند ڕەهەندیە و دابەزیوەتە خوارەوە بۆ ناو تەنانەت مەزهەبەكان خۆشیان ئەوەتا شیعەی باڵادەست كە لە چەند حیزب و ڕەوت و سەركردەی جیاواز پێكهاتوە لە ئێستادا ململانێ‌ ناوخۆییەكانیان گەیشتونەتە ئاستێك كە هەریەكەیان گەرەكێتی ئەویتریان بچوكبكاتەوە و بۆخۆی ببێتە پاڵەوانی گۆڕەپانەكە و هەموو ئۆرگان و دەسەڵاتەكان قۆرخ بكات و پەنا دەباتە بەر خۆپیشاندانی شەقام و ناڕەزایی و مانگرتنی پەڕلەمانتاران و چاوترساندن و تۆقاندن و كڕینی كەسایەتیكان بە پارە . حیزبی دەعوە و سەركردەكانی لە مالكی و ئەوانی تر لەناوخۆشیاندا لە ململانێیەكی توندان و گەرەكیانە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانەكەی خۆشیان بگۆڕن و مالكی گەرەكێتی خۆی جارێكی تر ببێتەوە سەرۆك وەزیران ، بەڵام هەوڵەكانی شكستی هێناوە چونكە نە مەجلیسی ئەعلای ئیسلامی و نە ڕەوتی صەدر و فەزیلە و بەدریەكان و جەعفەریش پشتیوانی لێناكەن و تەنانەت مەرجەعیەتی باڵای شیعەش پشتی تێكردوە چونكە باش دەزانن مالكی و حیزبەكەی هۆكاری گەیشتن بەم دۆخە بوون .
سونەكانیش بۆ خۆیان لەناو خۆیاندا بونەتە ئاردی ناو دڕك و مەرجەعیەت و كەسایەتیەكی بەهێز و خاوەن نفوزیان نەماوە و لە ئێستادا لاواز و بێدەسەڵاتن و ناوچەكانیشیان لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە لە ئەنبار و موصڵ و صلاح الدین و … هتد .
كوردیش هەرچەندە لەدەرەوەی ماڵەكەی خۆیان بە ڕواڵەت یەك و یەكگرتوون كە هەرچەندە ڕۆژانی ڕابووردوو لە پەڕلەمانی عێراقدا ئەوەیان سەلماند كە هەندێك كەس هەن گەرەكیانە لە ئیجماعی كوردی دەربچن و بەدوای پلە و پۆستی خۆیاندا بڕۆنلاو گوێ‌ نەدەنە مەسەلە نەتەوایەتی و نیشتیمانیەكانی كورد و كوردستان . هەرسێ‌ لایەنی كورد و سونە و شیعەش هەمیشە لە ململانێدا بوون و بەپێی بەرژەوەنیەكانی خۆیان توند و خاویان كردونەتەوە .
لێرەدا پرسیار ئەوەیە ، كە دوای 13 ساڵ لە ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس ئایا جیاوازی نێوان عێراقی ئێستا و سەردەمی بەعس چییە ؟ هۆكاری ئەم ململانێ‌ سیاسیە ناڕەوایانە چین ؟ ڕۆڵی حیزب و سەركردەكان چیە لەهەڵایسان و چارەسەریەكانی ململانێكاندا ؟ ئایا عێراق هەنگاو بە چ ئاڕاستەیەكدا دەنێت دیموكراسیەت یان دیكتاتۆریەتێكی نوێ‌ ؟ ئەی هەرێمی كوردستان لەكوێی ئەو ململانێیەدایە و ئایندەی كورد لە عێراقدا چی دەبێت ؟
بەدڵنیایی عێراقی ئێستا لەهەموو ڕووەكانەوە جیاوازە لە عێراقی سەردەمی ڕژێمی بەعس ، بەداخیشەوە بەرەو خراپ بوونی زیاتر چوە نەك باشتر بوون ، ئەوەتا لە ڕووی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازیەوە عێراقێكی ناجێگیر و ئابوریەكی داتەپیو و ڕووخاو و كۆمەڵگایەكی هەژار و نەخوێندەوار و برسی و بێكار و سەربازیەكی لاواز و بێهێز و ئیدارە و دەسەڵات و سیستەمێكی حوكمی لەرزۆك و گەندەڵ و بێ یاسایی هاتۆتە ئاراوە ، كە هیچ كات عێراق بە هێندەی ئێستا لەبەردەم مەترسی هەڵوەشانەدنەوە و لەیەكترزاندا نەبوە و نیشە . هەموو ئەمانەش لە ئەنجامی ململانێی سیاسی ناشەریفانەی حیزب و سەركردەكانەوەیە و ململانێكانیش بەهۆكاری سیاسی و ئابوری و بەرژەوەندی تەسكی حیزبی و سەركردەكان و هۆكاری ئاینی و نەتەوەیی و مەزهەبی لە پشتەوەیە و بەدڵنیایش هەموو حیزب و سەركردەكان ڕۆڵی خراپیان هەیە لە هەڵایسانی ئەم ململانێیەدا و دروستكردنی ئەم دۆخە بە ئەجێندای دەرەكی وڵاتانی ناوچەكە لە ئێران و توركیاو سعودیە و … هتد . لە ئێستاشدا چونكە خۆیان بەشێكن لە كێشە و ململانێكان ناتوانن ڕێگا چارەسەریەكان بخەنە ڕوو چونكە بڕیار بەدەستی كۆتایی نین و شكۆ و هەیبەتی عێراق و سەروەری عێراقیان خستۆتە ژێر پێی دراوسێكانەوە . گەر دۆخەكەش بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوا بەدڵنیاییەوە لە ئەنجامی ئەم ململانێیەدا لەكۆتایدا لایەنێك یان چەند لایەنێك دەسەڵات دەگرنە دەست و دەبنە تاكڕەو ودیكتاتۆر و لە پێناو مانەوە و پاراستنی دەسەڵاتەكانیشیاندا سڵ لە بەكارهێنانی هیچ ڕێو شوێنێك ناكەنەوە دژی نەیار و یارەكانی دوێنێشیان و و ئەنجامیش دیموكراسی پێشێل دەكرێت و دیكتاتۆریەت جێگەی دەگرێتەوە .
ڕۆڵی كورد و ئایندەی كوردیش لەم نێوەندە شڵەژاوەدا بەڕاستی نادیارە ،چونكە كورد بۆخۆشی ئامادەسازی باش و توندوتۆڵی نەكردوە لەنێو ماڵی خۆیدا بۆ گۆڕانكاریە ناوخۆیی و ناوچەییەكان و ماڵێكی لێكترازاو و شڵەژاو و دوور لەیەكتری هەیە و بە قەیرانێكی سیاسی و ئابوری تونددا تێپەڕ دەبێت كە ئاسۆكانی دواڕۆژی زۆر لێڵ و تاریك كردوە.و ناوانێت بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات نە بۆ سەربەخۆیی و تەنانەت بۆ ڕاپرسیەكی جەماوەریش بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی خۆشی لە عێراقدا .
كورد تا ئێستا دۆستی ڕاستەقینە و ڕاستگۆی نیە و هەموو بەناو دۆستەكانی ناوچەكەی لە عەرەب و تورك و فارس یەكو یەكگرتوون دژی مەسەلەی كورد و كورد هیچ كات نابێت پشتیان پێ‌ ببەستێت . دۆستەكانی دەرەوەشمان لە ئەوروپا و ئەمریكا و ڕوسیادا ئەوەندەی مەسەلە گەورەكەی ناوچەكەیان لا مەبەستە نیوهێندە مەسەلەی كوردیان لا مەبەست نیە و بەهۆی ئەو بارودۆخە ناجێگرە سیاسی و ئابوری و سەربازیەشی كە لە هەرێمدا ڕوویداوە و كودەتا بەسەر شەرعیەتی پەڕلەمان و حكومەتدا كراوە زۆر نیگەرانن و گەر بوون و مەترسی داعش نەبوایە ئەوا زۆر لە مێژبوو كورد و كوردستانیان بەجێدەهێشت .
هەربۆیە لە ئەنجامی ئەم ململانێ‌ ناڕەوانەیانە لە عێراق و كوردستاندا ، ئایندەی عێراق و هەرێم بەرەو تاریكی زیاتر هەنگاو دەنێت و بەمەش تەنها گەل و خاكی عێراق زەرەرمەند دەبێت نەك حیزب و سەركردەكان .

بە کلیکێک لەسەر سمبولەکانی خوارەوە ، ئەم بابەتە دەگات بە هاوڕێکانت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت